سەرەکی » وتار »  ‌عه‌داله‌ت عه‌بدوللا‌ » واقعی حەشدی شەعبی!پەڕە 3

شیكار

واقعی حەشدی شەعبی!

ئەگەر نوێنەرانی كورد لەبەغدا، بیانەوێت، دەتوانن مامەڵەكانی حەشدی شەعبـی لەناوچەكانی جێی ناكۆكی، بكەنە دۆسێیەك بۆ ئەوەی لەو ناوچانە، دووربخرێنەوە.
هەرچەندە بەشێكی حەشد لەژێر ناوی جیاوازدا، پێش 13ی ئازاری 2014 دروستبووە، بەڵام بەگشتی لەهاوینی ئەو ساڵەوە بەڕەسمی دەستبەكاربووە، لەو كاتەوە تائێستا، تەنها ئەوانەیان، كە مووچەخۆری حكومەتن، لە (122) هەزار كەس تێپەڕیوە، ئەگەرچیش شەڕی داعش، بەكردەیی، كۆتایی هاتووە، كە لەگەڵ فتوای مەرجەعییەتی شیعەكاندا بیانوو بوو بۆ دروستبوونیان، بەڵام زانیارییەكان پێماندەڵێن، كە ئەم میلیشیایە، كە پێكهاتووە لە زیاتر لە (65) گروپی جیاوازو فەرماندەی (99%)یان لەكەسانی شیعە مەزهەبەو سیمبولە سەربازییەكانیشیان (100%) تائیفییە، بڕیارە لەداهاتوویەكی نزیكدا ژمارەی مووچەخۆرەكانیان ببێتە 160 هەزار مووچەخۆر، كە كەمترینیان (850.000) دینار وەردەگرێت‌و زۆرێكیشیان (1.250.000) دینار، بڕیاریشە (500.000) دیناری تریش بخرێتەسەر مووچەكانیان!، یەكەم: بودجەشیان لە2015دا زیاتر لە (60) ملیۆن دۆلاری ئەمریكی بووە، كێشەكە ئەوەیە، كە ژمارەی خۆبەخشەكانیشیان بەپێی هەندێ سەرچاوەی رەوتە شیعییەكان خۆیان، گەیشتۆتە نزیكەی 3 ملیۆن كەس، كە ئەوانیش سبەی رۆژ لەبەرامبەر خۆبەخشی‌و گیانبەخشیندا لەشەڕگەكان، داوای ماف دەكەن!.
رەنگە بوترێت ئەم میلیشیایە، لەمڕۆدا، گروپگەلێكی رەسمیین‌و لە26ی تشرینی یەكەمی 2016ەوەو بەیاسایەكی پەرلەمانی عیراق، بەشێكە لەسیستەمی بەرگریی‌و ئاسایش، ئەمە راستە، بەڵام بەپێی (الآسباب الموجبە)ی خودی ئەو یاسایەی كە پێی رێكخراوە، ئەركەكەی تەواوبووە، چونكە داعش، بەپێی لێدوانەكانی عەبادی خۆی «كۆتایی هاتووە». جگە لەوە، ئەم میلیشیایە، رەوتی سیاسیی زۆری تیایە وەك (بەدر، عەسائب، حزبوڵڵا، ئەنساروڵڵا، ئەبدال، بزووتنەوەی عیراقی ئیسلامی)، ئەمەش پێچەوانەی خاڵی (5)ی مادەی یەكەمی یاساكەیە، لەوەش زیاتر (90%)ی حەشد لە شیعەكان پێكهاتووە، ئەمەش دژی بڕگەی سێیەمی مادەی یەكەمی یاساكەیە، كە رێگەنادات یەك پێكهاتە كۆنتڕۆڵی بكات. بەكرداریش، ئەم میلیشیایە تاوانی جەنگی لەناوچە سوننی‌و كوردستانییەكاندا ئەنجامداوەو پارساڵ رێكخراوی هیومان رایتس ئۆتچ چەندین راپۆرتی لەبارەی دەستدرێژییەكانیان بۆ سەر سوننەكان بڵاوكردەوە، وا تاوانەكانیان ناوچە كوردستانییەكانیشی هاتەسەر، بۆیە ئێستا دەرفەتە بكرێتە دۆسێ، بەتایبەتی كە وەزیری دەرەوەی ئەمریكاو كۆشكی ئەلیزێ داوای نەهێشتنیان كردووەو لەناوخۆشدا مووچەخۆرانی عیراق لەو بڕە پارەیەی لەمووچەكانیان دەبڕدرێت‌و دەچێت بۆ حەشد، تووڕەن‌و عەبادی-ش لەئێستادا لێیان نیگەرانە لەسەر ئەوەی داوای بودجەو مووچەی زیاتری لێ دەكەن‌و ئەگەریش بۆیان نەكات، خۆیان وتەنی «دەڕژێنە شەقامەكان لەدژی گەندەڵیی حكومەت!».

*گۆشه‌یه‌كی رۆژانه‌یه

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*