سەرەکی » چاوپێکه‌وتن » كنێر عه‌بدوڵڵا: جه‌نگ چه‌مكی‌ توندوتیژی‌ به‌رهه‌مهێناوه‌

كنێر عه‌بدوڵڵا: جه‌نگ چه‌مكی‌ توندوتیژی‌ به‌رهه‌مهێناوه‌

سازدانی‌: ئیسماعیل حه‌مه‌

له‌م دیداره‌دا، كنێر عه‌بدوڵا، چالاك له‌ بواری‌ مافه‌كانی‌ ژنان‌و نوسه‌ر و توێژه‌ر ئاماژه‌ به‌ ئاریشه‌كانی‌ خۆشه‌ویستی‌ نێوان هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز ده‌دات‌و باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ خۆشه‌ویستی‌ قوربانیدانه‌و باجه‌كه‌شی‌ زۆر جار ژنان ده‌یده‌ن‌و ئاسه‌واره‌كه‌یشی‌ جه‌نگ بووه‌. ده‌ڵێت: «جه‌نگ له‌وڵاته‌كه‌ماندا وایكرد ئه‌وه‌نده‌ی چه‌مكی توندوتیژی به‌رهه‌م بێت، ئه‌وه‌نده‌ له‌گرنگی هاوشێوه‌كانی چه‌مكی خۆشه‌ویستی نه‌بێته‌ كلتوری پیاده‌كردنی په‌یوه‌ندییه‌ مرۆییه‌كان»

*وه‌ك شاره‌زایه‌ك پڕۆسه‌ی خۆشه‌ویستی نێوان دوو ڕه‌گه‌ز له‌كۆمه‌ڵی‌ كورده‌واریدا چۆن ده‌بینینن؟!
ـ كنێر عه‌بدوڵا: گرنگه‌ له‌پشت به‌ئه‌نجامگه‌یاندنی هه‌ر پرۆژه‌یه‌كه‌وه‌ ئامانجێكی سه‌ره‌كی، یان ئامانجگه‌لێك له‌خۆ بگرێت، ئه‌وه‌ی ئامانجی به‌نده‌ش بوو له‌پاڵ ئه‌م به‌رهه‌مه‌دا بوونی پێوه‌ری خۆشه‌ویستی، یان به‌هه‌ڵه‌ تێگه‌یشتن‌و پیاده‌كردنی پڕۆسه‌ی خۆشه‌ویستیه‌ له‌نێوان دوو ڕه‌گه‌زی جیاوازدا له‌كۆمه‌ڵی كورده‌واریدا، یاخود له‌ڕوویه‌كی دیكه‌وه‌ ترس‌و بڤه‌بوون‌و قه‌ده‌غه‌كردن‌و رێگری‌و سه‌یركردنی خۆشه‌ویستییه‌ وه‌ك تاوان، یان گوناه، یاخود هێڵی سووره‌ كه‌ به‌زاندنی ئه‌و هێڵه‌ باج‌و قوربانی گه‌وره‌ی هه‌یه‌ بۆ مرۆڤه‌كان به‌گشتی، هه‌روه‌ها خستنه‌ ڕووی ئه‌زموونی سه‌ركه‌وتوو چیرۆكی خۆشه‌ویستی نامه‌كانی هه‌ندێك له‌و خۆشه‌ویستانه‌ به‌مه‌به‌ستی نیشاندانی نموونه‌ی واقعیانه‌ی نێوان مرۆڤه‌كان وه‌ك ده‌روازه‌یه‌كی تری بینینی مه‌سه‌له‌كه‌‌و سوودمه‌ندیی‌‌و گه‌شبینی ئامانجێكی دیكه‌ی بابه‌ته‌كه‌یه‌.

