سەرەکی » وتار » بەرەنگاربوونەوەی پەتاکە بە گیانێکی ..

بەرەنگاربوونەوەی پەتاکە بە گیانێکی ..

بەرەنگاربوونەوەی پەتاکە بە گیانێکی یەکگرتووانە و هاوکارانە

نی ڕووچی / کۆنسوڵی گشتی چین لە هەولێر

بڵاوبوونەوەی هەوکردنی سییەکان بەهۆی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ لە کۆتایی کانوونی یەکەم ،2019 لە ووهان لە چین, بووە هۆی دروستکردنی هەڕەشەیەکی مەترسیدار لەسەر ژیان و تەندروستی گەلی چینی ، هەروەها بووە هۆی نیگەرانی هاوبەشی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی. لە9ی شوبات، ژمارەی گشتی حاڵەتە پەسندکراوەکان لە چیندا گەیشت بە 35982 حاڵەت، و908 کەس گیانیان لەدەستدا ، و 3281 کەسی توشبوو چارەسەرکراون و لە نەخۆشخانە دەرکراون. زیاد لەمەش، 187518 کەس لەوانەی کە پەیوەندی نزیکیان لەگەڵ تووشبوان یاخود گومانلێکراوان هەبووە لە ئێستادا لە ژێر چاودێری پزیشکیدان.
لە هەمان کاتدا، تەواوی وڵاتەکە لەگەڵ کات پێشبڕکێ دەکات بۆ ڕزگارکردنی گیانی خەڵکی لەم ڤایرۆسە دڕندەیە. حکومەتی چین گرینگییەکی مەزن دەدات بە ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی پەتاکە و ڕێوشوێنی بێ پێشینە لە مێژووی مرۆڤایەتی دەگرێتە بەر بۆ ئەم مەبەستە. کارمەندانی تەندروستی و زانایان شەو و ڕۆژ کاردەکەن بۆ چارەسەرکرندی نەخۆشەکان و پەرەپێدانی کوتان و دۆزینەوەی دەرمانی کاریگەر بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکە، و ئەوان بەرەوپێشچوونی ڕۆژانە بەدەستدەهێنن ، و ژمارەی ئەو نەخۆشانەی کە چاک دەبنەوە بەردەوام لە بەرزبوونەوەیەکی جێگیردایە هەر لە ٣٠ی کانوونی دووەمەوە.
چین متمانەیەکی تەواوی هەیە کە لەم جەنگەی دژ بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا سەردەکەوێت.
گەلی چین داهێنەری ڕاستی مێژوو و پاڵەوانانن. لە ماوەی 5000 ساڵدا ، گەلی چین ڕووبەڕووی ژمارەیەکی نەژمێردراو لە قەیران و بەرەنگاربوونەوە بووەتەوە ، بەسەر هەموویان زاڵ بووە و هەرگیز نەبەزێندراوە. ئەم جارەش، سەرەڕای دڕندەیی و خراپی ڤایرۆسەکە متمانەی تەواومان هەیە کە لەم جەنگە سەربکەوین.

متمانەی ئێمە لەسەر بنەمای ڕابەرایەتی حیزبی شیوعی چینی و کۆکردنەوە و بەڕێوەبردنی کۆمەڵایەتی و حکومیی کاریگەرە.
هەر لەگەڵ بڵاوبوونەوەی پەتاکە ، سەرۆکی چینی شی جینپینگ بە بەردەوامی داوای لە لێژنە ناوەندی و خۆجێییەکانی حزبی دەسەڵاتداری شیوعی چین کردووە بۆ هەڵستان بە بەرپرسیارییەتیەکانیان دەربارەی وەڵامدانەوەیەکی گشتگیر و نەتەوەیی بۆ پەتاکە.
