سەرەکی » ئاراستە » فه‌رهه‌نگی سه‌ربازی و راستكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌یه‌ك

فه‌رهه‌نگی سه‌ربازی و راستكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌یه‌ك

عه‌بدوڵڵا كۆمه‌ڵه‌

دیاره‌ فه‌رهه‌نگی زمانی كوردی له‌ بواری زاراوه‌سازیدا زۆر هه‌ژاره‌و له‌لایه‌ن شاره‌زایانی بواری زمانیشه‌وه‌ گرنگیه‌كی زۆر به‌بواره‌ جیاجیاكانی زاراوه‌سازی نه‌دراوه‌، به‌تایبه‌تی زاراوه‌كانی بواری زانستی سه‌ربازی.
نمونه‌یه‌ك له‌و زاراوه‌ سه‌ربازیانه‌ی كه‌ڕۆژانه‌ به‌هه‌ڵه‌ به‌كارده‌هێنرێت، دیاره‌ له‌هه‌موو ئاسته‌كانداو له‌لایه‌ن هه‌موو كه‌سێكیشه‌وه‌ به‌نووسراوه‌ فه‌رمیه‌كانیشه‌وه‌، ئه‌ویش وشه‌كانی (فه‌رمانده‌، ئامر، قائد)ن، ئه‌وه‌ی شاره‌زای بواری سه‌ربازی بێت ده‌زانێت كه‌ تاچ ئاستێك به‌ ئه‌فسه‌رێك ده‌وتریت (ئامر) و له‌ چ ئاستێكه‌وه‌ پێی ده‌وترێت (قائد).
دیاره‌ ئه‌فسه‌ر له‌ ( امر فصیل- ئامر فه‌سیل)ه‌وه‌ كه‌ پله‌كه‌ی ملازم یان ملازمی یه‌كه‌ تاده‌گاته‌ (امرلیوا- ئامر لیوا) كه‌ ده‌بێت پله‌كه‌ی عه‌قید یان عه‌مید بێت پێی ده‌وترێت (امر)، هه‌تا ئه‌م ئاسته‌ ئه‌م پایانه‌ پێیان ناوترێت (قائد).
به‌ڵام له‌پایه‌ی ئامر لیوا به‌ره‌ و ژوور، واته‌ فیرقه‌و قه‌یله‌ق و هاوشێوه‌كانیان پێیان ده‌وترێت قائد، بۆنموونه‌؛ قائد فرقه‌و قائد فه‌یله‌ق، كه‌ ده‌ڵێم هاوشێوه‌كانیان، بۆنموونه‌؛ له‌ كوردستان ئێمه‌ فرقه‌و فه‌یله‌قمان نیه‌، به‌ڵام هاوشێوه‌ی ئه‌مانه‌مان هه‌یه‌و كه‌سی یه‌كه‌می ئه‌م ته‌شكیلانه‌ له‌ئاستی قائددان، بۆنموونه‌؛ هه‌ردوو فه‌رمانده‌یی هێزه‌كانی (70 و 80 ) له‌ئاستی فه‌یله‌ق دان، یان فه‌رمانده‌كانی هێزه‌پشتیوانیه‌كان و به‌رگری و فریا كه‌وتن و زێره‌ڤانی له‌ئاستی فیرقه‌ دان و به‌كه‌سی یه‌كه‌می ئه‌م ته‌شكیلانه‌ ده‌وترێت، قائد.
به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌زاراوه‌ی (فه‌رمانده‌)، ئه‌وا ئێمه‌ به‌هه‌موو ئه‌مانه‌ی له‌سه‌ره‌وه‌ پۆلێنم كردن هه‌ر ده‌ڵێین فه‌رمانده‌، دیاره‌ ئه‌مه‌ له‌ڕوی زانستی سه‌ربازییه‌وه‌ هه‌ڵه‌یه‌ و ده‌بێت ئێمه‌ دووزاراوه‌یان ناوی جیاوازمان هه‌بێت بۆ ئه‌م دوو ئاسته‌ جیاوازه‌.
هه‌رچی وه‌رگێڕانی وشه‌ی فه‌رمانده‌یه‌، به‌ڕای من ئه‌گه‌ر به‌مانای حه‌رفی لێكی بده‌ینه‌وه‌ ئه‌وا وشه‌كه‌ له‌ وشه‌ی ئامره‌وه‌ نزیكتره‌ وه‌ك له‌ فه‌رمانده‌، بۆنموونه‌؛ (امر- أمر-یأمر) (فه‌رمانده‌- فه‌رمانی كرد- فه‌رمان ده‌كات)، به‌ڵام له‌ڕوی قورسایی وشه‌كه‌وه‌ له‌زمانی كوردیدا ئه‌وا فه‌رمانده‌ گونجاوتره‌ به‌كاربێت بۆ وه‌رگێڕاوی وشه‌ی قائد، نه‌ك أمر.
له‌ كۆتاییدا ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی ئه‌گه‌ر وشه‌ی فه‌رمانده‌ بۆ جێگره‌وه‌ی ناوی أمر به‌كاربێت، ئه‌وا ده‌بێت وشه‌یان ناوێكی ترمان هه‌بێت بۆ جێگره‌وه‌ی ناوی قائد، ئه‌گه‌ر بۆ قائدیش بێت، ئه‌وا بۆ جێگره‌وه‌ی ناوی أمر پێویستمان به‌ ناوێكی تره‌، به‌ڵام به‌ڕای من وشه‌ی فه‌رمانده‌ بۆ ناوی قائد گونجاوتره‌و نزیكتره‌ له‌ ناوی آمر- ئامر.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*