سەرەکی » وتار » ئارام عه‌لی‌ عه‌زیز » عیراق، ئه‌و ئه‌ڵماسه‌ی‌ وردوخاش ناكرێت

ئە‌ندێشە‌

عیراق، ئه‌و ئه‌ڵماسه‌ی‌ وردوخاش ناكرێت

ئه‌مریكا و ئێران له‌ هه‌وڵی‌ دامركاندنه‌وه‌ی‌ راپه‌ڕینه‌ جه‌ماوه‌ریه‌كه‌ی‌ گه‌نجانی‌ عیراقدا شكستیان هێنا. ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ عادل عه‌دولمه‌هدی وه‌كو ده‌ریچه‌یه‌كی‌ مه‌رجه‌عیه‌ت بۆ كارله‌كار نه‌ترازان فڕێدرایه‌ گۆرپانه‌كه‌وە.
جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌مریكا بێ چاوپێكه‌تن له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدی گه‌یشته‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم له‌ فرۆكه‌خانه‌ی‌ هه‌ولێر كۆبوه‌وه‌. قاسم سوله‌یمانیش گه‌یشته‌ به‌غدا. ئامانجی هه‌ردووكیان یه‌كه‌، به‌ڵام به‌ دوو پلانی جیاواز. ئێران ده‌یه‌وێت له‌ رێگای‌ شیعه‌ و گۆڕینی‌ داشی‌ دامه‌كانیه‌وه‌، باری‌ خواری له‌ عیراق و ناوچه‌كه‌دا راست بكاته‌وه‌. ئه‌مریكایش ده‌یه‌وێت له‌ رێگای‌ كورده‌وه‌ ده‌ست به‌سه‌ر سه‌رچاوه‌كانی‌ نه‌وت و غازدا بگرێت.
راپه‌ڕینه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كانی‌ عیراق، جگه‌ له‌ به‌غدا قورساییه‌كه‌ی‌ له‌ باشووری‌ عیراق و پارێزگا شیعه‌نشینه‌كانه‌، ئه‌مڕۆ گه‌یشتۆته‌ ئاستی‌ جه‌نگی‌ ئه‌هلی شیعه‌- شیعه‌. شه‌قامی شیعیی به‌ هه‌موو هێزێكیه‌وه‌ به‌ چه‌ك رووبه‌ڕووی‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كان و هه‌ندێك له‌ میلیشیا شیعه‌كانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی سه‌ر به‌ ئێران بوونه‌ته‌وه‌. مه‌رقه‌دی‌ ئه‌لحه‌كیم و باڵه‌خانه‌ی‌ كونسولگه‌ری‌ ئێرانیان له‌ نه‌جه‌ف و ماڵی‌ چه‌ندین لێپرسراوی‌ سه‌ربازیی و ئه‌منی‌ هێزه‌كانی‌ عیراقیان له‌ ناسریه‌ و چه‌ند شوێنێكی‌ دیكه‌دا سووتاندوه‌. ئێران ناتوانێت جارێكی‌ دیكه‌ كۆنتڕۆلی شه‌قامی شیعی له‌ عیراقدا بكات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ به‌ دروشمی‌ عیراقێكی سووتماك باشتره‌ له‌ عیراقێكی سه‌ربه‌خۆ سیاسه‌ت ده‌كات. ئه‌مریكایش له‌ رێگای‌ كورده‌وه‌ هه‌وڵی‌ هه‌ڵگیرساندنی‌ جه‌نگی‌ كوردو عه‌ره‌ب ده‌دات، ئه‌ویش له‌ رێگای‌ خه‌ونی‌ له‌ مێژینه‌ی‌ كوردەوە له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان، له‌ كه‌ركوكه‌وه‌ تا خانه‌قین و مه‌نده‌لی‌.
راپه‌رینی‌ گه‌نجانی‌ به‌غدا و باشووری‌ عیراق له‌ ناوه‌ڕۆكی‌ خۆیدا له‌گۆڕنانی‌ هه‌موو ناسنامه‌ تایه‌فیی و مه‌زهه‌بیی و قه‌ومیه‌ ته‌سكه‌كانه‌، گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ ناسنامه‌ شارستانیه‌كه‌ی‌ عیراقی دیرێن، بووژانه‌وه‌ی‌ شارستانیی عیراقی حامورابی و نارام سینه‌، وه‌كو مۆدێلێكی رێبه‌رایه‌تی ئینسانیه‌ت له‌و هه‌لومه‌رجه‌ نا ئینسانیی و، له‌و كۆیلایه‌تیی و نه‌زانینه‌ی‌ سیسته‌می‌ سته‌مكاریی له‌ ژێر ناوی‌ جیاجیا به‌سه‌ر ئینسان و كۆمه‌ڵگاكاندا سه‌پاندویه‌تی‌.
له‌و روانگه‌یه‌وه‌ ئه‌مریكا و ئێران هه‌ماهه‌نگ و كۆكن له‌سه‌ر رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی‌ رۆڵه‌ مێژووكرده‌ حه‌تمیه‌كه‌ی‌ عیراق، ئینجا ئه‌مه‌ به‌ سووتاندن و جه‌نگی‌ تایه‌فی و مه‌زهه‌بی بێت، یان شه‌ڕی‌ كورد و عه‌ره‌ب و كورد و توركمان… له‌و چوارچێوه‌یه‌دا یه‌كێك له‌ سیناریۆكانی‌ لێدانی عیراق، پلانی دابه‌شكردنی‌ عیراقه‌، كه‌ ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر مێزه‌و جێبه‌جێ ده‌كرێت. له‌ رووی‌ مێژووییه‌وه‌ ئێران و توركیا و مه‌شیخات و مه‌مله‌كه‌تی‌ عوربانه‌كان وه‌كو بازنه‌ی‌ سیسته‌می‌ سته‌مكاریی جیهانیی‌ هه‌میشه‌ دژ به‌ گه‌لانی‌ عیراق سه‌نگه‌ریان گرتوه‌ و چ نه‌ماوه‌ به‌ گه‌ل و خاكه‌كه‌ی‌ نه‌كه‌ن، ئه‌مڕۆیش له‌ ژێر ناو و پڕۆژه‌ی‌ جیاجیا هه‌مان رۆڵ ده‌بینن. به‌ڵام گه‌نجانی‌ گۆڕه‌پانی‌ ته‌حریر و گه‌نجانی‌ ناسریه‌و نه‌جه‌ف و به‌سره‌ سه‌لماندیان عیراق ئه‌ڵماسه‌ و وردوخاش ناكرێت. عیراق سه‌ر له‌ نوێ مێژوو ده‌ست پێده‌كاته‌وه‌.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*