سەرەکی » ئاراستە » دێی‌ گۆپته‌په‌_سه‌ر زێ‌_ناحیه‌ی‌ ئاغجه‌له‌ر

دێی‌ گۆپته‌په‌_سه‌ر زێ‌_ناحیه‌ی‌ ئاغجه‌له‌ر

حه‌سه‌ن مه‌لا

دێی‌ گۆپته‌په‌ یه‌كێكه‌ له‌و گوندانه‌ی‌ بناری‌ خاڵخاڵان، سروشته‌ جوان و دڵ فرێنه‌كه‌ی‌ بووه‌ته‌ شوێنێكی‌ گه‌شتیاری‌ ناوخۆیی و سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ش بۆ دانیشتوانی‌ له‌ ڕووی‌ كشتوكاڵ و سامانه‌ جۆر به‌جۆه‌كانی‌ دیكه‌وه‌، هه‌روه‌ها به‌ هه‌ڵه‌بجه‌ی‌ دووه‌م ناو ده‌برێت بۆ جینۆساید و قوربانیدان، له‌م ژماره‌یه‌یدا گوندستانی‌ نوێ له‌ دێی‌ گۆپته‌په‌یه‌ ئاوه‌ڕێك له‌لایه‌نی‌ مێژووی‌‌و سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌ ده‌داته‌وه‌.
ناوی‌ گۆپته‌په‌ له‌ چییه‌وه‌ هاتووه‌؟
گۆپته‌په‌ ناوێكی‌ لێكدراوه‌ (گۆپ)واتا سه‌وز (ته‌په‌) گرد، هه‌ردوو ووشه‌كه‌ به‌سه‌ر یه‌كه‌وه‌ واتای‌ گردی‌ سه‌وز دێت، شاره‌زایانی‌ مێژوو، ناوی‌ دێی‌ گۆپته‌په‌ ده‌گێڕنه‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می‌ فرمانڕه‌وایی داگیركاری‌ تورك له‌ ناوچه‌كه‌و كوردستان بوونه‌.

مێژووی‌ ئاوه‌دانی‌
دانیشتوانی‌ دێی‌ گۆپته‌په‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن له‌پێشدا دوو شوێن بووه‌، ئه‌وانیش عه‌لیاوا ئه‌وی‌ دیكه‌ خانوان، بۆیه‌ له‌ساڵی‌ 1915 هه‌ردوو شوێنه‌كه‌ ژماره‌یان 12 بۆ 20 مالێك ده‌بوون هه‌موویان كۆبوونه‌وه‌ ژماره‌یان نزیكی‌ 40 ماڵێكی لێ‌ نیشته‌جێبوون، هاوكات خه‌ڵكی‌ دیێی‌ گۆپته‌په‌ چیرۆكی‌ سه‌ره‌تای‌ مێژووی‌ ده‌روست بوونی‌ دێیه‌كه‌یان ده‌گێرنه‌وه‌ بۆ ئه‌و سه‌رده‌می‌ خۆی‌ له‌جێگایه‌ك پێی‌ ووتراوه‌ خانوان نزیكی‌ دوانزه‌ ماڵێكی‌ لێ نیشته‌جێ بوو، هه‌موویان سه‌ید بوون به‌هۆی‌ كێشه‌ی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و موڵكه‌وه‌ له‌ناوخۆیاندا، هه‌نا ده‌بنه‌به‌ر شێخ عبدالله‌ له‌دێی‌ عه‌سكه‌ر، داوای‌ لێده‌كه‌ن به‌ماڵه‌وه‌ بێته‌ ئه‌م دێیه‌، شێخ عبدالله‌ش داواكاری‌ حاجی‌ حه‌سه‌ن ره‌تناكاته‌وه‌و ده‌چێت، دوای‌ دوو بۆ سێ‌ ساڵێك شێخ عبدالله‌ له‌مانه‌وه‌ی‌ ئه‌و شوێنه‌ی‌ زۆر به‌دڵ نابێت بۆیه‌ ماڵه‌كه‌ی‌ ده‌گوازێته‌وه‌ بۆ گۆپته‌په‌ی‌ ئێستا، خانوو له‌سه‌ر ئه‌و قه‌ڵایه‌ ده‌كات، كه‌ بووه‌ته‌ مه‌زاری‌ شه‌هیدانی‌ كیمباران‌و ئه‌نفالكراوانی‌ گوندی‌ گۆپته‌په‌.

