سەرەکی » دۆسێ » سائیرون: ئەوەی دژایەتی سەدر بكات وەك داعشە

مەبەستی خۆپیشاندەرانە

سائیرون: ئەوەی دژایەتی سەدر بكات وەك داعشە

فراكسیۆنی سائیرون لە پەرلەمانی عیراق كە سیاسەتەكانی لەلایەن رەوتی سەدرەوە ئاراستە دەكرێت، سەرسوڕمانی خۆی دەردەبڕێت لە دووبارەبوونەوەی دیاردەی قسەكردنی هەندێك لە خۆپیشاندەران لەسەر سونبوڵە ئاینی و نیشتمانییەكان (وەك ئاماژەیەك بۆ موقتەدا سەدر) و پێیوایە مەترسی ئەوانە لە مەترسی ڕێكخراوی داعش كەمتر نییە.
فراكسیۆنی سائیرون كە خاوەنی 54 كورسیە لە كۆی 329 كورسی پەرلەمان، لە بەیاننامەیەكدا لە 13ی شوباتی 2020 ڕایگەیاندبوو”لەكاتێكدا تەئكید لەسەر مافی خۆپیشاندانی ئاشتیانە دەكەینەوە كە لەلایەن یاسا و دەستورەوە زامنكراوە و دیاردەیەكی ئەرێنی حاڵەتی دیموكراتییە لە عیراق، بەڵام لە هەمان كاتدا سەرسوڕمانی خۆمان بەرانبەر بە قسەكردنی هەندێك لە خۆپیشاندەران دەردەبڕین لەسەر سونبوڵە ئاینی و نیشتمانییەكان و پێمانوایە، مەترسی ئەوانە لە مەترسی ڕێكخراوی داعش كەمتر نییە”.
سائیرون لە بەیاننامەكەیدا دەڵێت”بەئامانجگرتنی سونبوڵە ئاینی و نیشتمانییەكان، پیلانێكی ئەمریكایی ئاشكرایە و بە تایبەتیش دژ بەو خانەوادانەی كە بە هەڵوێستی ڕەتكردنەوەی جەور و ستەم و سەركوتكاریی ناسراون وەك خانەوادەی سەدر كە لەئێستادا لەلایەن ئەمریكا و سیاسەتەكانی لە ناوچەكەدا كراوەتەئامانج”.
لەم ماوەیەی دواییدا، بەهۆی هەڵمەتی سەركوتكارانەی كڵاوشینەكان بۆ بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندەران كە كوژران و برینداربوونی دەیان كەسی لێكەوتەوە، موقتەدا سەدر ڕابەڕی ڕەوتی سەدر لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە هێرشی توندی كرایەسەر و بە “بكوژ” وەسفكرا.
دوابەدوای بڕیارەكەی مەرجەعی باڵای شیعەكان دەربارەی پاراستنی خۆپیشاندەران، ڕابەری ڕەوتی سەدر لە فەرمانێكدا بۆ كڵاوشینەكانی ڕەوتەكەی دەڵێت: “لە گۆڕەپانەكانی خۆپیشاندان بكشێنەوە”.
موقتەدا سەدر، ڕابەری ڕەوتی سەدر لە 8ی شوباتی 2020 لە پەیامێكی 18 خاڵیدا بەناوی “پەیماننامەی شۆڕشی‌ چاكسازی”، كە لە تویتەری خۆی بڵاویكردەوە و ئاڕاستەی كڵاوشینەكانی سەر بە ڕەوتەكەی كرد ڕاگەیاندبوو، پێویستە خۆپیشاندانی ئاشتیانە بەردەوام بێت و چەك ڕادەستی هێزە ئەمنییەكان بكرێت و كڵاوشینەكان لە گۆڕەپانی خۆپشاندانەكان بكشێنەوە.
سەدر داوای لە خۆپیشاندەران كردبوو، وتەبێژ بۆ خۆیان دیاری بكەن و لیژنە پێكبهێنن بۆ ئەوەی‌ داوای‌ ئازادكردنی‌ دەستگیركراوان و رفێندراوان بكەن و لێكۆڵینەوەی‌ جددی‌ لەسەر شەهیدبوونی خۆپیشاندەران بكرێت.
ئەم پەیامەی سەدر لەكاتێكدایە، كە ئەحمەد سافی، نوێنەری ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، گەورە مەرجەعی ئایینی شیعەكان لە وتاری هەینی 7ی شوباتی 2020 ڕایگەیاندبوو، دەبێت خۆپیشاندانی ئاشتییانە بەردەوام بێت و جگە لە هێزە ئەمنییەكان هیچ هێزێكی دیكە لە دەوری خۆپیشاندەران نەمێنێت.
پێشتر بەهۆی پێكداهەڵپژانی نێوان كڵاوشینەكانی سەر بە رەوتی سەدر كە بە بیانووی گێڕانەوەی ژیانی ئاسایی بۆ هاووڵاتیان دەستییان كردبوو بە سوتاندنی خێمە و بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندەران لە بەغدا و شارەكانی تر، ژمارەیەك خۆپیشاندەر كوژران و ژمارەیەكی تر برینداربوون، بەڵام دواتر لەڕێی رێكەوتنێكی نێوان رەوتی سەدر و نوێنەرانی خۆپیشاندانەكان، كڵاوشینەكان گۆڕەپانەكانی خۆپیشاندانیان چۆڵ كرد و پاشەكشەیان كرد.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*