سەرەکی » ئابووری » سزاكانی داڕمانی ئابووریی توركیا

سزاكانی داڕمانی ئابووریی توركیا

فەیسەل عەلی*

دوای هەڵكردنی گڵۆپی سەوز لە لایەن ئەمریكا بۆ توركیا هاوكاتیش بێ هیچ پێشینەیەك ئەمریكا سەربازەكانی لە چەند ناوچەیەكی سنووری نێوان رۆژئاوا و توركیا كشاندەوە، سوپای توركیا هیرشی سەربازی بۆ سەر رۆژئاوا دەستپێكرد، هاوكاتی هێرشەكە، دۆناڵد ترامپ هەڕەشەی سەپاندنی سزای ئابووری و داڕمانی ئابووریی توركیای كرد، ئەگەر هاتوو ئەو هێرشە سنوورەكان ببەزێنێت، ئەو هێرشە وێڕای ئاوارەبوونی خەڵكی شار و گوندە سنوورییەكانی لێكەوتەوە، بە دڕندانەترین شێوە خەڵكی سڤیل شەهید كران، ئەمەش وایكرد، ترامپ و ئیدارەكەی سزای ئابووری بەسەر توركیا بسەپێنن، ئەگەر بەردەوامیش بێت لە لەشكركێشییەكەی بۆ سەر رۆژئاوا، ئەوا سزای ئابووری زیاتر دەسەپێنێت، هاوكاتی ئەو لێدوانە، باسی لە نێوانگیری نێوان هێزی كوردی و توركیا كرد.

سزا نوێیەکەی ئەمریكا
ئەو سزایەی ئەمریكا دوای ئاگاداركردنەوەكانی ئەوروپییەكان هات بۆ راگرتنی ئەو لەشكركێشەی توركیا بۆ سەر رۆژئاوا، جگە لەوەی هەندێك لە دەوڵەتانەی ئەوروپا چەك فرۆشتنیان بە توركیا هەڵپەسارد، ئەمەش دوای ئەوەی هات كە توركیا ئامدە نەبوو گۆێ لە داواكانی ئەوان و دەوڵەتانی تر بگرێت لەوەی كە دەبێ ئەو كێشەیە لە رووی دبلۆماسی و لۆجیك و عەقڵەوە چارەسەر بكرێت.
ئەو سزا نوێیەی ئەمریكا سێ وەزیری توركیای گرتەوە، وەزیری وزە و بەرگری و ناوخۆ، هەروەها هەردوو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆیشی گرتەوە. هاوكاتی ئەمەش كۆنگریسی ئەمریكا سەرقاڵی ئامادەكردنی سەپاندنی سزای زیاتری ئابوورییە بەسەر توركیا لەم چەند رۆژەی داهاتوودا، ئەمەش ئابووریی توركیا رووبەڕووی مەترسی زیاتر دەكاتەوە، كە لەبنەڕەتدا خۆی بەدەست گرفتی گەورەوە دەناڵێنێت. دەبێ ئەوەشمان بیر نەچێت كە ترامپ گوتی ئەگەر بە دەنگ داواكەمانەوە نەیەت بۆ راگرتنی یەكسەری ئەو لەشكركێشییە، ئەوا ئابوورییەكەی وێران دەكەم. دوای ماوەیەكی كەم دەوڵەتانی یەكێتیی ئەوروپاش رەزامەندییان لەسەر لیستێكی سزای ئابووری نیشاندا، دەرئەنجامی بەردەوامبوونی توركیا لەسەر پشكنینی نەوت و گازی سروشتی لەبەردەم كەنارئاوەكانی قوبرس. ئەم پرسە بەر لە هێرشەكەی توركیا بوو بۆ سەر رۆژئاوا.

گۆڕا بۆ تێروانینێكی نەرێنی
دوای چەند سەعاتێك لە سزا ئابوورییەكەی ئەمریكا بۆ سەر توركیا، پشكەكانی توركیا بە رێژەی (5 %) داشكان، لیرەی توركیش بە بەراورد بە دراوەكانی تری جیهان بووەتە خراپترین. ئابووریی توركیا لە بنچینەدا بە دەست كۆڵێك گرفتی گەورەوە دەناڵێنێت، هەڵكشانی رێژەی هەڵئاوسان، داشكانی بەهای لیرەكەی، بەرزی رێژەی بێكاری، چوونە دەرەوەی وەبەرهێنان، ترسی وەبەرهێنە بیانییەكان لەو حاڵەتی ناڕۆشنییەی كە توركیای تێدایە. هەرچەندە نزمبوونی بەهای لیرەی توركیا شتێكی نامۆ نییە، بەڵام بە سەپاندنی سزای نوێی ئابووری بەسەر توركیا مەترسییەكانی سەر لیرە روو لە زیادبوون دەكات، وێڕای سزا چاوەڕوانكراوەكەی یەكێتیی ئەوروپا، گرژییەكانی نێوان توركیاو ئەوروپا، هۆكاری هەموو ئەمانەش بۆ ئەو سیاسەتانە دەگەڕێتەوە كە ئەردۆگانی سەرۆكی توركیا لەسەر پرسە هاوبەشەكانی نێوان هەردوولا پیادەی دەكات.
لەناو ئەو هەلومەرج و پەرسەندنانەدا، دامەزراوەكانی پۆلێنكردنی نێودەوڵەتی تیڕوانینیان بۆ ئابووریی توركیا گۆڕا بۆ تێروانینێكی نەرێنی، ئەو دامەزراوانە وای بۆ دەچن كە ئابووریی توركیا بە خێرایی بەرەو داڕمانی زیاتر دەچێت، بەتایبەتیش لەم كەشەدا كە سورە لە هێركێشییەكەی بۆ سەر رۆژئاوا و ئەو دەرئەنجامە وێرانكارییەی كە دووچاری ئەو ناوچانە بوونە بەهۆی شەڕ و پێكدادانەكانەوە.

چەندین جار دووچاری بەریەككەوتن بووە
تەنانەت بەر لەم رەوشە، سیاسەتە ئابوورییەكانی حكومەتەكەی ئەردۆگان چەندین جار دووچاری بەریەككەوتن بووە لەگەڵ بەرپرسە ئابوورییەكانی، كە پێیان وابووە دەستوەردانی لە رەسمكردنی سیاسەتە ئابوورییەكانی توركیا ئابووریی وڵاتەكەیانی بەرەو خراپتر بردووە، بەتایبەتیش ئەو گوشارانەی خستبوویە سەر بانكی ناوەندی تاوەكو نرخی سوود كەمبكاتەوە.
رەوشی ئابووریی توركیا بەم نزیكانە پاشەكشێی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت، نەك دەرئەنجامی سزا ئابوورییەكانی ئەمریكا و سزا چاوەڕوان كراوەكەی یەكێتیی ئەوروپا، بەڵكو دەرئەنجامی سیاسەتە نادروستە ئابوورییەكانی حكومەتی توركیا. زۆربەی دەوڵەتان توركیایان لەو هێرشە سەربازییەی ئاگادار كردۆتەوە و سوریشن لەسەر ئەوەی كە رێوشوێنی توندی ئابووریی بگرنەبەر ئەگەر لەسەر لەشكركێشییەكەی بەردەوام بێت.

* سەرۆكی مونتەدای ئابووریی كوردستان

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*