سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » فەرنجی پۆش سۆراغی شەهیدبوونپەڕە 23

فەرنجی پۆش سۆراغی شەهیدبوون

ئامادەکردن و لێكۆڵینه‌وه‌ : ئه‌نوه‌ر حسێن (بازگر)

فەرنجی پۆش سۆراغی شەهیدبوون
ساڵانی ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، ئەسعەدی غمیان ناسراو بە (ئارام) پێشمەرگەیەکی ئازا و فیداکاری کۆمەڵە بوو ، ئەو لە ژیانی پێش پێشمەرگایەتیدا ، نمونەی مرۆڤێکی میهرەبان و یەکسانیخواز بوو ، حۆری خوشکە چکۆڵەکەی زۆر لەژێر کاریگەری کەسایەتی گەورەی ئەسعەد دا بوو. حۆری دوای ماوەیەکی درێژ دابران لە ئەسعەد ، بڕیاری دا بێت بۆ لای و سەردانێکی بکات . بە هەر دەردی سەریەك بوو گەشتە ناوچە ئازادکراوەکان ، مەخابن تا حۆریە گەیشت ، ئەسعەد لە ڕوبەڕوبونەوەیەکی سەخت و نابەرابەردا ، دوای تۆمارکردنی داستانێکی قارەمانانە گیانی لەدەستدا و درێژەی ڕێگاکەی بە ئێمەمانان سپارد!
حۆریە بۆ سەردانی هاتبوو ، بەڵام ئەو تەرمە بێ گیانەکەی لە ئامێزگرت! ئازاری لەدەستدانی بۆ یەکەم جار و دواجار ئەو تێکستە جوانەی بەرهەم هێنا کە مێژووی ئەدەبیاتی شۆڕشگێرانەی ئێمە شانازی پێوەدەکات و وەك دەقێکی ئەدەبی بەرز تۆماری کردووە.

فەرنجی پۆش کەڵپۆس لەکۆڵ
بۆ تۆ گەڕاوم دوڵ بە دوڵ
هەرداو هەردم کرد دەشت و کۆ
نامە ژێر پێ گەڕام بۆ تۆ
لە دارستان لە کانی و ئاو
لە گشت لا تۆم هاتە بەر چاو
گرتم شۆێنی هەنگاوەکەت
پرسیم سۆراغی چاوەکەت
پرسیم لە گوڵ لە خونچە گوڵ
گژ و گیا مێخەک و سمڵ
شەووبوو و سۆسەن و چنوور
لە گوڵە شیلانی زەرد و سوور
گرتم سۆراغی بۆنی تۆ
شەیدا بوم کەوتمە شۆێنی تۆ
گەرچی نەمدین، دڵ هەر کۆێ چو
دیمەنی توی لەبەر چاو بو
دەشتی ساڕاڵ و خۆڕ خۆڕە
لە ناوی پیروزت پڕە
چەم شار سنە تا ژاوەرۆ
گشت بە داخن بۆ کۆچی تۆ
بێ ئۆقرەم لێم بڕا ئارام
بیستم تۆ نەماوی بەڵام
چونکو ڕیگات رێی خەبات بو
سەربەرزی بو بۆ نەجات بو
دەبێ بزەم بێ لە لێوان
بەرز بم وەکو لوتکەی کێوان
کێوانی کوردستانەکەم
جێگای تو کاکە جۆانەکەم
تۆ نە مردوی لە ناودڵمی
خۆێنی هەناوی بە کوڵمی
لە دەمارما دێیت و دەڕۆی
هێزی دڵ و گیانم ئەتۆیی
هەتاکو وام بەم دنیاوە
یادەکەت ڕوناکی چاوە
ئامانجت ئامانجمە ئارام
رێگات رێگامە دڵنیام

