سەرەکی » وتار » ته‌حسین ته‌ها چۆمانی‌ » ئاماژەکانی پشت هاتنی هێزەکانی ئەمریکا بۆ کەرکوک‌ و خورماتوو

ئاماژەکانی پشت هاتنی هێزەکانی ئەمریکا بۆ کەرکوک‌ و خورماتوو

ئەو هاوکێشەو گۆڕانکارییانەی لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست‌و بەتایبەت عیراق‌و سوریادا لە نێوان چەند هێزێکی ناوچەیی‌و نێودەوڵەتیدا روو دەدەن، ئاماژەی گرنگن بۆئەوەی بە روونی درک بەوە بکەین کە لە دوای نەمانی داعش، پێناچێت ناوچەکە هەر وا بە ئاسانی دووبارەو دوای ئەو هەموو وێرانکارییانەی بە هۆی جەنگی داعشەوە هاتنە ئاراوە، هەناسەیەکی ئارام بداتەوە.
ماوەیەک بەر لە ئێستا رۆژنامەی واشنتن پۆست لە نووسینێکیدا ئاماژە بە ١٠ جەنگی دیکە لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، کە کۆی ئەو شەڕانە لە عیراق‌و سوریان، واتە هەریەکە لەم دوو وڵاتە ساحەی پێکدادان‌و خۆساغکردنەوەی ئەو هێزانەن کە پێیان وایە ئەوەی لە دوای داعش بە جێماوە، چۆنێتی‌و مامەڵە‌و جموجۆڵەکانیان مەترسیدارترە لە ناوچەکەدا.
روونتر ئەو چاوەڕوانییەی لە ئەگەری هەڵگیرسانەوەی جەنگێکی نوێ لە دوای نەمانی داعش بەدی دەکرێت، ئەو هێزو میلیشیاو گروپانەن کە بۆ روبەڕوبونەوەی داعش پێکهاتوون‌و پڕچەک کراون، کە لە هێزی کاتی‌و گروپی لاوەکییەوە خەریکن کار بۆ شوێن پێگەو خۆ بەڕەسمی ناساندن‌و هاوکات هەوڵ بۆ گرتنە دەستی دەسەڵاتی سیاسی دەدەن. بۆیە لە ئەگەری زیاتری خۆ قایمکردن‌و بەهێزکردنی ئەو گروپ‌و هێزانە، مامەڵەکردن‌و سنوور بۆ دانانیشیان ئەستەم تر دەبێت، هەروەک لەگەڵ ئەوەشدا دەبنە هێزی سەرکێش‌و کۆنترۆڵ نەکراویش.
بۆئەوەی کۆی ئەم بابەتە پەیوەست بکەینەوە بە هاتنی هێزەکانی ئەمریکا بۆ سەربازگەی کەیوان لە کەرکوک‌و فڕۆکەخانەی خورماتوو و ئاماژەکانی پشت هاتنی ئەو هێزانە روونتر بکەینەوە، رەنگ بێت ئەوە بەس بێت کە بەتەنها ئاماژە بە نامەکەی سەرۆکی دەزگای سی ئای ئەی ئەمریکا بکەین کە لە دوای هاتنی هێزەکانی حەشدی شەعبی بۆ کەرکوک‌و خورماتوو، بۆ قاسم سلێمانی ناردووە. ئەگەرچی قاسم سلێمانی نامەکەی رەتکردۆتەوە‌و نەیویستووە بیخوێنێتەوە، بەڵام ئەوەی روونە ئەوەیە کە ئەمریکا نیگەرانە لە بەهێزتربوونی دەسەڵات‌و هەژموونی ئێران لە عیراق، لە رێگەی هێزەکانی حەشدی شەعبیەوە، بۆیە ئەوەی لە نامەکەی سەرۆکی دەزگای سی ئای ئەی بۆ فەرماندەی قودسی پاسدارانی ئێران نێردراوە، هۆشداری‌و ئاگادارکردنەوەی ئێرانە لە ئەگەری هەر هێرشێک بۆسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عیراق بە گشتی.
ئەمریکا بینینی فەرماندەی سوپای قودسی پاسداران لە هێڵی یەکەمی روبەڕوبونەوەکان لە عیراق بە نیشانەیەک لە نفوزی تاران لە فەزای سیاسیی عیراق‌و لەهەمانکاتدا بەو ململانێیەشی دەزانێت کە ئێران لەگەڵ سعودیە لە ناوچەکەدا هەیەتی، ئەو پێیوایە بەتەنها ئەوە بەسە کە گۆڕانکارییەکانی چەند هەفتەی دواییمان لە بەرچاو بێت کە ئێران چ هەوڵێک دەدات بۆ پەرەپێدانی زیاتری نفوزی خۆی لە باکووری عیراق‌و ناوچەکانی دیکەدا، ئەمە دیسان ئەوەشی لێدەخوێندرێتەوە ئێران لە هەوڵی ئەوەدایە بۆئەوەی ببێتە هێزێکی هەژموونیک لە سەرانسەری ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.
کەواتە روونە هاتنی هێزەکانی ئەمریکا بۆ کەرکوک‌و خورماتوو، بەر لەوەی پەیوەندیی بە ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ئەو ناوچانەوە هەبێت، پەیوەندیی بەو نیگەرانییانەوە هەیە، کە ئەمریکا سەبارەت بە دەسەڵات‌و زیاتربوونی هەژموونی ئێرانەوە لە عیراق بەتایبەتی‌و سوریا‌و لوبنان‌و یەمەن‌و هەندێک لە وڵاتانی دیکەی ناوچەکە بەگشتی هەیەتی.
ئەم هەنگاوەی ئەمریکا لە رەوانەکردنی هێزەکانی بۆ کەرکوک‌و خورماتوو، ئاماژەیەکی گرنگە بۆئەوەی لەوە تێبگەین کە نیگەرانییەکانی ئەمریکا لە بەرامبەر مەترسیی زیاتر بەهێزبوون‌و لە کۆنترۆڵ دەرچوونی هێزەکانی حەشدی شەعبی بە ئاستێک گەیشتووە، ئەگەر هەنگاوی جددی نەنێت ئەوا لە داهاتوویەکی نزیکدا پێدەچێت ئەو هێزانە بە هاوکاری‌و پشتیوانی ئێران، تەواوی جومگە سیاسی‌و سەربازییەکانی عیراق بخەنە ژێر کۆنترۆڵی خۆیانەوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*