سەرەکی » راپۆرت » راپۆرتی، ته‌ها عه‌بدوڵلا‌ » چاكسازی لە هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت

چاكسازی لە هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت

دوای چەندین كۆبوونەوە، رۆژی پێنجشەممە 16ی 1ی 2020، پەرلەمانی كوردستان بە زۆرینەی دەنگ پڕۆژەیاسای (چاكسازی لە مووچەو دەرماڵەو بەخشینی ئیمتیازاتەكان‌و خانەنشینی لە هەرێمی كوردستان) پەسەند كرد و هەریەكە لە فراكسیۆنەكانی كۆمەڵ‌و یەكگرتوو و نەوەی نوێ-یش بایكۆتی دانیشتنەكەیان كرد و دەنگیان بە یاساكە نەدا.
بەگوێرەی ئەو یاسایە كە لە (19) ماددە پێكهاتووە، مووچەی خانەنشینی پلە باڵاكان كەمدەكرێتەوەو هەژمارێكی بانكیش بۆ فەرمانبەران دەكرێتەوە، تا زامنی پاراستنی مووچە پاشەكەوتكراوەكانیان بكرێت، لەگەڵ چەندین بڕگەو ماددەی دیكە كە پەیوەندی بە پاككردنەوەی لیستی مووچەی كەسوكاری شەهیدان‌و زیندانی سیاسی‌و فەرمانبەرانەوە هەیە، دوای كۆبونەوەكەش هەریەكە لە سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆك و ئەندامانی فراكسیۆنە جیاوازەكان بۆچوونی خۆیان لەسەر ئەو یاسایە خستەروو.
لەدوای پەسەندكردنی پڕۆژەیاساكەش، د.رێواس فایق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، وەك پەرلەمان ئەركی خۆمان لە دەركردنی یاسای چاكسازی تەواوكرد و ئەركەكەش ئاسان نەبوو. وتیشی: «لە داهاتوو پڕۆژەیاسایەكی خانەنشینی یەكگرتوو هاوتای ئەوەی لە بەغدا هەیە ئامادە دەكرێت، بەجۆرێك دادپەروەری تێدابێت‌و هێزەكانی ئاسایش‌و ناوخۆش دەچنە ناو ئەو یاسا یەكگرتوەوە».
ئاماژەی بەوەشكرد، جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی بۆ ئەوەیە ماف بۆ خاوەن ماف بگەڕێتەوە، بۆ ئەوەی ئەگەر خەڵكێكی ناشایستە هەبێت لەناو فەرمانگەكاندا جیا بكرێنەوە، ئەركی حكومەتی هەرێمی كوردستانیشە لەدوای پەسەندكردنی یاساكەو بڵاوبوونەوەی لە وەقائیعی كوردستان، یاساكە جێبەجێ بكات.

گرەنتی وەرگیراوە
لایخۆیەوە، جەمال حەوێزی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان، رایگەیاند، هەرچەندە پەسەندكردنی یاسای چاكسازی بەمجۆرە لە ئاست‌و خواستی ئێمە نەبوو حەزمان دەكرد باشتر بوایە، بەڵام پێمانوایە ئەوە هەنگاوی یەكەمە، بەتایبەتی بۆ كەسوكاری شەهیدان‌و زیندانیانی سیاسی دڵنیایان دەكەینەوە كە ئەوەی ئەوان پێی نیگەران بوون لەناو یاساكە چارەسەر كراوە، هەروەها ئەو پارەیەی بە جێبەجێكردنی ئەو یاسایە دەگەڕێتەوە گەنجینەی حكومەت، گرەنتی وەرگیراوە كە بۆ ئەوانە خەرج بكرێت كە كەمترین مووچەیان لە هەرێمی كوردستان هەیە.
‌وتیشی: «حكومەتی هەرێم هان دەدەین كە هەنگاوی تر بنێت بۆ چاكسازی، تا هەموو داخوازی چین‌و توێژەكان بهێنێتەدی».

