سەرەکی » دۆسێ » سيستمی کۆتا وەك ماف

سيستمی کۆتا وەك ماف

پەیڤێک

ماوەی چەند ساڵێکە وشەی « کۆتا» هاتۆتە ناو قامووسی سیاسی کوردەوە، دیارە لەپشت هەموو وشەیەکەوە کۆمەڵێک مانا و چیرۆک، خۆی حەشارداوە. لەهەمانکاتیشدا ئەم وشەیە مانای چەمکێکی سیاسی گرنگ دەگەیەنێت و پەیوەندییەکی قووڵیشی بە مەسەلەی مافی ژنانەوە هەیە بەتایبەتی لەرووی بەشداری سیاسییەوە.
ئێمەش لە رۆژنامەی کوردستانی نوێ پێمانخۆشبوو ئەم دۆسێیە بەم چەمکە سیاسییە تایبەت بکەین، ئەوەش بە بەشداری کۆمەڵێک ژنە نووسەر و چالاکڤانی مەدەنی، کە ئەوانیش بریتین لەبەرێزان: چرۆ شەهاب، کنێر عەبدوڵڵا، شاناز هیرانی، نیگار عوسمان.
ئامانج لەم دۆسێیەش ئەوەیە، کە خوێنەرانمان زانیاری و بەرچاوڕوونییەکی باشیان لەبارەی ئەم چەمکەوە هەبێت.

