سەرەکی » وتار » د.به‌ختیار شاوه‌یس‌ » نوێبوونه‌وه‌ی یه‌كێتی له‌ ره‌فتارەوە تا روخسار

له‌ كۆنگره‌ی چواره‌م

نوێبوونه‌وه‌ی یه‌كێتی له‌ ره‌فتارەوە تا روخسار

– 7 –

دووه‌م/ نوێبوونه‌وه‌ی ئۆرگان (سیسته‌م)

ئه‌گه‌ر نوێبوونه‌وه‌ی عه‌قڵ (فكری سیاسی)، به‌شاخوێنبه‌ری پرۆسێسی نوێبوونه‌وه‌ دابنرێت و فاكته‌ری بنه‌ره‌تی بێت له‌هاوكێشه‌ی ئاوێزانبوونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌رو یه‌كێتی و ده‌رگای ئه‌و تونێله‌بێت كه‌له‌شوێن و كات و هه‌لومه‌رجێكی دیكه‌ی نوێدا حیزبه‌كه‌خۆی ده‌بینێته‌وه‌، ئه‌وا چاكسازیكردن له‌ئۆرگانه‌كان و ئه‌و سیسته‌مه‌ بریارله‌سه‌ردراوه‌ی كه‌ ئه‌م ئۆرگانانه‌ رۆژانه‌ كاری له‌سه‌رده‌كه‌ن و رایه‌ڵی په‌یوه‌ندی نێوان یه‌كێتی و خه‌ڵكن هیچی له‌مه‌ كه‌متر نیه‌ و له‌هه‌ندی ره‌هه‌ندی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و خزمه‌تگوزاری و به‌تایبه‌تی له‌سه‌رده‌می جیهانگیریدا ره‌نگه‌ گرنگی له‌مه‌سه‌له‌ فكریه‌كان زیاتر بێت.
له‌مێژووی سیاسی خۆیدا، یه‌كێتیی به‌ یه‌كێك له‌وهێزه‌ سیاسیانه‌ ناسراوه‌ كه‌به‌رده‌وام له‌سه‌رده‌م و كات و هه‌روه‌ها شوێنی جیاوازدا داهێنانی له‌شێوازی كاركردن و میكانیزمه‌كانی كارلێكردنه‌وه‌ كردوه‌ له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی، زانیویه‌تی چۆن و به‌چی شێوه‌یه‌ك سیسته‌مێك پێكبهێنێت كه‌ زۆرترین ئاشنایه‌تی له‌گه‌ڵ تاكی كورد و نزیكترینه‌ له‌ خه‌ون و ئاره‌زو و خه‌یاڵه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانه‌وه‌، كه‌ئه‌مه‌ش بزوێنه‌ری راكێشانی خه‌ڵكان و ده‌موچاوی نوێ‌ بوه‌ بۆلای ئۆرگان و دام و ده‌زگاكانی و كۆكردنه‌وه‌یان له‌ژێرچه‌تره‌ سه‌وزه‌كه‌یدا. یه‌كێتیی جه‌سته‌یه‌كی گه‌نج و له‌بار بوه‌ كه‌ هه‌ستیار بوه‌ به‌ شێوازی كاركردنی كۆن و ته‌قلیدی له‌ بواری رێكخراوه‌یی و رێكخستن و راگه‌یاندن و پێشمه‌رگایه‌تی و په‌یوه‌ندیه‌كان و نه‌یتوانیوه‌ هه‌زمی دیارده‌ چه‌قبه‌ستوه‌كانی ئه‌م وێستگه‌گرنگانه‌ی ژیانی حیزبی بكات و به‌نوێگه‌ریان فه‌زایه‌كی نوێی له‌عه‌قڵیه‌تی سیاسیی و تێروانینی مرۆڤی كورد بۆ حیزبایه‌تی دروستكردوه‌.
له‌مباره‌وه‌ گه‌لێك نمونه‌ی زیندوو هه‌ن كه‌پێویسته‌ ئاماژه‌یان بۆبكه‌ین، له‌دیارترینیان دروستكردنی شێوازی هێشوویی له‌ناو ئه‌ڵقه‌كانی رێكخستنی كۆمه‌ڵه‌ به‌ئامانجی پاراستنی ئه‌ندامان له‌سیخوران و داو وده‌زگائه‌منیه‌كانی به‌عس، هه‌روه‌ها له‌دوای پرۆسه‌كانی ئه‌نفال له‌ناوچه‌جیاوازه‌كانی كوردستان ره‌تڵی پارتیزانی دروستكرا به‌مه‌به‌ستی كۆنترۆڵنه‌كردنی ته‌واوی خاكی كوردستان و مانه‌وه‌ی رۆحیه‌تی به‌رگریكاری و نه‌سرینه‌وه‌ی ئاسه‌واری كوردایه‌تی و كورده‌واری، كه‌ یه‌كه‌میان له‌بواری كاری رێكخستن و دووه‌میان له‌مه‌یدانی سه‌ربازی و پێشمه‌رگایه‌تیدا به‌ڵگه‌ی هه‌ره‌زیندوویی زیندوویه‌تی یه‌كێتیی ده‌گه‌یه‌نێت له‌بواری سیستماتیككردنی ئۆرگانه‌كانی و چۆنیه‌تی ئاوێزانبوونه‌وه‌یه‌تی له‌ناو جه‌ماوه‌رو ئه‌ندامه‌كانی.
