سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » پەیوەندیی ئەڵمانیا و سعودیە بەرەو خراپی دەچێت

پەیوەندیی ئەڵمانیا و سعودیە بەرەو خراپی دەچێت

لەنێوان وڵاتانی کەنداودا عەرەبستانی سعودیه‌، یەکێکه‌ لە وڵاتە هاوبەرژەوەندیە ئابوریانەی ئەڵمانیاو ساڵانە ئەو وڵاتە بایی ملیاران یۆرو چەکو جبەخانەی سەربازی پێدەفرۆشرێ و هاوردەیەکی زۆری کاڵای ئەڵمانیا دەکات، لەبەرامبەریشدا سعودیەکان، ئەڵمانیا بە وێستەگەیەکی گرنگی خۆیان دەزانن بۆ ئارامی و پێشکەوتنی وڵاتەکەیان، ئەو پەیوەندیە زۆر کۆنە بەڵام نزیکبونەوەکان لەساڵانی دوای نەوەدەکانەوە دەست پێدەکەن و لەدوای گرێبەستە ئابوریەکان باشتر بون، شاعەبدوڵلاش پێشتر هەمیشە ڕۆڵ‌وپێگەی ئەڵمانیا بە گرنگ دەزانی بۆ ئارامی ناوچەکە،بۆیە لەساڵی ٢٠٠٧ دانی بەو گرنگیە ناوەو لە سەردانێکی بۆ بەرلین ووتی: ئەڵمانیا لای ئێمەپڕ بایەخەو ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت لە بەرقەرار کردنی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بەگشتی حکومەتی ئەڵمانیش بەبەژن وباڵاو سیاسەتی ئەو بنەماڵەی شانشینه‌ هەڵدەداو خوازیاری پەیوەندی باشتر بوون.

حەزیان لە سعودیە نییە
بەڵام لەسەر ئاستی سیاسی وڕای گشتیدا سعودیە هەرگیز ناچێتە ڕیزی دۆستەکانی ئەو وڵاتەو جگەلە قازانجی ئابوری نەبێت هیچ هێڵێکی هاوتەریب لەنێوان ئەو دوو وڵاتە نابیندرێت، لەنێوەندی سیاسی ئەڵمانیدا هەمیشە ڕەخنە لەسیاسەتی دەرەوەی حکومەتەکەیان دەگیرێت کە لەپێناو بەرژەوه‌ندی ئابوریدا هەندێ لەپرەنسیپەکانیی پاراستنی مافی مرۆڤ و ئاسایشی جیهانی وئەو پایەگرنگانەی کە کۆماری ئەڵمانیای فیدڕاڵی لەسەر بنیاتنراوە پیشێلدەکا،لەسەر ئاستی ڕای گشتیشدا سعودیە وەک وڵاتێکی دیکتاتۆری‌وداپلۆسێنەر تەماشادەکرێ و هەرگیز پێیان خۆش نییە وڵاتەکەیان پەیوەندی دۆستانەی لەگەڵیدا هەبێت.

بایه‌ر موینشن ڕەخنەباران کرا
نمونەی هەرەزیندوی ئەمەش ئەوەیە کاتێک پێرار هەڵبژاردەی وەرزشی سعودی بانگێشتنامەیەکیان بۆ تیپی بایرەن میونشن نارد بۆ سازدانی یاریەکی دۆستانەی نێوان هەردوو تیپەکە لە خاکی سعودیە، ئەوکات یاریە ئەنجامدراو بایه‌رمینوشن وەک گرێبەستێک لەپای سازدانی ئەو یاریەدا ملیۆنان دۆلاری پێشکەشکرا، دوای ئەوە تیپەکە لەمیدیاو لەناوەندە وەرزشیەکان ڕوبەڕوی ڕەخنەی توند بۆوەو ڕای گشتی وەک خۆفرۆش ناوزەندیان کردن و هەڵمەتێکی گەورەیان کرایە سەر کە لەپێناوی دەستکەوتی مادیدا دەچن یاری لە خاکی دیکتاتۆرەکان و بۆ لەزەتی ئەو زۆردارانە کاردەکەن، بۆیە تیپەکە داوای لێبوردنی کردو پاساوی تایبەتی هێنایەوەو ڕای گشتی دامرکاندەوە.