کوردستانی نوێ

نیگار عومەر

کۆتا وشەیەکی لاتینی یە وە بریتییە لە پرۆسەیەکی هەڵبژاردن کە ئامانجی بەدەست هێنانی یاخود زامنکردنی مافی کەمینەکانە لە هەڵبژاردنە گشتییەکاندا جا ئەو کەمینانە نەتەوە بن یاخود ڕەگەز یاخود لەسەر بنچینەی ئاینی بێت لە پێناو گەیشتن بە دەسەڵاتی سیاسی و دەستەبەر کردنی دادپەروەری گشتی بۆ هەموو پێکهاتەکان.
ئەم سیستمەش شێوازێکی ئەرێنییە لە کارکردن بۆ بەدەست هێنانی یەکسانی و کەمکردنەوەی جیاکاری لەنێوان کۆمەڵە جیاوازەکاندا بۆ کەمینەکان، یاخود بۆ کاراکردن و زیادکردنی ژمارەی کورسی بۆ ژن لە پۆستە جیاجیاکاندا.
مەبەست لە کۆتای ژن بریتییە لە دیاریکردنی چەند کورسییەکی دیاریکراو لە ئەنجومەنی نوێنەران یان هەر پۆستێکی تر کە بە پێیی یاسا ڕێک دەخرێت و هەر وڵاتێکیش شێواز و ژمارەی کورسییەکان ڕێك دەخات و دیاری دەکات، لەوکاتەشدا ناکرێت ژمارەی کورسی تەرخان کراو کەمتر بێت لەوەی یاسا بۆی دیاری دەکات .
وتوێژینەوەکان وای نیشان دەدەن کە زیاتر لە ٨٠ دەوڵەت لە جیهاندا کار بەو سیستمە دەکرێت ،
بۆ نمونە لە ئەفەریقا ( باشوری ئەفەریقا ، ئەریتریا ، غانا ، سنگال …..)
ئەمەریکای لاتینی ( ئەرجەنتین ، بەرازیل ، مەکسیك….. )
ئەوروپا ( ئیسپانیا ، بەریتانیا ، بەلجیکا ……)
ئاسیا ( بەنگلادیش ، پاکستان ، سریلانکا ، فلپین ، ئەندەنوسیا …….)
یەکەم هەنگاو بۆ کارکردن بە سیستمی کۆتا لە ساڵی (١٩٩٥) لە پەکین دیاریکرا لە کۆنگرەی چوارهەمی جیهانی ژنان ، وەک چارەسەرێك بۆ کەمی ڕێژەی ژنان لەسەر ئاستی جیهانی .
شایەنی باسە سێ جۆر لە شێوازی پەیڕەو کردنی سیستمی کۆتا هەیە کە هەر وڵاتە بەپێی بیروڕای خۆی کاری پێ دەکات :
1/کۆتای یاسایی یاخود دەستوری ئەم شێوازە لەکارکردن بریتییە لە چەسپاندنی سیستمەکە بەشێوەیەکی یاسایی و لە دەستوردا بەئاشکرا ئاماژەی پێ دەدرێت هەر لەو ڕێگەیەوە ژمارەی کورسی دیاریکراو دەستنیشان دەکرێت بۆژنان لە ئەنجومەنی نوێنەران یاخود ئەنجومەنی یاسادانان وەک ئەو سیستمەی کە لە عیراق دا کاری پێ دەکرێت کە لە دەستوردا چەسپێنراوە ڕێژەی ٢٥% بۆ ژن د یاری کراوە .
2/ کۆتای هەڵبژێراو ( الترشیحیة ) ئەم شێوازە بریتییە لەوەی کە بە یاسا حیزبەکان ناچار دەکرێن کە ژمارەیەکی دیاریکراو لە ژن لە لیستەکەیاندا بونی هەبێت ئەگەر نا لیستەکەی قبوڵ ناکرێت بەپێی یاسا ئم شێوازە لە یاسا لە فەلەستین پەیڕەو دەکرێت .
3/ کۆتای ناچاریکردن ( طوعي ) ئەم شێوازە لە کار بریتییە لەوسیستمەی کە حیزبەکان کار بەدانانى ژمارەیەکی دیاریکراو لە ژن دەکەن بەبێ ئەوەی لە یاسا یاخود دەستور ئاماژەی بۆ کرابێت ، بەمانایەکی تر واتە لە ڕۆشنبیری کۆمەڵ و حیزبەکەیان وە سەرچاوە دەگرێت وە بە شێوەیەکی گشتی، هەر بەپێی ئەو بیروبۆچونانە تێدەگەین کە وڵاتە پێشکەوتوەکان کار بەو سیستمی کۆتایە دەکەن، وەك وڵاتە ئەسکەندەنافییەکان ( سوید ، نەرویج ) واتە ئەم وڵاتانە گەیشتونەتە ئەو ڕادەیە لە پێشکەوتنی فکر کە بەبێ بەشداری ژن لە بەڕێوەبردنی وڵات و بڕیاردانەکان تەرازووی ژیانیان لاسەنگ دەبێت ، بۆیە جگە لە بەشداری پێ کردن بە ژن و پیاو لە هەوڵی ئەوەدان تاکی ڕۆشنبیرو هٶشیار بگە یەننە ئەو شوێنانە ، تا کاریگەری نەرێنی دروست نەکەن لەسەر پرۆسەی سیاسی بەتایبەت وە لە سەر کۆی ژیانی هەمو تاك بەگشتی .
یەکێك لە گەورەترین کێشەکان لە جیهاندا بریتییە لە کەمی ژمارەی ژن لەناوەندی بڕیار و لەو شوێنەی کە ناوەندی دەسەڵاتی سیاسی کاری تێدا دەکات، ئەمەش ڕێگری گەورە دەخاتە بەردەم چارەنوسی ژنان بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەی سیاسی بۆ بەدەست هێنانی مافەکانیان ، ئەم بۆشاییەش لەهەموو وڵاتێك هاوتا نییە بەڵکو لە وڵاتێك بۆ یەکێکی دی جیاوازە بەپێی هۆشیاری کۆمەڵ و ڕۆشنبیری تاك و کولتور و بنەمای پەروەردەیی مرۆڤەکان دەگۆڕێت چونکە داڕشتنی یاساکانیش لەو بنەمایانەوە سەرچاوە دەگرێت ، نوێنەرایەتی کردنی ژنان لە هەر بوارێکدا جگە لەوەی پاڵپشتییە بۆ ژنان و بەدەست هێنانی مافەکانی ژنان خۆیان وەك خود لەهەمان کاتدا پاڵپشتییە بۆ پیاوان لە پێناو ڕاست کرد نەوەی تەرازوی دادپەروەری ژیان بە گشتی


