سەرەکی » چاوپێکه‌وتن » سەنگەرخەلیل خەڵاتی«کورت شۆرک»ی بەدەستهێنا

سەنگەرخەلیل خەڵاتی«کورت شۆرک»ی بەدەستهێنا

گفتوگۆی: ڤینۆس تۆفیق

لەوەڵامی چەند پرسیارێکدا سەبارەت بەخەڵاتەکە، سەنگەر خەلیل لەبەرتیانیاوە بۆ کوردستانی نوێ دوا:

*دەتوانیت بەکورتی باسی خەڵاتەکەمان بۆ بکەیت کە ناوی چییەو لەچییەوە هاتووە؟
– ئەم خەڵاتە ناوی خەڵاتی «كورت شۆرك»ە كە ڕۆژنامەنووسێكی ئەمریكی سەربەخۆ بوو كاری بۆ ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز دەكردو لە ساڵی ٢٠٠٠ لەبەرەكانی جەنگ لە وڵاتی سیرالیۆن كوژراو دامەزراوەی «تۆمسۆن ڕۆیتەرز»ی سەر بەئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزیش ‎ساڵانە خەڵاتێك بەناوی ئەم ڕۆژنامەنوسەوە دابەش دەكات.

* چۆن تۆی کوردیان ناسیی و لەسەر چ کارێک بەدیاریکراوی خەڵاتکرایت؟.
– بەو پێیەی من وەك ڕۆژنامەنووسێكی سەربەخۆ لەماوەی شەڕی داعشدا لەگەڵ زۆربەی ڕۆژنامەنووسانی جیهان كارمكردووەو ئەوانیش منیان كاندید كردووەو لیژنەی لێكۆڵینەوەی خەڵاتەكەش سەیری چیرۆكە ڕۆژنامەوانییەكانی منیان كردووەو بەخۆشحاڵییەوە هەڵیانبژاردم بۆ وەرگرتنی خەڵاتەكە.

خەڵاتەکە بەکێ دەبەخشرێت
خەڵاتی «كورت شۆرك» ساڵانە دەدرێت بە سێ كەس لە ڕۆژنامەنووسانی جیهان ئەوانیش: Freelance Journalist ‎واتە ئەو ڕۆژنامەنووسەی لەگەڵ هیچ دەزگاو دامەزراوەیەكی میدیایی تایبەت ئیش ناكات و موچەی مانگانەی دیاریكراوی نییە. Local Journalist ‎ واتە ئەو ڕۆژنامەنووسەی لەكاری ڕۆژنامەییدا لەناو وڵاتی خۆیدا سەركەوتووە. Fixer لەزمانی كوردیدا بەمانای ”رێكخەر یان چاوساغ ” دێت، واتە ئەو كەسەی ڕۆژنامەنووسانی بیانی دەباتە ناو شەڕو كامپەكانی ئاوارەو چیرۆكەكانی جەنگیان بۆ باسدەكات.
ئەمساڵ من وەك «سەنگەر خەلیل» خەڵاتی «كورت شۆرك»م بۆ باشترین فیكسەری ڕۆژنامەوانی 2019 لەشاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا وەرگرت. خەڵاتەكە گرنگییەكی تایبەتی هەیە لەسەر ئاستی جیهان ، چونكە ڕۆژنامەنووسی خاوەن خەڵات دەبێتە كەسایەتییەكی ناسراو لە میدیاكانی جیهاندا.
سەنگەر خەلیل لە ساڵی 1989 لە شاری موسڵ لە دایکبووەو قۆناغەکانی خوێندنی لە بەردەڕەش تەواوکردووەو دەرچووی زانکۆی کوردستانە لەهەولێر، لەساڵی 2004ەوە لەگەڵ زۆربەی ڕۆژنامەنووس و کەناڵە بیانییەکانی جیهان بەشێوەی فریلانس دەستیکردووە بەکاری رۆژنامەوانیی.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*