سەرەکی » ئابووری » وەرزی بەرهەمی مۆردە و هاووڵاتیان بۆ چارەسەر بەكاریدەهێنن

«سەرباری سوودە تەندروستییەكانـی، چەندین گوندی بە ناوەوە نراوە»

وەرزی بەرهەمی مۆردە و هاووڵاتیان بۆ چارەسەر بەكاریدەهێنن

لە هەرێمی كوردستاندا چەندین گوند هەیە كە بە ناوی مۆردەوە نراوە، ئەویش ئەوە دەسەلمێنێت لە رابردوودا مۆرد لە سنووری ئەو گوندانە هەبوون‌و وەك چارەسەریش كەڵكیان لێ وەرگیراوە، هەر بۆیە وەكو وەفایەك ناوی گوندەكەیان بەناوی مۆردەوە ناو ناوە، تاوەكو نەوە لەدوای نەوە لە بیرەوەرییاندا بیهێڵنەوە.

لەسەرەتای پایزدا تا ناوەڕاستی پاییز
ئەو ناوچانەی كە مۆردی هەیە هاووڵاتیان رووی لێدەكەن و هەركەسەو بەپێی پێویستی خۆی بەرهەمی دەچێنێت و هاوكاتیش گەشتێكی پایزەش دەكەن.
یاسین عەلی وتی: «ساڵانە لەم وەرزەدا روو لە مۆردەكانی سنووری سەنگاو دەكەین و گەشتێكی پایزەش لەگەڵ خێزان و خزمانمان ئەنجام دەدەین، هەر كەسەو بەشی پێویستی خۆی لە بەرهەم و گەڵای مۆردەكان لێدەكەینەوە، سەرباری بەسەربردنی كاتێكی خۆش، هاوكات مۆرد بۆ تەندروستی خۆمان سودی باشمان لێ بینیووە».
هاوكات، عیرفان عەبدوڵڵا دانیشتووی گوندی قەڵای نزیك سەنگاو، وتی: «ساڵانە لەم وەرزەداو لەسەرەتای پایزدا تا ناوەڕاستی پاییز بەرهەمی مۆرد دەست پێدەكات، ئێمەش ساڵانە دەچین بەرهەمی مۆرد دەچنین».
ئەوەشی وت: «بەهۆی ئەوەی پارێزگاری لە درەختی مۆردەكان ناكرێت خەرێكە بەرەو لەناوچوون دەچێت».

سودەکانی مۆرد
پشتیوان نوری خاوەن سەنتەرێكی فرۆشتنی گیا دەرمانییەكانەو دەڵێت: «مۆرد سودی زۆرەو لەمێژەوە وەكو دارێكی پیرۆز سەیر كراوە، لەو سوودانەشی كە هەیەتی گەڵاكەی بە شێوەی هاڕاو بۆ پێكان‌و برینداربوونی جەستەو خوێنبەربوون زۆر بەسودە هەندێك بكە بەسەر برینەكەدا راستەوخۆ خوێنەكەی رادەگرێت، ئەگەر توشی خوێنبەربوونیش هاتبێت، دژە هەوكردنە، هاوكات بۆ چالاك بوونی سوڕی خوێن و بەهێز كردنی بەرگری لەش بەسودە، بۆ دابەزینی شەكرەو فشاری خوێن و چەوری خوێن بەسودە، بۆ بەهێزبوونی قژ و رێگرتن لەڕووتانەوەی قژ تێكەڵ بە خەنە دەكرێت‌و زۆر سودی سەرسوڕهێنەری هەیە، كۆمەڵەی ڤیتامینەكانی تێدایە بەتایبەت ڤیتامین C».

بۆ دەرمان بەكاریان هێناوە
مۆرد لەهەرێمی كوردستاندا مێژوویەكی دێرینی هەیەو لە مێژەوە لەكوردستاندا بەخۆڕسكی روواوەو خاوەن تامێكی تورت و كەمێك تاڵە، لەڕابردوودا خەڵكی بۆ دەرمان بەكاریان هێناوە، بۆیە چەندین گوند بەناوییەوە نراوە لەوانە، گوندی بانی مۆرد لەسەنگاو، گوندی جەلەمۆرد لە ئاخجەلەرو گوندی مۆردخواردە لەبناری خاڵخاڵان و چەندینی تر.
هاوكات مۆرد لە خێزانی بێریەكانە وەك گراند بێری‌و گوجی بێری‌و بلوبێری‌و..تد، ئەو رووكانە كە بەبێرییەكان ناسراون تەنها مۆرد لەكوردستاندا بوونی هەیە و ئەوانی تر لە وڵاتانی جیهان بەتایبەت وڵاتە ئەوروپییەكان چەندین كارگەی تایبەتیان بۆ دروست كردنی دەرمان لەو جۆرە دارانە دامەزراندووەو نرخی دەرمانەكانیشیان گرانترە، خاوەن ئەو سەنتەرە پێییوایە توو و گۆیژ هەمان خیزانن چونكە لەڕووی سودو پێكهاتەكانیانەوە لەیەكەوە نزیكن.
لەئێستادا لەهەرێمی كوردستان كەمترین كات بۆ سودوەرگرتن خەڵكی بەكاریدەهێنێت، بەڵام بەهۆی بونی گەڵا سەوزە هەمیشەیەكەیەوە خەڵكانێكی زۆر بۆ پەرژینی باخچەكانیان بەكاریدەهێنن.
لەو ناوچانەشی كە مۆردی تێدا رواوە لەلایەن دەستێكی نادیار ‌و گوماناوییەوە رووبەڕووی سوتاندن و بڕینەوە بوونەتەوەو خەریكە ئەو بەرهەمە سروشتییە لەناوچەكەدا بەرەو فەوتان و لەناوچوون دەبرێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*