* به‌بڕوای‌ تۆ خۆشه‌ویستیكردن قوربانیدانی‌ پێویسته‌؟
كنێر عه‌بدوڵا: به‌گشتی له‌كۆمه‌ڵی ئێمه‌دا‌و له‌ئیمڕۆدا دید‌و تێڕوانین له‌مه‌ڕ خۆشه‌ویستی له‌قه‌یراندایه‌ به‌و واتایه‌ی كلتور و په‌روه‌رده‌و ژینگه‌ی فێربوون. به‌گشتی به‌دووره‌ له‌خۆشه‌ویستی‌و كاركردن پێی، بۆیه‌ به‌خۆشه‌ویستییه‌وه‌ ناڕوانینه‌ مرۆڤه‌كان، مه‌سه‌له‌كان، شوێنی كاركردن‌و خه‌ونه‌كان، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی له‌هه‌مانكاتدا بوونی خۆشه‌ویستی نێوان دوو ڕه‌گه‌زی جیاواز له‌ئاستێكی ته‌مومژاوی‌و ترس‌و عه‌یبه‌‌و تۆقاندن‌و دڵه‌ڕاوكێدایه‌. ته‌مومژاوی له‌ئاست ده‌رنه‌خستنی خودی مرۆڤه‌كان وه‌ك خۆیان كه‌ هه‌ن‌و دووری له‌ڕاستگۆیی‌و شه‌فافیه‌ت، ترس له‌وتن‌و به‌كارهێنانی عه‌یبه‌ له‌پیاده‌كردن‌و جێبه‌جێكردنی. بۆیه‌ تێڕوانین بۆی له‌لایه‌ن زۆرێك له‌مرۆڤه‌كانه‌وه‌ چاولێكه‌رانه‌‌و باو و ڕووكه‌شانه‌‌و ڕواڵه‌تكارانه‌، یان به‌رژه‌وه‌ندیخوازانه‌یه‌‌و ده‌توانم بڵێم، ته‌نانه‌ت جۆرێكه‌ له‌خودپه‌رستی‌و وه‌همێكی جوان كه‌ به‌شێك له‌مرۆڤه‌كان به‌خه‌یاڵ پیاده‌ی ده‌كه‌ن‌و نه‌بوه‌ته‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌كی راستگۆیانه‌ی نێوان مرۆڤه‌كان، بۆیه‌ پیاده‌كردنی له‌ئاكامدا ده‌بێته‌ هۆی قوربانی‌و باجی گه‌وره‌‌و كاره‌ساتی وه‌ك كوشتنی مرۆڤه‌كانی لێده‌كه‌وێته‌وه‌.
بێگومان هه‌موو ئه‌وانه‌ش هۆكار گه‌لێكی جیاوازی له‌پشته‌وه‌یه‌، په‌روه‌رده‌ نه‌كردنی هاوڵاتی له‌سه‌ر بنه‌مای خۆشه‌ویستی به‌مه‌به‌ستی تێگه‌یشنی له‌و چه‌مكه‌‌و جیاكردنه‌وه‌ی جۆره‌كانی‌و ئاسایی وه‌رگرتنی بۆ چوونه‌ نێو پرۆسه‌‌و ئه‌زمونی خۆشه‌ویستی له‌گه‌ڵ مرۆڤێكدا كه‌ هه‌ڵبژارده‌‌و ئیراده‌و ڕه‌زامه‌ندی خودی دوو مرۆڤه‌كه‌یه‌‌و له‌هه‌مانكاتدا به‌رپرسیارێتی هه‌ڵگرتنی بڕیاره‌كه‌، یان یه‌كێكه‌ له‌هۆكاره‌كان. هه‌روه‌ها سه‌یركردن‌و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و چه‌مكه‌‌و چه‌ندینی دیكه‌ به‌نه‌نگی‌و شه‌رمه‌زاری‌و سوكایه‌تیكردن به‌مرۆڤه‌كان، یان بنه‌ماڵه‌‌و تایه‌فه‌و …هتد. له‌روانگه‌ی ئه‌قڵیه‌تی پیاوسالاری‌و ئاینی‌و ده‌سه‌ڵاتدارێتی‌و زلهێزی مانه‌وه‌ی پیرۆزێتی بنه‌ماڵه‌‌و عه‌شیره‌تگه‌رێتی هۆكارێكی دیكه‌یه‌، جگه‌ له‌وه‌ی كلتور و ژینگه‌ی په‌روه‌رده‌یی نێو كۆمه‌ڵگه‌، یان به‌دیوێكی دیكه‌دا نائارامی‌و ناسه‌قامگیریی لایه‌نی ئاسایش‌و مێژووی قۆناغه‌كانی جه‌نگ له‌وڵاته‌كه‌ماندا وایكرد ئه‌وه‌نده‌ی چه‌مكی توندوتیژی به‌رهه‌م بێت، ئه‌وه‌نده‌ له‌گرنگی هاوشێوه‌كانی چه‌مكی خۆشه‌ویستی نه‌بێته‌ كلتوری پیاده‌كردنی په‌یوه‌ندییه‌ مرۆییه‌كان كه‌ بێگومان ڕه‌وینه‌وه‌ی ئه‌و باره‌ ده‌روونییه‌ دروستبووه‌ له‌ناخ‌و هزری تاكه‌كاندا كاری درێژخایه‌نه‌ی گه‌ره‌كه‌.

