سەرەکی » وتار » ئازاد ئیبراهیم ‌ » خۆرهه‌ڵات له‌نێوان به‌ره‌ژانی نوێ و ..

لەناو روداوەکاندا

خۆرهه‌ڵات له‌نێوان به‌ره‌ژانی نوێ و ..

خۆرهه‌ڵات له‌نێوان به‌ره‌ژانی نوێ و دووباره‌بوونه‌وه‌ی‌ مێژوودا

ئه‌گه‌ر شۆڕش و ڕاپه‌ڕین و خۆپیشاندانه‌كانی‌ ناوچه‌ی خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست ڕووداوگه‌لێكن كه‌وتوونه‌ته‌ناو مێژووی‌ ناوچه‌كه‌وه‌، ئه‌وا كه‌موكورتییه‌ بۆ هه‌ر تاكێك بڵێت ئه‌م ڕووداوانه‌ به‌ره‌ژانی ڕووداوی‌ مێژووی‌ی‌ نوێن، ئه‌گه‌ریش هه‌مان جۆری ڕووداون له‌ناو مێژووی ناوچه‌كه‌دا، ئه‌وا ڕووداوگه‌لێكی دووباره‌ن و هیچ له‌ نه‌خشه‌ی‌ سیاسی ناوچه‌كه‌ ناگۆڕن.
ئاگاهی تاك یاخود ئه‌زمونی‌ ژیانكردن له‌ سه‌ده‌كانی‌ ڕابردووی ئه‌م ناوچه‌یه‌دا كه‌ پێی یه‌ژن خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كۆمه‌كی ئه‌وه‌ به‌ هه‌موو كه‌سێك ده‌كات بۆ هه‌ڵسه‌نگاندن و خوێندنه‌وه‌ی‌ ئه‌و هه‌موو ڕووداو و مه‌شهه‌ده‌ سیاسییانه‌ی‌ له‌ خۆرهه‌ڵاتدا ڕووده‌ده‌ن، بێته‌گۆ و بگوترێت هه‌موو ڕووداوه‌كان دووباره‌ی‌ مێژوون و چوون یه‌كی ئه‌و ڕووداوانه‌ی‌ ناو ئه‌م مێژووه‌ن كه‌ له‌به‌ره‌ به‌یانی مێژووی‌ خۆرهه‌ڵاته‌وه‌ سه‌ریان ده‌رهێناوه‌. نه‌ك به‌ره‌ژانگرتنی‌ خۆرهه‌ڵات به‌ڕووداوی‌ نوێ و سه‌ردەمی نوێ و بازدانی‌ مێژوویی.
ئه‌گه‌ر له‌ته‌واوی‌ ڕووداوه‌كان ورد ببینه‌وه‌ هه‌موویان كۆمه‌ڵێك ڕووداوی‌ هاوشێوه‌یه‌ كه‌ بووه‌ته‌ شوناس و ناسنامه‌ی‌ ناوچه‌كه‌. به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ له‌ماوه‌ی‌ یه‌ك سه‌ده‌دا ناوچه‌كه‌ كه‌مترین ڕووداوی‌ گه‌وره‌ی‌ مێژوویی بەخۆوەی بینیوە‌، هه‌ر ڕووداوێكیش ڕوویدابێت له‌م زه‌مین و زه‌مه‌نه‌دا نه‌یتوانیووه‌ ته‌واوی‌ مێژووی‌ ناوچه‌كه‌ جێبهێڵێت و نه‌خشه‌ی‌ سیاسی ناوچه‌كه‌ بگۆڕێت له‌ دۆخی نه‌خوازراوییه‌وه‌ بۆ دۆخێكی خوازراو كه‌ خه‌ونی هه‌موو تاكێك بێت، ته‌نانه‌ت ڕووداوه‌كانی‌ ناوچه‌كه‌ هێنده‌ كاریگه‌رو به‌هێز نه‌بووه‌ باگراوه‌ند و دنیابینی تاكی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ بگۆڕێت بۆ حاڵه‌تێك له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ دۆخی مێژوویی خۆرهه‌ڵات.
له‌دوای‌ داگیركاری‌ ناوچه‌كه‌ له‌لایه‌ن زلهێز و ئیمپراتۆره‌كانه‌وه‌ تاكو كۆتا ڕووداوی‌ ڕاپه‌ڕینه‌كانی‌ عه‌ره‌ب به‌ گه‌ڕی یه‌كه‌م و دووه‌میشیه‌وه‌، ناوچه‌كه‌ زه‌مه‌نێكی نییه‌ یان ڕووداوێكی گه‌وره‌ی‌ ئه‌وتۆی نییه‌ به‌پێوه‌ری‌ هه‌زه‌یه‌كی سیاسی گه‌وره‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ چوارچێوه‌ی مێژوویی خۆی، بۆیه‌ له‌م ماوه‌ درێژه‌شدا زه‌مینه‌ی‌ دۆخێكی ئه‌وتۆ نه‌ڕه‌خسێنراوه‌ كه‌ هه‌ر ڕوداو و گرژییه‌ك هاته‌ پێشێ به‌ به‌ره‌ژانی مێژوویی و سه‌رده‌می تازه‌ی‌ ناوچه‌كه‌ ناوببرێت، به‌تایبه‌ت ڕاپه‌ڕین و ئینقلابه‌كانی‌ ناوچه‌كه‌ هێنده‌ زۆربوونه‌ له‌ڕابردوودا كاتێك ئێستا خۆپیشاندانێك یان ڕاپه‌ڕینێك له‌ وڵاتێكدا ڕووده‌دات، هه‌ڵگری‌ خۆشحاڵییه‌كی ئه‌وتۆ نییه‌ كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ سكێچ و فۆرمێكی مێژووییه‌وه‌ په‌یامی سه‌رده‌مێكی نوێ بنێرێت.
