سەرەکی » ئاراستە » گوندنشینه‌كان له‌ناو زستانێكی سارد داپەڕە 3

گوندنشینه‌كان له‌ناو زستانێكی سارد دا

دانا محه‌مه‌د

ئه‌گه‌ر وه‌رزی زستان به‌گشتی وه‌رزێكی ساردو سه‌رماو سۆڵه‌ بێت و هاوڵاتیانی كوردستان پێویستیان به‌ هۆیه‌كانی‌ خۆ پاراستن بێت له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی‌ ئه‌م وه‌رزه‌ تاكو بتوانن ئه‌و وه‌رزه‌ تێپه‌ڕێنن، ئه‌وا بۆ گوندنشینان له‌ چه‌ندان ڕووه‌وه‌ وه‌رزی زستان تایبه‌ته‌ و به‌و پێیه‌ی‌ زۆرێكی هاوڵاتیانی گونده‌كان به‌ڕۆژ له‌ده‌ره‌وه‌ن و سه‌رقاڵی كاروباری‌ تایبه‌تی‌ خۆیانن، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ زیاتر و زۆرتر ئه‌م وه‌رزه‌ كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر هاوڵاتیانی گوندنشین ده‌بێت.
له‌ناو چڕی زستان و به‌فر بارینداو سه‌ره‌ڕای سه‌رقاڵی هاوڵاتیانی گوندنشین به‌ كاره‌كانیانه‌وه‌، هێشتا چاوه‌ڕێی حكومه‌تن كه‌ ئاوڕیان لێبداته‌وه‌ و له‌ دۆخی ساردو پڕ ڕه‌نجی زستاندا به‌هانایانه‌وه‌ بچێت و هۆیه‌كانی‌ ته‌ندروستی و سوته‌مه‌نی‌ و هۆیه‌كانی‌ گواستنه‌وه‌یان بۆ دابین بكات. هاوڵاتیانی گونده‌كان خۆیان به‌شایانی ئه‌وه‌ ده‌زانن كه‌ له‌ زه‌مه‌نێكدا ئه‌وان خزمه‌تی‌ شۆڕشیان كردووه‌ و قوربانیان داوه‌ و ماڵیان وێرانكراوه‌ ئه‌وا ئیدی نۆره‌ی حكومه‌ت و هێزه‌ سیاسییه‌كانی كوردستانه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ گونده‌كان و هاوكاری‌ گوندنشینان بكه‌ن و خزمه‌تگوزاری‌ زستانه‌یان بۆ دابین بكه‌ن.
محه‌مه‌د ساڵح دانیشتووی گوند له‌م باره‌یه‌وه‌ بۆ گوندستانی‌ نوێ وتی: زستان بۆ هه‌ر شارو شارۆچكه‌و ناوچه‌یه‌ك تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌بێت و كاریگه‌ری‌ جۆری جێبهێڵێت ئه‌وا بۆ ئێمه‌ی‌ گوندنشین كاریگه‌رییه‌كه‌ی‌ زۆرتر و زیاتره‌، چه‌ندێكیش وه‌رزی زستان سار و قورس بێت بۆ ئێمه‌ی‌ گوندنشین ئه‌وا ئه‌وه‌نده‌ش ئاماده‌كاری‌ ده‌وێت و ئه‌وه‌نده‌یش له‌سه‌ر هاوڵاتیان قورس ده‌بێت. گوندنشینان به‌و پێیه‌ی‌ به‌رده‌وام سه‌رقاڵی كاروباری خۆیانن ئه‌وا زیاتر له‌ ده‌ره‌وه‌ن و كاری ئه‌وان وه‌ك ناچاری‌ ده‌بێت بچنه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ماڵ، له‌ هه‌ر چونه‌ده‌ره‌وه‌یه‌كیشدا به‌ركه‌وتن ده‌بێت به‌سه‌رماوسۆڵه‌ و به‌فرو باران، بۆیه‌ زستان ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ری‌ بۆسه‌ر گوندنشینان هه‌یه‌.
وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ ده‌بینرێت زستانی‌ ئه‌مساڵ زستانێكی سارده‌ و هاوڵاتیان داواده‌كه‌ن كه‌ حكومه‌ت ئاوڕیان لێبداته‌وه‌ و پێداویستییه‌كانی‌ زستانیان بۆ دابین بكات. به‌ڵام به‌پێی گله‌یی و داواكاری‌ هاوڵاتیان بێت هێشتا حكومه‌ت به‌ ده‌م داواكه‌ی‌ ئه‌وانه‌وه‌ نه‌چووه‌ و ئاوڕیان لێنه‌دراوه‌ته‌وه‌ و ناچار هاوڵاتیانی گوندنشین بۆ تێپه‌ڕاندنی زستانه‌ سارده‌كه‌یان، یان ده‌بێت خۆیان پێویستی زستان وه‌ك سوته‌مه‌نی‌ بكڕن یاخود له‌ كێوه‌كان دار بهێنن و بیسوتێنن، یان ده‌بێت به‌ پشقل سۆپاكانیان گه‌رم بكه‌ن و خۆیان گه‌رم بكه‌نه‌وه‌.
محه‌مه‌د وتیشی: حكومه‌تی‌ هه‌رێم به‌پێی پێویست ئاوڕی له‌ گوندنشینان نه‌داوه‌ته‌وه‌ و گونده‌كان وه‌ك شارو شارۆچكه‌كان خزمه‌ت نه‌كراوه‌ و حكومه‌ت هۆیه‌كانی‌ زستانی‌ وه‌ك پێویست بۆ گوندنشینان دابین نه‌كردووه‌ وه‌ك سوته‌مه‌نی و هۆیه‌كانی‌ چاره‌سه‌ری‌ ته‌ندروستی و هۆیه‌كانی‌ گواستنه‌وه‌ و پاككردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و ڕێگایانه‌ی‌ كه‌ به‌فر گرتوویه‌تی و هاتوچۆی هاوڵاتیانی قورستر كردووه‌. هه‌ر زستانێك به‌فر زۆر ببارێت ئه‌وا ئه‌و زستانه‌ بۆ ئێمه‌ زۆر قورسه‌و ناچارین خۆمان پێویستییه‌كانی‌ زستان دابین بكه‌ین.
گونده‌كان به‌ پێی هه‌ڵكه‌وته‌ی‌ جوگرافیایی ناوچه‌ بۆ ناوچه‌ ده‌گۆڕێت، به‌ڵام ناوچه‌ شاخاوییه‌كان وه‌ك یه‌ك زستانیان سارد و تاقه‌ت پروكین و سارده‌ و له‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌كاندا سه‌رمای زستان بۆ هه‌موو تاكێكی گوندنشین وه‌ك یه‌كه‌ و هه‌موان به‌ده‌ست به‌فرو سه‌رمای‌ ساڵه‌وه‌ هاواریان لێهه‌ستاوه‌. له‌م باره‌یشدا دابینكردنی‌ پێویستیه‌كانیش ئه‌سته‌م دابین ده‌كرێت به‌هۆی ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ڕێگاكان به‌فر گرتونی و هاتوچۆ به‌ به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك ئه‌سته‌م ده‌بێت.
هێژا عه‌لی گه‌نجێكی گوندنشینه‌ و ده‌ڵێت: زستان بۆ ئێمه‌ی‌ گوندنشینان قورستره‌ وه‌ك له‌ هاوڵاتیان و دانیشتوانی‌ شارو شارۆچكه‌كان. هاوڵاتیان له‌ شاره‌كاندا ئیشه‌كانیان یان دوكانه‌ یاخود ماڵه‌وه‌یه‌، به‌ڵام هاوڵاتیانی گونده‌كان به‌ پێی زه‌روریه‌تی خۆیان هیچ ئیشێكیان نییه‌ له‌ماڵه‌وه‌ بێت، ناچارن بۆ ڕاپه‌ڕاندنی كاروباره‌كانیان له‌ماڵ بچنه‌ده‌ره‌وه‌، ئه‌م به‌رده‌وام كاركردنه‌ به‌و شێوه‌یه‌ وایكردووه‌ هه‌میشه‌ هاوڵاتیانی گوندنشین زیاتر و زۆرتر پێویستیان به‌هاوكاری‌ و كارئاسانییه‌كانی‌ حكومه‌ت بێت بۆ ئاسانكردنی كاروباره‌كانیان له‌ وه‌رزی زستاندا و تێپه‌ڕاندنی وه‌رزی سه‌رما و سۆڵه‌.
ئافره‌ت له‌ گونده‌كاندا زیاتر له‌ پیاوان یاخود شان به‌شانی پیاوان سه‌رقاڵی كاركردنن و هه‌مان ماندوێتی پیاوانیان هه‌یه‌، بۆیه‌ ئه‌وانیش هه‌مان موعانات و داواكاریان داواكالری‌ پیاوانه‌ و ئه‌وه‌یشی به‌لایانه‌وه‌ گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ چۆن بتواننن هۆیه‌كانی‌ گه‌رمكردنه‌وه‌یان دابین بكه‌ن و ئه‌م سه‌رمایه‌ ببڕن.