لیژنەی ناوەندی حزبی شیوعی چینی و حکومەتی ناوەندی هەڵستاووە بە ئاڕاستەکردن و کۆکردنەوەی سەرچاوەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا ، و بنیاتنانی سیستەمێکی گشتگیر و فرە ئاستی ڕێگریکردن و کۆنتڕۆڵکردن ، و گرتنەبەری ڕێوشوێنی توند و بێ پێشینە بۆڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە. کارمەندانی کۆمەڵگا لە شار و لادێکان لە سەرتاسەری وڵات بە تایبەتی لە ووهان و دەوروبەری هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ پاراستنی گیانی ملیۆنەها کەس. سوپای ئازادی میللی هەڵستا بە ناردنی دەستەی سەربازی پزیشکی بۆ ووهان بە مەبەستی یارمەتیدان لە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکە. کۆمپانیاکان هەڵستان بە چڕکردنەوەی بەرهەمهێنانی بەرهەمە سەرەکییەکان وەکو دەمامکی دەموچاو. خەڵکی لە هەموو ئاستێکی کۆمەڵایەتی دەستی یارمەتییان درێژ کردووە لەم کاتە پێویستەدا.هێزی سیستەمی چینی بە شێوەیەکی تەواو دەردەکەوێت لە کاتێکدا هەموو گەل بەرەنگاری ئەم ڤایرۆسە دەبنەووە.
لە هەمان کاتدا، بە مەبەستی جێبەجێکردنی تەواوی ڕێوشوێنەکانی جیاکردنەوەی تەندروستی بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکە ، حکومەتی ناوەندی چینی بڕیاری درێژکرنەوەی پشووی سەری ساڵی چینی و دواخستنی بەرواری کردنەوەی خوێندنگاکان و کارگەکانی دا، و بانگەوازی بۆ دانیشتوان کرد کە لە ماڵەکانیان بمێنەوە و دەرنەچن. هەموو ئەم ڕێوشوێنانە بە وردی جێبەجێکراوە و ڕۆڵێکی کاریگەری هەبووە لە بەرەنگاربوونەوەی پەتاکە.
متمانەی ئێمە لەسەر بنەمای بەخشینی ڕۆحی خۆنەپەرستی و قوربانیدانی کارمەندانی تەندروستی و کەسی ئاسای چینە.
کارمەندانی پزیشکی چینی – پزیشکان، پەرستیاران و زانایان، – هەموو ڕێگایەکیان گرتۆتەبەر، جێهێشتنی خێزانەکانیان بۆ بەردەوام بوون لە تێکۆشانی ماندوو نەناسانە بە شەو ورۆژ هەروەکو ئەوەی لە هێڵی پێشەوەی جەنگ دابن. هەرچەندە هەرێمی هۆبی ناوەندی سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکەیە، زیاتر لە 11000 کارمەندی پزیشکی لە هەرێمەکانی تر گەیشتوونەتە هۆبی یەک لە دوای یەک، و بەبێ هیچ ترسێک.
ژانگ دینگ یوو، سەرۆکی نەخۆشخانەی ووهان جینتان، یەکێک لەو نەخۆشخانانەی کە دیاریکراون بۆ وەرگرتنی نەخۆشی توشبوو بەڤایرۆسە نوێیەکە، 30 ڕۆژی لە چارەسەر کردنی نەخۆشەکان بەسەربرد هەر لە سەرەتای گەیشتنی حاڵەتە سەرەتاییکانی پەتاکە لە نەخۆشخانە. نوستن لە کاتژمێر 2 بەیانی و هەڵستان لە 4بەیانی بووەتە ڕۆتینێکی ڕۆژانەی پزیشکێکی تەمەن 57 ساڵ.
لە 6 شوبات، 4 لە کارمەندانی تەندروستی لە بەشی سەنتەری فریاکەوتنی پزیشکی نەخۆشخانەی ژۆنگ نانی زانکۆی ووهان لە ووهان کە پێشتر تووشی ڤایرۆسەکە ببوون لە کاتی کارکردن، چاک بوونەوە وگەڕانەوە هێڵی پێشەوەی چاودێری تەندروستی بۆ بەردەوام بوون لە جەنگان دژ بە پەتاکە بەبێ هیچ دوو دڵییەک.