ئه‌وه‌ی‌ وایكردووه‌ كه‌ هیچ ڕوداوێك نه‌توانێت گۆڕانكاری‌ به‌سه‌ر دۆخی ده‌قگرتووی ناوچه‌كه‌دا بهێنێت باڵا ده‌ستی ئه‌و كه‌ڵچه‌رو بیركردنه‌وه‌یه‌یه‌ كه‌ سەدان ساڵە هێزی بڕیاردان و حكومڕانی و هێزی باڵای‌ ئیداره‌دانی‌ ناوچه‌كه‌ بووه‌ كه‌ زیاتر مێنتاڵێتێكی خێڵه‌كی و مه‌زهه‌بییه‌، بۆیه‌ تاكو ئه‌م مێنتاڵێته‌ هێزی باڵا بێت و هێزی بڕیاردان بێت، ئه‌وا له‌لایه‌ك ڕووداوه‌كان به‌رهه‌می هه‌مان مێنتاڵێته‌ و له‌لایه‌كیتریشه‌وه‌ ئه‌و ڕووداوانه‌ ناتوانن ئه‌و مێژووه‌ گه‌وره‌یه‌ له‌مێنتاڵێت و ڕۆحی توندی خێڵه‌كی له‌ناو ببات و بیخاته‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ مێژوو، بۆیه‌ هه‌موو ڕووداوه‌كانیش ده‌بنه‌وه‌ ڕووداوی دووباره‌ و له‌م كاته‌دا هه‌موو ڕۆحێكی نوێبوونه‌وه‌ و تازه‌گه‌ری‌ و گۆڕانكاری‌ ده‌مرێت و له‌ناو ده‌چێت و هیچ تازه‌گه‌رییه‌ك ناتوانێت شوێنی ئه‌و پاشخانه‌ كۆن و دۆگمایه‌ بگرێته‌وه‌.
هه‌موو جارێك و هه‌ر سه‌روه‌ختێك ڕووداوێكی گه‌وره‌ی‌ مێژوویی باهۆزی خۆیی هێنابێته‌سه‌ر خاك و جوگرافیای خۆرهه‌ڵات، ئه‌و ده‌نگۆ و قسانه‌ش هاتونه‌ته‌وه‌ ناوناوان كه‌ پێده‌چێت ناوچه‌كه‌ به‌ره‌ژانی ڕوداوێكی نوێ و سه‌رده‌مێكی نوێی مێژوویی بگرێت، به‌ڵام له‌ دواجاردا و دوای‌ تێپه‌ڕبوونی زه‌مه‌نێك له‌و به‌رواره‌ ته‌پوتۆزی ئه‌و ڕووداوانه‌ نیشتوونه‌ته‌وه‌ و هیچ گۆڕانێك ڕووینه‌داوه‌ و دۆخه‌كه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ باری‌ پێشووی‌ خۆی و هه‌موو ئه‌و سه‌رگوزه‌شته‌ و بالۆرانه‌ی‌ هۆنرابوونه‌وه‌ خاڵی بوونه‌وه‌ له‌ خه‌ونی سه‌ركه‌وتن و موژدانه‌ی‌ گۆڕانكاری‌.
مێژووی‌ ئه‌و پاشخانه‌ خێڵه‌كییه‌ خۆرهه‌ڵاتییه‌ هێنده‌ ده‌وڵه‌مه‌ند و سیخناخه‌ به‌ ڕۆحی نۆستالیژیا و مه‌رجه‌عییه‌ت، ژینگه‌یه‌كی داخراوی توندی به‌ڕووی هه‌موو گۆڕانكارییه‌كدا دروست كردووه‌ كه‌ جگه‌ له‌ هه‌موو ئه‌و فیكرو كردارانه‌ی له‌ناوخۆیدا به‌رهه‌مده‌هێنرێت، ڕێگه‌ به‌ هیچ هێزێكی ده‌ره‌كی وه‌ك هێزی (سیاسی و مۆدێرن و ڕۆشنبیری و كرانه‌وه‌) نادات ئه‌م پاشخانه‌ له‌ ڕه‌گه‌وه‌ هه‌ڵته‌كێنێت و دیسانه‌وه‌ خۆرهه‌ڵات به‌ نه‌خشه‌ و زه‌خره‌فه‌یه‌كی نوێ دابڕێژێته‌وه‌ و له‌سه‌ر فیكر و دنیابینییه‌كی تازه‌ به‌ره‌و ئاینده‌یه‌كی نوێ و سه‌رزه‌مین و عاله‌مێكی تازه‌ی دیكه‌ ئاراسته‌ی‌ بكات.

*ئەم گۆشەیە شەممە: ئازاد ئیبراهیم، سێ شەممە: هێمن کەریم، پێنج شەممە: ستران عەبدوڵڵا دەینوسێت

print

 29 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*