سەرەکی » راپۆرت » عەللاوی چۆن لەگەڵ كورد و سوننە رێكدەكەوێت؟

شرۆڤەی رۆژ

عەللاوی چۆن لەگەڵ كورد و سوننە رێكدەكەوێت؟

هەواڵ و بەدواداچوون

پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عیراق بە سەرۆكایەتیی محەمەد تۆفیق عەللاوی، بڕیار وابوو ئەم هەفتەیە لە ئەنجومەنی نوێنەران بناسرێت و بخرێتە دەنگدانەوە، بەڵام حساباتەكان هەندێك كورتیان هێناوە، بەوپێیەی كە یەكلابوونەوەی كابینەكە تەنها لە نێوان لایەنە شیعەكاندا بە بەشداریكردن و بەشدارینەكردن، یەكلاییبۆتەوە، ئەگەرچی هێشتا هاوپەیمانیی سائیرون پێداگریی لەسەر ئەوە دەكات كە «دەبێت حكومەتەكە تەنها بۆ ماوەی یەك ساڵ بێت».

هەفتەی داهاتوو متمانە دەبەخشرێتە كابینەی نوێ؟
كورد و سوننەش، روئیایەكی جیاوازتریان لەبارەی پێكهێنانی كابینەكەوە هەیە، هەردوو پێكهاتەكە لە چەند رۆژی رابردوودا لە بارەی میكانیزمی بەشدارییان لە كابینەكەدا كەوتوونەتە گفتوگۆ، كورد ئێستا بە تیمێكی كوردستانی لە بەغدایە و دەیەوێت روئیای خۆی سەبارەت بە بەشداریكردن لە كابینەكەدا، بخاتەڕوو.

هەردوو پێكهاتە، كورد و سوننە لەو باوەڕەدان عەللاوی بۆ پێكهێنانی كابینەكە گفتوگۆی رەسمیی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتەكاندا نەكردووە، ئەمەش یەكێك دەبێت لە هۆكارە سەرەكییەكانی دواكەوتنی كابینەكە، تەنانەت باس لەوە دەكرێت كە «سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران ئێستا نایەوێت بەبێ روونبوونەوەی میكانیزمی لایەنەكان لە كابینەكەدا، سەرپەرشتی كۆبوونەوەی راگەیاندنی كابینەكە بكات».

پرسی دانانی كاندیدانی سەربەخۆ و پاراستنی كابینەكە لە دەستوەردانی حزبەكان، بۆتە خاڵی ناكۆكیی نێوان لایەنەكان لە كابینەی نوێدا، كورد و سوننە تائێستا لەو باوەڕدان ناكرێت بەبێ راوێژكردن و گەڕانەوە بۆ حزبەكان، كاندیدی سەربەخۆ دیاری بكرێت.
پرسیارەكەش ئەوەیە، عەللاوی چۆن دەڕوانێتە خواستی ئەو دوو پێكهاتەیە و چۆن لەگەڵیان رێكدەكەوێت؟. گفتوگۆكانی ئەم ماوەیە چارەنووسساز دەبن، بەتایبەت كە عادل عەبدولمەهدیش هۆشداریی ئەوەی داوە «ئەگەر لایەنەكان تا سەرەتای مانگی داهاتوو رێكنەكەون و حكومەتی نوێ پێكنەهێنرێت، ئەوا چیتر لێپرسراوێتی حكومەتی كاربەڕێكەر لە ئەستۆ ناگرێت».
هاوكات جگە لە كاندیدی لایەنەكان، رەنگە كێشەیەكی دیكەش بەرۆكی كابینەكەی عەللاوی بگرێت بەتایبەت لە پرسی كاندید بۆ پۆستە سیادییەكان، بەوەی كە پێناچێت تەنانەت خودی لایەنە شیعەكانیش لە سەر ئەو پرسە كۆكبن، كە كاندیدی ئەو پۆستە لە پشكی خۆیان نەبێت، كێشەیەك كە لە كابینەكەی پێشووتریش تا درەنگ نەتوانرا بەزوویی چارەسەر بكرێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*