سەرەکی » راپۆرت » ئامادەكردنی: دیاری سابیر » هیندستان لە لێدوانی ئەردۆغان دەربارەی كشمیر نیگەرانە

هیندستان لە لێدوانی ئەردۆغان دەربارەی كشمیر نیگەرانە

بەهۆی لێدوانەكانی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا دەربارەی هەرێمی كشمیر، رۆژی دووشەممەی رابردوو حكومەتی هیندستان باڵیۆزی توركیای لە وڵاتەكەی بانگ كرد بۆ پێشكەشكردنی ناڕەزایی دیپلۆماسی لەسەر لێدوانەكانی ئەردۆغان ‌و هۆشداریی ئەوەشی دایە كە رەنگە كاریگەریی لەسەر پەیوەندیی دووقۆڵیی نێوان هەردوو وڵات هەبێت.

توركیا لەگەڵ گەلی كشمیردایە
هەفتەری رابردوو لەمیانی سەردانێكیدا بۆ پاكستان، ئەردۆغان رایگەیاند، كە دۆخی بەشە هیندستانییەكەی كشمیر بەهۆی گۆڕانكارییە ریشەییەكانەوە تێكچووە، كە حكومەتی نیودەلهی لە ناوچە زۆرینەی موسڵمانەكە جێبەجێی دەكات و وتیشی: توركیا لەگەڵ گەلی كشمیردایە.
سەرۆكی توركیا لە لێدوانەكەیدا لە پەرلەمانی پاكستان رایگەیاند: ناتوانرێت كێشەی كشمیر بە زەبری هێز چارەسەر بكرێت، بەڵكو پێویستە چارەسەرەكە لەسەر بنەمای دادپەروەری ‌و ویژدان بونیاد بنرێ.
هیندستان ئەوەی پێ قبووڵ نییە
وەكو وەڵامدانەوەیەكیش، وەزارەتی دەرەوەی هیندستان شاكر ئۆزكان تورونلار باڵیۆزی توركیای لە وڵاتەكەی بانگ كرد ‌و پێی راگەیاند، كە لێدوانەكەی ئەردۆغان، تێنەگەیشتنی مێژووی ململانێیە لە نێوان پاكستان ‌و هیندستان لەسەر كشمیر.
رافیش كۆمار وتەبێژ بەناوی وەزارەتەكەوە رایگەیاند: ئەم هەڵوێستەی دوایی، نموونەیەكی دیكەیە لە شێوازی دەستوەردانی توركیا لە كاروباری وڵاتانی تر، هیندستانیش هەرگیز ئەوەی پێ قبووڵ نییە. وتیشی: وڵاتەكەم ناڕەزاییەكی توندی دیپلۆماسیی رەسمی پێشكەش بە توركیا كردووە.
وتەبێژەكەی وەزارەتی دەرەوەی هیندستان وەكو ئاماژەیەك بۆ لێدوانەكانی ئەردۆغان، ئاشكرایكرد، كە ئەو جۆرە پێشهاتانە لێكەوتەی نێگەتیڤ و گەورەیان لەسەر پەیوەندیی دووقۆڵی نێوان هەردوو وڵات دەبێت.

رەتكردنەوەی دەسەڵاتی ئۆتۆنۆمی
مانگی ئابی رابردوو، هیندستان دەسەڵاتی ئۆتۆنۆمی لە هەرێمی كشمیر رەتكردەوە ‌و خستییە ژێر دەسەڵاتی ئیتیحادییەوە ‌و ئامانجیشی لەو هەنگاوە، بەپێی لێدوانی لێپرسراوانی نیودەلهیش، گرێدانی تەواوی ناوچەكەیە بە هیندستانەوە ‌و لەناوبردنی ئەو «یاخیبوون»ەیە كە 30 ساڵە درێژەی هەیە.
هەر ئەو كاتە، پاكستان كە كۆنترۆڵی بەشێكی هەرێمی كشمیری كردووە، ئیدانەی ئەو هەنگاوەی حكومەتی نیودەلهی كرد ‌و داوای لە وڵاتانی وەكو توركیا ‌و مالیزیا كرد، داوا لە هیندستان بكەن تاكو چاو بەو رێوشوێنەدا بخشێنێتەوە.

هیندستان پاكستان تۆمەتبار دەكات
ئەو «یاخیبوون»ەی كشمیر كە دەیان هەزار قوربانی لێكەوتۆتەوە، هیندستان ئۆباڵەكەی دەخاتە ئەستۆی پاكستان، لای خۆشیەوە حكومەتی ئیسلام ئاباد رەتیدەكاتەوە ‌و دەڵێت، تەنها پاڵپشتیی دیپلۆماسی ‌و مەعنەوی گەلی كشمیر دەكات، لە خەباتەكەیدا بۆ بەدیهێنانی مافی چارەنووس.

سەرچاوە، ئاژانسەکان

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*