سەرەکی » وتار » عیراق مێژوویەک لە خوێن

عیراق مێژوویەک لە خوێن

هەژار جمال

مەلیک فەیسەڵ پاشای عێراق ساڵی١٩٣٣ ئاوا باسی گەلی عیراق دەکات و دەڵێت: من بەدڵێکی پڕلەخەفەتەوە دەڵێم تائێستاش گەلێک بونی نیە لەعێراقدا، ئەوەی هەیە تەنها چەندگروپێکی خەیاڵییە ، ئەوگروپانەش خاڵین لەهەربیرێکی نیشتیمانی و بارکراون لەتەقالید و خورافیاتی ئاینی و هیچ شتێک کۆیان ناکاتەوە، گوێ لەخراپە دەگرن و حەزیان لەفەوزایە، ئەوگروپانە هەمیشە ئامادەن بۆڕاپەرین دژبە هەموو حکومەتەکان.
کاتێک لاپەڕەکانی مێژووی عێراق هەڵدەدەینەوە دەبینین ئەم وڵاتە بەدرێژایی مێژوو ووڵاتێک بووە پڕلەشەڕ و کوشتار و خوێن ڕشتن، هەرلەسەردەمی سەرەتای ئیسلامەوە تاڕۆژگاری ئەمرۆ.
لەسەردەمی ئیسلامیشدا تەنها باسی یەکێک لەوجەنگانە دەکەین کە چۆن ڕووباریی خوێنیان هەستاندووە ئەویش جەنگی(ئەلییس)ە. ئەم جەنگە لەشاری (حیرە) لەسەرز ێ ی فوڕات ڕوویداوە ، لەنێوان فارسەکان و سوپاکەی خالیدی کوری وەلید دا، خالید سوێن دەخوات کەلەم جەنگەدا سەرکەوێت ئەوا دەبێت ڕووباری فوڕات پڕبکات لەخوێنی دوژمنەکانی، بەجۆریک ڕووبارەکە لەبری ئاو خوێنی پێدا بڕوات، سەرئەنجام سوپاکەی خالید بەسەرفارسەکاندا سەردەکەوێت و بانگەواز بۆسوپای فارسەکان بڵا و دەکەنەوە کەنایان کوژن، بەدیلی دەیان گرن و بۆبردنەسەری سوێندەکەی خالید هەموویانی بەکۆمەڵ بردەسەر لێواری فوڕات و سەریانی پەراند، لەو کاتەشدا ئاوەکە لە ڕووبارەکە گیرابو، خالید دەیویست ڕووبارەکە بەخوێن پڕبکاتەوە، تایەکێک لەفەرماندەکان پێی دەڵێت هەموو مرۆڤی سەر زەوی سەرببڕین خوێن هەڵناسێت و هەرگیز خوێن ناڕوات ، ئەگەر دەتەوێت خوێن بڕوات دەبێ ئاوی تێکەڵ بکەیت ئەویش فەرمان دەکات بەبەردانەوەی ئاوەکە و ڕووبارەکە بەخوێن سوردەبێت !.
کاتێکیش حەجاجی کوڕی یوسفی سەقەفی ، لەیەکەم سەعاتی دەست بەکار بونی وەک حاکمی عێراق لەساڵی ٦٩٤ز. لەیەکەم ووتاریدا بەزمانێکی خوێناوی پڕلەهەڕەشە و لەبەردەم دانیشتوانی عێراق و لەمزگەوتی کوفە دەڵێت : من چەند سەرێک دەبینم کاتی بڕینیان هاتووە ، من ئەوکارە دەکەم من ئێستا خوێن دەبینم بەنێو عەمامەو ڕیشتانەوە دێتە خوارەوە، کەسێک ببێتە حاکمی وڵاتێک و یەکەم قسەی بەم شێوەیە بێت، دەبێت چی کوشتن و خوێن ڕشتنێک چاوەرێی ئەو گەلە بکات ؟ ئەم خوێن ڕشتنە بەردەوام دەبێت و لەسەردەمی دەوڵەتی عوسمانی و سەفەویشدا زۆرترین ڕوو بەڕوو بونەوەکانیان لەسەر خاکی عێراق بووە، ئەوەی خوێنی ڕژاوە و بۆتە قوربانی هەرگەلی عێراق بووە، دواتر ئەوانەشی دەسەڵات دەگرنەدەست تینوی خوێن ڕشتن بوون وەک بڵێیت ئەم عێراقە شوێنێک بووە بۆ کوشتن و خوێن ڕشتنی گەلەکەی ، یەکێکی تر لەدەسەڵاتدارەکانی عێراق سوێند دەخوات دەڵێت دەبێت گردێکم لەکەلەسەری مرۆڤ بۆدروست بکەن .