لە ئێوارەی سەری ساڵی نوێی چینی، کە بۆنەیەکی نەریتیە بۆ دووبارە کۆبونەوەی خێزانەکان، سۆنگ کیپینک، ستافێکی پزیشکی سەربازی، ماڵ و خێزانەکەی جێهێشت لە پێناو ووهان لەگەڵ 450 هاوپیشەکانی، لەنێوانیاندا ئەو پسپۆڕانەی خاوەن ئەزموون بوون لە جەنگان دژ بە سارس و ئیبولا.
لە پێناو چارەسەرکردنی جیاوازیی نێوان زیاد بوونی ژمارەی نەخۆش و سەرچاوەی پزیشکی سنوردار، هەزارەها کرێکاری بیناسازی لە ڕۆژێکدا 24 کاتژمێر کاریان کرد بۆ بنیاتنانی نەخۆشخانە لە هیچەوە ولە ماوەی 10 ڕۆژدا توانیان تەواوی بکەن. جۆنگ دافێ، کە کرێکارێکی بیناسازی ئاساییە، کاتێک گوێبیستی دەستپێکردنی پڕۆژەکە بوو، وازی لە پشووەکەی خۆی هێنا و هەڵستا بە بڕینی سەدەها میل بۆ گەیشتن بە شوینی بنیاتنانی پڕۆژەکە سەرەڕای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە. دوای کۆتایی هاتنی کاری بیناسازی، هەڵستا بە بەخشینی هەموو مووچەکەی بۆ جەنگی ئەم پەتایە، و زۆر لە هاوپیشەکانی هەمان کاریان ئەنجام دا.
هەروەها متمانەی ئێمە لەسەر بنەمایی گەرانی بەردەوام و داهێنانی زانا چینیەکانە.
هەر لە سەرتای بڵاوبوونەووەی پەتاکە ، زانایان وشارەزایان شەو و ڕۆژ بە سەختی کار دەکەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەری پەتاکە. سەنتەری چینی بۆ کۆنتڕۆڵ کردن و نەهێشتنی نەخۆشی هەڵستاووە بە جیاکردنەوەی ڤایرۆسەکە و لە ئێستادا هەوڵی دیاری کردنی توخوم و رەسەنی ڤایرۆسەکە دەدرێت کە دەکرێت بەکار بهێنرێت بۆ گەشەپێدانی کوتان. دۆزەرەوەی تایبەت بۆ تاقیکردنەووەی ڤایرۆسەکە دۆزراوەتەووە، لە ئـێستادا تەنها پێویستی بە چەند کاتژمێرێکە بۆ ئەوەی پەسەند بکرێت کە ئایا نەخۆشی پلە گەرمی بەرز توشبووی ڤایرۆسەکەیە یاخود نا. توێژەران لە پەیمانگای زانستی ئەکادمی چینی دەستیان کردووە بە پشکنین و دۆزینەوەی دەرمانی دژە ڤایرۆسی دیاریکراووی بەردەست کە پێدەچێت کاریگەربێت دژی ڤایرۆسی کۆڕۆنا. شارەزایان وپزیشکانی کلینیکیی لە هێڵی پێشەوەدا جۆری جیاواز لە چارەسەر بەکار دەهێنن بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتیان، و گەراندنەوەی تەندروستی نەخۆشەکان. لە 6 شوبات، 23 نەخۆشی پەتای ڤایرۆسی کۆڕۆنا چارەسەر کران و لە نەخۆشخانە دەرچوێندران پاش وەرگرتنی چارەسەری گونجاو لەگەڵ دەرمانی چینی نەریتی و هەروەها دەرمانی ڕۆژئاوایی.
جیهان پێویستە بەیەکەوە بەڕووی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێی بوەستێت.
