سەرەکی » ئاراستە » ماڵئاوا پێشمەرگە و رووناکبیر

ماڵئاوا پێشمەرگە و رووناکبیر

هه‌ڤاڵ سه‌ڵاح ره‌نجده‌ر كۆچی دوایی كرد

به‌داخێكی گرانه‌وه‌، به‌ره‌به‌یانی دوێنێ 20/ 10 هه‌ڤاڵ سه‌ڵاح ره‌نجده‌ر، پاش ململانێیه‌كی سه‌خت له‌گه‌ڵ نه‌خۆشیدا، له‌ سلێمانی كۆچی دوایی دوایی كردو هه‌ر دوێنێش له‌مه‌راسیمێكی شایسته‌و فراواندا ته‌رمه‌كه‌ی برایه‌ گوندی (قه‌ره‌ویس)ی سنووری كه‌ركوك و له‌وێ به‌خاك سپێردرا، ئه‌مڕۆش پرسه‌كه‌ی له‌ مزگه‌وتی ( مه‌لاعه‌بدولكه‌ریمی موده‌ڕیس) له‌سلێمانی، به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

ژیاننامه‌ی هه‌ڤاڵی كۆچكردوو سه‌ڵاح ره‌نجده‌ر

پێشمه‌رگه‌‌و كادیر‌و رۆژنامه‌نووس. ناوی ته‌واوی سه‌ڵاحه‌ددین ئیسماعیل محه‌مه‌د ئه‌مین، له‌ دایكبووی ساڵی 1960ی گه‌ڕه‌كی ئیمام قاسم له‌شاری كه‌ركوك. خوێندنی سه‌ره‌تایی له‌كه‌ركوك ته‌واوكردووه‌.
ساڵی 1977 له‌په‌یمانگای گه‌شتوگوزاری به‌غداد وه‌رگیرا‌و هه‌ر ئه‌و ساڵه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ڕێكخستنه‌كانی یه‌كێتیی خوێندكارانی كوردستانه‌وه‌، كرد‌و له‌و رێگه‌یه‌وه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ڕێكخستنه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستانه‌وه‌ كرد. ساڵی دواتر، به‌هۆی ئاشكرابوونی به‌شێكی رێكخستنه‌كانی هه‌ولێر‌و سلێمانییه‌وه‌، بۆ ماوه‌ی ساڵێك هه‌موو جموجۆڵی خۆی هه‌ڵپه‌سارد، ساڵی 1979 دوابه‌دوای ته‌واوكردنی خوێندن ‌و دامه‌زرانی به‌ فه‌رمانبه‌ر له‌ فه‌رمانگه‌ی گه‌شتوگوزاری سلێمانی، جارێكی تر په‌یوه‌ندیی به‌رێكخستنه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستانه‌وه‌ كرده‌وه‌، ساڵی 1982 په‌یوه‌ندیی رێكخستنی له‌ سلێمانییه‌وه‌ بۆ كه‌رتی رێكخستنی بازیان گوێزرایه‌وه‌‌و له‌وكاته‌دا ئاوات شێخ جه‌ناب لێپرسراوی كه‌رته‌كه‌ بوو.
هه‌ر ئه‌و ساڵه‌ په‌یوه‌ندیی به‌هێزی پێشمه‌رگه‌وه‌ كردو له‌تیپی 57ی سه‌رگرمه‌ بوو به‌پێشمه‌رگه‌، ساڵی 1985 بوو به‌كادیری كۆمه‌ڵه‌و ئه‌ركی سه‌رپه‌رشتی كردنی رێكخستنه‌كانی ناوچه‌ی قه‌ره‌حه‌سه‌ن ‌و به‌شێكی رێكخستنه‌كانی ناوچه‌ی جه‌باریی پێ سپێردرا، له‌وكاته‌دا رێكخستنه‌كان به‌هۆی جیابوونه‌وه‌ی گروپی ئاڵای شۆڕشه‌وه‌ نه‌ختێك شێواوییان تێكه‌وتبوو، ئه‌و توانی شانه‌‌و هێڵه‌ په‌رش و بڵاوو دابڕاوه‌كان رێك بخاته‌وه‌.


