سەرەکی » ئاراستە » چیت بنووسمەوە؟

چیت بنووسمەوە؟

ئاودێر شێخ عومه‌ر

لەکام خەسڵەت و ئاکاری بێ هاوتات بدوێم؟ باس و خواسی کام ڕووە نموونەییەت بنووسمەوە؟ باسی کام ئازایی و جوامێری، یان کام پێشەواییەت شەن و کەو بکەینەوە؟ تۆ لە توانا و کارامەیی و پێشەوایی و سەرکردایەتی و خۆراگری و دنیابینی سیاسی و تێفکرین و ڕوانیەکانت بۆ هەموو کایەکان پێشەوایەکی هەڵکەوتووی دەگمەن بووی . لە کوێوە بتنووسمەوە پێشەوا و قیبلەکەم؟ لە کوێوە دەست بە نووسینەوەی تۆ بکەم؟ ئاخر قیبلە قیبلەیە و ناوەکەی هەموو وەسف و گوزارشتێکە. نە وشە هەیە نە دەربڕین و نە نووسین و نە هێما بگاتە ئاست گەورەیی و مەزنی تۆ . پێشەوای ڕۆح و فیکر و دنیابینی من . هێندە جوان و کاریگەر بووی هەموو دەزانن لە هەرزەییەوە دەموویست بەشوێن پێیەکانت دا بێم و لاساییت بکەمەوە، هەر نەبێ دوو هەنگاو بتوانم بە شوێن پێی تۆدابێم، تاکو لانیکەم شانازییەکم هەبێ لە هی پێشەواکەم بچێ. لەتۆدا توامەوە و نەتگەیشتمێ وناشتگەمێ.
چی بنووسمەوە ئەوەی خۆم لێم بینی؟ یان ئەوەی هاوەڵ و هەڤاڵەکانی ڕێکخستنەکانی ناوەڕاستی حەفتاکانت بە فەخرەوە لێتدەگێڕنەوە؟ ئەدی قارەمانییەکانی زیندانت باس بکەم؟ یان شەرمنیەکەت ڕێنادا وەسفت بکرێ؟ هۆ پێشەواکەم، بێم لە دووندی سالارەوە بەرەو ناوزەنگ هەڵتوتێم و لێت بڕوانم و بتنووسمەوە لاوێکی باریکەڵەی ناسکی بەناز بەخێوکراوی نیمچە شاری بە هەموو نینۆکی هەڵکەندراو و بە جەسەی شەقار شەقاری پڕ برینی قەسابخانەکانی ئەبوو غرێبەوە، گەنجێک لە قوڕگی مەرگ چەند ڕۆژێکە هاتۆتە دەر و خۆڕاگرانە و سەربەرزانە دەیان جەللادی بەعسی بەزاندووە و وەک کەڵە ئاسکێکی لەش سووک بەو هەموو برینەوە لەسکرتارییەتەکەی مام گورج گورج هەڵدەسوڕێ. توڕە مەبە لێم، لێگەڕێ با من ئەم مێژووە بنووسمەوە، بانەمرێ… با ون نەبێ…لەبەر خاتری ئەم و ئەو لەژێر خۆڵ نەنرێ. لێگەڕێ با لاوانی ئەمڕۆ بزانن پێشەوایەک بە 23 ساڵ تەمەنەوە ڕێی خەباتی نووسیەوە، ئەو بەتەنێ پێڕەوی بزووتنەوەی کوردایەتی ئەوێ ڕۆژێی نووسیەوە، نەخشەڕێی خەباتی تاقانەی ئەو سەردەمەی خەباتی نووسییەوە کە پێڕەوی ناوخۆی ی.ن.ک بوو. پێڕەوەکەی ئەو لە کۆنفرانسی توژەڵەدا زۆرترین ڕەزامەندی پێدرا و لەبری پڕەوەی لیژنەی پێڕەو پەسەند کرا. هەڵنانت قبووڵ نەبوو، بەڵام ئەدی کێ باسی ئەوە بکا گەنجێک لەسەرەتای دووەم دەیەی تەمەنیدا، لە ناو شاهێزی بزووتنەوەی نیشتمانیدا دووەم دەنگ و دووەم زۆرترین متمانە مسۆگەر دەکا. ئەوە پێشەوا بوو هەگبەی شانازییە گەورەکانی لەلاوێتییەوە هێند پڕ بوو لێی دەڕژا. من وەک بورکان دەکوڵێم و هەڵدەچم و نازانم چی بنووسم و چی بڵێم، دەبێ باسی مێرگەپان و دۆڵی جافایەتی و بەرگەڵو و سەرگەڵو و خەتێ و زیخان و خۆشناوەتی و قاسمەڕەش هەڤاڵەکانت ئەسەسەرد و ڕەهبەر و د.فوئاد و د.خدر و حاکم قادر و شێخ عەلی و ئەوانی دی بینووسنەوە. خۆ من هەر فریای چەند سەردانێکی ئەو جێگایانە کەوتم، من ئەوێ ڕۆژێ کە تۆ هەڵۆیەکی بەرزە فڕی شاخان و دەروێشێکی سەرسەختی خانەقای کوردایەتی بووی، من تەنیا سەرم لە یاری و بەزمی منداڵانە دەردەکرد . کە ئازادی بەدەست هات، تۆ گەڕایەوە دەمدی هەڤاڵەکانت چۆن بۆت دەنوشتێنەوە لەپای پاکی و توانا و تێکۆشان و لێهاتووییەکانت. دەمدی ئەو هەڤاڵانەی لە پۆستدا پێشت کەوتبوونەوە چۆن بە ناوەکەت دەگەشانەوە، دەمدی مام چ مامەڵەیەکی تایبەتت لەتەکدا دەکا، ستافەکانت چۆن بە شانازییەوە ناوت دەبەن، ئەو کات درکم کرد کە تۆ چ دانسقەیەکی سیاسی و چ کوانویەکی توانا و چ سومبلێکی نموونەیی بوونی، لەتۆدا توامەوە، هەتا ئەوڕۆش کە جێتهێشتم هەر عەوداڵم کە بتوانم چەند هەنگاوێک بە شوێن تۆدا هەڵگرم، هێندە چاوم لە جێ پێی تۆ بوو بوویته ڕووگەی من . تۆ هەر قیبلە و پێشەوا و خاڵ و هەڤاڵم نەبووی، تۆ دەرمانی زۆر زام و تۆ ڕێگای ڕاستی و پاکی و ناوبانگی جوانی و مەردایەتی و کوردایەتی و تۆ دەروازە گەورەکەی هاتنی من بووی بۆ دنیای سیاسەت و میدیا. هەرچی بڵێم وەسفت تەواو نابێ ئوستاز گیان، کاری وەستا بە شاگرد ڕایی نابێ، وەلێ هەر دەبێ ئەوە من بم کە دەست بۆ دەستنووسەکانی ئەم چەند ساڵەی دواییت ببەم، ئەرکی بە چاپ گەیاندنیان جێبەجێ بکەم . تۆ لە هەر کۆێ بی ، ون یان دیار بی هەر پێشەوا و ڕابەری ڕۆحی و مەزهەبی عولیا و پێشەنگ و قیبلەی منی. لە تاوی بێ تۆیی هەر وڕێنەیە و وەک تادار لە زارم دێتەدەرێ . چیت بنووسمەوە، وەسفی تۆ لەکوێدا کۆتایی دێ؟؟

چاوی پڕ خوێنم دەگێڕم قیبلەکەم پەیدا نییە
نووری چاوم ڕۆییوە یا دیدەکەم بینا نییە؟

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*