وتووێژ لەگەڵ حۆری غەمیان:
پاش شەهیدبوونی (ئارام) شیعری (فەرەنجی پۆش) لە دایکبوو

* وەکو خوشکی شەهید ئەسعەدی غەمیان ناسراو بە شەهید (ئارام) دەناسین، ئایا حۆری غەمیان جگە لە خوشکی شەهید ئارامبوون، چ پێناسەیەکی تری هەیە؟ بەر لە هەموو شتێک پێمانخۆشە لەسەر خۆت قسەمان بۆ بکەی؟.
– لەناو بەڵگەی لە دایکبوونەکەمدا ناوم (حۆری) نوسراوە. نازناوێکیشم هەیە کە تەنیا ئەندامانی خێزانەکەم و هاوڕییانی ژیانی رابردووم بەوە بانگمدەکەن.
لە شاری سنە لەدایکبووم و هەرلەوێیش ژیاوم، تا ئەو کاتەی لە شەوێکی ساردی پاییزی 1992 بەناچاری هەموو ئەو کەسانەی خۆشم دەویستن، بێ ماڵئاوایی بە جێمهێشتن و هەنگاوم نا بەرەو سەفەرێکی نادیار. لەو شەوە پڕ لە خۆفەی وا من ملم نا بەرەو سەرگەردانی، سێدارەکان هێشتا هەر چۆرەی خوێنیان لێ دەهات، ماڵەکان ببوون بە بەندیخانە و سوپا هێندەی دەریایەک خوێنی ڕشتبوو.
ماوەی 24 ساڵە لە بەریتانیا دەژیم، بەڵام هێشتاش هەر ڕانەهاتووم، هەروەها دایکی دوو منداڵم بە ناوەکانی (سێوە و ئاران)، کە کوڕەکەم تەمەنی هەژدە ساڵانە و ئەمساڵ دەستی بەخوێندنی زانکۆ کردووە. ژیانی خۆمم بەخشیوە بەهەردوو منداڵەکەم.
پێناسەیەکی تریشم ئەوەیە، کە دایکم دەیوت» لە هەر کوێی ئەم دنیایەدا بم، وەکو سەگی ناو کۆڵانان قاچی زاڵم و زۆردار دەگرم.» جگە لە هەموو ئەوانەش کاری فۆتۆگرافیش دەکەم.

*یەکێک لەو دەقە حەماسییانەی لە مێژووی گۆرانی و سروودی کوردیدا دەنگیداوەتەوە، دەقی فەرەنجی پۆشە، کە هونەرمەندی گەورە نەجمەدینی غوڵامی کردوویەتی بە گۆرانی ، ئەم شیعرەت لە چ بارودۆخێکدا نوسی؟
– فەرەنجی پۆش بەرهەمی بارودۆخی سیاسیی ئەو کاتەی کوردستانی ڕۆژهەڵات بوو، باسی خوشکێک دەکات کە مەدالیای شەهیدبوونی برا پێشمەرگەکەی پێگەیشتووە.
دوای ماوەیەک لە بێهەواڵی، ئەسعەد پەیامی ناردبوو بڕۆم بیبینم. بە دڵخۆشییەوە لایتێکم بۆی کڕیبوو، هەروەها ئەو شیرینیانەی ئەو حەزی لێیان بوو، فەرنجییەکی نوێ، کەوا و پانتۆڵێکی تازە دووراو، هەروەها ئەو پووزەوانانەش وا دایکم بۆی چنی بوو، بەڵام کاتێ گەیشتم هەواڵی شەهیدبوونەکەیم پێگەیشت.
پاش گەڕانەوەم لە سەر گۆڕە بێ ناونیشانەکەی شەهید ئارام، فەرەنجی پۆش لەدایکبوو. دۆستێکی شارەزای شیعر و ئەدەب چاوێکی پێیدا خشاند و وتی: ئاخ بۆ کوردییە وێرانەکەی تۆ. بە قەوڵی خۆی دەستکاری کرد و بوو بە «فەرەنجی پۆش».
کاتێ لە بەندیخانەدا بووم، ئێوارەیەک لە یەکێک لە ژوورە تاکەکەسییەکانەوە دەنگێکی خۆش دەستیکرد بە چڕینی ئەم گۆرانییە. بەندییەکی تر لە ژوورەکەی تەنیشتیەوە وتی: وس بە ئێرە شوێنی ئەوە نییە. خاوەنی دەنگە خۆشەکە وتی: کورە هەر لەسەر ئەمە گیراوم. دەیانەوێ لەمە زیاتر چیم لێبکەن.