هەنگاوی زیاتر لەچاكسازی
هاوكات، ئومێد خۆشناو سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی كوردستان، وتی: «دوای ئەوەی پڕۆژەیاسای چاكسازی لەلایەن حكومەتەوە ئاراستەی پەرلەمان كرا، لەلایەن لیژنە تایبەتمەندەكان‌‌و ئەندامان بەگشتی هەموو هەوڵێكیان خستەگەڕ تا پڕۆژەكە دەوڵەمەندتر بكرێت».
وتیشی: «یاسای چاكسازی دەستپێكە بۆ ئامانجێكی گەورەو لە پەیوندییەكانی نێوان حكومەت‌و پەرلەمان‌و رێكەوتنی لایەنەكان لەپێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەت. ئەوە هەنگاوی یەكەمە هەوڵ دەدەین لە داهاتوودا هەنگاوی زیاتر لەچاكسازی و دادپەروەری بەهەماهەنگی پەرلەمان‌و حكومەت دەستپێبكەین».
راشیگەیاند، لەو یاسایە جگە لە دادپەروەری مووچەو ئیمتیازاتی پلەباڵاكان، جارێكی تر لیستی شەهیدان پاك دەكرێتەوەو شایستەی زیندانیانی سیاسی‌و مووچە پاشەكەوتكراوەكانی فەرمانبەران زامنكراوە.

وەزارەتی دارایی رێنمایی پێویست دەردەكات
لەلایەكی ترەوە، عەلی حەمەساڵح سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان وتی: «دوای چەندین ساڵ قسەكردن‌و داكۆكیكردن، بەشێكی زۆری خواستەكانمان بوو بە یاسا و پاككردنەوەی لیستی شەهیدان‌و زیندانی سیاسی لە خەڵكی ناشایستە.
وتیشی: «هەر بەگوێرەی یاسای چاكسازی، بوارەكانی پاسەوانی رێكدەخرێتەوەو خانەنشینی نایاسایی بەردەوام نابێت، ئەو پارەیەشی لەچوارچێوەی چاكسازی دەمێنێتەوە دەبێ بدرێت بە مووچەی خانەنشینی كە مووچەكانیان كەمە، قەرزەكانیش لەو سەرمایەدارانە وەردەگیرێتەوە كە پارەی حكومەتیان لایە، هەروەها پاشەكەوتی فەرمانبەران لە پڕۆژەكە جێگركراوەو وەزارەتی دارایی رێنمایی پێویست دەردەكات تا لە بری قەرزی حكومەت بەكاربهێنرێت».

پێشنیازی ئێمە قبوڵ نەكرا
هاوكات، عەبدولستار مەجید سەرۆكی‌ فراكسیۆنی‌ كۆمەڵ لە پەرلەمانی‌ كوردستان، رایگەیاند، فراكسیۆنی‌ كۆمەڵ هەوڵی زۆری داو بەرگری لە مافی خەڵك كرد، بەڵام لە بابەتی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران‌و خانەنیشینی پلەباڵاكان پێشنیازی ئێمە قبوڵ نەكرا كە نزیك بوو لە دادپەروەری‌و داوامانكردبوو كە پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران بە گرەنتییەوە بۆ فەرمانبەران بگەڕێتەوە.
وتیشی: «داوامان كردبوو كە كەمترین مووچەی‌ خانەنیشینی‌ 400 هەزار دینار بێت، هەروەها داوامانكربوو كە بە گرەنتی‌ حكومەتی‌ هەرێم پاشەكەوتی‌ مووچە لەڕێگای‌ هەژمارێكی بانكییەوە بگەڕێنێتەوە بۆ فەرمانبەران‌و بتوانرێت بۆ هەندێك مامەڵەی تایبەت بەكاریبهێنن‌و مانگانەش بەشێكی بەشێوەی كاش وەربگرن، بەڵام ئەم داوایەش قبوڵنەكرا».
ئاماژەی بەوەشدا، لەكاتی بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەی پەرلەماندا فراكسیۆنی كۆمەڵ داوایكرد كە مەرجەكانیان لە مادەكانی پڕۆژە یاساكەدا جێ بكرێتەوەو ئەو داوایەی فراكسیۆنی كۆمەڵ پەسەند نەكراو پاشان فراكسیۆنی كۆمەڵ هۆڵی پەرلەمانی بەجێهێشت.

