سەرەکی » راپۆرت » ئیدلب ‌و هاووڵاتییەكانی لە نێوان بەرداشی هێزە شەڕكەرەكاندا

ئیدلب ‌و هاووڵاتییەكانی لە نێوان بەرداشی هێزە شەڕكەرەكاندا

ئامادەكردنی، عەلی فەرەج كاشان

دۆخی ئیدلب بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر دەچێت و هەڵوێستی دژ بەیەكی وڵاتانیش لەبارەی ئەو شارەوە وا دەكات پێشبینی نەكرێت دۆخەكە بەرەو ئاسایبوونەوە بچێت، بەتایبەت دوای ئەوەی چەند سەربازێكی توركیا و سوریا كوژران. ئێستاش حكومەتی دیمەشق پێداگری دەكات لە كۆنترۆڵكردنەوەی تەواوی خاكی وڵاتەكەی و توركیاش لە ناردنی هێز بۆ ناوچەكە بەردەوامە.
حكومەتی سوریا لە راگەیەنراوێكیدا كە رۆژی 11 ئەم مانگە لەبارەی دۆخی ئیدلبەوە بڵاویكردۆتەوە، توركیا بە تۆمەتبار وەسف دەكات. دیمەشق لە راگەیەنراوەكەدا توركیای بە پیشێلكاریی دژ بە سەروەریی سوریا تۆمەتبار كردووە، بەوەی هێزی زۆری رەوانەی هەردوو پارێزگای ئیدلب و حەلەب كردووە، لە بەرامبەریشدا توركیا لە كۆكردنەوەی هێز لەو ناوچانە بەردەوامە.

115 بنكە كراونەتە ئامانج
لە ماوەی رابردوودا بەهۆی هێرشكردنی سوپای سوریاوە بۆ سەر بنكەكانی چاودێریی سوپای توركیا، لەو ناوچانە ژمارەیەك سەربازی توركیا كوژران، لە بەرامبەریشدا بەپێی راگەیەنراوی وەزارەتی بەرگریی توركیا، 115 بنكەی سەربازیی سوریا لەلایەن توركیاوە كراونەتە ئامانج و لە ئەنجامدا زیاتر لە 100سەربازی ئەو وڵاتە كوژراون، چونكە حكومەتی ئەنقەرە ئەو هێرشانە بە مافی بەرگری لە خۆی و هێرشی بەرپەرچدانەوە وەسف دەكات.

هەسەدە شەڕ ناكات
لەبارەی ئەو دەنگۆیانەش كە باسی بەشداریی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەدەسە) دەكەن لە شەڕی ئیدلبدا، مستەفا بالی وتەبێژی هەسەدە ئاماژەی بەوەكرد: هەواڵی بەشداریكردنی هێزەكانیان لە هێرش و پرۆسە سەربازییەكاندا لە ناوچەی ئیدلب، رەتدەكەینەوە. وتیشی: سەرلەبەری ئەو هەواڵانەی باس لە بەشداریكردنی هێزەكانیان، لە شەڕ و پێكدادانەكاندا لە ناوچەی ئیدلب دەكەن، دوورن لە راستییەوە.
بەپێی راگەیەنراوێكی كۆشكی سپیش، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا داوای لە روسیا كردووە تاكو كۆتایی بە پشتیوانییەكانی بۆ حكومەتی دیمەشق بهێنێت، هەروەها نیگەرانیی خۆشی لەبارەی توندوتیژییەكانی پارێزگای ئیدلب دەربڕیووە.
هاوكات دۆناڵد ترەمپ لە پەیوەندییەكی تەلەفونیدا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا، باسی لە دۆخی ئیدلب كردووە.

هەڵوێستی روسیا
لە تازەترین پێشهاتدا، وەزیری دەرەوەی توركیا لە پەراوێزی كۆنفرانسی میونخ بۆ ئاسایش، رایگەیاند: داوامان لە وەزیری دەرەوەی روسیا كردووە كە هێرشەكان بۆ سەر ئیدلب رابگیرێت و ئاگربەستی هەمیشەیی رابگەیەنرێت. لە بەرامبەریشدا سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا بەرگری لە هەڵوێستی وڵاتەكەی بەرامبەر شەڕی ئیدلب كردووە و روونیكردۆتەوە كە هێزە سەربازییەكانی روسیا لەگەڵ سوپای توركیا لە سنووری پارێزگای ئیدلب لە هەماهەنگیدان، وتیشی: هیوادارین هەماهەنگی روسیا و توركیا ببێتە هۆی كەمكردنەوەی ئاستی گرژییەكانی سنووری ئیدلب و ئێستاش راوێژكارە روسی و توركییەكان پێكەوە هەماهەنگی دەكەن.

هەڵوێستی ناتۆ
دوێنێش ئاژانسی هەواڵی روسیا لە زاری بەرپرسێكی ناتۆوە بڵاویكردەوە: ناتۆ پشتیوانی توركیا ناكات لە شەڕی ئیدلب و هیچ پشتیوانییەكی سەربازی سوپای ئەو وڵاتە ناكات بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە باكووری سووریا، بە تایبەتی لە سنووری پارێزگای ئیدلب.
روونیشیكردۆتەوە: ناتۆ نایەوێت و پشتیوانی ئەوە ناكات كە بەندی پێنجەمی پەیمانەكە كارا بكرێت، بەوەی توركیا بەهۆی كوژرانی چەند سەربازێكییەوە لە سنووری ئیدلب داوای كردبوو.

بەشار ئەسەد پێداگریی دەكات
هەر دوێنێ بەشار ئەسەد سەرۆكی سوریا رایگەیاند: تەواوی خاكی وڵاتەكەیان كۆنترۆڵ دەكەنەوە.
ئەسەد لە میانەی كۆبوونەوەی لەگەڵ عەلی لاریجانی سەرۆكی پەرلەمانی ئێران، رایگەیاند: گروپە تیرۆرستییەكان خەڵكی شاری ئیدلبیان بە بارمتە گرتووە ‌و وەك قەڵغانی مرۆیی بەكاریاندەهێنن. وتیشی: دیمەشق رێگە نادات ئەو دۆخە بەردەوام بێت، هەروەها رێگە نادات خەڵك لە ژێر هەڕەشەدابن ‌و دەبێت خاكی سوریا لە تیرۆریستان پاكبكرێتەوە. سەرۆكی پەرلەمانی ئێرانیش پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ سوریا دووپاتكردۆتەوە.
ئێستاش هێزەكانی حكومەتی سوریا رێگەی (ئێم 5)یان كۆنترۆڵكردووە، كە ناوچەیەكی ستراتیجی ئەو پارێزگایەیە و چوار شاری سوریا پێكەوە دەبەستێت.
رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانیش رایگەیاند: لە ماوەی (90) رۆژدا، زیاتر لە (800) هەزار هاووڵاتی لە ئیدلب و حەلەب ئاوارەبوون.
بەپێی راگەیەنراوێكی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، نزیكەی ملیۆنێك هاووڵاتی ئاوارەبوون و رۆژانەش ژمارەیان زیاد دەكات.
لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە: بەهۆی هێرشەكانی سوپای سوریا و بۆردومانی فڕۆكە جەنگییەكانی رووسیاوە بۆ سەر دوایین مۆڵگەكانی گروپە چەكدارەكان، زیاتر لە (800) هەزار هاووڵاتی لە ئیدلب و حەلەب ئاوارەبوون.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*