سەرەکی » راپۆرت » ״هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق بڕیارێكی سیاسییە و پێچەوانەی دەستوورە״

״هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق بڕیارێكی سیاسییە و پێچەوانەی دەستوورە״

راپۆرتی، تەها عەبدوڵڵا، هەولێر
كوردستانی نوێ، كەركوك

وەك هەوڵێك بۆ كەمكردنەوەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان لە عیراق، لە دانیشتنی رۆژی 26/11/2019 لە ئەنجومەنی نوێنەران دەنگ لەسەر هەمواركردنەوەی یاسای ئەنجومەنی پارێزگاكان درا بە»هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئەنجومەنی پارێزگاكان‌و لەجیاتی ئەوانیش ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران سەرپەرشتی كاروباری پارێزگاكان دەكەن». لای خۆیانەوە بەشێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق بەبڕیارێكی سیاسی دەزانن و ئاماژە بەوە دەكەن كە ئەو بڕیارە پێچەوانەی دەستوورەو لە دادگای فیدراڵ قابیلی تانەلێدانە. راشیدەگەیەنن كە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنەكان جێبەجێكردنی داخوازیی خۆپیشاندەران نییەو كاریگەری خراپی لەسەر ئیدارەی پارێزگاكان دەبێت.
هەوڵەكان بۆ ئەوەیە دەسەڵاتەكان لە یەك شوێن چڕ بكرێنەوە
ئەڵماس فازڵ ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بەكوردستانی نوێی راگەیاند: هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان كە لەڕێگەی هەمواركردنەوەی یاسای ئەنجومەنی پارێزگاكان یەكلاكرایەوە، كاریگەریی خراپی لەسەر ئیدارەی پارێزگاكان دەبێت‌و ئەو بڕیارەش بەهیچ شێوەیەك پەیوەندیی بەداخوازیی خۆپشاندەرانەوە نییە، بەڵكو رێكەوتنی هەندێك لایەنی سیاسییە‌و ئێمەش وەك كورد بەتایبەتی فراكسیۆنی سەوز لەگەڵ ئەو بڕیارەدا نەبووین. ئاماژەی بەوەشكرد: بۆچوونێك هەیە لەسەر ئەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان هەر بەیەكجاری نەمێنێت، ئەمەش مەترسییە لەسەر گەڕانەوەی مەركەزییەت بۆ عیراق، بەتایبەتی دواخستی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، كە بڕیاربوو لەمانگی چواری ساڵی داهاتوودا بكرێت، بۆیە هەوڵەكان بۆ ئەوەیە دەسەڵاتەكان لە یەك شوێندا چڕ بكرێنەوە.
كۆتایی دەسەڵاتی ئەنجومەنی پارێزگاكان
هەر لەوبارەیەوە، رێبوار تەها ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەكوردستانی نوێی راگەیاند: یاساكەی ئەنجومەنی نوێنەران كۆتایی دەهێنێت بەو تانانەش كە لەلایەن بەشێك لەئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراقەوە لەبڕیارەكەی پێشووی پەرلەمانی عیراق درابوو. وتیشی: لەڕۆژی دەرچوونی یاساكەوە، كۆتایی بەدەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق دێت‌و یاساكە دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
نوێنەران چاوەڕێی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی نەكرد
لەلێدوانێكیشدا بۆ كوردستانی نوێ، یاساناس پەیڕەو یاسین، وتی: پێشتر كە ئەنجومەنی نوێنەران بڕیاریدابوو ئەنجومەنی پارێزگاكان هەڵبوەشێنێتەوە، كارێكی نایاسایی بوو، بەوپێیەی لێدان بوو لەدەنگی گەل. ئێستاش كە ئەنجومەنی نوێنەران بەیاسا دەنگی بۆ هەڵوەشانەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان داوە كارێكی نایاساییە، بەڵام رووپۆشێكی یاسایی پێ بەخشراوە، چونكە دەبوو ئەنجومەنی نوێنەران چاوەڕوانی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵیی عیراقی بكردایە، كە لەلایەن بەشێك لەئەنجومەنی پارێزگاكانەوە تانە لەبڕیارەكەی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران درابوو.