ئامینه‌ والی كه‌ هه‌م ژنی ماڵه‌وه‌ و هه‌م سه‌رۆك خێزانه‌كه‌یشێتی بۆ گوندستانی‌ نوێ قسه‌ی‌ كردو وتی: باوكه‌كه‌م! كێ هه‌یه‌ خۆزگه‌ به‌ژیانی گوند بخوازێت به‌تایبه‌تی‌ له‌وه‌رزی زستانیشدا بێت و له‌ناو قوڕو لیته‌ی‌ زستان و باران و به‌فر باریندا بێت؟ ئێمه‌ ژیانمان به‌درێژایی ساڵ ژیانێكی قورس و ماندووكه‌رو پڕ ماندوێتییه‌ له‌وه‌رزی زستاندا قورستر ده‌بێت ژیانمان و له‌ بارێكی زه‌حمه‌ت و قورسدا ئه‌م وه‌رزه‌ تێده‌په‌ڕێنین.
گونده‌كانی‌ كوردستان به‌هۆی ئه‌وه‌ی‌ هه‌میشه‌ لانكه‌ی‌ شۆڕش و خه‌باتی پارتیزانی‌ میلله‌تی‌ كورد بووه‌ و له‌ ته‌واوی‌ شۆڕشه‌كاندا به‌شداری كارایان هه‌بووه‌، بۆیه‌ هه‌میشه‌ كراونه‌ته‌ ئامانجی دوژمنانی‌ كورد و دوژمنان له‌ سه‌نگه‌ردا بوون بۆ ئه‌وه‌ی‌ گه‌یشتنه‌ هه‌ر گوند و ئاواییه‌ك وێرانی بكه‌ن و هاوڵاتیانه‌كه‌ی‌ یان ڕابگوازن یاخود بیانكوژن، ئه‌وه‌ش به‌بیانووی كه‌سوكاری‌ پێشمه‌رگه‌و هاوكاری‌ شۆرش.
ئامینه‌ وتیشی: ئه‌گه‌ر چی ئێمه‌ی‌ گوندنشینان باری‌ سه‌ر شانمان قورسه‌و به‌درێژایی ساڵ ئه‌م كاره‌ دووباره‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌، هاوكات حكومه‌تیش هاوكارییه‌كی ئه‌وتۆی نه‌كردووین كه‌ كه‌مێك ئه‌م باره‌ قورسه‌مان له‌سه‌ر شان كه‌م بكاته‌وه‌ و ئه‌و بارودۆخه‌ سارد و سه‌خته‌ی‌ زستان به‌ئاسانتر تێپه‌ڕێنین. بۆیه‌ هه‌میشه‌ ئێمه‌ كه‌ زستان دێت جیاوازتر له‌ وه‌رزه‌كانیتر خۆمانی‌ بۆ ئاماده‌ ده‌كه‌ین وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ سه‌رمای‌ زستان و به‌فربارین شه‌ڕێك بێت و پێویستمان به‌وه‌ بێت به‌ته‌واوی‌ ئاماده‌كاری‌ بۆئه‌و شه‌ڕه‌ بكه‌ین.
حكومه‌تی‌ هه‌رێم ساڵانه‌ و ناوبه‌ناو له‌سه‌ره‌تای‌ زستاندا نه‌وتی سپی به‌سه‌ر ماڵاندا دابه‌ش ده‌كات و زۆرجار له‌سه‌ره‌تایشه‌وه‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌كان ده‌گرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستییه‌یه‌ كه‌ هه‌م حكومه‌ت و هه‌م هاوڵاتیانیش له‌وه‌ تێده‌گه‌ن ژیانی گوندنشینه‌كان به‌به‌راورد به‌ژیانی هاوڵاتیانی ناوه‌ندی شاره‌كان ژیانێكی جیاوازتریان هه‌یه‌ له‌زستاندا و پێویستیان به‌هاوكاری‌ زیاتر هه‌یه‌. وه‌رزی زستانیش وه‌ك وه‌رزێكی ساردو جیاوازتر له‌وه‌رزه‌كانیتر هه‌میشه‌ به‌ ئه‌دگار و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی‌ خۆی هاوڵاتیانی ناچاركردووه‌ له‌سه‌ره‌تای‌ وه‌رزه‌وه‌ ئاماده‌كاری‌ بۆ بكه‌ن

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*