سەرەکی » مانشێت » دیسانەوە هەرێمی سوننە

شرۆڤەی رۆژ

دیسانەوە هەرێمی سوننە

لەگەڵ زیاتر قوڵبوونەوەی ئاڵۆزییەكانی عیراق، پرسی پێکهێنانی هەرێمی سوننی دووبارە بۆتەوە بە پرسێكی گەرم لەنێو شەقامی سیاسیی عیراقدا، بەتایبەت لەم ساتەوەختەدا مەسەلەكە واكەوتۆتەوە، كە پێکهێنانی هەرێمی سوننی باجی ئەو گوشارەیە كە هێزە شیعیەكان لە سەر ئەمریكایان دروستكردووە بۆ ئەوەی هێزەكانیان دەربكەن.
بۆیە لەگەڵ زیاتربوونی گوشارەكان بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا، پرسی پێکهێنانی هەرێمی سوننی زیاتر دەبێت، بابەتەكە وا كەوتۆتەوە كە ئەمریكا بە هاوكاری چەند وڵاتێكی كەنداو دەیەوێت ئەمجارە بەجددی كار لەسەر هەرێمی سوننی بکات، بەڵام ئەوەی تائێستا بە ئاشكرا قسەی لە بارەوە ناكەن، سوننەكان خۆیانن و رەتیدەكەنەوە كە لە ئوردن لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریكا و وڵاتانی كەنداو بەتایبەت سعودیە كۆبوونەوەیان كردبێت.
هێشتا پرسەكە تەنها لە سەر ئاستی میدیاییدا باسی لێوە دەكرێت، بەڵام هەر ئەو بانگەشەیە هێزە شیعەكانی نیگەران كردووە و بە دابەشكردنی عیراق لێكیدەدەنەوە.
هەرێمی سوننی وەك باس دەكرێت چەند پارێزگایەك دەگرێتەوە، كە سەنتەرەكەی پارێزگای ئەنبارە، ئەو شوێنەی كە هێزەكانی ئەمریكای تێدا جێگیركراوە، بۆیە شیعەكان لە دوو رووەوە نیگەرانی پێکهێنانی هەرێمی سونین، یەكەم: ئەوەی كە دەسەڵاتیان لە عیراقی یەكپارچەوە، كورت دەبێتەوە بۆ دەسەڵاتی هەرێمی و تەنها دەتوانن دەسەڵاتداری هەرێمەكەی خۆیان بن، بەو ناكۆكییەشی كە لە نێوانیاندا هەیە، دووەم: ئەوەی كە نەك ناتوانن هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق دەربكەن، بەڵكو ئەو پڕۆژەیە دەبێتە هۆكارێك بۆ ئەوەی ئەمریكا پێگەی خۆی لە ناوچەكەدا زیاتر جێگیر بكات.
بەڵام چەندە قسە لەسەر پێکهێنانی هەرێمەكەیە، هێندەش قسە لەسەر نییەتی هێزە سوننەكانە لەوەی تا چەندە ئەوان جددین لەسەر جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژەیە. واتە دروستكردنی هەرێمی سوننی لە (حەملی كازب) دەچێت، هەموو نیشانەكانی دیارن، بەڵام بەو جۆرەی كە هەیە دەرناچێت. لە عیراقی دوای پڕۆسەی ئازادی تائێستا چەند جارێك پێکهێنانی هەرێمی سوننی وروژێنراوە و كۆمەڵێك سیاسی سوننی خۆیان دەكەنە شاسواری پرسەكە، بەڵام دواجار یان بێدەنگ دەكرێن، یان رازی دەكرێن و پرسەكە كۆتایی دێت!!. سوننەكان لە سەردەمی مالكی و قوڵبوونەوەی نیگەرانییەكانیان، هەوڵیاندا هەرێمی خۆیان جیابكەنەوە، مالكی رازی بوو، بەڵام پێیوتن بەشێك لە هەرێمەكەی ئێوە دەكەوێتە ناو جوگرافیای ماددەی 140 -ەوە، ئێستاش بەهەمانشێوە لەگەڵ قوڵبوونەوەی ئاڵۆزییەكان ئەو پرسە هاتۆتەوە پێشەوە، ئینجا پرۆسەکە تا چەند دەكرێت یاخود نە، ئەمە لە داهاتوودا دەیبینین، خۆی پرسی هەرێمایەتی لە عیراق پرسێكی دەستوورییە، بەڵام تا سوننە و شیعەكان سیاسەت بەم پرسەوە بكەن، ئەگەری جێبەجێكردنی نابێت و هەمیشە وەك (حەملێكی كازب) دەمێنێتەوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*