جوگرافیای گوندی‌ گۆپته‌په‌
جوگرافیای گوندی‌ گۆپته‌په‌ ده‌كه‌وێته‌ سنوری‌ ئاغجه‌له‌ر، قه‌زای‌ چه‌مچه‌ماڵ سه‌ربه‌ پارێزگای‌ سسلێمانیه‌ ، به‌ڵام له‌پێشتر سه‌ر به‌پارێزگای‌ كه‌ركوك ده‌بێت، هه‌ڵكه‌وته‌ی‌ جوگرافی‌ له‌ناحیه‌ی‌ ئاغجه‌له‌ر به‌دووری‌ (18 ) كم ده‌بێت، دێیه‌كه‌ (428) مه‌تر به‌رزه‌ له‌ ئاستی‌ ڕووی‌ ده‌ریاوه‌، گۆپته‌په‌ به‌م دیهاتانه‌ دووره‌ و به‌ری‌ له‌ باكوری‌ گوندی‌ كانی‌ بی‌ و له‌ باشوریش گوندی‌ قه‌ڵاچوه‌ی‌ شێخ كریم، له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی‌ دێی‌ به‌رده‌ عازه‌بان له‌ ڕۆژئاواش گوندی‌ كانی‌ هه‌نجیره‌ی‌ شێخ بزه‌ینی‌، دێی‌ عه‌سكر و مه‌یله‌ هه‌روه‌ها داڵه‌وا له‌گه‌ڵ دێیه‌كانی‌ حه‌یده‌ربه‌گ هه‌روه‌ها له‌ باكوریه‌وه‌ زنجیره‌ چیای‌ كالكه‌ سماق، له‌ باشور كێوه‌ چه‌رمه‌ڵه‌ به‌ ڕۆژهه‌ڵاتی‌ دۆڵی‌ سورقاوشان و چه‌می‌ ڕێزان له‌ ڕۆژئاوایشی‌ زه‌نجیره‌ چیای‌ خاڵخانه‌.

گۆپته‌په‌ له‌ ڕووی‌ كۆمه‌ڵایتیه‌وه‌
دێی‌ گۆپته‌په‌ له‌ژماره‌یه‌ بنه‌ماڵه‌ پێكهاتووه‌ له‌كۆندا (19) بنه‌ماڵه‌ بوون، له‌گه‌ڵ یه‌ك به‌ ئاشتی‌ و برایه‌تی‌ ژیاون، خه‌ڵكی‌ دێی‌ گۆپته‌په‌ به‌شداری‌ جه‌نگی‌ جیهانیان كردووه‌ یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ شێخ سه‌عید مام حه‌سه‌ن ئه‌وكات سه‌ربازی‌ ده‌وڵه‌تی‌ عێراق ده‌بێت به‌شداری‌ جه‌نگی‌ كردووه‌ دژ به‌جوله‌كه‌، هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌ك پیشه‌و ده‌ستڕه‌نگینی‌ له‌گۆپته‌په‌ هه‌بووه‌ له‌وانه‌ حاجی‌ ئه‌حمد شێرۆ جه‌راحێكی‌ چاك بوو ئه‌م جگه‌ له‌وه‌ی‌ مجید جمیل وه‌ستای‌ ته‌نه‌كه‌چی‌ ده‌بێت، محمدی‌ مام كاكل وه‌ستای‌ سه‌به‌ته‌ی‌ نان، مه‌لا محمدی‌ عزیز به‌رگدوور، وه‌ستا حسین وه‌ستای‌ مسگه‌رسپی‌ كردنه‌وه‌ی‌ منجه‌ڵ بووه‌و . .. هتد
دێی‌ گۆپته‌په‌ چه‌ندین ڕێگای‌ كاروانی‌ له‌سه‌ر بوو رێگایه‌كی‌ هاوبه‌شی‌ نێوان دیهاته‌كانی‌ عه‌سكه‌ر و گۆپته‌په‌ ئه‌م جگه‌ له‌جاده‌ی‌ ئاغجه‌له‌رو ته‌ق ته‌ق، چاییخانه‌شی‌ لێبووه‌ به‌خاوه‌نی‌ عه‌لی‌ پوون هه‌روه‌ها له‌دێی‌ گۆپته‌په‌ سێ‌ ئاشی‌ ئاوی‌ لێبووه‌، له‌وانه‌ ئاشی‌ كۆرۆ مه‌ڕو ئاشی‌ ناو تایه‌ر له‌گه‌ڵ ئاشی‌ خانوان، ئه‌م ئاشانه‌ به‌ ئاو كاریان ده‌كرد له‌كۆندا به‌كارهاتووه‌ بۆ هاڕینی‌ گه‌نم و جۆ، جه‌ڵتوكیش پێ‌ كڕه‌ ده‌كرد.
چه‌ند ئه‌شكه‌وتێك هه‌یه‌ له‌وانه‌ ئه‌شكه‌وتی‌ دڕووگه‌ ئه‌شكه‌وتی‌ كونه‌، ئه‌شكه‌وتی‌ سماقان، ئه‌شكه‌وتی‌ كونه‌ سه‌به‌یار، ئه‌شكه‌وتی‌ ناوتاوێر، ئه‌شكه‌وتی‌ كچ و كوڕ، ئه‌شكه‌وتی‌ كونه‌ كه‌متیار

