سەرەکی » چاوپێکه‌وتن » هاوپەیمانی هێزە عیراقییەكان: هاووڵاتی لە پرۆسەی سیاسی بێئومێد بووە

پەرلەمانتارێكی قسە بۆ كوردستانی نوێ‌ دەكات

هاوپەیمانی هێزە عیراقییەكان: هاووڵاتی لە پرۆسەی سیاسی بێئومێد بووە

هاوپەیمانی هێزە عیراقییەكان لە پەرلەمانی عیراق پێیوایە خۆپیشاندانەكانی بەغدای پایتەخت و شارەكانی تری عیراق، تەقینەوەی پەنخواردنی 16 ساڵی رابردوو، و ئەنجامی بێئومێدبوونی هاووڵاتییە بەرانبەر بە پرۆسەی سیاسی و حزبەكانی دەسەڵات.
ئینتیسار جبوری پەرلەمانتاری هاوپەیمانی هێزە عیراقییەكان لە پەرلەمانی عیراق، لە دیمانەیەكی لەگەڵ كوردستانی نوێ‌ كە لەڕێی تەلەفۆنەوە لەگەڵیدا سازكرا، بەمشێوەیە باسی لە رەوشی سیاسی ئێستا و هۆكارەكانی بەرپابوونی خۆپیشاندانەكان كرد كە لە سەرەتای مانگی تشرینی یەكەمی رابردووە و وڵاتیان دووچاری نیمچە ئیفلیجی كردووە:

كوردستانی نوێ‌: هۆكارەكانی بەرپابوونی خۆپیشاندانەكان چین و لە چییەوە سەریانهەڵدا؟

ئینتیسار جبوری: خۆپیشاندەران لەبەر هۆكاریی شەرعی و دەستوریی و یاسایی چونەتە سەر شەقامەكان، هەموان هاوسۆین لەگەڵیان، كەس ناڵێت ئەوان جگە لە پێناوی مافە یاسایی و دەستورییەكان خۆپیشاندان دەكەن، حكومەتی عیراق پشتیوانی لە خۆپیشاندەران كردووە و ئێمەش لای خۆمانەوە وەك هاوپەیمانی هێزە عیراقییەكان پشتیوانی لە مافەكانیان دەكەین، جەنابی سەرۆكی پەرلەمانیش لە بارەگای ئەنجومەنی نوێنەران پێشوازیی لێكردن و بە وردی گوێی لە راوبۆچوون و داواكارییەكانیان گرت، حكومەت دەبوو پارێزگارییان لێبكات و هێزە ئەمنییەكانیش ئەو ئەركەیان كەوتبووە ئەستۆ، بەڵام ئەوەی روویدا كە سوتاندن و لێدان لە خۆپیشاندان و كوشتن و برینداركردنیان هاتەئارا، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەی لێكۆڵینەوە لە رووداوەكان پێكهێنرا و هەموانیش متمانەیان بەو لیژنانە هەیە، نەتەوە یەكگرتووەكانیش لای خۆیەوە هاتە سەر هێڵ و هەوڵەكانی دەستپێكرد بۆ ئەنجامدانی دیالۆگ لەنێوان حكومەت و خۆپیشاندەران.

كوردستانی نوێ‌: یەكێك لە داواكارییە سەرەكییەكانی خۆپیشاندەران چاكسازییە، حكومەت و پەرلەمان لەو بارەیەوە هیچ هەنگاوێكی پراكتیكیان هەڵناوە بۆ هێوركردنەوەی رەوشەكە؟

ئینتسار جبوری: هەموان داوای چاكسازیی دەكەن، لەئێستادا كار بۆ سازدانی كۆنگرەیەك دەكرێت بۆ چاكسازیی، گەندەڵی دارایی و ئیداریی جەستەی دەوڵەتی عیراقی شەكەت كردووە، گەلیش گەیشتووەتە ئەو قۆناغەی كە پێیوایە پێویستە چاكسازیی بكرێت، گەیشتینە قۆناغێكی وەها كە زەنگی مەترسی لێیدا، خۆپیشاندانەكان وەك بەئاگاهێنانەوە و هەژاندنی حكومەتە تا رێوشوێنەكانی چاكسازیی بگرێتەبەر، ئەنجومەنی نوێنەران كۆمەڵێك چاكسازیی بەدەستگەیشتووە و كاریی لەسەر دەكات و حكومەتیش خۆی بەچەند بڕیارێك لەو بارەیەوە پابەند كردووە.