لەخزمەتی عیراقییەكاندا نییە
لای خۆیشییەوە، كاكەڕەش سدیق ئەندامی لیستی برایەتیی كەركوك، تەئكیددەكاتەوە كە»یاساكەی ئەنجومەنی نوێنەران لەخزمەتی عیراقییەكاندا نییە»‌و دەڵێت: هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان بۆ ئەوەبوو دەنگی ناڕەزایەتی‌و خۆپیشاندانەكانی پێ كەمبكرێتەوە، بەڵام خۆپیشاندان‌و ناڕەزایەتییەكان زیاتر بوون. وتیشی: لایەنێكی نیگەتیڤی یاساكە بۆ پارێزگای كەركوك ئەوەیە، لەدوای نەمانی ئەنجومەنی پارێزگا، چاودێریی بەسەر كارەكانی ئیدارەی كەركوكەوە نامێنێت‌و گەندەڵییەكانی ئیدارەی كەركوك زیاتر پەرەدەسێنن‌و دادگای كەركوكیش لەبەرئەوەی بەسیاسی كراوە، هیچ كاردانەوەیەكی بەرامبەر بەگەندەڵییەكانی پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت نابێت.
دژی دەستووری عیراقە
هەر سەبارەت بەو باسە، ئەحمەد عەسكەری ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەكوردستانی نوێی راگەیاند: هەمواركردنەوەی یاسای ئەنجومەنی پارێزگاكان كە بووەهۆی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان، دژی دەستوورەو بڕیارەكە سیاسییە، بۆ ئەوەش لەدادگای فیدراڵی تانەی لێ دەدرێت. وتیشی: بەگوێرەی یاساكە، لەجیاتی ئەندامانی ئەنجومەن، پەرلەمانتاران چاودێریی ئیدارەی پارێزگاكان دەكەن، بەڵام لەهیچ بڕگەو مادەیەك باس لەوەناكات كە پەرلەمانتاران چاودێریی ئیدارەی پارێزگاكان بكەن، بۆیە هەر هەڵوەشاندنەوەیەكی ئەنجومەنی پارێزگاكان پێویستی بەهەمواركردنی دەستوور دەبێت‌و بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكانیشەوە، بۆشاییەكی یاسایی دروستدەبێت‌و پێشمانوایە پەرلەمانتاران لەبەغداوە ناتوانن چاودێریی پارێزگاكان بكەن.
ئەو بڕیارەی ئەنجومەنی نوێنەران سیاسییە
لای خۆیشییەوە، ئارەزوو مەحمود ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بۆ كوردستانی نوێ، وتی: لەگەڵ ئەوەی هەڵوەشانەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان هەنگاوێكی خراپە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران چاودێریی پارێزگاكان دەكەن، پێویستە ئێمە وەك كورد بەتایبەتی لەپارێزگای كەركوك كە شەش پەرلەمانتارمان هەیە، پارێزگاری سەپێنراو راكان جبوری روبەڕوی دادگا بكەینەوە، بەهۆی ئەو دۆسێیانەی لەسەری كراوەتەوە. پێشیوابوو: بەهۆی ئەو بارودۆخەی ئێستا لەعیراق دەگوزەرێ‌و خۆپیشاندان لەبەغدا‌و چەند پارێزگایەكی دیكە بەردەوامە، دیارنییە چارەنووسی ئەنجومەنی پارێزگاكان چۆن دەبێت‌و ئێمەش وەكو لایەنە كوردستانییەكان بەرچاومان روون نییە. هاوكات پرسی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەگەڕێتەوە بۆ پێش خۆپشاندانەكانی ئەمجارە، بۆیە تەئكید دەكەینەوە كە ئەو بڕیارەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق سیاسییە، نەوەك جێبەجێكردنی داخوازیی خۆپیشاندەران.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*