سەرەکی » هەواڵ » كۆنگرە زەروورەتێكە بۆ ژیانی حزبی‌

قادر عەزیز

كۆنگرە زەروورەتێكە بۆ ژیانی حزبی‌

دوێنێ، سكرتاریەت‌و ژمارەیەك لەئەندامانی ئەنجومەنی ناوەندی پێشوازییان لە قادر عەزیز ئەندامی مەكتەبی سیاسی‌و سەرپەرشتیاری مەكتەبی راگەیاندن كرد.
لەسەرەتای دیدارەكەدا، قادر عەزیز؛ تیشكی خستەسەر دوایین گۆڕانكاری‌و پێشهاتە سیاسییەكانی كوردستان‌و عیراق‌و رایگەیاند: ناوچەكەو عیراق لەقۆناغێكی گرنگ‌و چارەنووسسازدایە‌و پێویستە كورد یەكڕیزو تەبا بێت‌و بۆ هەموو ئەگەرو پێشهاتەكان خۆی ئامادەبكات. وتیشی: ئێستا لەبەردەم قۆناغێكی گرنگ‌و چارەنووسسازی حزبەكەمانداین، كە بەستنی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی-یە‌و پێویستە بەگیانێكی هەڤاڵانەو ئیرادەیەكی هاوبەشەوە بچینە كۆنگرەو بتوانین بەشێكی زۆری كێشەكانی یەكێتی تێدا چارەسەربكەین.
وتیشی: كۆنگرە زەروورەتێكە بۆ ژیانی حزبی‌و رێكخراوەیی هەمووی حزبێك بەتایبەتی یەكێتی، كە خاوەنی مێژوویەكی پرشنگدارەو پێگەو پایەی لەكوردستان‌و عیراق‌و ناوچەكەدا هەیە‌و پێویستیشە كۆنگرە وەڵامی خواست‌و داواكارییەكانی ئەندام‌و كادیرو جەماوەری یەكێتی بداتەوەو بەهەموومانەوە یەكێتی بەهێز بكەینەوە بەشێوەیەك لەحوكمڕانی‌و بەڕێوەبردنی حكومەتی هەرێمدا رەنگبداتەوەو هاوسەنگیی سیاسی لەكوردستان راستبكەینەوە.
لەبارەی هەندێك هەواڵی بێبنەماشەوە، قادر عەزیز، وتی: هیچ بڕیارێك بۆ ئەنجامنەدانی كۆنگرە نییە، لەماوەی رابردووشدا چەندین دەنگۆو هەواڵی چەواشەكارو بێ بنەما لەسەر یەكێتی‌و كۆنگرە بڵاوكراوەتەوە، بەڵام ئیرادەی بەهێزی یەكێتی-یەكان هەموو پیلانەكان پوچەڵ دەكەنەوە‌و دۆست‌و نەیارەكانمان بەكۆنگرەیەكی سەركەوتوو سەرسام دەكەین.
هەر لەكۆبوونەوەكەدا، زوبێر عوسمان جێگری یەكەمی سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندی، رایگەیاند: هەموومان بەگوێرەی بەرپرسیارێتیمان ئەرك‌و بەرپرسیارێتییەكی مێژوویی‌و حزبیمان لەسەرشانە بەرامبەر خوێنی شەهیدەكانمان‌و رابردوو و خەبات‌و تێكۆشانی دڵسۆزانی ئەم حزبە تێكۆشەرەو بەگیانی هەڤاڵانەو ئیرادەیەكی بەهێزو هاوبەشەوە كۆنگرەیەكی سەركەوتوو ئەنجامدەدەین‌و هەیكەل‌و فۆڕمی بەڕێوەبردنی حزبەكەمان دەگۆڕین، كە لەگەڵ ئەم سەردەم‌و قۆناغەدا بگونجێت.
ئاماژەی بەوەشكرد كە ئەنجومەنی ناوەندی رەشنووسی پەیڕەوی ناوخۆی بۆ كۆنگرە ئامادەكردووەو هەڤاڵانی ئەنجومەنی ناوەندیش وێڕای ئەركەكانیان، بەوپەڕی پەرۆشییەوە، لەلیژنەكانی كۆنفرانسی كۆمیتەو مەكتەبەكاندا رۆڵی گرنگیان گێڕاو هەموو رێكارەكانیان گرتۆتەبەر بۆ كۆنفرانسی مەڵبەندەكان‌و چاوەڕێی بڕیاری لیژنەی باڵای كۆنگرەن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*