سەرەکی » راپۆرت » پەیوەندییەكانی سوریا و توركیا بەرەو كوێ؟پەڕە 2

شرۆڤەی رۆژ

پەیوەندییەكانی سوریا و توركیا بەرەو كوێ؟

هەواڵ و بەدواداچوون

پێشڕەوییەكانی سوپای سوریا بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی پارێزگای ئیدلب، پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و سوریای بە ئاستێكی خراپ گەیاندووە، سوریا دەیەوێت ئیدلب وەك یەكێك لە پارێزگا ستراتیژییەكان بەتایبەت لەڕووی ئابوورییەوە بە هەر نرخێك بێت، كۆنترۆڵ بكاتەوە و لە ژێر دەستی گروپە چەكدارەكانی سەر بە توركیا دەریبهێنێت، بۆ ئەوەش هەر پشتیوانییەكی توركیا بۆ ئەو گروپانە بە پێشێلكردنی خاكی وڵاتەكەی دەزانێت، بەڵام هەرچی توركیایە سوورە لەسەر ئەوەی «دەبێت سوپای سوریا پاشەكشە لە پێشڕەوییەكانی بكات و مەترسی و هەڕەشەكانی لەسەر خاڵە چاودێرییەكانی دووربخاتەوە». لە نوێترین پێشهاتیشدا هەردوو لایەن بە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هێرشی سەربازییان دژی یەكتر دەستپێكردووە.

هەڵوێستی توركیا
گرتە ڤیدیۆییەكان، لە پاڵ هەڕەشەی هەردوولا لەسەر پرسی ئیدلب، پیشانی دەدەن كە پەیوەندیی نێوانیان بە ئاستێكی خراپ گەیشتووە، وێڕای هەوڵەكانی روسیا بۆ ئارامكردنەوەی دۆخەكە، بەڵام دوێنێ لە نوێترین كاردانەوەیدا سەرۆكی توركیا رایگەیاند: هەرچی پێویست بێت دەیكەین بۆ راماڵینی سوپای سوریا لە نزیك خاڵەكانی چاودێریی، دەشڵێت: وڵاتەكەی، هێزە هاوپەیمانەكانی لە ئیدلب پڕ چەك كردووە، بۆ دەركردنی هێزەكانی سوپای سوریا. هاوكات وەزیری بەرگریی توركیا رایگەیاند: خاڵەكانی چاودێریمان لە پارێزگای ئیدلب چۆڵنەكردووە و فەرمانی ئەوەشمان بە هێزەكانمان داوە وەڵامی هەر هێرشێكی سوریا بدەنەوە.

هەڵوێستی سوریا
حكومەتی دیمەشق تائێستا بێگوێدانە هەڕەشەكانی توركیا، بەردەوامە لە پێشڕەوییەكانی لە ئیدلب، لەم رووەشەوە تەنها لەسەر ئاستی وەزارەتی دەرەوە وەڵامی هەڕەشەكانی توركیا دەداتەوە، لەدوای لێدوانەكانی ئەردۆگان-یش، بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی دەرەوەی سوریا رایگەیاندووە «وڵاتەكەی ئەركی نیشتمانی خۆی جێبەجێ دەکات و كار دەكات بۆ كۆتاییهێنان بە گروپە تیرۆریستییەكان، بوونی هێزەكانی توركیاش لە خاكی سوریا بە نایاسایی دەزانێت».
توركیا كۆتایی ئەم مانگەی داناوە بۆ ئەوەی هێزەكانی سوریا پێشڕەوییەكانیان بوەستێنن و پاشەكشە بكەن، بۆیە پێدەچێت ئەگەر تا ئەوكاتە ئاڵۆزییەكان بەردەوام بن، ئەوا بەریەككەوتنی سەربازیی نێوان هەردوو لایەن، ئەگەرێكی بەهێز دەبێت.

هەڵوێستی روسیا
روسیا هێشتا وەك دەردەكەوێت بە چاوێكی دۆستانەتر سەیری ئەسەد و حكومەتەكەی دەكات تا ئەوەی بیەوێت بەرژەوەندییەكانی توركیا لە سوریا و بەتایبەت لە ئیدلب بپارێزێت، لە دوایین پەیوەندیی تەلەفۆنی پوتین و ئەردۆغاندا، بێ ئەوەی روسیا قسەیەكی نوێی لەسەر دۆخی ئیدلب و ئاڵۆزییەكان هەبێت، رایگەیاندووە «دەبێت رێكەوتنی سوچی وەك خۆی جێبەجێبكرێت».
لە ئەگەری قووڵبوونەوەی زیاتری ئاڵۆزییەكانی ئیدلبدا، رەنگە كۆمەڵێك وڵاتی بەرژەوەندیخواز بەتایبەت ئەوانەی چاویان لەسەر رێكەوتنی سەدەیە، دەست لە دۆخەكە وەربدەن، تائێستا بەشێك لە وڵاتانی ئەوروپا پشتیوانی لە توركیا دەكەن، بەڵام پێناچێت سوریاش بە ئاسانی دەستبەرداری ئۆپەراسیۆنەكەی بێت لە ئیدلب، تەنانەت رەنگە ئۆپەراسیۆنی عەفرینیشی بەدوادا بێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*