سەرەکی » کەلتوور » سینەماچی؟!

سینەماچی؟!

هاوار مستەفا خان

بەشی سی

لەژێر ناوی» سینەما..چی؟!» کە لەبنەڕەتدا پەڕتۆکێکە و لەگەڵ چەند ئەڵقەیەکی دیکە کە لێرە لە کوردستانی نوێ بڵاوی دەکەینەوە، بیرەوەریی هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی زیاتر لە جارەگە سەدەیەکی خوێندنەوەو بینین و نووسین و رەخنەی سینەمایی و دروستکردنی فیلم و رۆشنبیریی سینەماییەو وابڕیارە لەماوەی داهاتوودا لە دووتوێی پەڕتۆکێکدا «رەنگە زیاتر»یش چاپ و بڵاوبکرێتەوە.
لێرەدا، هەوڵدەدەم چەند بیرەوەرییەکی تەمەنی جوانی و بەخۆڕایی بەفیڕۆچوونی ئەو سەردەمە باس بکەم کە چەند تامەزرۆی سینەما بووین و چەند هەوڵماندا بیگەینێ کەچی جەنگ و شەڕ و ئاشوبی هەشت ساڵەی عیراق ئیران و سیاسەت و ململانێی ناتەندروست و درێژخایەنی هێزەکانی گۆڕەپانی باشوری کوردستان لەشاخ و شار، دەیبردینەوە کۆڵانەکانی پشتەوەو هەر بەحەسرەتی ئەوەی دونیای جوانی و فانتازیی سینەماییمان دروست بکەین، بەردەوام بووین و کۆڵمان نەدا، بەڵام ساڵ دوای ساڵ سەخت و دژوارتر دەبوو بەدیەێنانی خەون و خولیاکانی گەنجی و جوانیمان، هەر ئەوەش وای لێکردین بەو جوانیەوە، جوانتر سینەما لەگەڵ خۆماندا پەروەردە بکەین.

دڵەڕاوکێی بەردەوام
لەدوای پەرەسەندنی شەڕی ناوەخۆ کە بەرەو مەترسی زۆر گەورە دەڕوات، ئێمە ئیتر حەوسەلەی هیچ شتێکمان نەما، بۆیە بەر لەوەی روداوەکان بتەقنەوەو هاوسەنگی هێز بگۆڕێت کە لای کەسمان روون نەبوو بەمجۆرە دەبێت، کەمێك خۆمان کۆکردەوە.
واتە؛ بەندە لە رۆژنامەی کوردستانی نوێ، گۆشەیەکم هەبوو بەناوی سیناراما. کە هەفتانە هەرجارەی فیلمێکی سینەمایی کوردییم لە دوالاپەڕە بڵاودەکرایەوە و خاتوو کەژاڵ ئەحمەد کە بەرپرسی ئەو لاپەرەیە بوو هاوکارێکی زۆر باشم بوو بۆ بڵاوکردنەوەی گۆشەکەو هەندێکجار دەچوومە لای دەستکاری بابەتەکانم دەکرد هیچ گرفتێکی لەسەر ئەو کارە نیشان نەدەدا.

