سەرەکی » دۆسێ » نەخشەڕێگەیەكی نێونەتەوەیی بۆ عیراق

نەتەوە یەكگرتووەكان ئامادەی دەكات

نەخشەڕێگەیەكی نێونەتەوەیی بۆ عیراق

بۆ هێركردنەوەی رەوشی عیراق، نەتەوە یەكگرتووەكان باس لە ئامادەكردنی نەخشەڕێگەیەكی نێونەتەوەیی دەكات و دەڵێت لەپاش گفتووگۆ لەگەڵ عیراقییەكان بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش بەرزدەكرێتەوە.
لە سەرەتای مانگی تشرینی یەكەمی 2019وە خۆپیشاندانی فراوان بەغدا و شارەكانی تری ناوەڕاست و باشووری عیراقی گرتووەتەوە، ئەمەش رەوشێكی ناجۆری لە وڵاتدا هێناوەتەبەر لە وڵاتدا.
عیراق وێڕای ئەوەی بە یەكێك لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی ناوچەكە دادەنرێت لەڕووی سامانی نەتەوە، بەڵام هاووڵاتیانی بەدەست كەمی خزمەتگوزاریی و بێكاریی و هەژارییەوە دەناڵێنن.

نەخشەڕێگەیەكی نێونەتەوەیی بۆ سەقامگیری عیراق
نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لە عیراق، بوونی نەخشەڕێگەیەكی نێونەتەوەیی ئاشكرا دەكات كە بۆ مەبەستی خولقاندنی عیراقێكی ئارام و سەقامگیر، پێشكەش بە ئەنجومەنی ئاسایش دەكرێت.
جینین هینیس بلاسخارت، نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عیراق، لە سەرەتای مانگی شوباتی 2020، بە كەناڵی (CNN)ی ئەمریكایی ڕاگەیاندبوو”نەخشەڕێگەیەكی نێونەتەوەیی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی عیراق بە بەشداریی عیراقییەكان ئامادەكراوە و پێشكەش بە ئەنجومەنی ئاسایش دەكرێت”.
بە وتەی بلاسخارت”پلانەكە نەك تەنیا بۆ چارەسەركردنی تەنگژەكانی ئێستایە، بەڵكو بۆ خولقاندنی عیراقێكی سەقامگیرە”، هیواشی خواستبوو “پلانەكە لەلایەن وڵاتانی جیهانەوە پشتیوانی لێبكرێت”.

رەوشی عیراق و تێپەڕاندنی رادەی دانبەخۆداگرتن
نەتەوە یەكگرتووەكان هۆشداریی دەداتە حكومەتی عیراق لەسەر ڕەوشی خۆپیشانەران و دەڵێت، ڕەوشەكە ڕادەی دانبەخۆداگرتنی تێپەڕاندووە و پێویستی چاكسازیی بكرێت.
بەپێی بەیاننامەیەك كە لە 30ی كانوونی دووەمی 2020 لەلایەن نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لە عیراق بڵاوكرایەوە”ژمارەی قوربانییەكان گەیشتووەتە ئاستێك كە ڕادەی دانبەخۆداگرتنی تێپەڕاندووە، چونكە تا ئێستا 467 خۆپیشاندەر گیانیان لە دەستداوە و زیاتر لە نۆ هەزار كەسی تر بریندارن، ئەمەش جێی نیگەرانییە”.
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە” بە شێوەیەكی بەردەوام گوللـە لە دژی خۆپیشاندەران بەكار دەهێنرێت و كوشتن چالاكوانانی بواری مافەكانی مرۆڤ بەردەوامە، بۆیە پێویستە بەرپرسان مافی خۆپیشاندەران بپارێزن، بكوژانی خۆپیشاندەرانیش بدرێنە دادگا”.
نەتەوە یەكگرتووەكان، لە بەیاننامەكەیدا، ئاماژەی بە تۆماركردنی سەرجەم ئەو پێشێلكاریانەش كردووە كە لە دژی خۆپیشاندەران ئەنجامدراون لە بەغداد و شارەكانی تری ناوەڕاست و باشووری عیراق، بە كوشتنی چالاكوانان و رفاندن و دەستگیركردن و ئەشكەنجەدانەوە.
هەورەها پێی وایە كە بەدەمەوە هاتنی داواكارییەكانی خۆپیشاندەران و گۆڕانكاری تاكە ڕێگەیە بۆ دەرباز كردنی عیراق لەم دۆخە، بەرگرنگیشی دەزانێت لە ئێستادا باشترە حزب وەلا بنرێت و كار بۆ بەرژەوەندییەكانی وڵات بكرێت.