ئەمانەو دەیان نمونەی تر لەبەرەبەیانی مێژووی عێراقەوە خۆیان نمایندەکردووەو دەریش دەکەوێت ئەوانەی کەدەسەڵاتیان گرتۆتەدەست چەند تینوی خوێنڕشتن بون و بەچی شێوەیەک مامەڵەیان لەگەڵ گەلەکەیان کردووە ، دەبینی چی دۆزە خێکیان بوگەلەکەیان دروست کردووە، هەرئەم توندو تیژییەی دەسەڵاتداران بووە کەگەلێکی بەرهەم هێناوە هەرکات بۆیان هەڵکەوتبێت پاشاو دەسەڵاتدارانیان هیناوەتە خوارەوە نەک بەکوشتن بەڵکو بەسوتاندن و پارچە پارچەکردنی لاشەکانیشیان ئاسودە نەبوون .
لەمێژووی نوێی عێراقیشدا ئەم خوێن ڕشتن و قوربانی دانەی گەلی عێراق بەردەوامە و لەساڵی (١٩١٤)دا کاتێک یەکەم سەربازی ئینگلیز پێ دەنێتە أم قصر و بەمەبەستی داگیر کردنی عێراق جارێکی تر خوێنێکی بێ شوماری تری عێراقیەکان دەڕژێ و لەوکاتەدا شیعە بڕیاری جیهاد دەدات و نزیکەی چوار ملیۆن شیعە دەبنە قوربانی و بەسێ ساڵ شەڕکردن ئینجا ئینگلیزەکان دەگەنە بەغداد، لەوکاتەدا سونەکان بەپێچەوانەی شیعەکانەوە باوەش بۆئینگلیزەکان دەکەنەوە و دواتریش سونەکان دەسەڵات دەگرنە دەست و ئەم مێژووەش پڕە لەتوند و تیژی و کوشتن و بڕین .
کاتێکیش شۆرشی ١٤ی تەموز بەسەر کردایەتی عەبدول کەریم قاسم لەساڵی 1958 دژی ڕژێمی پاشایەتی لەعێراق بەرپابوو لەئەنجامی ئەم شۆڕشەشدا خوێن ڕشتنێکی زۆر ڕوویدا و لەوانەش ئەو قەسابخانەیە بو کەلەکۆشکی (قصر الرحاب)ئەنجامدرا، کە شافەیسەڵی دووەم و وەلی عەهد میر عبدالالە ، لەناوی بون لەگەڵ خێزان و دارو دەستەکەیان و بەئالای سپی و دەست بەقورئانەوە هاتنەدەرەوە، بەڵام هەموویان لەوێدا درانەبەر دەستڕێژی گولەوکوشتیانن، هەر بەوەشەوە نەوەستان لاشەی عەبدالالە یان بەسەر شەقامەکاندا ڕادەکێشاو پارچەیان لێدەکردەوە و لەچەند شوێنێکی پایتەخت هەڵیانواسی و دواتر سوتاندیان و پاشماوەی لاشەکەشیان هەڵدایە ناو ڕوباری دیجلەووە.
دەبینین لەعێراق بەردەوام ئەم ڕووداوانە لەدووبارە بونەوەدا بوون، ئەوکەسەی کۆتایی بەدەسەڵاتی پادشایی هێنا دوای پێنج ساڵ هەمان چارەنوسی هەبوو لەکودە تایەکدا قاسم یان کوشت و لاشەکەشیان لەگۆڕ دەرهێناو فڕێیاندایە ناوڕووباری دیجلەوە.
ئەوەش ئەو ڕاستیەمان بۆدەردەخات کە عێراقیەکان تەنهابە کوشتنیش ئاسودە نەبوون بەڵکو لاشەکانیان دەسوتاندو هەڵیان دەدانە نێوڕووباری دیجلەوە، یاخود لاشەکانیان بەدوای سەیارەدا ڕادەکێشا، هەروەک چۆن نوری سەعیدی سەرۆک وەزیرانیش دەگرن و دەیکوژن و لاشەکەشی بەدوای سەیاردا ڕادەکێشن و تائەوکاتەی لاشەکەی لەبەردەم خۆپیشاندەران و جەماوەردا وون دەبێت .