هۆشداریان لە هاتنی شازاده‌ محەمەد دابوو
هەر پێرار بوو دەزگای موخابەراتی ئەڵمانیBND ڕاپۆرتێکی دەربارەی ڕەوشی کەنداو بڵاوکردەوەو مەترسی خۆی لە باڵادەستی شازاده‌محمەد دەربرێ لەوەی کە پەل دەهاوژێتە هەموو بوارەکان و دەچێتە لوتکە، ئەو ڕاپۆرتە بوە سەرەتای دڕدۆنگی بنەماڵەی شانشین بەرامبەر بە ئەڵمانیاو هەڵوەستەیەکیان کرد، ناوەناوەش لەڕێی باڵیۆزخانەکەیەوە لەبەرلین، نارەزایی خۆیان بەرامبەر ڕۆڵی میدیاو پارتە موعارەزەکان‌وڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی وهەندێ سیاسەتمەداری ئەڵمانیا، دەگەیەننە حکومەتی ئەنجێلا مێرکل،ئەویش ئارامیان دەکاتەوە لەوەی کە وڵاتەکەی سعودیە وەک دۆستێکی سەرەکی تەماشادەکاو نایەوێت هیج گرژیەک لەنێوانیان ڕووبدات.

لێیان هاتنە دەنگ
لەمدواییەش لەگەڵ گیرسانەوەی» سەعد حەریری»سەرەک وەزیرانی لوبنان لە سعودیەو دروست بونی ئەو قەیرانەی کەنداو، « زیگمار جوبرائیل»ی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ڕایگەیاند: دەمێکە ئەوروپیەکان ئاگایان لەو جموجۆڵە نەخوازراوانەی شازاده‌ محەمەدە کەدەیەوێت کەتنێک بنێتەوە، ئێمەش ناتوانین بێدەنگی بنوێنین،شەڕی یەمەن و دواتر ئابڵوقەی قەتەرو ئێستاش نۆرەی لوبنانەو ئیدی توانای بێدەنگیمان نەما. لەبەرامبەر ئەم وتانەی جوبرائیلدا سعودیە پەشۆکاو دەستبەجێ بانگهێشتی باڵیۆزی ئەڵمانیای لە ڕیاز کردو داوای ڕونکرنەوەی لێکرد، باڵیۆزەکەشی لە بەرلین یەکسەر نامەیەکی ناڕەزایی دابە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا.

میدیا دژی بنەماڵەیە
لەم لێدوان و سیاسەتەی ئەڵمانیا میدیا بەگشتی پشتیوانی حکومەتی کردو لەدژی سعودیە وەستایەوە بەوەی ئەو وڵاتە پێشێلی ئاشکرای مافی مرۆڤ دەکاو دەست دەخاتە نێو کاروباری وڵاتان و هەمیشە خەریکی دروستکردنی تۆڕی تیرۆریستی جیهانە و لەڕێی وەهابیەت و دروست کردنی کۆمەڵە ڕێکخراو و خوێندنگە بەناو ئاینیەکانەوەو ڕەوشی ناوخۆی وڵاتان تێک دەداو سەرچاوەی ئاژاوەو دوبەرەکیە، ڕۆژنامەگەورەکانی وەک « دی ڤێڵت، فرانکفۆرتە ئەلگێماینە، بێلد،سود دۆیچە» و کەناڵی ڕەسمی ئێن ئاردی و زۆربەی پێگەو سایتەکانیش بەخەستی ڕاپۆرت لەسەر پیشێلکاریەکانی ئەو وڵاتەو نمونەی سەرپێچی و ئاژاوەکانیان بڵاودەکەنەوە.

هەناردەکردنی چەک کەمکراوەتەوە
یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی ساردبونەوەی پەیوەندی نێوان ئەو دوو وڵاتە، کەمبونەوەی ڕێژەی هەناردەکردنی چەک وکەلو پەلی سەربازی و وەستاندنی ئیمزاکردنی گرێبەستی تازەیە لەگەڵ سعودیە کەنزیکەی ٩٠٪ی پێوستیە سەربازیەکانی پڕدەکردەوە، بەڵام لەوەتەی ساڵی ٢٠١٥ ەوە لەسەر داواو فشاری میدیاو لایەنە موعارەزەکانی وەک پارتی چەپ‌وسەوزەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و رایگشتیدا، بڕەکان زۆر کەمکراونەتەوە بەتایبەتیش کەزانرا ئەوچەکانە لەشەڕی یەمەن و کوشتنی بەخۆڕایی خەڵکی مەدەنی بەکاردەهێندرێت، لەشەش مانگی یەکمی ئەوساڵەدا بڕی هەناردەکردنەکە بایی ١٧٢ ملیۆن دۆلار بوو،بەڵام لە نیوەی دووەمدا کرابە ٥٠٠ ملیۆن وتادێش کەمتردەبێتەوە، لەچەند مانگی ڕابردوودا کۆمپانیای « هاکلەر ئاندکۆخ» بەیەکجاری فرۆشتنی چەکی بە سعودیە ڕاگرت و ناوی نا «وڵاتی ئاشوب وگەندەڵی».

