سەرەکی » زانست » رۆما، شێوازێكی نوێ بۆ كڕینی بلیتی هۆكانی گواستنه‌وه، به‌ بوتڵی پلاستیك

رۆما، شێوازێكی نوێ بۆ كڕینی بلیتی هۆكانی گواستنه‌وه، به‌ بوتڵی پلاستیك

ڕه‌نگه‌ له‌وڵاتێكی وه‌ك ئیتالیا هیچ كه‌س بیری له‌وه‌ نه‌كردبێته‌وه‌ ڕۆژێك له‌بری پاره‌ بۆ كڕینی بلیتی شه‌مه‌نده‌فه‌ر یان پاس یان میترۆ بوتڵی پلاستیكیی بداته‌ ئامێری فرۆشتنی بلیت، به‌ڵام له‌ ڕۆمای پایته‌ختی ئیتاڵیا ئه‌مه‌ له‌ خه‌یاڵه‌وه‌ بوه‌ ڕاستیی.
ساڵ به‌ساڵ كێشه‌ی پاشماوه‌ پلاستیكییه‌كان له‌ سه‌رانسه‌ری جیهاندا زیاتر ده‌بێت‌و ئه‌و پاشماوه‌ پلاستیكییانه‌ بوونه‌ته‌ پرسی ڕۆژ و مه‌ترسیی گه‌وره‌ به‌ شێوه‌یه‌ك ته‌نانه‌ت ئاوی ڕووبار و ده‌ریا و زه‌ریاكانیشی گرتووه‌ته‌وه‌، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م كێشه‌ گه‌وره‌یه‌شدا زۆربه‌ی حكومه‌تی وڵاتان و ڕێكخراوه‌كانی تایبه‌ت به‌ ژینگه‌ كاری جدییان ده‌ست پێكردووه‌‌و چه‌ندین ڕێوشوێنی تایبه‌تیشیان گرتووه‌ته‌به‌ر.
له‌و چوارچێوه‌یه‌دا شاره‌وانی ڕۆمای پیاته‌ختی ئیتاڵیا كه‌ به‌ پایته‌ختی فاشیۆنیش داده‌نرێت ناوازه‌ترین بیرۆكه‌یان به‌كارهێناوه‌ و ده‌یه‌وێت له‌ بواری ژینگه‌ پارێزیشدا ببێته‌ پایته‌ختێكی نمونه‌یی، بیرۆكه‌كه‌ش بریتییه‌ له‌ دانانی ئامێرێكی تایبه‌ت به‌كڕینی بلیتی هۆكانی گواستنه‌وه‌ی گشتی ناوشار و له‌بری ئه‌وه‌ی هاوڵاتی پاره‌ بدات، بوتڵی پلاستیكیی به‌تاڵ ده‌داته‌ ئامێره‌كه‌ و له‌ڕێگه‌ی دابه‌زاندنی پرۆگرامێكه‌وه‌ بۆ ناو ته‌له‌فۆنی مۆبایلی هاوڵاتییه‌كه‌ نرخه‌كه‌ ده‌نوسرێت و به‌مه‌ش هاوڵاتییه‌كه‌ ده‌توانێت له‌ به‌رامبه‌ر بوتڵه‌ پلاستیكییه‌ به‌تاڵه‌كه‌ بلیتی خۆی ده‌ستكه‌وێت.
ئه‌و سیستمه‌ش ناو نراوه‌ (دوباره‌ به‌كارهێنانه‌وه‌ و گه‌شتكردن) و له‌ به‌رامبه‌ر هه‌ر بوتڵێكی پلاستیكیشدا پێنج سه‌نت دانراوه‌. هه‌ربۆیه‌ خه‌ڵكێكی زۆر له‌ به‌رده‌م ئامێره‌كانی بلیت فرۆشتندا ئاپۆره‌یان به‌ستووه‌ و خه‌ریكی گۆڕینه‌وه‌ی بوتڵه‌ پلاستیكییه‌كانن به‌ بلیت.
سه‌ره‌تاش ئه‌م جۆره‌ ئامێرانه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ئه‌زموونیی له‌ سێ وێستگه‌ی میترۆدا دانران و ته‌نها له‌ یه‌كه‌م مانگدا توانرا (100) هه‌زار بوتڵی به‌تاڵ كۆبكرێته‌وه‌.
له‌مباره‌یه‌وه‌ خاتوو( ڤیرجینیا راجی)ی سه‌رۆكی شاره‌وانی ڕۆمای پایته‌خت وتی» پایته‌ختی ئیتاڵیا به‌ یه‌كه‌مین پایته‌ختی ئه‌وروپا داده‌نرێت كه‌ ئه‌م ئامێرانه‌ی خستووه‌ته‌ كار، چه‌ندین وڵاتی تریش پلانی ناوخۆیی خۆیان هه‌یه‌ بۆ دوباره‌ به‌كارهێنانه‌وه‌ی پاشماوه‌ پلاستیكییه‌كان، به‌ڵام ئه‌م پلانه‌ی ئێمه‌ ناوازه‌یه‌ و ته‌نها له‌ پایته‌ختیش هه‌یه‌ «.
جێی ئاماژه‌یه‌، ئه‌م پلانه‌ی شاره‌وانی ڕۆما بۆ مه‌ودایه‌كی درێژه‌ و هه‌موانیش هیواخوازن له‌شاره‌كانی دیكه‌ی ئیتاڵیادا بچێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستی ڕزگاربوون له‌و هه‌موو خاشاكه‌ی ڕۆژانه‌ كۆده‌بنه‌وه‌ و دیمه‌نی ناشرین ده‌به‌خشنه‌ ئه‌و شارانه‌ كه‌ هه‌ندێكیان ده‌یان شوێنه‌واری دێرین و مێژوویی له‌ خۆ ده‌گرن و بوونه‌ته‌ ڕووگه‌ی گه‌شتیاران له‌ سه‌رانسه‌ری جیهانه‌وه‌.
شیاوی وتنه‌، ڕۆما كێشه‌ی درێژخایه‌نی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ مه‌سه‌له‌ی پاشماوه‌ و خاشاكدا، به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ی ئه‌و شاره‌ به‌رمیلی خۆڵه‌كان ده‌بینرێت كه‌ پڕ بوون له‌ خاشاك و سه‌رڕێژیشیان كردووه‌ و كێشه‌ی گواستنه‌وه‌ی گشتیش كێشه‌یه‌كی دیكه‌یه‌ كه‌ به‌ ته‌نها سێ هێڵی میترۆ له‌ هه‌موو شاره‌كه‌دا هه‌یه‌ و پاسه‌كانی ناوشاریش كۆنن و چاككردنه‌وه‌شیان كه‌مه‌، به‌ڵام نرخی بلیت هه‌رزانه‌ و هه‌ر بلیتیكی میترۆ له‌ (1.50) یۆرۆ تێپه‌ڕ ناكات.
سه‌رچاوه‌: DW

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*