ساڵی 1986 له‌ رێكخراوی 4ی كۆمه‌ڵه‌، پله‌ی ئه‌ندام كه‌رتی رێكخستنی پێ درا.
ساڵی 1989 وازی له‌ پێشمه‌رگایه‌تی هێنا، به‌ڵام له‌ راپه‌ڕینی ساڵی 1991 دا په‌یوه‌ندیی به‌ یه‌كێتییه‌وه‌ كرده‌وه‌، به‌شداری له‌ڕاپه‌ڕیندا كرد‌و دواتر بووه‌ لێپرسراوی كه‌رتی رێكخستنی چه‌مچه‌ماڵ. ساڵی 1993 بووه‌ لێپرسراوی كۆمیته‌ی رێكخستنی چه‌مچه‌ماڵ ‌و له‌ ساڵی 1994دا له‌ پاڵ ئه‌م لێپرسراوێییه‌دا به‌سه‌رپه‌رشتیاری ناوچه‌ی چه‌مچه‌ماڵی مه‌كته‌بی هۆشیاری ‌و روووناكبیری دانرا، هه‌ر ئه‌وساڵه‌ له‌ ناوباره‌گای كۆمیته‌كه‌(رادیۆی (ده‌نگی كه‌ركوك)ی دامه‌زراند و بۆماوه‌ی 6 مانگ خۆی به‌ڕێوه‌ی برد، پاشان مه‌هدی كاكه‌ حه‌مه‌ و عارف قوربانی بونه‌ به‌ڕێوه‌بری رادیۆكه‌.
ساڵی 1995 بووه‌ لێپرسراوی كۆمیته‌ی رێكخستنی 6ی كه‌ركوك، ساڵی 1999 گوێزرایه‌وه‌ بۆ مه‌ڵبه‌ندی پێشمه‌رگه‌ و له‌وێ وه‌ك لێپرسراوی كۆمیته‌و ئه‌ندامی ده‌سته‌ی نووسه‌رانی گۆڤاری (رێبه‌ری پێشمه‌رگه‌) كاری كرد، ساڵی 2004 له‌ كه‌ركوك رۆژنامه‌ی (رای ئازاد)ی به‌ هه‌ردوو زمانی كوردی و عه‌ره‌وبی ده‌ركرد، ئه‌م رۆژنامه‌یه‌ كه‌ له‌ماوه‌ی 10 مانگدا 20 ژماری لێده‌رچووه‌، یه‌كه‌م رۆژنامه‌ی سه‌ربه‌خۆیه‌ له‌ كه‌ركوك دوای رووخانی رژێمی به‌عس.
ساڵی 2006 بوو به‌ كارگێڕی مه‌ڵبه‌ندو لێپرسراوی به‌شی رووناكبیری و سه‌رنوسه‌ری گۆڤاری (رێبه‌ری پێشمه‌رگه‌).
ساڵی 2008 له‌به‌شی زمانی عه‌ره‌بی زانگۆی گه‌شه‌پێدانی مرۆیی ده‌ستی به‌خوێندن كرد، ساڵی 2010 بوو به‌ جێگری لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندو به‌رده‌وامیش بوو له‌سه‌ر كاره‌كه‌ی وه‌ك سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری رێبه‌ری پێشمه‌رگه‌، تا وه‌ستانی گۆڤاره‌كه‌ له‌ مانگی ئه‌یلولی ساڵی 2011، دوای ئه‌وه‌ی كه‌ 120 ژماره‌ی لێده‌رچوو.
راسته‌وخۆ پاش ئه‌مه‌ هه‌مان مانگ وه‌ك سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری (سه‌رنگه‌ر) ده‌ستبه‌كار بوو، كه‌ یه‌كه‌م ژماره‌ی له‌و مانگه‌ ده‌رچوو، له‌پاڵ سه‌رنووسه‌ریی ئه‌م گۆڤاره‌ لێپرسراوه‌تی به‌شی رووناكبیری مه‌ڵبه‌ندی پێشمه‌رگه‌شی گرته‌ ئه‌ستۆ.
خاوه‌نی چه‌ند به‌رهه‌مێكی چاپ كراوه‌، له‌وانه‌:
بازنه‌ی ئاگر.
فه‌رهه‌نگی مه‌شخه‌ڵان بۆ مێژووی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان.
نه‌مری و نه‌به‌زین.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*