* خۆشه‌ویستی‌ گۆڕانكاریی به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت؟
كنێر عه‌بدوڵا: خۆشه‌ویستی یه‌كێكه‌ له‌ سه‌ره‌تاییترین مافی مرۆڤه‌كان‌و هیچ كات له‌ رووی ناواخنه‌وه‌ گۆڕانكاری به‌خۆوه‌ نابینێت، چونكه‌ هه‌ست‌و نه‌سته‌كانی خۆشه‌ویستی نیوان مرۆڤه‌كان، ئه‌گه‌رچی جۆری جیاواز و شێوازی جیاواز‌و پیاده‌كردنی جیاواز به‌خۆوه‌ ده‌بینن، به‌ڵام هیچ كات به‌ده‌ر نابێت له‌هه‌سته‌كان لێره‌وه‌ گرنگی یه‌كتر قبووڵكردن‌و تێگه‌یشتنی مرۆڤه‌كان ڕۆڵی كاریگه‌ر ‌و گه‌وره‌ ده‌گێڕن له‌زیندوێتی‌و به‌رده‌وامیه‌تتدان به‌خۆشه‌ویستی له‌نێوان دوو ڕه‌گه‌زدا به‌ پێی قۆناغه‌ جیاجیاكانی ژیانیان چ له‌سه‌ره‌تای یه‌كترناسینیانه‌وه‌ تا گه‌یشتنیان به‌یه‌كتر له‌ژێر سه‌قفی هاوسه‌رگیریدا. نیشاندانی خودی مرۆڤه‌كان وه‌ك خۆیان له‌سه‌ره‌تای یه‌كترناسینه‌وه‌ به‌وه‌ی خۆیان چۆنن بێ هیچ موجامه‌له‌كردن‌و ناڕاستگۆیی‌و شاردنه‌وه‌یه‌ك بنه‌مایه‌كی تۆكمه‌ ده‌بێت بۆ جۆری په‌یوه‌ندییه‌كه‌‌و هه‌روه‌ها یه‌كتر قبووڵكردنی یه‌كتریش به‌خاڵه‌ جیاواز‌و ناكۆكه‌كانی یه‌كتری وه‌ك ئه‌وه‌ی واقیعه‌. هه‌نگاوێكی تری درێژه‌دان‌و به‌رده‌وامیه‌تدانه‌ به‌خۆشه‌ویستی، بۆیه‌ گرنگه‌ ئه‌و دوو مرۆڤه‌ هه‌وڵی به‌پرۆژه‌كردنی خاڵه‌ هاوبه‌شه‌كانی نێوانیان بده‌ن‌و به‌خاڵه‌ جیاوازه‌كانی نێوانیشیان قایلبن‌و تێگه‌یشتنیان بۆی هه‌بێت به‌واتایه‌كی دیكه‌ هه‌وڵی كۆپیكردنی یه‌كتر نه‌ده‌ن به‌شێوه‌یه‌ك پێیانوا بێت به‌و شێوه‌یه‌ بێكێشه‌ ده‌بن، ئه‌گه‌رچی كارێكی قورسه‌.

* هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز له‌خۆشه‌ویستیكردندا قوربانین؟
كنێر عه‌بدوڵا: له‌واقیعدا نه‌گه‌یشتنی دوو خۆشه‌ویست به‌یه‌كتری به‌هۆی هۆكاری بنه‌ماڵه‌یی بێت، كه‌ فڵان سه‌ر به‌بنه‌ماڵه‌ی فڵانه‌‌و گه‌ر له‌خۆیان نه‌بێت بڕیار له‌چاره‌نوسی كچه‌كه‌، یان كوڕه‌كه‌ ده‌درێت كه‌ هه‌تا هه‌تایه‌ هاوسه‌رگیریی نه‌كات به‌وه‌ش مافی وه‌ك ژن‌و مافی وه‌ك دایك و باوك لێده‌سه‌ندرێته‌وه‌ له‌ڕاستیدا له‌م كاته‌دا هه‌ردووكیان باجی گه‌وره‌ی بڕیاره‌كه‌ ده‌ده‌ن، ئه‌گه‌رچی نموونه‌و ئه‌زمونێكی تریش هه‌ن كه‌ ده‌رئه‌نجام به‌هۆی هۆكاری ناڕازیبوونی دایك، یان باوك به‌هه‌ر هۆكارێكه‌وه‌ بووبێت كوشتن‌و ئازاردان‌و سوكایه‌تیكردن به‌هه‌ردوو ڕه‌گه‌زه‌كه‌ لێبۆته‌وه‌، ڕاسته‌ زیاتر كچه‌كان باجی گه‌وره‌یان داوه‌‌و كوژراون، ئه‌وه‌ش له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ بووه‌ كه‌ كچ مافی خۆشه‌ویستی نییه‌‌و به‌هۆی ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خێڵه‌كی‌و پیاوسالاری له‌زۆرێك له‌ناوچه‌كاندا وایكردووه‌ عه‌یبه‌ بێت بۆ كچ و سنوربه‌زاندن‌و ده‌رچوون بێت له‌بڕیاره‌كانی ئه‌و نێوه‌نده‌، بۆیه‌ به‌مافی خۆیان زانیوه‌ حوكمی بۆ ده‌ربكه‌ن، كه‌ ئه‌مه‌ گه‌وره‌ترین پێشێلكارییه‌ دژ به‌مافی مرۆڤ، جگه‌ له‌وه‌ی وێڕای ئه‌وه‌ ناسه‌قامگیری یاسا‌و لاوازی پیاده‌كردنی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری گرفتی هه‌ره‌ گه‌وره‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌یه‌ له‌به‌رامبه‌ر ناهه‌قی‌و پێشێلكارییه‌كانی له‌م ڕوه‌وه‌ ئه‌نجامده‌درێت. بۆیه‌ ده‌رئه‌نجام خودی دوو مرۆڤه‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌ زه‌ره‌رمه‌ندن، چونكه‌ هه‌ریه‌كه‌یان به‌شێوه‌یه‌ك باجی به‌یه‌كنه‌گه‌یشتنیان ده‌ده‌نه‌وه‌.

