سەرەکی » ئابووری » سیاسەتی خۆماڵیكردن لە سێكتەری وزەداپەڕە 22

سیاسەتی خۆماڵیكردن لە سێكتەری وزەدا

سعود هاشم*

وڵاتانی تازە دەركەوتووی ناو نەخشەی وزەی جیهانی بۆ بەكارهێنان‌و سود وەرگرتن لە سامانی سروشتی پێویستییەكی زۆریان بە لایەنی راوێژكار و زۆرجاریش كەسانی بە ئەزموون‌و قاڵبووی سێكتەری نەوت‌و غاز هەیە، تا بتوانرێت ئەم سێكتەرە بە جۆرێك ئیدارە بكرێت كە دواجار لە چوارچێوەی خزمەتی گشتی‌و پێگەیاندنی كادر و تواناو كۆمپانیای ناوخۆیی لێبكەوێتەوەو هاونیشتیمانیش دواجار سەنتەری سودو بایەخی ئەو كەرتە بێت‌و خۆی بە خاوەن بزانێت.
ئەزموونی وەبەرهێنانی سامانی سروشتی (نەوت‌و غاز) لەهەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (2002) و كاركردنی گەنەل ئینێرجی لە تەقتەق‌و رۆژی 25ی 6ی 2004 كاتێ كۆمپانیایەكی بچوكی وەك (DNO)ی نەرویجی گرێبەستی هاوبەشی لەگەڵ هەرێمی كوردستان ئیمزا كردو كاری دۆزینەوەو گەڕانی دەستپێكرد لە تاوكێ.

كۆمپانیا نێوخۆییەكانی كوردستان
دوای دەرچوونی یاسای (28)ی 2017ی یاسای نەوت‌و غازی هەرێمی كوردستان، كاركردن لەسێكتەری كوردستان فۆرمێكی دیكەی‌ یاسایی وەرگرت‌و بووە جێی سەرنجی كۆمپانیا نەوتیە جیهانیە‌كان، زیاتر لە 46 كۆمپانیای سەركار هاتوونەتە كوردستان‌و وەبەرهێنان دەكەن‌و بەمەش كوردستان كەوتە قۆناغی گەڕان‌و پشكنین‌و بەرهەمهێنان.
سێكتەری نەوت‌و غاز لەهەر وڵاتێك پێویستییەكی زۆری بە سەرمایەو دەستی كار هەیە بەتایبەت لەقۆناغەكانی Upstream و Midstream و Downstream. پیشەسازی نەوت‌و غاز پیشەسازییەكی ئاڵۆزەو گەلێك تایبەتمەندی جۆراوجۆری لەخۆگرتووەو پێویستییەكانی هەمەجۆرن.
بەشێوەیەكی گشتی لەكاتی گەڕان‌و پشكنین‌و بەرهەمهێناندا كۆمپانیا نەوتیەكان پێویستییان بەم خزمەتگوزاریانە هەیە:
* دروستكردنی رێگاوبان‌و خانوو.
* خزمەتگوزاری پێشكەشكردنی خواردن‌و شوفێری.
* دابینكردنی ئاو و خواردنەوە.
* خزمەتگوزاری پزیشكی.
* ئامێری كۆڵین.
* دابینكردنی كەرەستەی بیناسازی.
* بۆری‌و سیستمی چارەسەری‌و ریسایكلین.
* سەكۆی كۆڵین‌و عەمباری نەوت.
ئەمانە بەشێكی زۆری ئەو خزمەتگوزاریانەن كە دەكرێت بە پاڵپشتی‌و هاندانی حكومەتی هەرێم كۆمپانیا ناوخۆییەكانی كوردستان پەرەیان پێبدرێت بۆ دابینكردنی خواستی كۆمپانیا كلاینتەكان (سەركارەكان)‌و رۆڵی زیاتر بدرێت بە كۆمپانیا نێوخۆییەكانی كوردستان بۆ دابینكردن ئەنجامدانی پڕۆژە.
ئەمە جگە لەوەی كە لەقۆناغەكانی پڕۆسە جیاجیاكان كۆمپانیا نەوتیەكان پێویستیان بە دەیان شارەزایی‌و تایبەتمەند هەیە كە بۆ چەند بەشێكی سەرەكی جیا دەكرێنەوە:
* گەڕان‌و پشكنین.
تایبەت بەپیشەسازیی نەوت‌و هونەری: خزمەتگوزاری جیۆلۆجی، كۆڵین، خزمەتگوزاری ئەندازیاری‌و دیزاین…تد.
گشتی: گواستنەوە، لۆجستیك، ئۆتۆمبێل‌و كرێن‌و ئالیاتی گەورە… تد.
* پەرەپێدان:
تایبەت بە پیشەسازیی نەوت‌و هونەری: خزمەتگوزاری ئەندازیاری‌و دیزاین، پەرپێدانی ژێرخانی ئابووری‌و عەمبارەكان…تد.
گشتی: یاسایی‌و دارایی، دامەزراندن‌و تەكنەلۆجیای پەیوەندی‌و زانیاری، پلاندانانی ژینگەیی‌و كۆمەڵایەتی…تد.
* بەگەڕخستن:
تایبەت بەپیشەسازیی نەوت‌و هونەری: باشتركردنی بەرهەمێنان، چاككردنی سەكۆیەكان، پێداچوونەوەو چاوخشاندن بە ژێرخانەكان‌و چاككردنەوەیان، كارگێڕیی عەمبارەكان، چاككردنی بۆرییەكان، وێستگەكانی پەمپكردن… تد.
گشتی: باركردن، گواستنەوە، لۆجستیك…تد.
* راگرتن یاخود لەكارخستن
تایبەت بەپیشەسازیی نەوت‌و هونەری: ئەندازیاری لێكهەڵوەشانەوە، لەناوبردنی هەندێك كەرەستە، بەڕێوبردنی شوێنەكە.
گشتی: یاسایی‌و رێكخستن، دارایی دامەزراندن، تەكنەلۆجیای پەیوەندی‌و زانیاری، خزمەتگوزاری (بەڕێوەبردنی پاشماوەكان‌و چاككردنەوە، ئاسایش… تد).

