سەرەکی » راپۆرت » ئامادەكردنی: دیاری سابیر » وۆهان لەبەر كۆرۆنا چۆڵ بووە

وۆهان لەبەر كۆرۆنا چۆڵ بووە

بەرپرسانی حكومەتی پەكین دۆزینەوەی دەرمانی چارەسەری پەتای كۆرۆنایان راگەیاند ‌و وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەش جەختیكردەوە كە دەتوانن لە زووترین ماوەدا بەسەر ئەو پەتایەدا زاڵ بن، بۆ ئەو مەبەستەش حكومەت هەموو رێوشوێنێكی پێویست و كاریگەری گرتۆتەبەر، هەروەها لەگەڵ رێكخراوی تەندروستی جیهانی و لایەنەكانی تردا لە پەیوەندی بەردەوامدان.
هاوکات رۆژانە لە راگەیاندنەكانەوە حاڵەتی مردن لە ناوخۆی چین ‌و تووشبوونیش لە وڵاتانی دیكە بڵاودەكرێتەوە.

كۆرۆنا گەیشتە ئەڵمانیا
ئاژانسی دەنگوباسی رۆیتەرز بڵاویكردەوە: لە سترانبۆرگ لە نزیك شاری میونشن لە ئەڵمانیا، یەكەمین حاڵەتی ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆمار كرا. ئەمە لە كاتێكدایە سەرچاوەكانی هەواڵ باسی تووشبوونی 42 هاووڵاتی ئەمریكی و تایلەندی و ئوسترالی دەكەن، كە دانیشتووی چینن.
میدیاكانی هەواڵ ئاماژە بەوە دەكەن: تاكو ئێستا 106 كەس بەهۆی پەتای كۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە كە زۆربەیان لە شاری وۆهان بوون، هەروەك ژمارەی تووشبووانیش لە چین گەیشتۆتە زیاتر لە 4 هەزار ‌و 500 كەس. هاوكات دەسەڵاتدارانی چین بەئامانجی بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری پەتاكە، لەو شوێنانەی كۆرۆنا تیایدا بڵاوبۆتەوە، هەموو جۆرە سەفەرێكیان قەدەغە كردووە ‌و شاری وۆهان كە دانیشتووانەكەی نزیكەی 11 ملیۆن كەسە ‌و بە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە دادەنرێت، ئێستا بەهۆی ئەو دۆخە نەخوازراوەوە، تەواو چۆڵ بووە و زۆربەی بازاڕ و شوێنە گشتییەكان داخراون و تاكوتەرا پیادەیەك یان ئۆتۆمبێلێك لە شەقامەكاندا دەبینرێت.

سروودی نیشتمانیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا
بەگوێرەی سەرچاوەكانی هەواڵ: ئەو كەسانەی لە شاری وۆهان ماونەتەوە، لە رێگەی تۆڕی كۆمەڵایەتیی وی چات-ەوە، رێكەوتوون كە ئێواران لە پەنجەرەی ماڵەكانیانەوە سروودی نیشتمانیی وڵاتەكەیان بڵێنەوە ‌و پاشان داوای دان بەخۆداگرتن لە یەكتر دەكەن، لە پێناوی تێپەڕاندنی تەنگژەكە. هەروەها لە زۆربەی شوێنەكانی شارەكەدا لافیتە هەڵواسراوە، بە مەبەستی بەرزكردنەوەی ورەی خەڵك ‌و رەواندنەوەی ترس ‌و دڵەڕاوكێیان.
بە وتەی بەرپرسانی باڵای چین، نەخۆشخانەكانی وۆهان لە چەند ساڵی رابردوودا، رۆژانە پێشوازییان لە 3 هەزار نەخۆش كردووە، بەڵام بەهۆی ئەم دۆخەی ئێستاوە، ژمارەی نەخۆشەكان چەند هێندە زیاتر بووە ‌و لە هەندێ لە نەخۆشخانەكاندا، خەڵك لە سەرەی دووردرێژدا وەستاون بۆ وەرگرتنی چارەسەر، دەشڵێن: ئێستا لە وۆهان 62 نەخۆشخانە هەیە ‌و بۆ ئەو مەبەستە ئامادەكراون، بۆیە دۆخەكە بەرەو باشتر دەڕوات.

لە هەرێم هیچ حاڵەتێك تۆمار نەكراوە
وەزارەتی تەندروستی هەرێم رەتیدەكاتەوە، كە هیچ حاڵەتێكی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان تۆمار كرابێت، هەردوو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی و هەولێریش رێوشوێنی پێویستیان بۆ رێگریكردن لە گەیشتنی ڤایرۆسەكە گرتۆتەبەر.
لای خۆیەوە تاهیر عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی رایگەیاند: ئامێری پشكنینی گەشتیارانیان داناوە و لە فەرمانگەكانی پۆستە و گواستنەوەش دەستكراوە بە پێدانی رێنمایی تەندروستی و پێداویستییەكانی خۆپاراستن لە ڤایرۆسی كۆرۆنا.

هیچ خوێندكارێكی عیراقی تووش نەبووە
وەزارەتی خوێندنی باڵای عیراق رایگەیاند: هیچ خوێندكارێكی عیراقیی لە چین تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا نەبووە، فڕۆكەیەكیش بۆ گواستنەوەی خوێندكاران لە چینەوە بۆ بەغدا، تەرخان دەكرێت.
وەزارەتەكە لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردۆتەوە، ئێستا كەمتر لە 63 خوێندكاری عیراقی و خێزانەكانیان لە شاری وۆهان-ن، كە ڤایرۆسی كۆرۆنای لێ بڵاوبۆتەوە. لە كاتێكدا پێشتر ژمارەیان زیاتر لە 150 كەس بووە. وەزارەتەكە روونیشیكردۆتەوە، كە هیچ حاڵەتێكی توشبوون لە نێو خوێندكارە عیراقییەكاندا تۆمار نەكراوە.
هاوكات ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عیراق رایگەیاند: فڕۆكەیەكی هێڵی ئاسمانیی عیراق دابینكراوە، بۆ گواستنەوەی خوێندكارانی عیراقی لە شاری وۆهانەوە بۆ بەغدا.

كوێت ‌و ئیمارات رێوشوێنیان گرتەبەر
بەپێی سەرچاوەكانی هەواڵ: بە مەبەستی بەرگرتن لە گواستنەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، دەسەڵاتدارانی كوێت ‌و ئیمارات، رێوشوێنی پێویستیان لە فڕۆكەخانەكاندا دەستپێكردووە، بۆ پشكنینی ئەو كەسانەی لە چینەوە دەچنە ئەو وڵاتانەوە.
ئاماژە بەوەش دەكەن: كوێت جۆرە كامێرایەكی لە دەروازە سنوورییەكان جێگیر كردووە، كە پلەی گەرمیی ئەو كەسانە دەخوێنێتەوە، كە لە دەرەوەی ئەو وڵاتەوە دەیانەوێت بچنە ناوەوە.

سەرچاوە، ئاژانسەكان

 410 جار بینراوە