كوردستانی نوێ‌: هەڵوێستی ئێوە وەك هاوپەیمانی هێزە عیراقییەكان بەرانبەر بە خۆپیشاندانەكان؟

ئینتیسار جبوری: خۆپیشاندەران هەر لە گۆڕەپانی تەحریرن، تائێستاش قوربانی لە ریزی خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان دەكەوێتەوە، ئێمە لەگەڵ خۆپیشاندانی ئاشتیانەین و دژ بە توندوتیژین، چونكە توندوتیژی هەر توندوتیژی بەرهەم دەهێنێت، هەرچۆنێك بێت ئەوان رۆڵەی خۆمانن و بۆ داواكردنی مافی رەوا و پێداویستی سەرەتایی خۆپیشاندان دەكەن، داوای قوتی ژیان و دامەزراندن و خزمەتگوزاریی و ئاو و كارەبا و بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و چاكسازی دەكەن، بۆیە پێویستە حكومەت گوێیان لێبگرێت، چونكە چەند خۆپیشاندانەكان درێژەبكێشن، ئاستی داواكارییەكان بەرزدەبنەوە و زیاتر دەبن، داواكاریی خۆپیشاندەران گەیشتە ئەوەی داوای رووخانی حكومەت و هەڵوەشاندنەوەی پرۆسەی سیاسی بكەن.

كوردستانی نوێ‌: بە بۆچوونی ئێوە خۆپیشاندانی ئەمجارەی عیراقییەكان گوزارشت لە بێئومێدبوونی هاووڵاتی ناكات بەرانبەر دەسەڵاتی سیاسی؟

ئینتیسار جبوری: 16 ساڵە هەل لەبەردەم حزبەكانی دەسەڵاتدا رەخسا تا چاكسازیی بكەن، هەلێكی گەورەی ئەنجامدانی چاكسازیی هەبوو، بەڵی پێشێلكارییەكی زۆر هەیە، گەندەڵی دارایی و دەستگرتن بەسەر سامانی گشتی بوونی هەیە، هاووڵاتی گەیشتە ئەو قۆناغەی نەفرەت لە پرۆسەی سیاسی بكات.
هاووڵاتی لەم ساتەدا گەیشتووتە ئەو ئاستەی پرۆسەی سیاسی و پەرلەمان و دەستور هەڵبوەشێنێتەوە، ئەمەش هۆكاریی خراپی ئەدای حكومەت و خراپی ئەدای حزبی سیاسییەكانە كە هاووڵاتیان گەیاندۆتە ئەم ئاستە.

كوردستانی نوێ‌: دوای تێكشكاندنی داعش هەلی چاكسازیی و فەراهەمكردنی خزمەتگوزاریی رەخسا و دەكرا ڕێگە لە سەرهەڵدانی تەوژمەكانی ناڕەزایی بگرێت، بۆچی ئەو چاكسازییانە نەكرا؟

ئینتیسار جبوری: ئەمەی ئێستا روودەدات پەرچەكردارە بەرانبەر بە خراپی خزمەتگوزارییەكان و شكستی حكومەت لە هەموو بوارەكان، هاووڵاتی لەئێستادا هیچی بەدەستەوە نەماوە، ئاشكراشە لە دوای تێكشكانی داعش كە هەموان قوربانیاندا بۆ هێنانەدی ئەو سەركەوتنە، لەماوەی سێ‌ ساڵی رابردوودا هاووڵاتی چاوەڕوانی ئەوەی دەكرد حكومەت رۆڵی خۆی بگێڕێت لە دابینكردنی خزمەتگوزارییەكان و پڕكردنەوەی پێداویستییەكانی، بەڵام بەداخەوە ئەوەی چاوەڕوان دەكرا نەهاتەدی.
لە ساڵی 2003وە تا ساڵی 2019 هاووڵاتی عیراقی هیچ خزمەتگوزارییەكی بۆ دابین نەكراوە، بۆیە ئەو هاووڵاتییە لەئێستادا هەموو ئەوانەی لە دەسەڵاتدان رەتدەكاتەوە، بە حزبەكان و پرۆسەی سیاسی، لەئیستاشدا دروشمی «شلع قلع» بەرزدەكاتەوە.