(1050) كۆمپانیا
لەهەرێمی كوردستان زیاتر لە 44 هەزار كۆمپانیا تۆماركراوەو لەو ژمارەیەش (1050) كۆمپانیا لەسامانە سروشتیەكان لە سیستمی (AVL) تۆماركراوەو راستەوخۆ تەندەرەكانیان بۆ دەچێـت، بەڵام زۆر كەمن ئەو كۆمپانیا ناوخۆییانەی كە بتوانن كێبڕكێی كۆمپانیا دابینكارە بیانیەكان بكەن جگە لەچەند كۆمپانیایەكی كەم نەبێت.
هۆكار زۆرن بەڵام پێویستە وەك لایەنی سەرەكی حكومەتی هەرێم پەرە بەكۆمپانیای ناوخۆییەكان بدات‌و تایبەتمەندی بدات بەو كۆمیپانیانەی لەخزمەتگوزارییە كێلگەییەكاندا كار دەكەن، بەداخەوە ساڵانە دەیان ملیۆن دۆلار بۆ كۆمپانیا بیانیەكانی خزمەتگوزاری كێڵگەیی دەچێتە دەرەوە كە دەكرێ بە هاندان‌و پاڵپشتی حكومەت بۆ كۆمپانیای ناوخۆیی پێبگەیێنرێـت‌و ئەو پارەیان نەچێتە دەرەوە.
تائێستاش لەكوردستان كۆمپانیا بەشدارەكان لەپڕۆسەی نەوت‌و غاز تەنها لەچوارچێوەی كۆمپانیای (Subcontractor) بوونە رۆڵی دابینكاریان بینیوە، كەمترین كۆمپانیای سێرفسی كێڵگە نەوتیەكانمان هەیە تائێستاش ژمارەیان لەپەنجەی دەست تێپەڕ ناكات‌و ئەمەش دواجار وادەكات پارەیەكی زۆر بچێتە دەرەوەو سود لەو دەرفەتانە وەرنەگرێن.
ئەگەرچی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان سیستەمێكی (Approved Vendor Lists (AVL) هەیە بۆ تۆماری كۆمپانیاكان بەڕێگەی ئەم سیستمەوە كۆمپانیاكان ئاگاداری تەندەرەكان دەكرێنەوە، وەك هەنگاوی یەكەم باشە، بەڵام لەڕاستیدا هیچ رۆڵێكی نەبینیوە لەپێگەیاندنی كۆمپانیا ناوخۆییەكان‌و ئەم هەنگاوەش بەس نییە، چونكە حكومەت پێویستی بەڕێنمایی تایبەت‌و راسپاردنی كۆمپانیا سەركارەكان دەبێ رۆڵ بگێڕن لەدروستكردنی چانس‌و دەرفەتی پێگەیاندن‌و پەرەپێدان‌و وەرگرتنی تەندەرەكان.
زۆرێك لەوڵاتان كۆمپانیاكانی بواری نەوت ناچار دەكەن بەكڕینی پێویستیەكانیان لەناوەوەی وڵات تەنانەت ئەگەر جیاوازی لەنرخیش هەبێ، ئەمەش بەمەبەستی گلدانەوەی ئەو پارەیە كە بەڕێگای كڕین دەچێتە دەرەوە.
كازاخستان نمونەیەكی دیارەو بەیاسا سەپاندوویەتی بەسەر كۆمپانیاكان كە پێشینە بۆ كڕینی كەلوپەلی (كازاخستانی)یە ئەگەرهاتوو جیاوازی نرخیشی هەبێ‌و لە (20 %)یش نرخەكەی زیاتر بوو بە بەراورد لەگەڵ نرخی بڕاندی بیانی‌و دەرەوە.