بەكارهێنانی توندوتیژی دژ بە خۆپیشاندەران
پێشتر نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عیراق ڕەخنە لە بەكارهێنانی توندوتیژی بەرامبەر بە خۆپیشاندەران و جێبەجێنەكردنی داواكارییەكانیان گرتبوو. جینین هینیس پلاسخارت نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عیراق لە 25ی كانوونی دووەمی رابردوو رایگەیاندبوو:”لێنەپرسینەوە و نەبوونی گیانی لێبوردەیی شایەنی عیراقییەكان نیین كە چوار مانگە بەشێوەیەكی ئازایانە بەرگریی لە داواكارییەكانیان دەكەن، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەی كوژراو و بریندارەكان تادێت زیاتر دەبێت».
بە وتەی نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عیراق:”ئەو رێوشوێنانەی تائێستا گیراونەتەبەر بێبەرهەم دەبن ئەگەر تەواونەكرێن، پێویستە خزمەتی خەڵك بكرێت و بپارێزرێن، نەك بە توندوتیژی ڕووبەڕوویان ببنەوە”.

داوای پاراستنی خۆپیشاندەران دەكرێت
لەبەرانبەر فراوانبوونی رووبەری توندوتیژییەكان دژ بە خۆپیشاندەران، باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عیراق رایگەیاندبوو، جارێكی تر داوای گرتنەبەری «رێكاری راستەقینە» بۆ پاراستنی گیانی خۆپیشاندەران، رۆژنامەنوسان و چالاكوانانی مەدەنی دەكەن.
باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عیراق لە بەیاننامەیەكدا لە 31ی كانوونی دووەمی 2020 رایگەیاندبوو «هێزە نەناسراوەكان كە ئەگەری ئەوە هەیە ئێران پشتیوانیان بكات، هێرشدەكەنە سەر ناڕەزاییەكان، لە كاتێكدا بە گوێرەی دەستور خۆپیشاندان مافێكی یاسایی هاوڵاتیانە».
هەر لە بەیاننامەكەی باڵیۆزخانەی ئەمریكادا هاتبوو، «لە ماوەی رابردوودا خۆپیشاندەران داوایان كردووە پارێزگارییان لێبكرێت، بەرانبەر دەربڕینی مافی دەستوری خۆیان، بەڵام بەهۆی ئەو توندوتیژیانەی دەرهەقیانە كراوە، تائێستا زیاتر لە 600 خۆپیشاندەر كوژراون و هەزارانی تریش برینداربوون».

سكاڵا لە دژی بەرپرسانی عیراق
لەبەرانبەر پێشێلكارییەكان دژ هاووڵاتیانی عیراق، عەلی تەمیمی، شارەزای بواری یاسا رایگەیاندبوو، 25 سكاڵا لە دادگای نێودەوڵەتی تاوانەكان دژ بەو بەرپرسە عیراقییانە تۆماركراوە، كە هەڵگری ناسنامەی وڵاتانی دەرەوەن.
عەلی تەمیمی، شارەزای بواری یاسا لە هەژماری تایبەتی خۆی لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (فەیسبوك ) لەسەرەتای مانگی شوباتی 2020 نوسیبوی، «لە ئێستادا خاڵێكی مەترسی لەبارەی عێراقەوە هەیە، كە تایبەتە بەرێككەوتننامەی رۆمای ساڵی 1998ی بۆ تاوانە نێودەوڵەتییەكان، بەجۆرێك سكاڵا لەو دادگایە لەسەر 25 بەرپرسی باڵای عێراق تۆماركراون، كە هەڵگری رەگەزنامەی وڵاتانی دەرەوەن».
بە وتەی تەمیمی «ئەنجومەنی ئاسایش ئەو دۆسیەیە رەوانەی دادگای تاوانەكان دەكات بۆ لێكۆڵینەوە، كە دەسەڵاتی فراوانی پێدراوە بەپێی رێككەوتننامەی نەتەوەیەكگرتوەكان».
تەمیمی دەڵێت، «ئەو تاوانانەی ئەنجامدراون بەپێی مادەی 28ی یاسای تاوانە نێودەوڵەتیەكان لێكۆڵینەوەیان لەبارەوە دەكرێت».

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*