سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » داوا دەكرێت ئەڵمانیا هێزەكانی لە عیراق بكشێنێتەوە

داوا دەكرێت ئەڵمانیا هێزەكانی لە عیراق بكشێنێتەوە

لە دوای دەستپێكردنی شەڕی داعش، بۆ راهێنان و مەشق پێكردنی هێزە ئەمنییەكان ‌و بەرەنگاربوونەوەی داعش، ئەڵمانیا سەدان پسپۆڕ و شارەزای سەربازی ناردۆتە عیراق و هەرێمی كوردستان و ئێستاش لە دوای تێكچوونی دۆخی ناوخۆی عیراق، ئەو تیمە سەربازییانە بەپێی بڕیاری پەرلەمانی ئەڵمانیا، تا كۆتایی ئەمساڵ لە كارەكانیان بەردەوام دەبن.
دوای پێشبینیكردنی ئاڵۆزی زیاتر، لە نێوەندی سیاسی ئەڵمانیدا داوا دەكرێت كە حكومەتی ئەڵمانیا ئەو هێزانە بكشێنێتەوە و بیانگەڕێنێتەوە وڵاتی خۆیان، بە تایبەتیش لە دوای ئەوەی هێزەكانی ئەمریكا و ناتۆ بڕیاری وەستاندنی چالاكییە سەربازییەكانی خۆیان لەو وڵاتە داوە، لەلایەن هێز و لایەنە بەرهەڵستكارەكانی ناوخۆی ئەڵمانیاوە ئەو داوایە زیاتر دەبێت.

پارتی سەوز نیگەرانە
ئەنالینا باربوك هاوسەرۆكی پارتی سەوزی ئەڵمانی لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانی، رایگەیاند: رووداوەكەی ئەم دواییەی نزیك فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا بارودۆخی نێوان ئەمریكا و ئێرانی دژوارتر كردووە و ئەمن و ئاسایشی ناو هێزە سەربازییە عیراقییەكان تێكچووە و پێویست بەوە ناكات سەربازانی وڵاتەكەیان بكەونە بەر پڕوشكی ئاگری ئەو شەڕ و ململانێیانە، بۆیە داوای لە حكومەتەكەی مێركل كرد كە دەستبەجێ ئەو تیمە سەربازییانە بگەڕێنیتەوە ئەڵمانیا.

نەهێڵین شەڕ بقەومێت
كلاودیا رۆت جێگری سەرۆكی پەرلەمانی ئەڵمانیا وتی: تەنها كشاندنەوەی هێزەكانمان بەس نییە، بەڵكو دەبێت خوێندنەوەی زیاترمان بۆ رووداوە مەترسیدارەكانی ناوچەكە هەبێت و لایەنێكی كاریگەر بین بۆ رێگرتن لە هەڵگیرسانی شەڕ، چونكە ئەو شەڕە ئەگەر رووبدات، زۆر سەخت دەبێت و خەڵكێكی زۆری تێدا دەكوژرێت، دەبێت حكومەت لە كەناڵە دیپلۆماسییەكانی خۆیەوە لەگەڵ ئەو دوو وڵاتە پەیوەندی بگرێ و نەهێڵێت شەڕ بقەومێت.

دۆخەكە مەترسیدارە
هانس پیەتر بارتلز كۆمسیاری كاروباری پەرلەمانی ئەڵمانیا مەترسی خۆی لەو دۆخە نەخوازراوە نیشاندا و مەترسییەكانیشی لەسەر كارەكانی هێزەكانی وڵاتەكەی نەشاردەوە، كە لەوانەیە رووبەڕووی كێشە و ئاڵۆزی ببنەوە، بۆیە داوایكرد پێداچوونەوەیەك بە مانەوەی ئەو هێزانەدا بكرێ و ژیانی سەربازەكانیان مسۆگەر بكرێت.

سۆسیال دیموكراتیش داوا دەكات
خاتوو ساكسیائیسكن سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی ئەڵمانیش پێشوازی لە بڕیاری حكومەت كرد، بە وەستاندنی ئەركەكانی تیمەكانیان لە عیراق. لەهەمان كاتدا داوایكرد كە خوێندنەوەیەكی جددی بۆ رەوشی ناوخۆی عیراق و پەیوەندییەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا بكرێت ‌و لە ژێر رۆشنایی ئەوەوە پەرلەمان پێداچوونەوە بەو بڕیارەدا بكات، كە بەپێی ئەوە، مانەوەی هێزەكانیان بۆ كۆتایی 2020 درێژكراوەتەوە، ئەویش بەهەمان شێوە پێیوایە كە دەبێت بگەڕێنرێنەوە بۆ ئەڵمانیا.

مانەوەیان گرنگە
لە بەرامبەردا، رۆبەرت رۆنتگن بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كریستیان «پارتەكەی مێركل» جیا لەوان پێیوایە كە دەبێت ئەو هێزانە لە عیراق و هەرێمی كوردستان بمێننەوە، ئەو بەرپرسە كە هەمان كات سەرۆكی لیژنەی بەرگریی پەرلەمانیشە، رایگەیاند: تۆكمەكردنی هێزە عیراقییەكان و پسپۆڕكردنیان گرنگە بۆ چۆنێتی روبەڕوبونەوەی تیرۆر و ئەوەش یەكێكە لە ئەركەكانی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەكەمان، تاكو هاوكاریی ئەو هێز و لایەنانە بكەین كە بەرەنگاری تیرۆری نێودەوڵەتی دەبنەوە.

ئەوانەی هەرێمی كوردستان
لەناو هەرێمی كوردستاندا نزیكەی 100 سەربازی ئەڵمانی لەژێر چاودێریی بنكەیەكی سەنتراڵ لە وڵاتی ئوردنەوە ماوەی سێ ساڵە مەشق و راهێنان بە هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان دەكەن و لە رووی بەرگریی و فێركردنیان بە جۆرەها چەك و چۆنێتی خۆپاراستن و تاكتیكەكانی شەڕی تەكنۆلۆژیای سەربازی و بابەتی تر. ئەو تیمانە تائێستا چەكی زۆریشیان بۆ هێزی پێشمەرگە هێناوە و سوودیان گەیاندووە.

لە دەست پەرلەمانە
مانەوە و درێژەدان بە كار و ئەركەكانی تیمە سەربازییە ئەڵمانییەكە لەناو خاكی عیراق، لە دەست پەرلەمانی ئەڵمانیادایە و جارێ دیار نییە كە پێشهاتەكان چۆن دەبن كە ئایا داوای زیاتر دەكرێت یان نا؟، چونكە تائێستا پەرلەمان هیچ بڕیارێكی لەم جۆرەی نەداوە، بەڵام پێدەچێ دانیشتنی بۆ بكرێ و لەوێ یەكلایی بكرێتەوە.

لەسەر بچینەی پێشهاتەكان بڕیار بدەن
لە دوای راسپاردەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ چوونە دەرەوەی هەموو هێزە سەربازییە بیانییەكان لە خاكی ئەو وڵاتەدا، وتەبێژێك بەناوی سوپای ئەڵمانییەوە ئاشكرایكرد، كە تیمەكانیان بەشێوەیەكی كاتی چەند یەكەیەكیان لە ناو خاكی عیراق بۆ وڵاتانی دەوروبەر «ئوردن و كوێت» گواستۆتەوە، تاكو چاوەڕوانی دۆخەكە بكەن و لەسەر بچینەی پێشهاتەكان بڕیاری كۆتایی بدەن.

سەرچاوە: میدیای ئەڵمانیا

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*