ئەم خوێن ڕشتنە لەعێراق هەربەردەوام دەبێت و لەماوەیەکی کەمدا چەندین کودەتا ڕوودەدات و هەمووشیان کوشتن و بڕین و خوێن ڕشتنێکی زۆری لەگەڵدایە .
کاتێک حیزبی بەعسیش دەسەڵات دەگرێتە دەست ئەم کوشتن و خوێنڕشتنە هەربەردەوام دەبێت، بەڵام ئەحمەد حەسەن بەکر کەدێتە سەرحکوم سوێند دەخوات کەئیتر حکومی خوێناوی نامێنیت لەعێراقدا بەڵام ئەمەیان لەوەیە تەنها بۆخۆی ڕاست بوبێت چونکە کاتێک خۆی لەدەسەڵات دوور دەخرێتەوە، ڕەوانەی دەرەوە دەکرێت و بەزیندویی دەمێنێتەوە.
کە سەدامیش دێتە سەرحکوم دەبینین چۆن مقەستەکەی بەعس دەکەوێتە کار بۆ سەربڕین و زیندە بەچاڵکردنی کورد و شیعە و هەرلەئەنفال و کارەساتی کیمیا بارانی هەڵەبجەو پڕکردنی زیندانەکان لەخەڵک و دواترکوشتن و خوێن ڕشتن بەردەوام دەبێت، قەسابخانەی وا لەعێراقدا ڕوودەدا کەبە دریژایی میژوو شتی وا نەبووە.

پرۆسەی ئازادی عیراق
جیاواز لەداگیرکردنی عێراق لەلایەن ئینگلیزەوە لەساڵی ١٩١٤ کەبەسێ ساڵ شەڕکردن ئینجا گەشتنە بەغداد ساڵی ٢٠٠٣ و کاتێک یەکەم سەربازی ئەمریکی پێ دەنێتە (ئوم قەسر) ئەمجارە بە ٢١ ڕۆژ شەڕکردن ئینجا دەگەنە بەغداد و جیاواز لەوەی پێشتر شیعە باوەش دەکاتەوە بۆ ئەمریکا و پاش نزیکەی سێ سەدە لە حکومڕانی سونەکان ئینجا شیعە دەسەڵات دەگریتە دەست و سونەش ڕووبەڕووی ئەمریکا دەبێتەوە، کە سەرئەنجام پرۆسەی تۆڵەکردنەوە دەست پێ دەکات و ئەمجارەش خوێن ڕشتن و کوشتن و بڕین بەردەوام دەبێت کە زۆربەی ناوچەکانی عێراق دەگرێتەوە، بەتایبەتی ناوچە سوننەنیشینەکان هەندێ ناوچە لەگەڵ خاکدا یەکسان دەبێت و سەدان کەس دەبنە قوربانی و کاتێکیش داعش ڕوو لە عێراق دەکات و دەوڵەتی ئیسلامی ڕادەگەیەنێت ئیتر سەردەمێکی تر لەخوێن ڕشتن دەست پێدەکات کە مرۆڤ بەبینینی ئەو دیمەنانە خۆ ڕاناگرێت، کەچۆن خەڵک سەردەبڕن و دەیسوتێنن …هتد.
ئەمەش ئەوەمان بۆدەردەخات کەمێژوو لەعێراقدا چەند تراژیدیانە خۆی دوبارە کردۆتەوە و قوربانیەکانیش هەر گەلی عیراق بوون .
ئەوخۆپیشاندانانەی ماوەی چەند هەفتەیەکە عێراقی گرتۆتەوە، ڕۆژانەش خەڵک خوێنی دەڕژێت و دەبێتە قوربانی، ئەگەر بەم شێوازە بەردەوام بێت دوور نیە جارێکی تر ئەو مێژووە خۆی چەندبارە بکاتەوە، چونکە لەسروشت و کەسایەتی تاکی عێراقدا رقێک بەدی دەکرێت ئەگەر زوو بەری پێنەگێرێت لافاوێکی تری خوێن هەڵدەسێت، دیارە مێژوو یەکی ئاوا پڕ لەڕوداوی خوێناوی، ڕەنگدانەوەی لەسەر هەڵسوکەوتی مرۆڤی
عێراقی هەیە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*