400 هەزار دینار جێگر بكرێت
دواتر ئەبو بەكر هەڵەدنی لەفراكسیۆنی یەكگرتوو، لەبارەی پەسەندكردنی یاساكەوە وتی: «دەنگمان بە یاسای چاكسازی نەدا، لەبەر چەند هۆكارێك لەوانە، بەشێكی زۆر لەو پێشنیارانەی ئێمە لە لیژنەكان بۆ پڕۆژەیاساكە كردمان بەهەند وەرنەگیرا، هەروەها لە دانیشتنەكەدا رێگمان پێنەدرا خاڵی پەیڕەوی بگرین بۆ ئەوەی ئاماژە بەو خاڵانە بكەین كە پێشێلكارییە.
وتیشی: «هەروەها هیچ پێشنیارێكمان لەناو یاساكەدا جێگای نەكرایەوە لەوانە داوامان كرد‌ یاسای خانەنشینی 2014ی عیراق لە هەرێم بەركاربكرێت‌و كەمترین مووچەی خانەنشینان بە 400 هەزار دینار جێگر بكرێت، بەڵام وڵاممان نەدرایەوە، لەبارەی پاشكەوتی مووچەو چۆنێتی سوودرگرتن لەلایەن مووچەخۆرانەوە ئەویش بە هەند وەرنەگیرا».

حكومەت دڵنیایی دەدات
هاوكات لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا، هەریەك لە وتەبێژ و سەرۆكی دیوان‌و سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێم، روونكردنەوەیان لەبا‌رەی یاسای چاكسازی داو دڵنیاییان بە خەڵكی كوردستان دا كە مووچەو ئیمتیازاتی هیچ كەسێك نابڕدرێت، بەڵكو رێكخستنەوە لە لیستی مووچە دەكرێت‌و كەسانی شایستەو ناشایستە لەیەك جیا دەكرێنەوە.
لەوبارەیەوە، د.جوتیار عادل وتەبێژی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، حكومەتی هەرێم بڕیاریداوە لە پڕۆسەی چاكسازی بەردەوام بێت، پەسەندكردنی یاسای چاكسازیش هەنگاوی یەكەم دەبێت لەو بوارەدا.
وتیشی: «ئەگەرچی لەڕابردوودا هەندێك كەس هەوڵی داوە ئەو یاسایە بەلاڕێدا ببەن، بەڵام ئێمە وەكو حكومەت كەسوكاری شەهیدان‌و زیندانیانی سیاسی دڵنیا دەكەینەوە كە بەهیچ شێوەیەك دەستكاری مووچەكانیان ناكرێت، بەڵكو ئەوەی دەكرێت رێكخستنەوەو جیاكردنەوەی ئەوانە».
دواتر، ئامانح رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند، لەكۆبوونەوەكانی رابردووی ئەنجومەنی وەزیران تەئكید لەوە كرایەوە كە ئامانج لەدەركردنی یاسای چاكسازی هێنانەدی دادپەروەرییە لەپارەی گشتی‌و جەخت لەوە كرایەوە كە پێویستە بەباشترین شێوە ئیدارە بدرێت، بۆیە دڵنیایی دەدەینە مووچەخۆرانی شایستە لەهێزەكانی ناوخۆ و پێشمەرگەو زیندانیانی سیاسی‌و هەموو چین‌و توێژەكان كە سوودمەندن لە بودجەی گشتی تەنیا یەك دیناریشیان لێ كەمناكرێتەوە.
وتیشی: «لەبارەی كەسوكاری شەهیدان‌و زیندانیانی سیاسی بە دیاریكراوی دیارە مافی ئەو توێژانە بەیاسا رێكخراوەو لەگەڵ پەسەندكردنی یاسای چاكسازیش ئەو یاسایانە وەكو خۆیان دەمێننەوە، بەڵكو ئەوەی لەیاسای چاكسازی دەكرێت پاككردنەوەی لیستی مووچەكانە، حكومەتی هەرێمیش بەردەوام دەبێت لە هەوڵەكانی بۆ ئەوەی مووچەی ئەو توێژانە هاوتای بەغدای لێبكرێت».
هەر لەو كۆنگرە رۆژنامەنووسیەكەدا، د.ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران وتی: «یاسای چاكسازی سێ ئامانجی سەرەكی هەیە لەوانە بەدیهێنانی دادپەروەری‌و دروستكردنی متمانەیە بە دامەزراوەكانی حكومەت‌و بەدامەزراوەكانی حكومەتی هەرێمە».
وتیشی: «بەگشتی ئامانجی ئەو یاسایە سەندنەوەی ماف نییە لە مووچەخۆران، بەڵكو گەڕانەوەی مافە بۆ ئەوانەی مافیان پێشێلكراوە، لەگەڵ پاككردنەوەی لیستی مووچەی سەرجەم چین‌و توێژەكان».

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*