یەکەم کۆڕی سینەماییم لە گەلەری ئەربێلا
لەناو گەرمەی ئەو گۆڕانکاری و گرژی و ئاڵۆزیەی هەندێکمان لە نزیکەوە وەک زانیاری ئاگاداری بووین، بەو دۆخەوە یەکەمین کۆڕی تایبەت بە هونەری – سینەمای کوردی- م لە گەلەری ئەربێلا ئەنجامداو هاوڕێم کەریمۆك، چیرۆکنووس و شانۆکارو شاعیرو رۆژنامەڤان «لەو کاتدا» کۆڕەکەی بەڕێوە برد.
کۆڕەکە لە ٢٩- ئابی ١٩٩٦ بەڕێوچوو، ژمارەی ئامادەبووان زۆر نەبوو، بەڵام بۆ من و کەریمۆك ئەزمونێکی نوێ بوو وەک دوو هونەرمەندی تازە پێگەیشتوو لە ناوەندێکی گەلێك ناسراو و سەرنجڕاکێشی وەك گەلەری ئەربێلا کە مامۆستایەکی زانکۆو نووسەرێکی تازە گەڕاوەی وەکو فەرهاد پیرباڵ سەرپەرشتی دەکرد، لەوێ باسی سینەمای کوردییمان گەرم کردو بەلامەوە گرنگ بوو پیرباڵ لەو بایەخەی ئێمە بگات کە بۆ سینەمای کوردی دەستماندابۆیێ. چوون ئەو لە فەڕەنساو لە ئینستیتۆی کوردیی لە پاریس دکتۆرای لەو پەیمانگایە بە دەستهێنابوو کە یڵماز گونەی یەکێك بوو لە دامەزرێنەرانی.
کۆڕەکەم لەماوەی نیو سەعاتدا تەواو کرد، گفتوگۆو گەنگەشەی لەسەر دروست بوو، یەکەم کەسیش کە تەوقی ئەو شەرمەی بۆ ئامادەبوان شکاند «بۆ ئەوەی کۆڕەکە گەرم وگوڕبێتر بێت» فەرها پیرباڵ بوو دەست خۆشی لێکردین و دیاربوو ئەو دەیویست زیاتر هانمان بدات و پرسیارەکەی لەبارەی گرفت و چۆنیەتی دەربازبوونی سینەمای کوردیی بوو لەوەی ئێستا تێیدایە، منیش لەچەند خاڵێکدا وەڵاممدایەوەو کەسانی تریش بەشداریان کردو تەلەفزیۆنی زەحمەتکێشانیش کە خۆم لەوێ کارم ئەکرد لەو ئێوارەیەدا ئامادەبوون و وەکو هەواڵێکی هونەری و روناکبیریش چەند جارێك لە هەواڵی شەودا بڵاوکرایەوە.
ئەو رۆژە خەمناکە، بە زۆر کەشێکی سینەماییانەمان لێ دروست کردو بە رووی زۆربەمانەوە دیاربوو کە دەبێ لە بەرەکانی جەنگی نێوان براکاندا چ خوێنێکی زۆر رژابێت، بۆیە نەمانزانی چۆن دەستی پێکردو چۆن بەو خێراییە تێپەڕی و بووە دواین کۆڕو دواین چالاکی گەلەری ئەربێلا؟!..

کۆمارەکەی من و فەرهاد پیرباڵ و گروپی ٤٩
لەگەڵ ئەو هەموو سەرقاڵیە، ماوەیەکی باشیش بە کاری رۆتینی بەرهەمهێنانی فیلمی دۆکیۆمێنتاری « کۆماری من» و «گروپی ٤٩»کە بڕیار بوو دکتۆر فەرهاد پیرباڵ پاڵەوانی سەرەکی ئەو فیلمە بێت، چەندین فەرمانگەم کرد تاوەکو بتوانم رەزامەندی وەربگرم لەسەر ئەوەی فیلمێک دروست دەکەین، بەڵام کاتی زۆری پێچوو. ئەوەندەی بەندە خەریکی ئەو رۆتینیاتە بووم کەسی واهەبوو بەبێ گرتنەبەری ئەو رۆتینیاتە فیلمیشیان دروست کردو کەسیش پێی نەوتن پشتی چاوتان دوو بری لەسەرە؟!.
بەندە دەمویست رێز لەو حکومەتە کوردیە بگرم، بۆ من «کۆماری من» بوو بە»گروپی ٤٩»، هەر بۆیە بەو ناوە ویستم رۆڵی روناکبیرو هونەرمەندو هاونیشتیمانیانی کوردستان بخەمەڕوو کە لە «گروپی٤٩»دا هەوڵی زۆریاندا بەر لەشەڕ بگرن و نەهێڵن چیدیکە خوێنی رۆڵەکانی نیشتمان بڕژێ، بەڵام تا دەهات زیاتر رژا.
لەسەروبەری تەقینەوەی گرژیەکاندابوو لە لایەن کاک حاکم سەردار بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەت و بە واژۆی کاک کەریم دەشتی بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەر ئاگادار کرامەوە کە کارەکانم رەزامەندی لەسەردراوەو هاوکاریەکی ماڵیشیان پێشکەش کردووم بۆ سەرخستنی فیلمەکەو ئەو بڕەپارەیەش (٣٠٠٠)تەنیا سێ هەزار دیناری سویسری بوو، بڕیارەکە لە ٨-٨-١٩٩٦ دەرچووبوو بەڵام درەنگ بەمن وتراو بەڵگەکانم لا ماوە و لە هەوڵی ئەوەدابووم سەردانی وەزارەت بکەم بەڵام فریا نەکەوتم وەریبگرم هاوکێشەکانی شەڕی ناوەخۆ گۆڕاو رژێمی عیراق هاوکاری ئەو هێزەی کرد کە پێشتر لە پایتەخت کرابوویە دەرەوەوئیدی هەولێر گیرا؟!.