لە ڕاستیدا ئەم سیستمە وەك هەر سیستمێکی تر شمشێرێکی دوو سەرەیە و دەبێت وریا بین لە کاتی جێبەجێ کردنیدا تا بە خراپ نەشکێتەوەو بەشێوازێکی تر دەبێت عەقڵ و هۆشیاری بونی هەبێت .
چونکە زۆر جار حیزبەکان کار لەسەر ئەوە دەکەن بۆ ڕازیکردنی ژن و خودی خۆیان ئەو سیستمە بەکار دەهێنن بۆ هێنانە پێشەوەی ژن کە بەعەقڵی پیاوان بیر دەکەنەوە ئەو پیاوانەی کە بۆ بەرژەوەندی خۆیان کار دەکەن و ئەم جۆرە لە ژن هیچ کاریگەرییەکی نابێت لەسەر ئاستی گەیشتن بە ئامانج و دەستەبەرکردنی مافەکانی ژن بەڵکو زەرەریشی پێ دەگەیەنن و نەك نابنە نوێنەری ژن بەتەنها بەڵکو نابنە نوێنەری هەموو پیاوێکیش .
هەروەها ئەو ژنانەی مەبەستیانە بەتوانای خۆیان شوێنی شیاو بەدەست بهێنن ناچارن بەردوام لەململانێیی ئەوەدا بن، بگەنە ئامانج بەڵام بێسود دەبێت لە ئاست ئەو سیستمەش لە کاتێکدا جێبەجێ کردنی ئەو سیستمە دوور بێت لە عەقڵ و مەنتق و بەڕێوەبەران و دەنگدەرانیشی لە ئاستی ئەو بەرپرسیاریەتیەدا نەبێت تا سیستمەکە ئامانجی خۆی بپێکێ ، هەر بۆیە زۆر جار دادو بێداد هەیە لە ئاست ئەو سیستمە هەندێک جار ژن خۆی هاواری نادادپەروەری دەکات وکۆی سیستمەکە ڕەت دەکاتەوە.
هەربۆیە سەرهەڵدانی ئەم سیستمە گفتوگۆو بیروبۆچونی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا وە، زۆرێكیش بٶچونیان وای شیکار دەکەن کە خێرێکە و نابێت ژنان خۆیان قبوڵی کەن پێش هەر کەسێکی تر بێگومان وەك هەمیشە باس دەکەم ئەوە هەر پیاو نییە ڕای وایە، بەڵکو ژمارەیەك لە ژنانیش پشتگیریی ئەو بۆچونە دەکەن پاڵپشت بەوەی کە پێویستە ژنان خۆیان بەشی خۆیان دەستە بەر بکەن نەك بۆیان بخرێتە سەر دەفرێکی زێڕین هەروەها دەبێت ژن خۆی پشت بەخۆی ببەستێت .
ئەم بۆچونە وەك بنەمای زانستی کەس ناتوانێت نکوڵی لێ بکات ، بەڵام کاتێك دێینە سەر باسکردن لە واقع شتێکی تر دەگوزەرێت واتە هاوکێشەکە بەم شێوەیەی لێ دێت ، کاتێك ژنێك یان چەند ژنێك دەچنە ناو كۆمەڵێك پیاو کە دەسەڵاتن یان با بڵێین بواری سیاسیەوە، ئەگەر ئەو پیاوە بڕوای بە توانای ژن نەبێت وەك کارەکتەری سیاسی ڕۆڵ ببینێت، بێگومان هاوکار نابێت لە پشتیوانی ژنێك بگرە ڕێگریش دەبێت، چونکە هەمیشە ڕێگریکردن لە ژنێك ئاسانترە لە ڕێگری لە پیاوەکەی هاوڕێی ، بەڵام لە هەمانکاتدا خاڵی نێگەتڤی ئەم سیستمە بریتییە لەوەی هەندێک کات لەو ڕێگەیەوە کاراکتەری ژنی وا دێتە پێشەوە کە لەو ئاستەدا نییە کە بتوانێت بۆشایی ژن پڕ بکاتەوە وەك فکر .
لە کۆتایدا دەگەیینە ئەو دەرئەنجامەی چارەسەری سەرەکی سەرجەم کێشەکان بە کێشەکانی کەمی بەشداری ژنیشەوە بریتیە لە هەوڵدان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری تاك بە ژن و پیاوەوە، هاوتا پەروەردەکردنی فکرو بۆچونە پێشکەوتنخوازەکان، کە ئەمەش پشکی شێر بۆ جێبەجێکردنی بەر ئەو حیزبانە دەکەوێت ،کە ڕابەرایەتی فکر و داهێنان دەکەن لە هەر وڵاتێك.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*