* شكستی‌ خۆشه‌ویستی‌ نێوان دوو كه‌س كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر تاك چییه‌؟
كنێر عه‌بدوڵا: لاوازی بڕوانه‌بوون، یان متمانه‌نبوون به‌خۆشه‌ویستی ده‌رئه‌نجامی شكست‌و نه‌گه‌یشتن‌و ئه‌زموونی تاڵی مرۆڤه‌كانه‌ به‌یه‌كتری، ئیدی به‌هه‌ر هۆكارێكه‌وه‌ بێت، ئه‌گه‌رچی ئه‌زموون‌و كه‌سایه‌تی مرۆڤه‌كان له‌یه‌كتر جیاوازن‌و نابێت كاریگه‌ری خراپ به‌جێبهێڵێ، به‌ڵام دواجار ئه‌گه‌ر تێڕوانین مرۆڤه‌كان بۆ پڕۆسه‌ی یه‌كترناسین به‌شێوه‌یه‌ك بێت كه‌ ئامانجی ته‌نها به‌یه‌كگگه‌یشتین له‌سه‌ر بونیاد نه‌نرێت‌و له‌هه‌مانكاتدا مرۆڤه‌كان به‌ڕێزه‌وه‌ سه‌یری په‌یوه‌ندی نێوانیان بكه‌ن له‌ماوه‌ی یه‌كترناسینیاندا‌و وه‌ك هه‌ر ئه‌زموونێكی تری ژیان ته‌ماشای بكه‌ن كه‌ به‌ئه‌نجامی به‌یه‌كگه‌یشتنیان به‌خته‌وه‌ر و بگره‌ بیپارێزن‌و له‌هه‌مانكاتیشدا به‌ یه‌كنه‌گه‌یشتنیان ئه‌گه‌ر هۆكاری بابه‌تی‌و واقعی له‌پشته‌وه‌ بێت ده‌روازه‌یه‌ك بێت بۆ یه‌كترناسینی مرۆڤێكی دیكه‌ له‌ژیاندا گرنگێتی خۆی هه‌یه‌، به‌ڵام بێگومان ئه‌وه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ئاستی ڕۆشنبیری خودی مرۆڤه‌كان كه‌ ئه‌گه‌رچی قورسه‌، به‌ڵام سه‌یركردنی به‌و شێوه‌یه‌ له‌تێگه‌یشتنی قووڵی مرۆڤه‌كانه‌وه‌ ده‌بێت بۆ خۆشه‌ویستی، كه‌ بێگومان هه‌ندێكجار به‌یه‌ك نه‌گه‌یشتنی دوو خۆشه‌ویست به‌یه‌كتری دووره‌ له‌هۆكاری تایبه‌ت به‌خۆیان، به‌ڵكو كه‌سوكار و هه‌ندێك هۆكاری تری ده‌ره‌كی ده‌بێـته‌ رێگر كه‌ له‌و ساته‌وه‌ختانه‌دایه‌ كه‌ خۆشه‌ویستیی به‌زیندوێتی‌و نه‌مری ده‌مێنێته‌وه‌ كه‌ به‌گه‌یشتن‌و نه‌گه‌یشتن به‌یه‌كتری له‌بیر ناكرێت‌و له‌ژیله‌مۆی كه‌مناكاته‌وه‌ به‌و واتایه‌یه‌ ساته‌وه‌ختی نه‌گه‌یشتنی مرۆڤه‌كانه‌ وا ده‌كات خۆشه‌ویستی به‌نه‌مری بمێنێته‌وه‌ نموونه‌ گه‌لێكی چیرۆك‌و داستانی خۆشه‌ویستی مه‌م‌و زین‌و شیرین‌و فه‌رهاد و لاس‌و خه‌زاڵ‌و چه‌ندینی دیكه‌ نموونه‌ی ئه‌و ڕاستییه‌ن.
ماوه‌ته‌وه‌بڵێم خۆشه‌ویستی له‌ژیانی هاوسه‌رگیریدا شێوازی جیاواز به‌خۆوه‌ ده‌بینێ‌و گه‌ر خودی هاوسه‌ره‌كان ڕێگه‌ی جیاواز نه‌گرنه‌به‌ر لایه‌نی كه‌م له‌بۆنه‌ تایبه‌ت‌و ته‌نانه‌ت گشتییه‌كانیشدا بۆ یه‌كتری زیندوێتی‌و به‌رده‌وامیه‌ت له‌ده‌ست ده‌دات‌و جۆری په‌یوه‌ندییه‌كه‌ش ڕۆتین‌و ته‌قلیدی به‌خۆوه‌ ده‌بینێ، بۆیه‌ به‌بڕوای من بناغه‌ی هه‌موو داهێنان‌و گه‌شه‌كردن‌و باوه‌ڕبه‌خۆبوون‌و بینینی جوانییه‌كان‌و لایه‌نه‌ باشه‌كانی ئه‌ویدیوی ژیان سه‌رچاوه‌كه‌ی بۆ خۆشه‌ویستی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. چونكه‌ خۆشه‌ویستییه‌ وا له‌ مرۆڤه‌كان ده‌كات خۆی خۆشبوێت‌و ئه‌ویدی خۆشبوێت‌و هه‌موو ئه‌وانیتریش، ئینتمای بۆ ده‌زگا‌و شوێنی كاركردن‌و مه‌سه‌له‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان هه‌بێت به‌ژیانی هاوڵاتیه‌كانه‌وه‌، ئینتمای بۆ خاك‌و نیشتمان‌و وڵاته‌كه‌ی هه‌بێت به‌وه‌ش وڵات له‌گه‌شه‌كردن‌و پێشكه‌وتندا ده‌بێت‌و به‌دوور ده‌بێت له‌توندوتیژی و پێشێلكاریی مافی مرۆڤه‌كان.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

له‌ بواری‌ نووسین تائێستا 500 ئه‌ڵقه‌م نووسیوه‌…

له‌ بواری‌ نووسین تائێستا 500 ئه‌ڵقه‌م نووسیوه‌، به‌ هه‌مووی‌ ئه‌گه‌ر ...