سەرەکی » وتار » سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌ » بەدیلی كورد بۆ دۆخی ئاڵۆزی بەغدا

بەدیلی كورد بۆ دۆخی ئاڵۆزی بەغدا

سەرەتا خۆپێشاندانەكانی عیراق لەپێناو باشتركردنی بژێوی و ژیانی خەڵك بوو، بەڵام تێكەڵ بەئەجێندای حزبە سیاسییەكان و وڵاتانی هەرێمەكە بوو. خواستەكان لە دابینكردنی خزمەتگوزاریی و موچەو بژێویەوە بووە گۆڕینی كەسەكان و كۆی سیستمی حوكمڕانیی و پێداچوونەوە بەدەستور. ئێستاش كە سەرۆك وەزیران و وەزیرەكان دەستلەكاردەكێشنەوە، رەنگە خۆپێشاندەران و هاوڵاتیانی عیراق پێانوابیت ئیدی گرێ كوێرەكە بویەوەو قۆناغی داهاتوو باشتر دەبێت، بەڵام لەوانەیە پێچەوانەكەی راستتر بێت، بارودۆخەكە ئەوەندەی دیكە ئاڵۆز دەبێت و پرسی دابینكردنی بژێوی و بەرژەوەندی خەڵك بیربچێتەوەو كۆی پرۆسەو ژیانی سیاسی لەعیراق روبەرووی واقعێكی نوێ ببێتەوەو كورد وتەنی ئەو ریسەی لە 2003 هەوڵی چنینەوەی بوون، دوبارە ببێتەوە خوری و ئەمجارە چاككردنەوەی گەلێك زەحمەتتر بێت! بەپێی خوێندنەوەی دۆخی بەغدا، پێدەچێت ململانێی نێودەوڵەتی و ئیقلیمیی لەشەقامەكانی ئەم وڵاتە ساخ ببێتەوە، ئێستا لەبری باسكردنی سیستمی حوكمڕانیی و لێپرسینەوە لە بەرپرسانی ئەم دۆخە، گۆڕینی دەستور و ئەجێندای ئیقلیمی تێكەڵ بەئەجێندای لایەنە سیاسیەكان كراوە! كەوایە ئەگەر بۆ هاوڵاتیەكی عیراقیی لەبەغدا پرسی سەقامگیریی ئەمنی و باشتركردنی بژێوی ژیان داواو خواستی لەپێشینەی (اولویە)ی بێت، ئەوا بۆ خەڵكی كوردستان پرسی دەستبردن بۆ ماف و بەركەوتە بنەڕەتییەكانی كورد لەدەستوردا مەترسییەكی گەورەو جددیە لەماوەی داهاتوودا! چونكە ئێستا باس لەپەكخستنی دەستور دەكرێت تا كارەكانی پرۆژەی هەمواری دەستور تەواو دەبێت، ئەمەش مەترسییە گەورەكەیە بۆسەر هەموو خەڵكی هەرێمی كوردستان. رەنگە پرسیاری گرنگ بۆ ئێمە لەم دۆخە ئاڵۆزە ئەوەبێت كە سەركردایەتی سیاسی كورد چەند ئامادەیە بۆ روبەرووبونەوەی هەموو ئەگەرەكان، لەئەگەری تێكچونی كۆی ژیانی سیاسی و ئەمنی لەعیراق تا هەوڵی لایەنە سیاسییەكان بۆ گۆڕینی دەستور بەئاراستەی كەمكردنەوەی ماف و بەركەوتەكانی خەڵكی كوردستان لە دەستورەكەدا. بەپێی ئەو دیمەنەی ئێستای لایەنە كوردستانییەكان لەبەغدا، كورد لەدۆخێكی ئاڵۆزدایەو تائێستا هیچ بەرنامەو ئەجێندایەكی بەدیلی نییە بۆ روبەرووبونەوەی دۆخەكە، بەڵكو توانای كۆبونەوەیشی زەحمەت بووە، نەخاسمە ماوەیەكی درێژە هاوپەیمانی كوردستانیی لەبەغدا نەماوەو لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان بەپێی بەرژەوەندی و میزاجی حزبیی هەڵسوكەوت دەكەن و بەجیا مامەڵە لەگەڵ دۆخی سیاسی عیراق دەكەن. ئەو پەرتەوازەیی و ناتەباییەی ناو ماڵی كورد دەرەنجامی دۆخێكی لەناكاو یان دەرهاویشتەی روداوێكی دیاریكراو نییە، بەڵكو درێژەكێشانی دوركەوتنەوەو كاڵبونەوەی متمانەیە لەنێوان هەموو لایەنەكان، بەتایبەت پرسی بەشداریكردنی هەموو لایەنەكان لە بڕیارو حوكمڕانیی لەكوردستان و بەغدا، كاریگەری راستەوخۆی كردۆتەسەر دروستكردنی زەمینە بۆ ئەجێندایەكی هاوبەش و خۆئامادەكردن بۆ دۆخی نەخوازراوی عیراق. هەمووان پێیانوایە هەروەك چۆن لەكوردستان پێویستە بەیەكەوە كاربكەن و بەشداربن لەبڕیارو هاوسەنگكردنی حوكمڕانیی، ئاوهاش بەشداربن لەبڕیارو بەركەوتە لەبەغدا.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*