سەرەکی » راپۆرت » كشانەوەی سەدر و گوشارەكانی سەر خۆپیشاندەران

شرۆڤەی رۆژ

كشانەوەی سەدر و گوشارەكانی سەر خۆپیشاندەران

هەواڵ و بەدواداچوون

خۆپیشاندانەكەی رۆژی هەینی لایەنگرانی موقتەدا سەدر و بەشێكی زۆر لە لایەنە شیعەكانی عیراق، كەلێنێكی گەورەی خستە نێو خۆپیشاندەرانی بەغداوە، لە دوایین تویتیدا سەدر داوا دەكات «لایەنگرانی تا سێ رۆژی تر بەشداری خۆپیشاندانەكان نەكەن». هەردوولایەن یەكتر بە ڕێ لادەر تۆمەتبار دەكەن، خۆپیشاندەرانی گۆڕەپانی تەحریر و شوێنەكانی تر لە بەغدا رۆژی هەینی بەدەم داواكارییەكانی سەدر نەچوون بۆ پشتیوانی لە پرسێك كە پەیوەندیی بەئەوانەوە نییە، ئەوان پێیانوابوو سەدر لە رێگەی ئەو خۆپیشاندانەوە دەیەوێت ئاڕاستەی خۆپیشاندانەكانی خەڵكی عیراق كە هێشتا هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان بە ئەنجام نەگەیشتوون، بەلاڕێدا بەرێت، ئەمەش موقتەدا سەدری نیگەران و تووڕە كرد، بۆیە دوای خۆپیشاندانە یەك سەعاتییەكەی لایەنگرانی سەدر، لە تویتەرەكەی خۆیدا هێرشێكی توندی كردە سەر خۆپیشاندەران و بەجێبەجێكەری دەستی دەرەكی تۆمەتباریكردن، ئەمەش وایكرد لایەنگرانی سەدر لە گۆڕەپانەكاندا خێوەتەكانیان بپێچنەوە.
دوای كێشانەوەی دەستی پشتیوانی سەدر لە خۆپیشاندانەكان، لە بەسرە هێزە ئەمنییەكان هەڵیانكوتایە سەر خۆپیشاندەران و مەیدانەكانیان پێ چۆڵكردن، لە بەغداش هەمان هێرش و هەڵكوتانە سەر خۆپیشاندەران دەستیپێكرد، خۆپیشاندەران پێیانوایە سەدر دەنگی شەقامی بە چەند داواكاریی و مەبەستێكی سیاسی فرۆشتووە، بۆیە ئەوان سورن لەسەر مانەوەیان.

ئەم چەند رۆژە بۆ خۆپیشاندەرانی عیراق چارەنووسسازن، بەتایبەت كە سەدر و لایەنە شیعەكان لەو باوەڕەدان خۆپیشاندانەكان لە ژێر دەسەڵاتی ئەوان دەرچوون و ئەمریكا پشتیوانی مانەوەیان دەكات. بۆیە گوشارەكان توندتردەبنەوە.
ئەم چەند رۆژە لە عیراق، كۆمەڵێك پرسی نوێ هاتوونەتە پێشەوە، كە هەموویان ئاماژەن بۆ هەستیاری قۆناغەكە، بەتایبەت پرسی جیاكردنەوەی هەرێمی سوننەكان و دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق و یەكلایی نەبوونەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران.
بەمەش ئێستا لایەنە شیعەكان هەست بە مەترسی قۆناغەكە و لاوازبوونی دۆخەكە و لەدەستدەرچوونی هێز و دەسەڵاتیان دەكەن، بەو پێیەی لەگەڵ گوشاری زیاتری ئەوان بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا، پرسی جیابوونەوەی هەرێمی سوننی زیاتر دەبێت، ئەمە ئەگەر تەنها قسەش بێت بۆ لایەنی شیعی جێگەی نیگەرانییەكی زۆرە، بۆیە ئەوان دەیانەوێت بەر لە هەر شتێك ئاڵۆزییەكانی شەقام كۆتایی پێبهێنن و لە پرسی دەركردنی هێزەكانی ئەمریكاش بكەونە مامەڵەی سیاسی، بۆ ئەوەی هیچ نەبێت رێگری لە دروستكردنی هەرێمی سوننی بكەن، بەڵام بەهەموو ئەو گوشارانەی كە ئێستا هەن بۆ كۆتاییهێنان بە خۆپیشاندان، پێناچێت گۆڕەپانەكان وا زوو چوڵبكرێن و ئاڵۆزی و بەریەككەوتنی زیاتری لێنەكەوێتەوە. چەند رۆژی داهاتوو، رۆژانی گرنگ دەبن لە دۆخی سیاسی و ئەمنیی عیراقدا.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*