له‌په‌یوه‌ندیدا به‌م مه‌سه‌له‌یه‌وه‌، جۆرێك له‌دردۆنگی له‌ناو دیدوتێروانینی كادیر و په‌رش و بڵاوی له‌ شێوازی كاركردنی ئۆرگان و میكانیزمی كارله‌سه‌ركردنی جه‌ماوه‌ر هه‌ستی پێده‌كرێت، هه‌روه‌ك تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی ئۆرگانه‌كان كاڵ بوه‌ته‌وه‌ و ئه‌م جۆره‌ تایبه‌تمه‌ندیه‌ به‌شێوه‌یه‌ك رۆنه‌چوه‌ته‌ خوارێ‌ تا به‌سانایی بتوانرێت فاكته‌رو ئامانج، ده‌ستكه‌وت و دوورنمای ئه‌م ئۆرگان له‌ ئه‌وی دیكه‌ جیابكه‌ینه‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌ك زۆرجاری وا هه‌یه‌ ئۆرگانێك كاری ئه‌ویتر و ئه‌میشیان خه‌ریكی جێبه‌جێكردنی مه‌هامی ئۆرگانێكی دیكه‌ی له‌خۆی جیاوازتره‌، كه‌هه‌موو ئه‌مانه‌ش زاده‌ی لاوازی یان نه‌مانی هێڵه‌ گشتیه‌كانی تایبه‌تمه‌ندی كاری رێكخراوه‌ییه‌ له‌ناو ئۆرگانه‌كانی یه‌كێتیدا. ئه‌مه‌سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه‌ زۆروبۆری له‌دروستكردنی ئۆرگانی جیاواز به‌شێوه‌یه‌ك جگه ‌له‌ناوه‌كه‌ی له‌ناوه‌رۆك و ئامانجدا یه‌ك شتن، ئه‌وه‌نده‌ی دیكه‌ گورزی له‌م پرسه‌ داوه‌ و له‌ سه‌ره‌نجامی زۆر و زه‌وه‌ندیدا هیچ كام له‌مانه‌ به‌شێوه‌یه‌كی كۆنكرێتی كاره‌ راسته‌قینه‌كه‌ی خۆیان نه‌كردوه‌ كه‌هۆكاری ئه‌مه‌ش بۆ پراكتیزه‌كردنی سیاسه‌تی دروستكردنی ئۆرگان بوه‌ بۆرازیكردنی كه‌سه‌كان و دواجار ئه‌وه‌ی باجه‌كه‌ی داوه‌ حیزبه‌كه‌ بوه‌. له‌مباره‌وه‌ هه‌رسێ‌ ئۆرگانی ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ند و ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی ده‌ره‌وه‌ و مه‌كته‌بی چاودێری به‌نزیكترین نمونه‌ وه‌رده‌گرین كه‌یه‌كه‌م و دووه‌م وه‌ك تێكه‌ڵیه‌ك له‌ناودا و ره‌نگه‌ ئاسان نه‌بێت بۆجیاكردنه‌وه‌و تاروون نه‌كرێته‌وه‌ وابزانرێت كه‌ هه‌ریه‌ك ئۆرگانن و ئه‌وی دووه‌میان به‌شی ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مانه‌كه‌ی حیزبه‌. هه‌روه‌ها یه‌كه‌م و سێیه‌م تاراده‌یه‌كی زۆر له‌كاركردندا له‌یه‌ك ده‌چن و هه‌رچه‌نده‌ ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ند مه‌غزایه‌كی فراوانتر ده‌گرێته‌وه‌ و وه‌ك ئۆرگانێكی باڵای ره‌قابی كه‌ ئه‌ركه‌كه‌ی چاودێری و به‌دواداچون و لێكۆڵینه‌وه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنی ره‌وشی ناوخۆی حیزبه‌ویه‌كێكی دیكه‌یه‌ له‌ كاره‌ داهێنراوه‌كانی یه‌كێتیی، به‌ڵام مه‌كته‌بی چاودێریش كاره‌كه‌ی چاودێریكردنی ئۆرگانه‌كانی دیكه‌ی حیزبه‌ و به‌مه‌ش جۆرێك له‌ تێكه‌ڵی له‌كاری رێكخراوه‌یی دروست ده‌كات.لێره‌وه‌ هه‌رسێ‌ ئۆرگان سه‌رباری شه‌رعیه‌تی كۆنگره‌ و به‌رده‌وامی له‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌كانیان به‌ڵام باجی نه‌بوونی سیستماتیككردنی زانستیانه‌ی ئۆرگان ده‌ده‌ن و پێویسته‌ له‌ كۆنگره‌ی ئاینده‌دا كاره‌كانیان و میكانیزمی كارێلێكردنیان به‌شێوه‌یه‌كی گونجاوتر دابرێژرێته‌وه‌.

print

 149 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*