ڤایرۆسەکە هیچ رەگەزنامەیەکی نیە و بڵاوبوونەوەی هیچ سنورێک نازانێت. جەنگان لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایە نیگەرانیەکی هاوبەشی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیە. لە چاوی ئەم پەتایەوە، ئادەمیزاد هەمان چارەنووسی هەیە، تەنها یەکگرتوویی و هەماهەنگی دەتوانێت ببێتە هۆی دروستبوونی هێزێک بۆ پاراستنی ژیانی خەڵکی.
حکومەتی چین هەموو هەوڵێک دەدات بۆ بەرنگاربوونەوەی ئەم پەتایە، و بڵاوکردنەووەی زانیارییەکان بەشێوەیەکی کراوە و ڕوون و بەرپرسانە. لە 22 کانوونی دووەم, ئەکادمیا زانستییەکانی چینی بە بەردەوامی هاوبەشی دەکەن بە زانیاری جیناتی ڕەسەنی ڤایرۆسەکە لەگەڵ تەواوی جیهاندا. بەپێی ئەکادمیا زانستییەکانی چینی، لەگەڵ زیاتر لە 300000 زنجیرە فایلی دابەزێندراو، داتا بەیسەکانی خزمەتگوزاریان بەردەست خستووە بۆ زیاتر لە 30000 سەردانکەر لە 106 وڵات و هەرێم. 5 زنجیرە جییەکانی ڤایرۆسە نوێییەکە، هاوجووت کراوە لەگەڵ جینی پێنج رەسەنی نوێی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لەناوەندی نیشتیمانی بۆ داتای جینی وهاوبەشکردنی لەگەڵ داتا بەیسی بانکی جینی لە ناوەندی نیشتیمانی بۆ زانیاری تەکنولۆژیای زیندەزانی لە ویلایەتە یەکگرتووەکان.
چین لە پەیوەندی وهەماهەنگیەکی نزیک دابووە لەگەڵ ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی. شارەزایانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی گەشتێکی مەیدانیان بۆ ووهان ئەنجام دا. بەرێوبەری گشتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دکتۆر تێدروس ئەدهانوم گیبریسوس سەردانی چینی کرد و تاوتوێی سنوردار کردن و کەم کردنەوەی پەتاکەی کرد لەگەڵ لایەنە چینیەکان. هەوڵەکانی چین بەرز دەنرخێنێت و باس لە بەشداری مەزنی چین لە جەنگان دژ بە ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ دەکات لە جیهاندا.
لە هەمان کاتدا، ڕابەرانی سیاسی، کەسیایەتی گشتی، و کەسانی ئاسایی لە هەموو جیهاندا زیاتر و زیاتر پاڵپشتی خۆیان بۆ هەوڵەکانی چین لە جەنگان دژ بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ دەربڕی بە چەندین شێوەی جیاواز، و حکومەتی بیانی زیاتر و زیاتر وەکو کۆماری کۆریا و ژاپۆن تایلەند و مالیزیا و ئەندەنوسیا و کازاخستان و پاکستان، ئەڵمانیا و بەریتانیا و فەڕنسا و ئیتاڵیا و هەنگاریا، بیلا ڕوسیا و تورکیا، ئێران و ئیمارتی عەرەبی یەکگرتوو، جەزائر، میسر، ئوستراڵیا، ترینیداد و تۆباگۆ و یونسێف هەڵستان بە بەخشینی پێداویستی خۆپاراستن و کۆنتڕۆڵکردنی پەتا بۆ چین. خوێندکارانی خوێندنگایەکی ناوەندی ئەڵمانی، هەروەها خوێندنگایەکی سەرەتایی ئینگلتڕا هەڵستان بە گوتنی گۆرانی چینی بە کۆرس بۆ بەرزکردنەوەی متمانەی چین، و ڕێزلێنانی قوربانیان. هاوڕێ ژاپۆنیەکان لەسەر بۆکسی بەخشین بۆ چین نووسیبوویان (خاکی جیاواز،چارەنووسی هاوبەش).
بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دکتۆر تێدروس ئەدهانوم گیبریسوس وتی، (ئێمە هەموومان بەیەکەوە لەم دۆخە داین، و تەنها بەیەکەوە دەتوانین بیوەستێنین). دووپاتیشی کردەووە کە دەبێت هەموو وڵاتان بەیەکەوە کاربکەن بە ڕۆحێکی یەکگرتووی و هەماهەنگی، و بانگی هەموو وڵاتانی کرد بۆ بەشداریپێکردنی زانیاری دروست لەگەڵ ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و جیهان بە گشتی دەربارەی پەتاکە.
هەروەکو قسەی نەستەقی کۆن کە دەڵێت: هاوڕێی ڕاستی لە کاتی تەنگانە دەردەکەوێت. بەخشین و پاڵپشتیان ئەندازەی بەزەیی و میهرەبانی قوڵی ئەوان دەردەخات. ئێمە بە دڵسۆزییەوە پاڵپشتی بەخشندانەی ئەوان دەنرخێنین و سوپاسیان دەکەین.
ئێمە پێویستە لەگەڵ ڤایرۆسەکە بجەنگین نەوەکو لەگەڵ یەکتری. پەتاکە دوژمنێکی گشتییە بۆ جیهان, ترس و نیگەرانی هەردەبێت لە ڕووبەڕووبونەوەی کێشەیەکی تەندروستی گەورەی جیهانی هاوشێوەی ئەمە. بەڵام ڕێگەدان بە کاردانەوەی زیادەڕۆ و ترسی ناماقوڵ نەوەکو تەنها زیانی دەبێت, بەڵکو پەتاکە خراپتر دەکات و وادەکات لەدەستدانی متمانە ئاسانتر بێت.
ڤایرۆس ترسناکە. بەڵام ئەوەی ترسناکترە بریتییە لە قسەوقسەڵۆک و ترسی بێ هۆکار. بەڵێ ڕاستە کە ئەم ڤایرۆسی کۆڕۆنایە خراپترە لە ئەنفلۆنزای ئاسایی ساڵانە، کە ئێچ وەن ئێن وەن بوو لە 2019. ئەم ڤایرۆسە زۆر تەشەنەکەرە و بە ئاسانی بڵاودەبێتەوە. بەهەر حاڵ، ڕێژەی مردنی 2% یە کە ئێستاش کەمترە بە بەراورد لەگەڵ ڕێژەی مردن بەهۆی ڤایرۆسی ساڕس کە 9% یە, یاخود ئەنفلۆنزای ئێچ وەن ئێن وەن 2019 بە ڕێژەی مردنی 17.4%, یاخود ڤایرۆسی مێرس 2012 بە ڕێژەی مردنی 34.4% و ڕێژەی مردنی ئیبۆلا بە 40.4%.
ئەم جەنگەی دژی ڤایرۆسی کۆڕۆنا تاقیکردنەوەیەکی هێزە لە نێوان مرۆڤ و ڤایرۆس, هەروەها ئەمە تاقیکردنەوەیەکی ڕەوشت و دادپەروەرییە. لە کاتێکدا کە ڤایرۆسی کۆڕۆنا مەترسییەکی جدیە، جۆرێکی تر لە ڤایرۆسی زیانبەخش هەیە کە بریتیە لە ڕەگەزپەرستی و بێگانەپەرستی، کە شان بە شانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بڵاودەبێتەوە. دەکرێت ڕەگەزپەرستی دژی چین دەرئەنجامی مەترسیداری بەسەر تەواوی جیهاندا هەبێت. هەروەکو دکتۆر تێدروس وتی ( ئەمە کاتی ڕاستیەکانە، نەوەکو ترس. ئەمە کاتی زانستە،نەوەکو قسەوقسەڵۆک. ئەمە کاتی پشتگیریکردنە، نەوەکو لەکەدارکردن). وەسفی گونجاو و ورد بۆ ڤایرۆسی کۆڕۆنا نە بریتییە لە ڤایرۆسی چین نە ئێچ وەن ئێن وەن بەڵکو ڤایرۆسی ئەمریکا. گەلی چین، هەروەکو تەواوی جیهان، قوربانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا و چەندین ڤایرۆسی تر. ڕێوشوێنەکانی چین نەک تەنها بۆ پاراستنی گەلەکەیەتی, بەڵکو بۆ پاراستنی هەموو جیهانە.