كوردستانی نوێ‌: پێتانوایە ئەمەی روودەدات زەنگی مەترسی بێت؟

ئینتیسار جبوری: ئەمە زەنگی مەترسییە، ئاگاداركردنەوە و راچڵەكاندنی تەواوی پرۆسەی سیاسییە كە هاووڵاتی گەیاندووەتە قۆناغی بێئومێدبوون بەرانبەر بە دەسەڵات و پرۆسەی سیاسی، حكومەت و دەوڵەت گوێی لەو زەنگە بووە، بۆیە تێبینی دەكرێت پەرلەمان ئەركی داڕشتنی پرۆژە بڕیارێكی زۆر و پرۆژە یاسایەكی زۆری لەئەستۆگرتووە كە خۆیان لە یاسای هەڵبژاردنەكان و یاسای كۆمسیۆنەكان و هەمواركردنەوەی دەستور و پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ ئەو مەبەستە، حكومەتیش بە هەمان شێوە هەندێك ئەركی وەك دامەزراندن و دابینكردنی جێنیشتەجێ‌ و دابینكردنی خزمەتگوزاریی لەئەستۆگرت.

كوردستانی نوێ‌: خۆپیشاندانەكان لەلایەن هەندێكەوە وەك پێدایستییەك لەم قۆناغەدا لێكدانەوەی بۆ دەكرێت، ئێوە ئەم بۆچوونە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

ئینتیسار جبوری: بەڵی وەك ئەوەیە كە پرۆسەی سیاسی لەم قۆناغەدا پێویستی بەو خۆپیشاندانانە هەبێت بۆ راستكردنەوەی رێڕەوی خۆی و سەرلەنوێ‌ هەڵسانەوە و بایەخدان بە هاووڵاتی لەڕووی دابینكردنی خزمەتگوزارییەكان و دامەزراندنی و بژێوی ژیانی و منداڵەكانی و ئایندەیی و فێركاریی و تەندروستی و هەمواركردنی دەستور بەشێوەیەك كە لەگەڵ قۆناغی ئێستای ژیانی هاووڵاتی عیراقیدا بگونجێت.
نەوەی ئێستا نەوەیەكی خەفەكراوی بێبەشكراوە، بۆیە لەمڕۆدا دەبینین ئەوانەی خۆپیشاندان دەكەن لەو لاوانە پێكهاتوون كە تازەپێگەیشتوون، پێویستە ئەوانە گوێیان لێبگرێت، خواستەكانیان بهێنرێتەدی لەڕووی فێركاریی و تەندروستی و رادەبڕین.

كوردستانی نوێ‌: چۆن لێكدانەوە بۆ پچڕاندنی هێڵی ئینتەنێت دەكەن لەلایەن حكومەتەوە؟
ئینتیسار جبوری: پچڕاندنی هێڵی ئینتەرنێت، بە بیانووی رێگرتن لە پەخشكردنی حاڵەتە توندوتیژییەكان، هەنگاوێكی راست نەبوو، شیاوە بپرسین دەوڵەت چەند زیانی پێگەیشتووە بەهۆی پچڕاندنی هێڵی ئینتەرنێت، لە بەغدا و شارەكانی تر ژیان نیمچە راگیراو بوو، ئەمە كۆتوپێوەندكردنی ئازادییەكان و پێچەوانەی دەستورە، بۆیە هیوادارین بڕیارەكانی حكومەت لۆجیكانە تر بێت و ئازادی زیاتر بڕەخسێنێت و مافی زیاتر بۆ خەڵك فەراهەم بكرێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*