سەرەکی » وتار » هونه‌ر ره‌سوڵ ئه‌حمه‌د » ئێستای كورد و ئاگری رووداوەكان

ڕوونتر

ئێستای كورد و ئاگری رووداوەكان

ئەوەی كە دەوترێت كورد زۆرجار دەرفەتی زێڕینی بۆ دروستبووە تاكو بە مافەكانی بگات، تەنها بەشێكی وێنەكەی بە دروستی شیكار دەكرێت، ئەگەرنا لە بنەڕەتەوە بەشێكی هەرە گرنگی پەیوەستە بە خودی ئەو وڵات و زلهێزانەی لە كاتی پێویستدا دەیانتوانی بڕیاری دروست لە قەدەری كورد بدەن، بەڵام بە هۆكاری تایبەتی و لەبەر پاراستنی بەرژەوەندییەكانیان، نەیانكرد. ئەمە ئەگەر بۆ رابردوو هاوكێشەیەكی راست بێت، بێگومان بۆ داهاتووش ئەگەر هەیە هەر بەم چەشنە بێت، چونكە تا دونیا هەیە بەرژەوەندیی وڵاتانی زلهێز كۆتایی نایەت.
لە نێوان خواستی ئەوان و كوردیشدا رەنگە باشترین هەنگاوێك ئەوە بێت، كە كورد پارێزگاری لە ئێستای پێگەكەی بكات، لە واقیعیشدا ئەگەر كورد بەم ئێستایەی رازی نەبێت، چی دەكات؟ بێگومان وەڵامەكەی هەر رازیبوونە بەو واقیعە، چونكە گرنگە ئەوەی بەدەستهاتووە كورد پارێزگاری لێبكات و رێگە نەدات دەستكەوتەكانی لەناو بچن، بۆ ئەم پارێزگاریكردنەش هیچ گومان لەوەدا نییە كە كورد ناتوانێت بە هێز و لە رێگەی توانا سەربازییەكانیەوە ئەم كارە بكات، كەواتە تاكە رێگەی دروست لە بەردەم مانەوەی كورد و پاراستنی دەستكەوتەكان تەنها هەوڵدانە بۆ دیالۆگ لەلایەك و لەلایەكی تریش پاراستنی هاوسەنگییە لە نێوان كێبڕكێ و ململانێكانی ئەو وڵاتانەی جەنگەكانیان خستۆتە ئەو ناوچەیەوە و قەدەری كوردیش هەر ئەوەیە كە بەشێكە لەو جوگرافیایەی بە درێژایی مێژوو خاڵی ناكۆك و شوێنی یەكلابوونەوەی هێز و هەژموونی ئەوانی ترە بەرامبەر بە یەكتری.
كورد لە زۆر قۆناغی گرنگدا بووە بە پردی پەیوەندی و لە زۆر كاتی تریشدا لە پاڵ زلهێزەكانی دونیاوە توانویەتی بووەستێت، دوو دەیەی رابردوودا ئەگەر بەنموونە بهێنینەوە، رووخاندنی رژێمی بەعس و جەنگی تیرۆریش تا دەگات بە لەناوبردنی خەلافەتەكەی داعش، كورد هەمیشە لە پاڵ ئەو زلهێزانەی دونیادا بووە و لە زۆر كاتیشدا كورد وەك قارەمان و نەتەوەیەكی ئازادیخواز ناسێنراوە، بەڵام هیچ یەكێ لەو وڵاتانەی بەم شێوازە وەسفی كوردیان كردووە، لە قۆناغی گرنگدا كە كورد پێویستی پێیان بووە بۆ گەیشتن بە مافە رەواكانی، وەك ئەوەی كورد خواستی لەسەر بووە هاوكار و پشتیوانی نەبوون و هەندێ جاریش گڵۆپی سەوزی هێرش و قەتڵوعامی كوردیشیان داگیرساندووە، رەنگە ئەمە بەشێكی پەیوەست بێت بەو راستییەی كە كوردیش خۆی بەرامبەر بە مافەكانی لە جۆر و شێواز و كاتدا دەقیق نەبووبێت و لە هەمان كاتیشدا هیچ یەكێ لە هاوكارییەكانی كە پێشكەشی دونیای كردووە، بە نووسراو و بە شێوازێكی رەسمی نەبووبێت، بەڵام هەمدیسان ئەوەش نابێتە بیانووی ئەو وڵاتانەی كە كۆی ئەو زوڵم و ستەمەی رابردووی نەتەوەیەكی بێ دەوڵەتیان بینیوە و ئێستاش بەرامبەری كەمتەرخەمن.
لەم قۆناغەشدا كە ململانێی زلهێزەكان بەردەوامی هەیە و لە رۆژانی رابردووشدا گرژیی نێوان ئەمریكا و ئێران گەیشت بە لوتكە و لە بەرامبەر هەنگاوەكەی ئەمریكاشدا، ئێرانیش ژمارەیەك مووشەكی ئاراستەی بنكە سەربازییەكانی كرد، دەبێت كورد زۆر زیاتر لەوەی پیشانیداوە ورد و هێمن بڕیارەكانی بدات، باشترین بژاردەش لە بەردەم كورددا ئەوەیە كە بۆ هیچ لایەنێك نابێت ببێتە پشتیوان و هەمووانیش وەك یەك و بە یەك دووری سەیر بكات، چونكە لە واقیعدا نە شەڕەكە هی كوردە و نە كوردیش لەم دۆخە ناسكەیدا بەرگەی ئاگری هیچ یەكێ لەو وڵاتانە دەگرێت.
بێدەنگیی كورد ‌و نەبوونی هیچ ئاماژەیەكی تەرەفگیری، خاڵێكی ئیجابی گرنگە بۆ داهاتووی كورد و سەرەتا و دەستپێكی ئەم هەنگاوەش لەوەوە سەرچاوە دەگرێت كە كورد بە هەنگاوی جددی بۆ یەكخستنی زیاتری نێوماڵەكەی كار بكات و سەیری رووداوەكانی داهاتوو بكات.

print

 85 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*