سەدان ملیۆن دۆلار دەگەڕێتەوە
بەهەمان شێوە وڵاتی ئەنگۆلا، لیستێكی دیاریكراوی لەكەلوپەل‌و پێویستییەكانی پیشەسازیی نەوت‌و غاز هەیەو هەر كۆمپانیایەكی بیانی مەبەستی دابینكردنی هەبێ دەبێ لەڕێگەی هاوبەشێكەوە لەگەڵ كۆمپانیایەكی ئەنگۆلی پێشكەش بكات بەمەرجێ رێژەی كۆمپانیا بیانیەكە لە (10 %) زیاتر نەبێت.
سیاسەتی بەخۆماڵیكردن دەبێ لایەنێكی گرنگی حكومەتی هەرێم بێ لە سەرجەم پێویستی‌و بوارەكانی ناو پیشەسازیی نەوت‌و غاز.
نمونەی عومان نمونەیەكی سەركەوتووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە كە سیاسەتی بەخۆماڵیكردنی لەسەرجەم لایەنەكانی كەرتی نەوت‌و غاز، یاسای بۆ داڕشت‌و دەرەنجامێكی باشیان بەدەستكەوت، لەساڵی 2011 ئەو سیاسەتەیان راگەیاندو رێژەیەك دیاریكرا كە دەستی كاری عومانی نابێ لە (90 %) كەمتر بێت لە بەرهەمهێنان‌و بەگەڕخستن‌و وێستگەكاندا.
هەروەها رەواجی دا بە كەلوپەلی عومانی‌و ئەوانەی بەپێی ستانداردن‌و كۆمپانیاكانی نەوت‌و غازی ناچار كرد بیكڕن.
لەساڵی 2013 حكومەتی عومان توانی زیاتر لە 5700 هەلی كار و راهێنان بۆ هاووڵاتیانی دەستەبەر بكات لەچوارچێوەی ئەو سیاسەتەدا.
سێكتەر‌ی نەوت غازی هەرێمی كوردستان لە بەردەم فراوانبوونێكی گەورەدایەو چاوەڕوان دەكرێت لەمساڵدا ئاستی بەرهەمهێنان 700 هەزار بەرمیل لەڕۆژێكدا تێپەڕێنێت‌و چالاكی كۆمپانیا نەوتیەكانیش بەرەو زیادبوون دەچن‌و پێویستە حكومەتی هەرێم بەمەبەستی شەفافكردنی زیاتر، چاودێری پڕۆسەكانی تەندەرینگ‌و خزمەتگوزارییەكان بكات‌و هەروەها بەزوترین كات رێنمایی‌و كارئاسانی لەچوارچێوەی بەرنامەیەكی تۆكمە رابگەیەنێت بۆ پێگەیاندنی كۆمپانیای ناوخۆیی لەخزمەتگوزارییە كێڵگەییەكان كە دواجار سەدان ملیۆن دۆلار دەگەڕێتەوە ناو كوردستان‌و هەزاران هەلیكاریش بۆ گەنجان دەرەخسێنرێت.

* بەڕێوەبەری پەیمانگەی كوردستان بۆ وزە

print

 107 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*