سەرەکی » هەواڵ » داكۆكی لە ماف و شایستە داراییەكانی هەرێم دەكەین

ئەنجومەنی وەزیران:

داكۆكی لە ماف و شایستە داراییەكانی هەرێم دەكەین

دوێنێ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران كۆبۆوە.
لە كۆبوونەوەكەدا، گفتوگۆكرا دەربارەی دوایین دەرئەنجامەكانی گفتوگۆی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ تایبەت بە پڕۆژە بودجەی 2020 كە لەلایەن وەفدی هەرێم بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا خرایەڕوو. ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە وەفدی دانوستانكار، جەختی لە پابەندبوونی هەرێمی كوردستان بە داكۆكیكردنی لە ماف و شایستە داراییە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان كردەوە و بەو ئاراستەیەش وەفدەكەی راسپارد كە بەردەوام بێت لە هەوڵەكانی تا پەسەندكردنی ئەو رێكەوتنەی لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵ كراوە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لە رێگەی هەماهەنگیكردن لەگەڵ فراكسیۆنە كوردستانییەكان و فراكسیۆنەكانی دیكە، بەجۆرێك كە بەرژەوەندیی هاوبەشی هەرێمی كوردستان و عیراق لە بەرچاو بگیرێت.
هەروەها كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی دەربارەی دۆخی كارەبای هەرێمی كوردستان و گرفت و ئاستەنگەكانی كرد. لەوبارەیەوە كەمال محەمەد ساڵح وەزیری كارەبا راپۆرتێكی بەرفراوانی بە داتا و زانیاریی پێویست لە بارەی بەرهەمهێنان و خەرجییەكانی كارەبا و كێشە و ئاستەنگەكان و سەرپێچییەكانی بواری كارەبا خستەڕوو. لەمبارەیەوە ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا هەموو هەوڵێك بخاتەگەڕ بۆ باشتركردنی سەعاتەكانی پێدانی كارەبا، بۆ ئەم مەبەستەش پشتیوانی پڕۆژی پێوەری زیرەك بۆ كارەبا دەكات بە جۆرێك لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیاندا بێت، رێوشوێنی توندیش بەرامبەر سەرپێچیكاران و ئەوانەی زیادەڕۆیی بۆ سەر تۆڕی كارەبا دەكەن، دەگرێتەبەر.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*