سەرەکی » راپۆرت » ״پرسی ناوچە دابڕێنراوەكان لە ئەولەویەتی دانوستانەكانی داهاتووی هەرێم بێت لەگەڵ بەغدا״

گفتوگۆی نوێ و یەكلاكەرەوە لەگەڵ حكومەتی نوێی عیراق

״پرسی ناوچە دابڕێنراوەكان لە ئەولەویەتی دانوستانەكانی داهاتووی هەرێم بێت لەگەڵ بەغدا״

كەركوك، كوردستانی نوێ

دوای راسپاردنی محەمەد تۆفیق عەللاوی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عیراق، بەپێویست دەزانرێت «یەكلاكردنەوەی پرسی ناوچە دابڕێنراوەكان بكرێتە تەوەرێكی سەرەكی لەدانوستانەكانی هەرێم و بەغدا بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ».

یەكلاكردنەوەی پرسی ناوچە دابڕێنراوەكان
لەوبارەیەوە، ئیبراهیم خەلیل ئەندامی سەركردایەتیی یەكگرتوو بەكوردستانی نوێ-ی راگەیاند: لەم دۆخەی ئێستای حكومەتی عیراقدا، كە سەروبەندی پێكهێنانی كابینەی نوێیە، پێویستە سەركردایەتیی كورد مەرجی یەكلاییكردنەوەی پرسی ناوچە جێناكۆكەكان لەلایەن كابینەی داهاتووەوە بەگەرەنتییەوە یەكلابكاتەوە. ئەوەشی خستەڕوو كە ئەركی حكومەتی هەرێم و وەفدە دانوستانكارەكانێتی، كە شان بەشانی چارەسەری كێشەكانی خەڵكی كوردستان، پرسی ناوچە جێناكۆكەكانیش لەگەڵ لایەنە عیراقییەكان یەكلابكەنەوە.
ئەو ئەندامەی سەركردایەتیی یەكگرتوو، وتیشی: راستە پرسەكانی بودجە و نەوت بۆ خەڵكی كوردستان گرنگن، بەڵام بەلای خەڵكی كەركوكەوە پرسی خاك ئەولەویەتەو پێویستە لە پاڵ ئەو پرسانەی دیكەی خەڵكی كوردستانەوە، دابنرێت.

پلان‌و بەرنامەی نوێ
هەر سەبارەت بەو پرسە، ئەحمەد رەفیق چاودێری سیاسی، بەكوردستانی نوێ-ی راگەیاند: كاتی ئەوە هاتووە كابینەی داهاتووی حكومەتی عیراق بەجددی كار بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140 بكات، وتیشی: بۆ بەئەنجام گەیشتنی ئەو داوایەی دانیشتوانی ناوچە جێناكۆكەكان، پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان پلان و بەرنامەی خۆی هەبێت.
هەروەها، محەمەد نەسرەدین چاودێری سیاسی، بۆ كوردستانی نوێ ئاماژەی بەوەكرد كە ئەوەی پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان لەم كابینەیەدا بەجددی كاری لەسەر بكات ئاساییكردنەوەی رەوشی كەركوكە، وتیشی: لەپێناوی بەدیهاتنی داخوازیی كەركوكییەكان ئەركی حكومەتی هەرێمە، كەركوك بكاتە ئەولەویەتی داواكارییەكانی لەگەڵ كابینەی داهاتووی حكومەتی عیراق.

‌رێكەوتنی تر پێویستە
هەر لەبارەی پرسی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق‌و دانوستانەكانی نێوان هەرێم‌و بەغدا، پەرلەمانتارێكی یەكێتی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بەPUKmediaی راگەیاندووە: ئەگەر حكومەتەكەی محەمەد تۆفیق عەللاوی دەستكاریی پڕۆژەیاسای بودجەی 2020 بكات، بەتایبەتیش بودجەی هەرێم، ئەوا پێدەچێت حكومەتی هەرێم ناچاری ئەوە بێت كە گەڕێكی دیكەی دانوستان لەگەڵ بەغدا دەستپێبكات.
شیروان میرزا، باسی لەوەشكردووە، ئەگەر بودجەی عیراق لەلایەن محەمەد عەللاوی كە راسپێردراوە بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، دەستكاریی نەكرێت، ئەوا پێویستە وەفدێكی هەرێم سەردانی بەغدا بكات‌و لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی عیراقدا لۆبی دروست بكات تا پڕۆژەبودجەی ساڵی 2020 بەبێ هیچ گرفتێك‌و بەربەست بۆ دروستكردنێك، لەنوێنەران تێپەڕێنرێت.
ئەگەر بودجە دەستكاریی بكرێت؟
ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی، دەڵێت: «ئەگەر بودجەی عیراق بەتایبەتیش بودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتەكەی عەللاوییەوە دەستكاریی بكرێت، ئەوا پێویستە جارێكی دیكە هەرێم بۆ پشكی بودجە لەگەڵ بەغدا دەست بە دانوستانەكان بكاتەوە.
لەبارەی دەنگدانی نوێنەرانیشەوە بە كابینەكەی عەللاوی، وتی: بەدڵنیاییەوە هەندێك لایەن لەسەری ناڕازی دەبن، بەڵام ئێستا هەندێك فراكسیۆن پشتیوانییان بۆ دەربڕیوەو پێدەچێت ئەگەر عەللاوی بتوانێت كابینەكەی پێكبهێنێت، نوێنەران دەنگی لەسەر بدات.

print

 211 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*