سەرەکی » وتار » د.ئه‌رسه‌لان بايز‌ » كەریم پیلاتۆسپەڕە 2

کـــۆڵـــەپـشـــــت

كەریم پیلاتۆس

74

پیلاتۆس، جۆرە فڕۆكەیەكی رژێمی عیراق بوو، لە هەشتاكانی سەدەی رابردوودا بارەگاكانی پێشمەرگەی پێ بۆردومان دەكرد.
(كەریم)، پێشمەرگەیەكی باڵا هەندێ كورتی هەمیشە جلوبەرگ شڕ و وڕ و سەرقاڵ. چەند جارێك لە بەستی شەرغەو ناوچەی دێدەوان بە (ئار بی جی، بی كەی سی). تەقەی لەو فڕۆكانە دەكرد. بۆیە لەناو هاوڕێكانیدا بە (كەریم پیلاتۆس) ناسرابوو.
لە شەڕی نەگریسی ناوخۆ (خوایە بڕواو نەیەتەوە) ئەوسا لێپرسراوی مەڵبەندی هەولێر بووم لە یەكێ لە شەڕەكاندا ژمارەیەك پێشمەرگەی هەردوولا شەهیدو بریندار بوون، لە پڕ (كەریم پیلاتۆس) بە هەڵەداوان خۆی كرد بە ژوورەكەی مندا، هێندە بەپەلە هاتبوو هەناسەی سوار بوو. بۆیە جار جارە قسە لە دەمی گیری دەخوارد؟
-فریاكەون، زوو فریای نەكەون شەهید دەبێ.. خوێن لە هەموو گیانی دەڕوا.
-كێ… كێ…؟ فریای كێ بكەوین…؟! كێ بریندار بووە.
-رزگار… رزگار كەركوكی.
-لە كوێیە…؟
ئێمەش هەموومان هەڵساینەوە سەر پێ و كەوتینە ئامادەباشیەوە.
ئێمە لێمان دووبارە كردەوە.
-لە كوێیە… تا بەهانایەوە بچین.
-لە نزیك دارەتوو… لەسەر جادەی نێوان دارەتوو و بنەسڵاوە.
-باشە تۆ چۆن دەزانی لەوێ بریندار بووە…؟
-بە راستی… نایشارمەوە… بەمەبەستی (R.R) چوومە ئەو ناوچەیە، تاكو شتێكم دەست بكەوێت… سەیرم كرد دوو كەس لە نزیك جادەكە كەوتبوون. منیش چووم بۆ لێكردنەوەو بردنی چەكەكانیان. كە سەیرم كردن ناسیمنەوە كە یەكێكیان (ڕزگار كەركوكی-یە)… بە سەختی بریندار بووە.
ئێمەش بەپەلە دوو مەفرەزەمان ناردو گواستمانەوە بۆ نەخۆشخانە.

دوانزە دانە نیسك
لە كۆتایی هەفتاكانی سەدەی رابردوودا. كاتێ هێشتا پێشمەرگە نەیتوانیبوو بارەگای جێگیرو نەخۆشخانەو دەزگاكانی شۆڕش دابمەزرێنێ. یەكێ لە پێشمەرگەكان دووچاری سك ئێشە دەبێت. بۆیە بەپەلە رادەكات بۆ لای دكتۆر (…) كە ئەندامی سەركردایەتی «ی.ن.ك» بوو. دكتۆرەكەش بێ بوونی (سماعە)و هیچ ئامرازێكی پزیشكی (ئیحراج) دەبێت كە چۆن بتوانێ پشكنینێكی باشی بۆ بكات، دواتریش كە هیچ داوودەرمانێكی لانەبوو، چۆن چارەسەری بكات. بۆیە دوای پشكنینێكی ئاسایی بە دەست و هەندێ پرسیارلێكردنی. پێیدەڵێت:
-نەخۆشیەكەت ئاسانە هیچ خەمت نەبێت، ئێستا هەندێ حەبت دەدەمێ و چاك دەبیتەوە.
دكتۆرەكە سەردێنێ و سەردەبا چۆن بتوانێ چارەسەری نەخۆشەكە بكات و قەناعەتی پێ بكات. دكتۆر دەچێتە ناندینەكەو لەناو فەردەی نیسك كە خواردنێكی سەرەكی ئێوارانی پێشمەرگە بوو. دوانزە دانە نیسكی وەكو یەك دەدۆزێتەوەو دەیخاتە ناو پارچە كاغەزێكی لوول كراوەوەو بە پێشمەرگە نەخۆشەكە دەڵێ:
-رۆژانە دوای نانخواردنی هەرسێ ژەم دانەیەك لەو حەبانە بخۆ… بە ئومێدم دوای سێ رۆژیتر چاك بیتەوە.
پێشمەرگەش بە هەموو قەناعەتەوە بڕوا بەقسەكانی دكتۆرەكە دەكات و دوای سێ رۆژ دەگەڕێتەوە.
-بە راستی زۆر سوپاسی جەنابت دەكەم. حەبەكان زۆر كاریگەر بوون.. ئێستا عەلەمم لێ نەماوە.
دوای چەند مانگێك، رووداوەكە بۆ خزمێكی نەخۆشەكە ئاشكرا دەبێت. بە دكتۆرەكە دەڵێت:
-هەی مەلعون ئەم كارەت چۆن كرد؟.
-تۆ ناتەوێ نەخۆشەكەی خزمت چاك بكەمەوە، دە فەرموو لێی بپرسە چاك بۆتەوە یان نا..؟!.

print

 37 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*