سەرەکی » وتار » هیوا محەمەد » رۆژئاوا چی بکات؟

یەکبێژ

رۆژئاوا چی بکات؟

سەناتۆرێکی ئەمریکی دەڵێت هەیە پارەمان دەداتێ ئێمە دەیان پارێزین بەڵام کوردەکان خوێنمان دەدەنێ پشتیان تێدەکەین.
ترامپیش بێمنەتانە دەڵێت ئێمە پارەی ڕێژەی(مبالغ هائلة) و چەکی قورسمان داوە بەکوردەکان کە شەڕیان کردوە لەدژی داعش، پێشتریش ووتی کوردەکان بێ فرۆکەکانی ئێمە ناتوانن هەنگاو بنێن، فرۆکەکان بۆمباران دەکەن و ئەوانیش هێرشیان دەکەنە سەر، لە بەغداشەوە کاتێک بێ حسابکردن بۆ بەرپرسانی عێراق سەردانی سەربازگە ئەمریکییەکەی کرد ووتی کێ دەیەوێت (مەبەستی لە ووڵاتانی ناوچەکە بوو ) بیپارێزین با خەرجی ماندوو بوونمان بدات واتا پارە یان نەوت بدات.
ئەوەی ئەوانیش دەیکەن لەبەرامبەردا لەسەر بەرنامەی داڕیژراوی خۆیانەو بەپێی ئەو مەرام و خواستانەیە کە پلانی بۆدانراوە، هەرکاتیش زانیان ئیتیجاهی بایەکە بەرەو لای پێچەوانە دەڕوات ئەوانیش سیاسەت دەگۆڕن و ملیان وەردەچەرخێنن و تەنها بەفەرمانی (بگەڕێنەوە بۆ دواوە) رووی سوپاکە وەردەگێڕن کە ئەننەما ئەوان نەبوون لێرە، ئەوەش کە دوێنێ پێش بەدیهانتنی مەرامەکە دۆستی نزیک و قارەمان بوو ئەمڕۆ دەڵێن کێشەکەیان کێشەی ئێمە نیە.
لەچەندین لێدوان و وتاری دیکەماندا جەختمان لەسەر ئەوە کردوەتەوە کە هیچ کات کورد لەڕێگەی پشتبەستن بە هێزە دەرەکی و ناوچەیی و جیهانییەکان ناتوانێت رزگاری ببێت و سەربەخۆ بێت، لەگەڵیشیدا ناتوانێت لە قەدەر بوون و توانای خۆی زیاتر خۆی بسەلمێنێت، چونکە دوژمنان و نەیارانی هەمیشە لەخاڵێکدا یەک دەگرنەوە ئەویش رێگرییە لە فراوان بوونی دەسەڵاتی کوردی لەهەر پارچەیەک بێت.
ئەوەی لە رۆژئاوا روودەدات، تاوانەکەی بەپلەی یەکەم لە ئەستۆی حکومەتی سوریادایە، ئەگەر ئەوان حسابی هاونیشتیمانیی بۆ کوردەکان بکردایە بەتایبەت کاتێک کە دەزانن باکوری سوریا بەهۆی ئەوانەوە پارێزراوەو لەو ناوچەیەش داعش بەشان و باڵی ئەوان و هاوپەیمانی کۆتایی هاتوە، دەکرا ئەوان بەهەندێک مەرجی سادەی رۆژئاوا رازی ببوایەن ولایەکیان لە رۆژئاوا بکردایەتەوە پێش ئەوەی تورکە فاشیستەکانی ئەردوگان بەو دڕندانەییە هیرشیان بکاتە سەر.
بەلام سوور بوونی ئەسەد و موعەلیمەکەی وای کرد کە کوردانی ئەوێ پشت بە ئەمریکا ببەستن و بەڵێنە تەڕ و چەورەکانی ئەمریکا سڕیان بکات ، پێشتر دەکرا کوردانی رۆژئاوا بە شتێک کەمتر لە خواستەکانی خۆیان رازی بن و دەست لە ئەمریکا بەربدەن، لەکاتێکدا دەیان زانی کە مەیدانی سوریا لەدەستی ئەمریکادا نیە و جگە لە سوپاو حکومەتی سوری، روسیاو ئیران تیایدا ڕۆڵ دەگێڕن، دەکرا ئەوان هەر لەسەرەتاوە خۆیان بخزاندابایەتە بەرەی ئەو سێ قۆڵییە چونکە بەئاشکرا ئەوەی لێ بەدی دەکرا کە ئەوان دەبنەوە خاوەنی بڕیار، لەکاتێکدا روسیا و ئیران بەفەرمی و لەسەر داوای سوریا لەوێدا بوونیان هەیە.
زۆر لە پێش ئێستا ووتوومانە کە ئەو کانتۆنانە بە رێکەوتن لەگەڵ دیمەشق بەڕێوە ببرێت و تێکەڵ بە کێشەی کوردانی باکوور نەکرێت، ئاسان بوو لەبەرامبەر کۆڵدان لەهەندێک داخوازی گەورە کەئەمڕۆ لەوەگەورەتر لەدەست دەدەن ئەوکارەیان بکردایەو سوودیان لە ئەزموونەکانی پارچەکانی دیکە وەرگرتایە، بۆ هەموو زل هێزەکان و نێوەرندە دەوڵەتییەکانیش ڕەنگە ئەوە ئاسان تر بێت کە پشتگیری چارەسەری کێشەی کورد لە نێو خودی ووڵاتەکەدا بکەن تا ئەوەی هی هەر چوار پارچە و دەوڵەتی سەربەخۆ، ئێمەش ناکرێت هەر سوور بین لەسەر ئەوەی خەباتی پارچەیەک بکەینە قورنبانی پارچەیەکی تر و لە نێو بازنەیەکدا بخولێینەوە.
ئەوەی چارەسەرە بۆ ئەمڕۆ هەنگاونانە بۆ زیاتر دەوڵەمەند کردنی ئەو رێکەوتنەی کە لەنێوان کورد و دیمەشقدا کراوە، هەروا پێشوازی کردنە لە پێشنیارەکانی روسیا و ئیران، لەپاڵیشیدا جیاکردنەوەی ئەو دوو جۆری خەباتەیە لە نێوانی باکوور و رۆژئاوا، ڕەنگە زۆرێک پێیان وابێت ئەمە دژ بە خواستە نەتەوەییەکەیە ، بەڵام ئەمە ڕاستییە و پەیڕەو نەکرێت کارەساتی زیاتر و نسکۆ چاوەڕوانمانە.
دەبێت عینادی ئەردوگان و گوێ نەدانی بە هەموو هەرەشەو گوڕەشەی جیهان و تکاو داوای دۆست و دوژمنانی و حساب نەکردن بۆ ئەمریکاو روسیا، ئەنجام دانی ئەو هێرشە داگیرکارییە بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە، بەهەند وەربگیرێت. ئەوەیە ئەو دوژمنەی کە رووبەڕوی ئێمە بوەتەوە، ئەوەش زلهێزەکانە کە بازیمان پێ دەکەن، ئەوەش جوگرافیاکەمانە، جا لێرەوە دەبێت هەوڵ بدرێت زیرەکانە تر هەنگاو بۆ داهاتوو بندرێت، ئەوەی کەلە رۆژئاوا دەگوزەرێت باشترین چارەسەر بۆی لای کورد و دیمەشقە و بەس.

print

 93 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*