سەرەکی » زانست » ناسا بە پڕۆژەیەكی نوێوە دەگەڕێتەوە بۆ سەر مانگ

ناسا بە پڕۆژەیەكی نوێوە دەگەڕێتەوە بۆ سەر مانگ

ئاژانسی ناسای ئەمریكا بە نیازە لە ڕێگەی پرۆژەی ( ئارتمیس)ەوە جارێكی دیكە بگەڕێتەوە بۆ سەر مانگ.
پاش تێپەڕبوونی پەنجا ساڵ بەسەر نیشتنەوەی یەكەمین كەشتیی فەزایی و دابەزینی یەكەمین مرۆڤ لەسەر ڕووی مانگ، ئێستا ئاژانسی ناسا بە نیازە جارێكی تر ئەو كارە دوبارە بكاتەوە، بەڵام ئەو ئاژانسە ڕێگەیەكی دوورو درێژ و ئاستەنگیی زۆری لەبەردەمدایە بۆ تیپەڕاندنیان.
پرۆگرام یان پرۆژەی ( ئارتمیس) چییە؟
پرۆگرامێكی گەورەی ئامانجداری ئاژانسی فەزایی (ناسا)یە بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مانگ كە بڕیارە لە ساڵی (٢٠٢٤)دا ڕێكبخرێت، كە ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ یادی (٥٠) ساڵەی گەیشتنی یەكەمین مرۆڤ بۆ سەر ڕووی مانگ.
هەر لەو چوارچێوەیەدا ناسا پلانی داناوە بۆ دروستكردنی وێستگەیەكی فەزایی لە خوڵگەی مانگدا بۆ ئەوەی ببێتە بنكەیەك و تا ساڵی (٢٠٢٤) فەزاوانان بگوازێتەوە بۆ سەر ڕ،وی مانگ و لەوێشەوە مانگ بكرێتە بنكەیەك بۆ ڕەوانەكردنی تیمە نێردەكان بۆ هەسارەی مەریخ.
لەمبارەیەشەوە (مایك بنس)ی جێگری سەرۆكی ئەمریكا ڕایگەیاندووە، كارەكانی دروستكردنی كەشتیی ئۆریۆنی سەر بە ئاژانسی ناسا تەواو بووە كە تایبەتە بە ئەركی (ئارتمیس-1-).
ناساش دەڵێت» ئارتمیس-1- كەشتی فەزایی ئۆریۆن و موشەكێكی سیستمی هەڵدانی فەزایی بەدەوری مانگدا هەڵدەدات بۆ تاقیكردنەوەی سیستمەكە و ڕێگە خۆشكردن بۆ نیشتنەوە لەسەر ڕووی مانگ».
ناسا ئەوەشی ڕاگەیاند، بە پێی پرۆگرامی ئارتمیس لە سەرەتای (٢٠٢٤)دا یەكەمجار ژنێك دەنێردرێت بۆ سەر ڕووی مانگ و دواتریش پیاوێك دەنێردرێت و لەساڵی (٢٠٢٨)یشدا بنكەیەكی هەمیشەیی مرۆیی لەسەر ڕووی مانگ دروست دەكرێت.
ئاڵنگارییەكانی بەردەم پرۆژەی ئارتمیس لەم چەند ڕۆژەی ڕابردودا (دۆناڵد ترەمپ)ی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا ڕەخنەی لە ئاژانسی ناسا گرت، سەبارەت بەو ئامانجەی كە بریتیە لە دوبارەكردنەوەی ڕەوانەكردنی مرۆڤ بۆ سەر ڕووی مانگ.
ترەمپ لە تویتێكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر ئاشكرایكردووە كە پێویستە ئاژانسی ناسا ئامانجەكەی بگۆڕێت و پێویست ناكات دووبارە مرۆڤ بنێرێتەوە بۆ سەر مانگ، بەڵكو دەبێت ئامانجی زۆر لەوە گەورەتری هەبێت،چونكە ئەمریكا بەر لە 50 ساڵ چووەنە سەرمانگی تاقیكردوەتەوە.
ئەم قسانەی ترامپیش وا لێكدەدرێتەوە كە ڕەنگە ئەو سەرۆكە پشتیوانییەكانی بۆ پرۆژەی چوونەوە سەر مانگ كەمبكاتەوە.
یەكێكی تر لە ئاڵنگارییەكان ئەوەیە كە ئێستا ناسا ڕوبەڕووی كێشەیەك بووەتەوە سەبارە بە سیستمی هەڵدانی موشەكی تا ساڵی داهاتوو، ئەو سیستمەش بە پێی ڕێكەوتنێك دەبێت كۆمپانیای بۆینگ بۆی ئامادە بكات، بەڵام بە پێی هەندێك سەرچاوە، خەرجیی ئەو سیستمە بەچەندین ملیۆن دۆلار زیاترە لەو بودجەیەی كە بۆ بەرنامە فەزاییەكانی ئەمریكا دانراوە، هەروەها دروستكردنی كەشتیی ئۆریۆنیش هەمان كێشەی هەیە.
لەلایەكی ترەوە، ئاژانسی ناسا پلانی داناوە بۆ دروستكردنی پێگەیەكی فەزایی لە خولگەی مانگدا بۆ ئاسانكردنی پرۆسەی چوونە سەر مانگ، بەڵام تا ئێستا هیچ بەشێكی ئەو وێستگەیە نەنێردراوە و ئەمەش ئاماژەیە بۆ دواكەوتنی خشتەی كاتیی جێبەجێكردنی پرۆژەكە.
لە كۆتایشدا تا ئێستا ڕوون نییە كە كۆنگرێس پشتیوانی پرۆژەی ئارتمیس دەكات بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مانگ یاخود نا ؟
پێویستە بوترێت ناوی ئارتمیس ناوێكی گریكییە و لەئەفسانەی گریكییەكاندا خواوەندی مانگ بووە و ئۆریۆنیش یەكێك بووە لە شوێنكەوتووەكانی ئەو خواوەندە.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*