سەرەکی » مانشێت » پڕۆژەكە كۆتایی بە قەیرانەكان دەهێنێت؟

شرۆڤەی رۆژ

پڕۆژەكە كۆتایی بە قەیرانەكان دەهێنێت؟

رێكەوتنی لایەنە سیاسییەكانی عیراق

هەواڵ و بەدواداچوون

شەوی دووشەممە بەشێكی زۆر لە لایەنە سیاسییەكانی عیراق، بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستانیشەوە، لە بەغدا كۆبوونەوە، گەڵاڵەی كۆبوونەوەكە بریتییە لە 12 خاڵ و كۆی خاڵەكانیش ئاماژەن بۆ ئەوەی كە پێویست نییە حكومەتی عیراق بگۆڕدرێت و هەڵبژاردنی پێشوەختە بكرێت، بەڵكو جەخت لە چەند خاڵێك كراوەتەوە و دیارترینیان پرسی گەندەڵی-یە، هاوكات پرسی دەركردنی یاسای دادگای ئیتیحادی-ش یەكێكە لە خاڵە هەرە گرنگەكان كە دەشێت بۆ كوردیش سوودی هەبێت و لە كۆمەڵێك دۆسێی گرنگدا پەنای بۆ بەرێت.

گرنگترین بڕیارەكان
پرسی هەمواری دەستوور، هەمواركردنەوەی یاسای دەستەی نەزاهە، دەركردنی یاسای نەوت و گاز، یاسای ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتەكان، دوورخستنەوەی دەستی حزب لە وەزارەتەكانی حكومەت، لەو خاڵە گرنگانەن كە بەشێكی زۆر لە لایەنە كاریگەرەكانی عیراق لەسەری رێكەوتوون.
دوو خاڵ لەو پڕۆژەیە بۆ كورد گرنگن، هەروەك كۆی خاڵەكانی تر بۆ كۆی پڕۆسەی سیاسی و هەڵسانەوەی عیراق و وەڵامدانەوەی خواستی داواكارییەكانی حۆپیشاندەران گرنگن، بەڵام بۆ كورد، هەم هەمواری دەستوور، هەم دەركردنی یاسای دادگای ئیتیحادی گرنگییەكی تایبەتیان هەیە:
یەكەم: هەمواری دەستوور، كە ئێستا كورد بە پێنج ئەندام خۆی بەشێكە لە لیژنەی هەمواركردنەوە، یەكێكە لە دۆسێ گرنگەكان، بەڵام نەك لەسەر حسابی كورد و دەستبردن بۆ مافە دەستوورییەكان و دەستكاریی و كەمكردنەوەیان، مافە دەستوورییەكانی كورد جێگیرن و دەبێت لە هەمواری نوێدا وەك خۆیان بمێننەوە.
دووەم: پرسی دەركردنی یاسای دادگای ئیتیحادی-ش، یەكێكە لە خاڵەگرنگەكان، دادگای فیدراڵی كە یەكێكە لە كۆڵەكەكانی دامەزراوەی دەستووری عیراق، لەم قۆناغە كە قۆناغی پێداچوونەوەیە بە زۆر پرسی گرنگ، وەك دەستوور و پرسی یاسای هەڵبژاردنەكان و گەندەڵی و…تاد، دەبێت ببێتە دەرفەت بۆ ئەوەی ئەو دادگایە لە دەسەڵات و دەستوەردانی فوقەها بەدوور بێت و بپارێزرێت، بە پێچەوانەوە گرنگە دەرفەت بدرێت بە كەسانێك كە پسپۆڕن لە بواری یاسادا، چونكە بەپێی بڕگەی دوو لە مادەی 92 لە دەستووری عیراق، بوونی شارەزا و فوقەهاكان بەشێكە لە دامەزراوەكە، نەك بەشێك لە پێكهاتەكەی، واتا رۆڵێكی راوێژكارییان هەیە، نەك بڕیار دەربن.

وەڵامدانەوەی داواكاریی خۆپیشاندەران
تا ئێرە ئەو دوو خاڵەی سەرەوە بۆ كورد گرنگی و تایبەتمەندیی خۆیان هەیە، بەڵام پرسی بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و دوورخستنەوەی دەستی حزب لە وەزارەتەكانی حكومەت، دوو خاڵی تری ناو پڕۆژەكەن، پێویستە پڕۆژە بن بۆ كۆی پڕۆسەی سیاسی لە عیراق و هەنگاوەكان بۆ وەڵامدانەوەی خواست و داواكاریی خۆپیشاندەران.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*