گۆپته‌په‌ له‌ ڕووی‌ كشتوكاڵییه‌وه‌
له‌ ساڵی‌ 1975 حكومه‌تی‌ عێراق یاسای‌ ژماره‌ 90 ی‌ له‌ژێر ناوی‌ یاسای‌ چاككردنی‌ كشتوكاڵی‌ ده‌ركرد به‌بڕیاری‌ ( 4463) له‌ 15/ 8/ 1975 دابه‌شكردنی‌ زه‌وی‌ جێبه‌جێی‌ كرا به‌سه‌ر جوتیاره‌كاندا، گوندی‌ گوپته‌په‌ش هه‌ر ئه‌و كات زه‌وییه‌كانی‌ دابه‌شكرا به‌سه‌ر (190) جوتیاری‌ سنوره‌كه‌، هه‌ر یه‌ك (3) دۆنم زه‌وی به‌راو (21) دۆنم زه‌وی‌ پشتاو به‌شێوه‌ی‌ گرێبه‌ست. گوندی‌ كۆپته‌په‌ كه‌رتی‌ كشتوكاڵی‌ ژماره‌ (44) ڕووبه‌ری‌ كۆی‌ گشتی‌ (5980) دۆنم، رووبه‌ری‌ كشتوكاڵی‌ (4550) ڕووبه‌ری‌ به‌رده‌ڵان (783 ) دۆنم هه‌روه‌ها زه‌وی‌ به‌راو ( 565) دۆنم هه‌روه‌ها زه‌وی‌ دێمه‌كار (3963) ڕووبه‌ری‌ زه‌وی‌ پاوه‌ن (478) دۆنم دانیشتوانی‌ دێی‌ گۆپته‌په‌ به‌روبومی‌ هاوینه‌و زستانه‌ی‌ بریتی‌ بوو له‌دانه‌وێڵه‌ی‌ گه‌نم‌وجۆ هه‌روه‌ها سه‌وزه‌واتی‌ وه‌ك سڵق، تور، شێلم، بامێ‌، ته‌ماته‌، باینجان، كوله‌ك، باینجان، بیبه‌ر، په‌تاته‌، گه‌نمه‌ شامی‌، بسته‌، گوێزه‌ر هه‌روه‌ها كشتوكاڵی‌ توتن‌و لۆكه‌ ئه‌مه‌ جگه‌ له‌سامانی‌ ماسیش لێ به‌رهه‌م دێت، شوێنی‌ له‌وه‌رگای‌ باشی‌ هه‌یه‌ بۆ به‌خێوكردنی‌ مه‌ڕو مانگ‌و بزن كه‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆری‌ لێ‌ به‌خێوده‌كرێت، به‌پێی‌ ئامارێكی‌ نافه‌رمی‌ ساڵی‌ 1998 ژماره‌ی‌ مانگا 900 سه‌ر بووه‌، ژماره‌ی‌ مه‌ڕ 700 سه‌ر، ژماره‌ی‌ بزن 300 سه‌ربووه‌.

