سەرەکی » راپۆرت » ده‌ركردنی یاساكانی دادگای فیدراڵی و ئه‌نجومه‌نی فیدراڵی

كۆبوونه‌وه‌ی لایه‌نه‌ عیراقییه‌كان:

ده‌ركردنی یاساكانی دادگای فیدراڵی و ئه‌نجومه‌نی فیدراڵی

به‌ مه‌به‌ستی تاوتوێكردنی دۆخی ئێستای عیراق ‌و دواگۆڕانكارییه‌كان، شه‌وی رابردووتر ژماره‌یه‌ك لایه‌ن و قه‌واره‌ ‌و هاوپه‌یمانیی سیاسی له‌ باره‌گای ره‌وتی حیكمه‌ له‌ به‌غدا كۆبوونه‌وه‌. دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ش، له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا چه‌ند بڕیار ‌و راسپارده‌یه‌كیان ده‌ركرد.

لایه‌نه‌ به‌شداربووه‌كان
وه‌ك ئاژانسه‌كانی هه‌واڵ بڵاویانكردۆته‌وه‌، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، 12 قه‌واره‌ و هاوپه‌یمانیی سیاسی به‌شداربوون، بریتیبوون له‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان، هاوپه‌یمانیی فه‌تح، هاوپه‌یمانیی نه‌سر، هاوپه‌یمانیی ده‌وڵه‌تی یاسا، هاوپه‌یمانیی هێزه‌ نیشتمانییه‌كان، ره‌وتی حیكمه‌ی نیشتمانی، هاوپه‌یمانیی نیشتمانی، به‌ره‌ی رزگاری و گه‌شه‌پێدان، كوتله‌ی عه‌تای نیشتمانی، كوتله‌ی عه‌قدی نیشتمانی ‌و به‌ره‌ی توركمانی.

خاڵه‌كانی رێكه‌وتنه‌كه‌
به‌پێی یه‌كه‌م خاڵی رێكه‌وتنه‌كه‌، ده‌بێت به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك رێگری بكرێت له‌ رژانی خوێنی خۆپیشانده‌ران، ته‌ئكیدیش له‌ پارێزگاریكردن له‌ ژیانی هاووڵاتیان ‌و دابینكردنی مافه‌كانیان كراوه‌ته‌وه‌.
لایه‌نه‌ به‌شداربووه‌كان له‌ خاڵێكی دیكه‌ی رێكه‌وتنه‌كه‌دا داوایانكردووه‌ كه‌ ده‌بێت پارێزگاری بكرێت له‌ دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت ‌و سیستمه‌ سیاسییه‌ دیموكراسییه‌كه‌ی، له‌گه‌ڵ په‌ره‌پێدانی بیروباوه‌ڕی ده‌ستاوده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات به‌پێی رێوشوێنی ده‌ستووری عیراق.
خاڵێكی دیكه‌ی رێكه‌وتنه‌كه‌، بریتییه‌ له‌وه‌ی كه‌ پێویسته‌ سه‌رۆك وه‌زیران ‌و داموده‌زگا ئه‌منییه‌كان ‌و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان، ئاسایشی وڵات ‌و داموده‌زگا گشتی ‌و تایبه‌ته‌كان بپارێزن.
به‌گوێره‌ی خاڵێكی دیكه‌ی رێكه‌وتنه‌كه‌، ده‌بێت ئه‌وانه‌ی خۆپیشاندانه‌كانیان له‌ رێڕه‌وی ئاشتییانه‌ی خۆی لاداوه‌، به‌پێی یاسا لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ بكرێت. له‌ خاڵێكی دیكه‌شدا ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌ كه‌ ده‌بێت فه‌رمانده‌ی هێزه‌ چه‌كداره‌كان ‌و هێزه‌ ئه‌منییه‌ تایبه‌ته‌كان ئه‌و لایه‌نانه‌ ده‌ستنیشان بكه‌ن، كه‌ له‌ پشت رفاندنی خۆپیشانده‌ران ‌و چالاكوانانی مه‌ده‌نییه‌وه‌ن، یان به‌شێوه‌یه‌كی نهێنی ‌و له‌ رێی قه‌ناسه‌وه‌ هاووڵاتیانیان كوشتووه‌.

جێبه‌جێكردنی چاكسازییه‌كان
كۆتا خاڵی رێكه‌وتنی ئه‌و 12 لایه‌نه‌ بریتیبوو له‌وه‌ی كه‌ ده‌بێت په‌رله‌مان به‌ ئه‌ركی خۆی هه‌ستێت ‌و هه‌ماهه‌نگیی له‌گه‌ڵ حكومه‌ت بكات، بۆ هێنانه‌دی خواسته‌كانی هاونیشتمانیان به‌شێوه‌یه‌كی خێرا ‌و له‌ چوارچێوه‌ی كاتێكی دیاریكراودا، به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌و كاته‌ی دیاری ده‌كرێت، درێژ نه‌كرێته‌وه‌ ‌و له‌ 45 رۆژ تێپه‌ڕ نه‌كات، هه‌وه‌ها ده‌شبێت له‌و ماوه‌یه‌دا ئه‌و چاكسازییانه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران له‌ 25 ه‌مین رۆژی خۆپیشاندانه‌كاندا له‌ وتارێكدا پێشكه‌شی كردووه‌، جێبه‌جێ بكرێت.

پێشنیازه‌كان
هه‌ر له‌ به‌یاننامه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا چه‌ند پێشنیازێكیش خراونه‌ته‌ڕوو، له‌وانه‌، لێپرسینه‌وه‌ له‌ گه‌نده‌ڵكاران چالاك بكرێت ‌و هه‌رچی زووه‌ راپێچی دادگا بكرێن. هه‌روه‌ها هێزه‌ سیاسییه‌كانیش ده‌ست وه‌رنه‌ده‌نه‌ كاروباری وه‌زاره‌ت ‌و دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت ‌و پابه‌ندبن به‌ هه‌مواری یاسا بنه‌ڕه‌تییه‌كانه‌وه‌، بۆ گه‌شه‌پێدانی سیستمی حوكمڕانی ‌و به‌دیهێنانی داخوازییه‌كانی گه‌ل له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران. دانانی یاسای دادگای فیدراڵی، دانانی یاسای ئه‌نجومه‌نی فیدراڵی.
هه‌روه‌ك رایانگه‌یاندووه‌ «پێویسته‌ ده‌ستوور هه‌موار بكرێته‌وه‌ ‌و یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان په‌سه‌ند بكرێت. كۆمسیۆنێكی نوێی هه‌ڵبژاردن دوور له‌ ده‌ستوه‌ردانی حزبی پێكبهێنرێت. هه‌روه‌ها جیاوازیی له‌ پێدانی ئیمتیازات ‌و جیاوازیی له‌ مووچه‌ی سه‌رجه‌م به‌رپرسان ‌و پاسه‌وانه‌كانیاندا نه‌هێڵرێت ‌و كار بۆ نه‌هێشتنی جیاوازییه‌كان بكرێت ‌و به‌ یاسا بچه‌سپێنرێت».

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*