ناخوازن دۆستایەتیان بکەن
تازەترین ڕاپۆرتی دەزگای پەیمانگی» ئەمنید» بۆ راپرسی پرسی سیاسی وئابوری دەری خستوە کە ٦٠٪ ی خەڵکی ئەڵمان پێیان خۆش نییە وڵاتەکەیان پەیوەندی لەگەڵ سعودیە هەبێت بەهۆی ئەوەی پیشێلی مافەکانی مرۆڤ دەکات، لەهەمان کاتیشدا ٧٨٪ یشیان پێیان باش نیە ئەڵمانیا چەک بفرۆشێتە سعودیە.

ئەلتەرناتیڤی ئەڵمانیایان هەیە
لەچەند مانگی رابردوشدا ئەنجیلا مێرکل سەردانی سعودیەکردو لەگەڵ شاسەلمان کۆبۆوە، لەوێ داوای لێکردبون کە چیتر بەچەکی ئەڵمانی وغەیرە ئەڵمانی خەڵکی مەدەنی لەیەمەن تۆپپاران نەکەن و ئاگاداری مافی مرۆڤ بن، ئەو قسانەی مێرکل لەو گوێیانەی چوو لەوەی تریان هاتە دەرێ و دوای ئەوەی جێگری وەزیری ئابوری سعودی بۆ گۆڤاری»دێر شپیگل» ڕایگەیاندبوو، کە ئەوان ڕێز لە هەڵوێستی ئەڵمانیا دەگرن کەنایەوێت بەچەکی ئەوان شەڕی یەمەن بکرێت بەڵام ئەوان ئەلتەرناتیڤی تریان هەیە.

پشتیوانی قەتەر دەکات
لایەنێکی تری ساردبونەوەی پەیوەندیەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە کێشەی ئابڵوقەی سەر وڵاتی قەتەرە کە ئەڵمانیا بەئاشکرا پشتی قەتەر دەگرێ و لۆمەی سعودیەو هاوپەیمانەکانی دەکات لەخولقاندنی ئەو بارە نالەبارە،چونکە لەلایەنی ئابوریەوە ئەو وڵاتەش بەقەدەر سعودیە گرنگەو دەیان کۆمپانیای ئەڵمانیا لەناو ئەو وڵاتە کاردەکاو بەرژەوەندیەکی باڵا لەنێوانیادا هەیە بەتایبەتیش بۆ سازدانی مۆندیالی ٢٠٢٢ زۆربەی یاریگاو ئوتێل و شوێنەکانی حەوانەوەو ئامادەکاریەکان لەلایەن کۆمپانیا ئەڵمانیەکانەوە دروست دەکرێن وبایی ملیارەها یۆرۆدەبن،جگە لەوەش کۆی گشتی هەناردەکردن و بەرهەمهێنانی ئەڵمانیا لەناو قەتەر ساڵانە بایی ٢٥ ملیار دۆلارە، قەتەر لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبیدا سێیەمین وڵاتە کە ئەڵمانیا بەرهەمهێنانی گەورەی تێدا دەکات.

سزای ئەڵمانیا دەدەن
لەبەرئەم هۆکارانەی کە ئاماژەمان پێکرد لەمڕۆژانە ئەو پەیوەندیانە بەرەو خراپی دەچن وسعودیەکان گازندە لەبەرپرسانی ئەڵمانی دەکەن، کە ڕاگەیاندنی نەیارانە لەدژیان دەدەن و لەسەر زاری چەند بەرپرسێکیشیان ئەوە هاتوە کە ئیدی کاتی ئەوە هاتوە سزای ئابوری ئەڵمانیا بدەن بەو مانایەی چیدی نەیەڵن لەوڵاتەکەیان بەرهەمهێنان بکاو شوێنێکی لایەقتریش بدۆزنەوە بۆ کڕین وچەکەکانیان و بنتانانی بەرژەوەندیە ئابوریەکانیان، ئەو گرێبەستە گەورەیەی چەند مانگی ڕابردووی ئەو ولاتەش لەگەڵ دۆناڵد تره‌مپی سەرۆکی ئەمریکاو کڕینی چەکیش بەبەردەوامی لەبەریتانیا، ئەلتەرناتیڤەکەی سعودیەکانی ئاشکراکرد.
سەرچاوە: شپیگل ئۆنلاینە، سوددۆیچەزایتۆنگ،ساسەپۆست

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*