گۆپته‌په‌ له‌ڕووی‌ ڕۆشنبیرییه‌وه‌
دانیشتوانی‌ دێی‌ گۆپته‌په‌ به‌هۆكاری‌ ژینگه‌یی‌و نزیكی‌ ناوچه‌كه‌ له‌سه‌نته‌ری‌ ناحیه‌ی‌ ئاغجه‌له‌رو قه‌زای‌ كۆیه‌و قه‌زای‌ چه‌مچه‌ماڵ وایكردوه‌ له‌زۆر بواردا پێش بكه‌ون؛ له‌وانه‌ خوێنده‌واریی‌ بۆ نمونه‌ له‌ساڵی‌ 1930 ژماره‌یه‌ك قوتابیان هه‌بوو له‌گۆپته‌په‌وه‌ چوونه‌ته‌ دێی‌ عه‌سكه‌ر، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ چه‌ندین مامۆستای‌ ئاینی‌ باشی‌ تێداهه‌ڵكه‌وتووه‌ له‌وانه‌ مه‌لا محمد ناسراو به‌ مه‌لا مه‌نیج مه‌لا سه‌ید ئه‌حمدی‌ فه‌یله‌سوف مه‌لا قادری‌ ره‌ش خه‌ڵكی‌ گوندی‌ سێ‌ گردكان بوو. بۆ یه‌كه‌مجار قوتابخانه‌ له‌دێی‌ گۆپته‌په‌ له‌ساڵی‌ 1959 بۆ 1960 كرایه‌وه‌ یه‌كه‌م مامۆستاش به‌ناوی‌ شه‌ره‌فه‌دین بوو، به‌ وته‌ی‌ دانیشتوانی‌ ئاوایی‌ ئه‌و كاته‌ خوێندن عه‌ره‌بی‌ بوو، ژماره‌یان (21) خوێندكاربووه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ش له‌ ساڵانی‌ 1968 بۆ 1979 به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌حمد حه‌سه‌ن بكر هه‌ڵمه‌تی‌ نه‌هێشتنی‌ نه‌خوێنده‌واریی‌ دراو به‌ده‌یان ژن‌و پیاوی‌ دێ‌ چوون بۆ خوێندنی‌ محو الامیه‌. هه‌تا له‌به‌رواری‌ 1 /9 / 1985 به‌گوێره‌ی‌ نوسراوی‌ 2279 هه‌موو قوتابخانه‌كان خوێندنیان تێداهه‌ڵگیرا، له‌گۆپته‌په‌ هه‌ر ئه‌و ساڵه‌ شۆڕش به‌هاوكاری‌ رێكخراوی‌ یه‌كێتی‌ مامۆستایانی‌ كوردستان توانیان مامۆستا بۆ ئه‌و گوندانه‌ دابین بكه‌ن، له‌ دێی‌ گۆپته‌په‌ش مامۆستایانی‌ شۆڕش شه‌هید ئازاد هه‌ورامی و مامۆستا عه‌بدوڵا عه‌سكه‌ری‌ بوونه‌ چرای‌ زانستی‌‌و ڕۆشنبیری‌ بۆ منداڵانی‌ گوند. ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ی‌ ئێستا له‌دێی‌ گۆپته‌په‌ به‌ده‌یان خوێدنه‌وارو ڕۆشنبیرو مامۆستاو كه‌سانی‌ سیاسی‌‌و عه‌سكری‌ خزمه‌ت ده‌كه‌ن.