نێرگز بووکی کوردستان دواین بابەتی سیناراما
گروپی سینەماش بەر شاڵاوەکە کەوت، ئەویش دوای ئەوەی ژمارە(٩)ی گۆشەی سیناراما-م لە رۆژنامەی کوردستانی نوێی ژمارە(١٣٧٣)ی رۆژی هەینی رێکەوتی٣٠-٨-١٩٩٦ دا بڵاوکردەوە ئیتر ناوی گروپی سینەمای کوردستانیش لەسەر ئەو رۆژنامەیە کە لەهەولێر چاپ و بڵاودەکرایەوە نەماو لەگەڵیدا گروپەکەش بەهۆی پەرتەوازەبوونی ئەندامانی، کاروچالاکی هونەری و کارگێڕی وەستا.
بیرمە رۆژی پێنجشەممە بوو چوومە ئۆفیسی رۆژنامەی کوردستانی نوێ و لەوێ بۆ ماوەیەکی باش لە ژووی دوا لاپەڕە لەگەڵ خاتوو کەژاڵ ئەحمەد کەوتمە گفتوگۆی ئەوەی کە دەمەوێت هەندێك دەستکاری ئەو (٩)ژمارەیەی گۆشەی «سیناراما» بکەم کە لای ئەو دامنابوو، کەژاڵ خان بە زەردەخەنەیەکەوە ووتی؛ باشە بەڵام ژمارەی سبەینێمان داناوە، واتە؛ ژمارە (٩)کە فیلمی نێرگز بووکی کوردستان-ە، دەستی بۆ فایلەکە درێژ کردوو پێیدام و ووتی سەیرێکیان بکە بزانە چەند ژمارەیە.، منیش سەیرم کردو زیاتر مەبەستم وون نەبوونی وێنەکان بوو، بەڵام خۆش بەختانە هەمووی رێک وپێک وەکو خۆی مابوونەوە و بە « زەردەخەنەوە» ووتی؛ کەی چاکیان دەکەیەوە؟. منیش وەکو ئەو زەردەخەنەیەکم کردوو هەردووکمان لەیەک تێگەیشتین کە زوو زوو داوای دەستکاری ژمارەکانی پێشووتریشم کردووە، هەرچۆنێك بێت دوای چا خواردنەوەو گەنگەشەیەکی کورت لەسەر سینەمای کوردیی، بابەتەکانم وەرگرتەوەو بە پێیان بەرەو قەڵات کەوتمەڕێ. لە رێگادا کەشێکی زۆر خەمگین دایگرتم هەولێرم وەکو جاران نەدەهاتە بەرچاو، هیچ چێژێکم لەو رێکردنە نەبینی. لەسەر قەڵاش خۆم نەگرت و گەڕامەوە ماڵ، بۆ شەویش نۆرەی خوێندنەوەی هەواڵەکان-م بوو واتە ئەو شەوە ئێشکگریش بووم دوای پشوویەکی کورت، گەڕامەوە تەلەفزیۆن.

کۆتا شەوی تەلەفزیۆنی زەحمەتکێشان
دوای نیوەڕۆ بەرەو تەلەفزیۆن بەڕێکەوتم، لەبەردەم جادەی لای دادگاو وێنەگرەکان لە تەکسی دابەزیم، بە دەم گۆرانیەوە سەرکەوتم، هیچ خۆش نەبوو، گۆرانیەکانم ئەگۆڕی و خۆشم نەمئەزانی چی ئەڵێم؟!.
پاکەتی جگەرەم دەرهێناو لەناوەڕاستی جادەکە لەسەر دیواربەندییەکە روەوە دادگاو سینەما سیروان دانیشتم، هەناسەیەکم هەڵکێشاو جگەرەکەم داگیرساند، دونیا زۆر بێدەنگ بوو، چۆلتر لەجارانیش دەهاتەبەرچاوانم، هەستام و بەڕێکەوتمەوەو نزیك بارەگای تەلەفزیۆن سەیرێکی تری هەولێرم کرد، نیو پانۆڕاما کە دەکاتە ئەوەندەی لە دیوێکیدا لێمانەوە دیارە. ئیتر بە پەیژە ئاسنینەکانی بارەگا سەرکەوتم و لە پرسگەوە نائاسایی دەهاتە بەرچاو، گەیشتمە ژووری بێژەران و ئەوەی لەوێ بوو ساردو سڕ دەردەکەوتن، ژاوە ژاو هەبوو، سەرنجمدا وردە وردە کەرەستەکانی تەلەفزیۆن بەتایبەتی ئەرشیف کۆدەکرایەوە. ئەو شەوە تا کۆتایی پەخشی تەلەفزیۆن کە دوابابەت فیلمی شەو بوو، مامەوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*