سەرەکی » وتار » جەمال ئارێز » راپه‌ڕینه‌ پایزه‌كه‌ی عیراق، به‌ره‌و به‌هار یان زستانێكی وه‌یشوومه‌؟

راپه‌ڕینه‌ پایزه‌كه‌ی عیراق، به‌ره‌و به‌هار یان زستانێكی وه‌یشوومه‌؟

بزاوته‌ نوێیه‌كه‌ی شه‌قامی عیراق له‌ به‌غداو باشووری عیراق به‌ دروشمی چاكسازیی ‌و بنبڕكردنی گه‌نده‌ڵی ده‌ستیپێكرد، به‌ڵام پێده‌چێـت ئێستا گه‌یشتبێته‌ ئاستێكی مه‌ترسیدار نه‌ك ته‌نها بۆ حكومه‌تی عیراق، به‌ڵكو مه‌ترسیی لای به‌شێك له‌ سیاسییه‌كانی كوردستان ‌و چاودێرانی سیاسی ‌و به‌تایبه‌تیش وڵاتانی خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندیی ئابووریی ‌و سیاسی له‌ عیراقدا و بگره‌ هه‌رێمی كوردستانیش وه‌ك به‌شێك له‌و عیراقه‌ دروستكردووه‌.
به‌گوێره‌ی دروشمه‌كانی سه‌ره‌تای خۆپیشاندانه‌كه‌، داواكارییه‌كان هه‌مان ئه‌و داواكارییانه‌ بوون كه‌ له‌ دوای 2003 وه‌ به‌رز ده‌كرێنه‌وه‌ و په‌یوه‌ست بوون به‌ چاكسازیی ئیداریی ‌و دارایی و بنبڕكردنی گه‌نده‌ڵی و سزادانی ئه‌و سیاسییانه‌ی كه‌ رۆڵیان هه‌بووه‌ له‌ دۆخی ناله‌باری 16 ساڵی رابردوودا، ئه‌وه‌ش له‌ چه‌ند ساڵی رابردوودا زیاتر داخوازیی پێكهاته‌ی سوننه‌ بووه‌، به‌و پێیه‌ی ناوچه‌كانیان به‌ فه‌رامۆشكراو وه‌سف ده‌كرد، به‌ڵام له‌گه‌ڵ توندبوونه‌وه‌ی ئاستی خۆپیشاندانه‌كاندا ئاستی داخوازییه‌كانی «شه‌قامی عیراق» هه‌وراز چووه‌و گه‌یشتووه‌ته‌ ئاستی داخوازیی سیاسیی كه‌ پێشتر زۆر به‌كه‌می خرۆشانه‌ جه‌ماوه‌رییه‌ لۆكاڵییه‌كان خۆیان له‌قه‌ره‌ی ئه‌و داخوازییانه‌ داوه‌، وه‌ك ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی حكومه‌ت ‌و په‌رله‌مان ‌و بگره‌ سه‌رۆكایه‌تییه‌كان ‌و ته‌نانه‌ت كار گه‌یشتووه‌ به‌ ده‌ستبردن بۆ داوای ده‌ستكاریكردنی ده‌ستوور ‌و گۆڕینی سیستمی سیاسی له‌ په‌رله‌مانییه‌وه‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تی.
ئه‌وه‌ی له‌م دیمه‌نانه‌دا غائیبه‌، گه‌رموگوڕیی شه‌قامی ناوچه‌ سوننه‌ نشینه‌كانه‌، به‌ڵام گرفته‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ دروشمه‌كانی هه‌نووكه‌ به‌گشتی هه‌مان ئه‌و دروشمانه‌ن كه‌ له‌ 16 ساڵی رابردوودا بۆ گۆڕینی سیستمی سیاسی ‌و هه‌مواركردنه‌وه‌ یان گۆڕینی ده‌ستوور له‌لایه‌ن ره‌وت ‌و حزب ‌و قه‌واره‌ سوننه‌كانه‌وه‌ به‌رز ده‌كرانه‌وه‌، بۆیه‌ هێشتا دیمه‌نه‌كان له‌ناو ته‌پوتۆزی به‌رده‌فڕكێی خۆپیشانده‌ر و ته‌قوتۆقی پۆلیس و هێزه‌ ئه‌منییه‌كاندا زۆر ناڕۆشن ده‌رده‌كه‌ون ‌و كه‌م له‌ چاودێرانی سیاسی په‌ی به‌وه‌ ده‌به‌ن كه‌ ئاخۆ ئه‌م خرۆشانه‌ پایزه‌ییه‌ی عیراقییه‌كان وڵاته‌كه‌ ده‌گه‌یه‌نێته‌ به‌هارێكی ته‌ڕوبڕ، یان به‌ره‌و زستانێكی سه‌خت ‌و ته‌ڕوتووش ‌و تاریك ده‌بات؟

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*