گۆپته‌په‌ له‌ ڕووی‌ جینۆسایده‌وه‌
یه‌كێكه‌ له‌پڕ قوربانیترین دێهاته‌كانی‌ باشوری‌ كوردستانه‌، دێی‌ گۆپته‌په‌ چه‌ندین شه‌ڕو ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ تێداڕوویدا، به‌پێی‌ ئه‌و سه‌رژمێریانه‌ی‌ له‌به‌ر ده‌ستان دانیشتوانی‌ ئه‌م دێیه‌ له‌ساڵی‌ 1957 بریتیبوونه‌ له‌ 452 كه‌س پاشان له‌ساڵی‌ 1977 رێژه‌ی‌ گه‌شه‌ی‌ دانیشوانی‌ به‌مجۆره‌ بووه‌ ژماره‌ی‌ خانوو 233 خانوو، ژماره‌ی‌ خێزانه‌كانی‌ 189 و كۆی‌ ژماره‌ی‌ دانیشتوانی‌ 728، ئاوایی‌ گۆپته‌په‌ له‌ساڵی‌ 1963 له‌لایه‌ن ڕژێمه‌كه‌ی‌ عبدالكریم عاره‌فه‌وه‌ وه‌ك زۆربه‌ی‌ دێهاته‌كانیتر سوتێنران، هه‌روه‌ها له‌ساڵی‌ 1983 شه‌ڕو ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ له‌نێوان هێزی‌ پێشمه‌رگه‌و جه‌یشی‌ عێراق‌و جاشه‌كان ڕوویدا دواتر له‌ساڵی‌ 1985 له‌نێوان پێشمه‌رگه‌كانی‌ یه‌كێتی‌ به‌سه‌رپه‌رشتی‌ مام ڕۆستم‌و هه‌ر یه‌ك له‌تیپه‌كانی‌ 21ی‌ كه‌ركوك‌و 25ی خاڵخاڵان له‌گه‌ڵ (5000) پێنج هه‌زار سه‌ربازو جاش له‌شه‌ڕه‌كه‌دا، حه‌وت شه‌هید و بڕینداری‌ لێكه‌وتووته‌وه‌، ئه‌م دێیه‌ خاوه‌نی‌ 16 شه‌هیدی‌ كۆپته‌ره‌ پێش ساڵی‌ 1988و خاوه‌نی‌ 14 شه‌هیدی‌ سه‌نگه‌رن، دواجار له‌3/5/1988 ڕژێمی‌ به‌عسی‌ خوێنمژو مه‌رگدۆست له‌ئه‌نجامی‌ شاڵاوی‌ به‌ناو ئه‌نفالی‌ قۆناغی‌ چوار شانزده‌ لاو هێرشی‌ نا مرۆڤانه‌ی‌ كردسه‌ر دانیشتوانی‌ ناوچه‌ی‌ ئاغجه‌له‌ر، له‌پێنج قوڵه‌وه‌ هێرشی‌ به‌چه‌كی‌ ژهراوی‌ كیمیایی كرده‌سه‌ر دێی‌ گۆپته‌په‌ له‌ئه‌نجامدا 109 كه‌س له‌هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز له‌هه‌موو ته‌مه‌نه‌كان ته‌نها به‌چه‌كی‌ كیمیای‌ ژهرخواردو شه‌هیدكران، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ 261 هاوڵاتی‌ ئه‌م دێیه‌ ئه‌نفال بوون، به‌كۆی‌ گشتی‌ ته‌نها له‌ئه‌نفالی‌ قۆناغی‌ چوار 371 كه‌س له‌دانیشتوانی‌ ئه‌م دیهاته‌ شه‌هیدبوون، جگه‌ له‌ژه‌ماره‌یه‌ك له‌بریندارو زه‌یندانی‌ سیاسی‌‌و قوربانی دوایی‌ ڕاپه‌رینی‌ گه‌لی‌ كورد، ئه‌م دێیه‌ له‌دوای‌ ڕاپه‌رینه‌وه‌ له‌لایه‌ن دانیشتوان‌و له‌سه‌رده‌ستی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ئاوه‌دانكرایه‌وه‌.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*