سەرەکی » دۆسێ » پارە دزراوەكانی عیراق هێندەی هەموو بودجە پەسەندكراوەكانی دوای 2003 دەبن

چیرۆكێكی بێ‌ كۆتایە

پارە دزراوەكانی عیراق هێندەی هەموو بودجە پەسەندكراوەكانی دوای 2003 دەبن

ئەنجوموەنی باڵای بنبڕكردنی گەندەڵی، پارە دزراوەكانی عیراق بە هێندەی هەموو بودجەكانی وەبەرهێنان دەخەمڵێنێت، كە لەدوای ساڵی 2003وە تائێستا پەسەندكراون، ئاماژە بە ئامادەیی هەریەك لە فەڕەنسا و ئیماراتیش دەكات بۆ هەماهەنگی لەپێناو گێڕانەوەی ئەو پارانە بۆ عیراق.
سەعید یاسین موسا، ئەندانی چاودێر لە ئەنجوومەنی باڵای بنبڕكردنی گەندەڵی لە عیراق، لە 29ی كانوونی 2020 بە ڕۆژنامەی (الصباح)ی نیمچە فەرمی ڕاگەیاندووە، ئەنجوومەنەكەیان ژمارەیەكی زۆر ڕێوشوێنی گرتۆتەبەر، هەندێكیان پەیوەندییان بە دەسەڵاتی ڕاپەڕاندنەوە هەیە و هەندێكی تر پەیوەندی بە دەسەڵاتی یاسادانانەوە هەیە”.
بە گوتەی موسا، “ڕووداوەكانی ئەم دواییەی وڵات، كاریگەریان لەسەر ڕێڕەوی بڕیارەكانی ئەنجوومەنی باڵای بنبڕكردنی گەندەڵی نەبووە، كە تائێستاش لەدووتوێی بەدواداچوون و جێبەجێكرندان”، جەختی لەسەر هەماهەنگی ئەنجوومەنەكە و ئەنجوومەنی دادوەری و دەستەی دەستپاكی كردەوە لەڕێی هەردوو فەرمانگەی خۆپاراستن و گێڕانەوەی پارە دزاوەكان.
ئەو بەرپرسە عیراقیە دەڵێت: “ڕێوشوێنەكان لە دەرەوەی عیراق گیراونەتەبەر سەبارەت بە گێڕانەوەی پارەكان، ژمارەیەكی زۆر لە دۆسێیكان پێویستییتان بە لێكۆڵینەوەی كارگێڕییە”.
سەعید یاسین موسا پێیوایە، “دۆسێی گێڕانەوەی پارە دزراوەكان پێویستی بە جۆرێك لە لێزانی و دانانی و دانبەخۆداگرتن هەیە، چونكە ئاسانكاری لە دانانی پارە دزراوەكان لە بانكەكانی دەرەوەی عیراق وایكردووە ئاستەنگێكی گەورە لەبەردەم گیڕانەوەی دروست بكات، بەجۆرێك، كە هەندێكیان پێویستییان بە نزیكەی 15 ساڵ هەیە بۆ گێڕانەوەیان”.
موسا مەزەندە دەكات پارە دزراوەكان، “هێندەی كۆی گشتی هەموو بودجەكانی وەبەرهێنان بن، كە لە ساڵی 2003وە تائێستا لە عیراقدا پەسەندكراون”، ئاماژەی بە بەشداری عیراقیش كردووە لە وۆرك شۆپێك لەگەڵ حەوت دەوڵەت، كە بایەخ بە شۆردنەوەی پارە و بەقاچاخبردنی دەدەن، بەو پێیەی عیراق یەكێك لەو دەوڵەتانەی، كە بەدەست هەردوو كێشەكەوە دەناڵێنێت، كە لێوەی یاسای بنبڕكردنی شۆردنەوەی پارە لە بانكی ناوەندییەوە دەرچووە، بۆ بەدەنگەوەچوونی پێداویستییە نێودەوڵەتییەكانی بانك و ئیدارە داراییەكان.
ئەندامە چاوێرەكەی ئەنجوومەنی باڵای بنبڕكردنی گەندەڵی لە عیراق، ئاماژەی بە بوونی هەماهەنگی ئیمارات و فەڕەنسای كردووە بۆ گێڕانەوەی پارە دزراوەكانی عیراق و لەو بارەیەوە ڕایگەیاندووە، “لە چاوپێكەوتنێكی نێوان بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی گێڕانەوەی پارە دزراوەكان و سەرۆكی دیوانی ژمێریاری ئیماراتی لە یەكێك لە كۆنگرەكاندا، لایەنی ئیماراتی ئامادەیی وڵاتەكەی بۆ هەماهەنگی لەو بارەیەوە خستۆتەڕوو”.
موسا لە كۆتایی قسەكانیدا باسی لە كۆبوونەوەی بەرپرسانی وەزارەتی داد و بەرپرسانی وەزارەتی دادی ئیماراتیش كردووە لەسەر ئەو دۆسێیە و ڕاشیگەیاندووە، “بەدەنگەوەهاتنی ڕاستەقینەش لەلایەن داواكاری گشتی فەرنساوە بەدیكراوە، كە ئامادەیی تەواوەتی پاریسی بۆ یارمەتیدانی عیراق، لەپێناو گێڕانەوەی پارە دزراوەكان دەربڕیوە”.
دوای رایگەیاندنەكەی ئەنجومەنی باڵای بنبڕكردنی گەندەڵی لەبارەی پارە دزراوەكانی عیراق، هاوپەیمانی فەتح كە لەلایەن هادی عامرییەوە سەركردایەتی دەكرێت رایگەیاند، ئەوەی لەلایەن ئەنجومەنی باڵای بنبڕكردنی گەندەڵی لەبارەی قەبارەی پارە دزراوەكانەوە ڕاگەیەندرا، مایەی شۆكە.
فازڵ فەتلاوی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا لە 30ی كانوونی دووەمی 2020 رایگەیاندبوو:”ئەوەی لەلایەن ئەنجومەنی بنبڕكردنی گەندەڵییەوە ڕاگەیەندرا، سەبارەت بە قەبارەی پارە دزراوەكان بۆ دەرەوەی عیراق، مایەی شۆكە بۆ ڕای گشتی”.
بە گوتەی فەتلاوی”ئەو بڕە ترسناكە هاوتای هەموو بودجەكانی ساڵانی پێشووە، بۆیە پێویستە حكومەتێكی بەهێز پێكبهێنرێت بۆ ئاشكراكردنی گەندەڵكاران و لێپرسینەوە لێیان و گێڕانەوەی ئەو پارە زۆرە، كردنەوەی ئەو دۆسێیانەش بوونی هەندێك لە فراكسیۆنە گەورەكان كۆتایی پێدەهێنێت كە دژ بە پێكهێنانی حكومەتێكی بەهێزن”.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*