ئێمە چاوەڕێی تێگەیشتن و پاڵپشتی هاوبەش دەکەین لە هەرێمی کوردستان.
وەکو هاوڕێی دڵسۆز, پاڵپشتی لە گەلی کوردەوە گرینگییەکی تایبەتی هەیە بۆ گەلی چین. لە کاتی سەرهەڵدانی پەتاکە, زۆر لە خەڵکی کوردستان پاڵپشتی و بەزەیی خۆیان دەربڕی بۆ خەڵکی چینی بە تەلەفۆن، ئیمەیڵ، فەیسبووک و ڕێگای تری جیاواز. ئەمە بەڵگەیەکە بۆ هاوڕێیەتی نێوان هەردوو گەلەکە. ئێمە بە دڵسۆزیەوە بەرزی دەنرخێنین.
ئێمە لە بارودۆخی هەرێمی کوردستان تێدەگەین، و ڕێز لە دواین ڕێوشوێنەکان دەگرین کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان گرتراوەتە بەر بۆ ڕیگەگرتن و کۆنتڕۆڵکردنی بڵاوبوونەوەی پىتاکە لە هەرێم. هیوادارین کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بتوانێت بارودۆخی پەتاکە بە شێوەیەکی بابەتیانە، دادوەرانە, ئارامانە و ژیرانە هەڵبسەنگێنێت، لە هەوڵەکانی چین بۆ کۆنتڕۆڵکردنی پەتاکە تێبگات و پاڵپشتی بکات. پێویستە ئەو ڕێوشوێنانەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگرێتەبەر هاوتا بێت لەگەڵ پێشنیارەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی نەوەکو ئاستی ماقوڵ تێبپەڕێنێت، و نابێت کار بکاتە سەر ئاڵوگۆڕی کەسیی ئاسای و هەماهەنگی کرداریی لە بواری جیاواز.
وەکو کۆنسوڵگەری چینی گشتی لە هەولێر، بە جدی ڕێگریمان کردووە لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە هەرێمی کوردستان. ئێمە لە پەیوەندی بەردەوام و نزیک داین لەگەڵ هاونیشتیمانیانی چینی لە هەرێمدا، گرینگی دەدەین بە بارودۆخی جەستەییان و بەدەم داواکارییەکانیان دەچین. تا ئێستا, هیچ هاونیشتیمانییەکی چینی تووشنەبووە و گومانی تووشبوونی ڤایرۆسەکەی لێنەکراوە.
ئەم جەنگی دژە ڤایرۆسە بەردەوامە و بە کاتێکی هەستیار دەگات. ئەمەی ڤایرۆسەکە کردی زۆر بێبەزەییانە بوو بەڵام بەردەوام نابێت. ئەمەی خەڵکەکە کردی کاریگەربووە و هەتا هەتا لە یاد دەمێنێت. پەتاکە کاتییە، بەڵام هەماهەنگی بەردەوام دەبێت. لە چەرخی جیهانگەری کە چارەنووسی هەموو وڵاتان بەیەکەوە بەستراوە، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پێویستە بەیەکەوە کاربکات بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئەم قەیرانە تەندروستییە گشتییە و سەرکەوتن بەسەر سەختییەکان. کات دەیسەلمێنێت کە چین بڕیاری ژیرانەی داوە و بەهێزتر دەردەکەوێت دوای تێپەڕبوونی پەتاکە.

print

 209 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*