سەرەکی » دۆسێ » نەتانیاهۆ سەركردایەتی لیكود دەكات بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو

بەسەرۆكی حزبەكەی هەڵبژێردرایەوە

نەتانیاهۆ سەركردایەتی لیكود دەكات بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو

بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، لە هەڵبژاردنی حزبەكەی (لیكودی ڕاستڕەو)، متمانەی ئەندامانی حزبەكەی دەستبەركردەوە و توانی بەسەر گلگون ساعردا سەركەوتنێكی گەورە بەدەستبهێنێت، ئەم سەركەوتنە رێخۆشكەر دەبێت بۆ نەتانیاهۆ، تا جارێكی تر و بۆ جاری سێیەم لە مانگی ئاداری داهاتوو سەركردایەتی لیكود بكات لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی وڵاتەكە.

حزبی لیكود متمانەی پێدەبەخشێتەوە
بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، بردنەوەی خۆی لە هەڵبژاردنی سەرەتایی بۆ سەرۆكایەتی حزبی لیكود ڕادەگەیەنێت، ئەمەش گرەنتی دەكات تا سەرۆكایەتی ئەو حزبە ڕاستڕەوە بكات لە هەڵبژاردتی داهاتوو كە بڕیارە لە مانگی ئاداری 2020 سازبكرێت.
بەپێی بەرەنجامە فەرمییەكان، نەتانیاهۆ متمانەی 72.5%ی دەستەبەركردووە لەبەرانبەر جەدعون ساعری ڕكابەری كە تەنیا ڕێژەی 27.5%ی لە كۆی دەنگەكاندا بەدەستهێنابوو.
لە 26ی كانوونی یەكەمی 2019، حزبی لیكود ڕایگەیاندبوو، ڕێژەی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبووە لە دەنگدانەكەدا گەیشتووەتە 116 هەزار ئەندام كە گەیشتووەتە 49%ی ئەوانەی دەنگییان بە نەتانیاهۆ داوە كە 41782 دەنگ دەكات لەبەرانبەر 15885 دەنگی ساعری ڕكابەری.
كەمێك بەر لە لە ڕاگەیاندنی بەرەنجامە فەرمییەكانیش، نەتانیاهۆ لە تویتێكیدا لەسەر تۆڕی كۆمەلایەتی (تویتەر)، ئاماژەی بە بردنەوەی خۆی بەسەر جەدعون ساعردا كرد و ڕایگەیاندبوو”سەركەوتنێكی گەورەمان بەدەستهێنا”.
هەروەها سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە تویتەكەیدا سوپاسی حزبی لیكودی كردبوو بۆ پێدانەوەی متمانە و پشتیوانی و خۆشەویستی و ڕایگەیاندبوو كە “بەیارمەتی خودا و بە یارمەتی ئەوان، سەركردایەتی لیكود دەكات بۆ بردنەوەیەكی گەورە لە لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوو، بەردەوامیش دەبێت لە سەركردایەتیكردنی دەوڵەتی ئیسرائیل بەرەو دەستكەوتی بێ‌ پێشینە”.
هەڵبژاردنەوەی نەتانیاهۆ بە سەرۆكی حزبی لیكود لەكاتێكدایە كە لە هەڵبژاردنی یەكەم و دووەمی ساڵی رابردووی ئیسرائیلی، نەیتوانی سەركردایەتی حزبەكەی بكات بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌، ئەم شكستەی نەتانیاهۆ گەر گشتی بینی گانتس سەرۆكی حزبی (شین سپی) بەدوادا نەهاتایە، دەستباڵابوونی لیكودی لێدەكەوتەوە لەڕووی بێبەشبوون لە حوكمڕانی ئیراسیل كە بۆ ماوەی چەندان ساڵە سەركردایەتی وڵاتەكە دەكات.

نەتانیاهۆ و شكست لە پێكهێنانی حكومەت
ئەمەش لەكاتێكدایە كە لە 25ی مانگی ئەیلولی رابردوو روڤین ریڤلین سەرۆكی ئیسرائیل، بنیامین نەتانیاهوی راسپارد تا حكومەتێكی نوێ پێكبهێنێت، داواشی لە پەرلەمان كردبوو رەوشێكی گونجاو بڕەخسێنن تا وڵاتەكە لەو تەنگژە سیاسییەی تێیكەوتووە قوتاری ببێت.
سەرۆكی ئیسرائیل لە 25ی ئەیلولی رابردوو، ئەركی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی بە بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی وڵاتەكە بەخشی، ئەمەش سەرەڕای یەكسانبونی لەگەڵ بە بینی گانتسی ركابەری لە دوایین گەڕی هەڵبژاردنەكانی ئیسرائیل.
رۆئڤین ریڤلین، سەرۆكی ئیسرائیل لە 25ی ئەیلولی 2019 و لە مەراسیمی دەستنیشانكردنی پێكهێنەری كابینەی حكومەتی وڵاتەكە رایگەیاندبوو» من هەلی پێكهێنانی حكومەت بە بەرێزتان (ناتانیاهۆ) دەبەخشم».
لە 17ی ئەیلولی 2019، بۆ جاری دووەم لەمساڵدا هەڵبژاردنی گشتی لە ئیسرائیل بەڕێوەچو، تیایدا حزبی (شین و سپی) بە دەستبەركردنی 33 كورسی پەرلەمانی، پێش حزبی لیكودی دەسەڵاتدار كەوت، تائێستاش هاوپەیمانێتییەكەی ناتانیاهۆ 56 كورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە كە هێشتا زۆرینەی پەرلەمانی نییە.
لەدوای بەدەستهێنانی ئەنجامە چاوەڕواننەكراوەكانی لە هەڵبژاردندا، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل گەشتەكەی نیوویۆرك لەپێناو بەشداریكردن لە كۆبونەوەكانی كۆمەڵی گشتی گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان، هەڵوەشاندبووەوە.
نەناتیاهۆی لەماوەی ئەو مانگەی كە وەك مۆڵەت بۆی دیاریكرابوو تا حكومەت پێكبهێنێت، شكستخواردوو بوو.
هەردوو حزبی سەرەكی لە دوایین هەڵبژاردنی ئیسرائیلی زۆرینەیەكی دیارییان بەدەستهێنا، واتا 65 كورسی لەكۆی 120 كورسی و دەیانتوانی پێكەوە ئیئتیلافێكی حكومی پێكبهێنن.

