وته‌ی‌ ژنۆرناڵ

25ی نۆڤەمبەر

ئەم ژمارەیەی ژنۆرناڵمان تایبەت کرد بە25 ی نۆڤەمبەر و تێیدا لەڕێی چەندین بابەت و وتاری شیکاری و هەواڵی 16 روژەی هەڵمەتەکە، تیشک خراوەتەسەر زۆر لایەن و بەوردی راوبۆچوونی ئەو نووسەر و رۆژنامەنووسانەی تێدایە کەخاوەنی قەڵەمی بابەتەکانی ئەم ژماڕەیەن.
هەربۆیە لەوتەی ئەمجارەدا ئێمە تەنها بەکورتی باسێک لە25 نۆڤمبەر لەڕووی مێژووەیەوە دەکەین وەک وەبیرهێنانەوەیەک.
رۆژی 25 نۆڤەمبەری هه‌موو ساڵیك رۆژی جیهانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژییه‌ دژ به‌ ژنان ، ئه‌م رۆژه‌ بۆته‌ هێمای خه‌باتی ژنان و هه‌موو مرۆڤێكی ئازادیخواز بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندتیژی.
له‌ڕوانگەی مێژووییه‌وه‌ ده‌ستنیشانكردنی رۆژی 25 نۆڤەمبەر به‌ رۆژی جیهانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ژنان ، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ یادی كوشتنی ( خوشكانی میرابال) .
خوشكانی میرابال پێكهاتبوون له‌ سێ خوشك كه‌ ئۆپۆزسیۆن و چالاكی سیاسی بوون له‌ كۆماری دۆمنیكان دژ به‌ سیستمی حوکمڕانی دیكتاتۆری (رافاییل تروخیلو) كه‌ ئه‌و كات فه‌رمانڕه‌وای دومنیكان بوو. له‌ ساڵی 1960 به‌شێوه‌یه‌كی وه‌حشیگه‌رانه‌ ئه‌م سێ خوشكه‌ له‌لایه‌ن پیاوانی رژێمه‌وه‌‌ تیرۆرکران.
خوشكانی میرابال له‌ چوارچێوه‌ی رێكخراوێكی سیاسی به‌ ناوی ( بزووتنه‌وه‌ی چوارده‌ی یونیو) خه‌باتی سیاسییان دژ به‌ رژێمی دیكتاتۆری به‌ڕێوه‌ برد، به‌ڵام سه‌ره‌نجام به‌ تیرۆكردنیان كۆتایی هات. له‌و كاته‌وه‌ ئه‌م خوشكانه‌ بوون به‌ هێمای خه‌باتكردن بۆ ئازادی و یه‌كسانی و كۆتایهیێنان به‌ چه‌وساندنه‌وه‌ی ژنان.
نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان لە17ی دیسمبەری‌ ساڵی 1999، بڕیاریدا 25 ی نۆڤەمبەر رۆژی تیرۆركردنی ئه‌وان، وه‌ك رۆژی جیهانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ژنان بناسێنێت.
توندوتیژی ره‌گه‌زی دژ به‌ ژنان مێژوویه‌كی هه‌زاران ساڵه‌ی هه‌یه‌، درککردن و تێگەیشتنی مرۆڤ لەئاست هەموو ئەو توندوتیژیی و جیاکارییە رەگەزی و پێشلکردنەی مافی ژنان کەهەیە ئەستەم نییە، بەڵام ئاسانیش نییە تا تێبگەیت کە خواستی پیاوسالار بۆچی بەو جۆرەیە!
توندوتیژی و کوشتن و دەست درێژی هەموو جۆرەکانی تری ئازاردان کەبەرامبەر ژنان دەکرێت، رەهەندێکی مێژووی هەیە ، ئەم حاڵەتە لەکلتووری داسەپێنراوی پیاوسالارو دینەوە سەرچاوەی گرتووە. سەرەڕای ئەوەی ئێستا مرۆڤایەتی قۆناغی زۆری تێپەڕاندوە، هەر لەرێزگرتنی مرۆڤ و بەشارستانی کردنی جیهان و پێشکەوتن لەهەموو بوارەکاندا، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا نەتوانراوە رێگە لەتوندوتیژی بیگێرێت و دونیایەکی ئارام بۆ مرۆڤەکان فەراهەم بکرێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*