گانتس هەلەكەی نەقۆستەوە
دوای شكستهێنانی بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە پێكهێنانی حكومەتێكی نوێ‌، سەرۆكی ئیسرائیل رایگەیاندووە، بە مەبەستی پێكهێنانی حكومەتی ئیسرائیل، سەرۆكی حزبی «شین و سپی» راسپاردووە.
رۆئڤین ریڤلین، سەرۆكی ئیسرائیل لە 21ی تشرینی یەكەمی 2019 رایگەیاندبوو»بینی گانتس، سەرۆكی حزبی (شین و سپی) راسپاردووە، تا حكومەتی نوێ‌ پێكبهێنێت، ئەمەش دوای ئەوەی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی وڵاتەكە شكستخواردووبوو لە پێكهێنانی حكومەت».
بەپێی بەیاننامەیەكیش كە لەلایەن ریڤلینەوە بڵاوكرابووەوە»سەرجەم ئەندامانی پەرلەمانی ئیسرائیل(كنێست) ئاگاداركراون لەوەی كە سەرۆكی وڵات، بینی گانتسی بانگهێشت كردووە، تا بە زووترین كات حكومەتی نوێ پێكبهێنێت»، بەڵام ئەویش بەدەری نەتانیاهۆ رۆیشت و نەیتوانی ئەو هەلەی لەبەردەمیدا رەخسا، بیقۆزێتەوە.

شكستەكەی گانتس و هەڵبژاردنی سێیەم
بینی گانتس سەرۆكی هاوپەیمانی «شین سپی» ركابەری سەرەكی بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ماوەبەسەرچووی ئیسرائیل، رۆئڤین ریڤیلین سەرۆكی ئیسرائیلی ئاگاداركردەوە كە نەیتوانی بەر لە تەواوبوونی ئەو مۆڵەتی پێیدراوە، حكومەت پێكبهێنێت.
بینی گانتس سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراوی ئیسرائیل و سەرۆكی هاوپەیمانی «شین سپی» لە 20ی تشرینی دووەمی 2019، مۆڵەتی ڕاسپاردنی پێكهێنانی حكومەتی بۆ رۆئڤلین ریڤلینی سەرۆكی ئیسرائیل گێڕایەوە دوای ئەوەی دووچاری شكست بوو لە ئەركی پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌.
ئەمە هەنگاوەی گانتس ئەگەرەكانی رۆیشتنی ئیسرائیلی بەرەو سندوقەكانی دەنگدان بۆ جاری سێیەم زیاتر كرد لە یەك ساڵدا.
بینی گانتس سەرۆكی هاوپەیمانی «شین سپی»، سوپای سەرۆكی ئیسرائیلی كردبوو، لە بەیاننامەیەكیشدا رایگەیاندبوو، هەموو هەوڵەكانی دەخاتەگەڕ بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی نوێ‌ كە لە بەرژەوەندی هاووڵاتیانی ئیسرائیل بێت.
بۆیەكەمجارە هەر ئەندامێكی كنێستی ئیسرائیل بە گانتس و نەتانیاهۆشەوە، 21 رۆژییان لەبەردەست بوو بۆ بردنەوەی لانی كەم رەزامەندی 61 ئەندام، تا تاقیكردنەوەی پێكهێنانی حكومەتێكی ئیئتیلافی ئەنجام بدەن.
لە 20ی تشرینی دووەمی 2019، گانتس بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ماوەبەسەرچووی وڵاتەكەی تۆمەتباركرد، بە شكستخواردنی وتوێژەكانی تایبەت بە پێكهێنانی حكومەتێكی یەكێتی نیشتمانی، بۆیە لەگەڵ ئەوو شكستخواردنەدا تاكە رێگەچارە هەنگاونانە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی سێیەم كە وابڕیارە لە مانگی ئاداری 2010 سازبكرێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*