* ئەگەرچی شیعری فەرەنجی پۆش شیعرێکی جوان و مانادارە، بۆچی شیعری هاوشێوەی دووبارە نەبووەتەوە؟
-من شاعیر نیم، دایکیشم شاعیر نەبوو، تەنانەت خوێندەواریشی نەبوو، بەڵام پاش لەدەستدانی کوڕەکەی بوو بە شاعیر، لەکاتی لاواندنەوەکانیدا هەرچییەکی دەوت، کێش و سەروایان هەبوو:
ئاخۆ ئەو چاوانە، بەو جۆرە ماون یان خاکی گۆڕخانە تیکیانی داون
*ئایا لە خەباتی کورددا ژن دەبێ هەر خوشک و دایک و کچی شەهید بێت، یان ئەویش ئەو تواناییەی هەیە ڕۆڵبگێڕێت و لە بری خوشک و دایک و کچبوون، کەسایەتیی تایبەت بە خۆی هەبێت؟
-ژنی کورد وەکو هەموو ژنانی دنیا و وەکو مرۆڤێک، خۆی بڕیاردەدات چی بکات و چ ڕۆڵێکی لە ژیان و خەباتدا هەبێت. وەک دەبینین لە کاتی خەباتی ئێران و ئێستاش لە ڕۆژئاوا، ژنان و کچان دەوری خەباتگێڕیش دەگێڕن.

* دوای شەهیدبوونی شەهید ئارام، چەکت هەڵگرت و ڕێگات نەدا سەنگەرەکەی بەتاڵ بێت، چۆن ئەو بڕیارەتدا؟.
-بەر لە شەهیدبوون و دوای شەهید بوونی شەهید ئارام، قەت دەستم بۆ چەک نەبردووە. لەکاتی خەباتدا دەبێ لەناو جەرگەی پەرستیارەکاندا بەدوامدا بگەڕێن.

* ئایا بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە خانمان بەشداری خەباتی کوردیان کردووە، لەناو ئەو سیستەمەدا بەشدارییان پێدەکرێت، ئەو مافەی کە پێویستیانە پێیاندراوە، یان تەنیا بە شێوەیەکی کاتی کەڵکیان لێوەردگیرێت و دواتر رەوانەی ماڵەوە دەکرێنەوە؟
-ئەگەر ئافرەت هێندە لاواز بێت، لێبگەڕێت بەکاریبهێنن، دەبێ سەری خۆی لە هەش بنێت.

*حۆری غەمیان چ خوێندنەوەیەکی بۆ داهاتووی خەباتی کورد هەیە؟
– لە خەیانەتی سەرۆکەکانمان دەترسم
* چ پەیامێکت بۆ ژنان و کچان هەیە، ئایا خۆت کارت بۆ ئەو پەیامە کردووە؟

-ئازیزان بڕواتان هەبێت ئێمە بێماکیاژ، یان بە قەوڵی سنەییەکان بێ سورا و سپیاو جوانترین.

* ئایا دیسانەوە ئەگەر بگەڕێیتەوە بۆ دواوە هەر لەسەر هەمان ڕێباز دەبیت و هەمان بڕیار دووبارە دەکەیتەوە؟
-بڕوام بە ژیانی دووبارە نییە و مێشکم سەرقاڵی ئەگەر و خۆزگە ناکەم.

رەنگدانەوەی ئارمان، ئامانجی ئینسانی لە شیعری فەرەنجی پۆشی حۆری غەمیاندا

حۆری غەمیان وەکو ژنێکی تێکۆشەر لە بنەماڵەیەکی شۆڕشگێڕی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناسراوە، بەڵام لە هەمان کاتدا ڕاستییەک هەیە کە (فەرەنجی پۆش) شیعری حۆری غەمیانە. لە دیدارێکدا کە من سازم کردووە و یەکەمجارە لە میدیای کوردی ئەم چاوپێکەوتنە کرابێت، باسی شیعری (فەرەنجی پۆش) دەکات. بە ڕای من، یەکەم: ئەم شیعرە یەکێکە لە شیعرە جوانەکانی ئەدەبیاتی کوردی. دووەم: گۆرانی ئەم شیعرە کە ساڵی (1985) لە کاسێتی نەورۆزانەی نەجمەدینی غوڵامی بڵاوبووەتەوە، زۆربەی خەڵک پێیان وابوو کە ئەم گۆرانییە بۆ شەهید ئارام (شاسوار جەلال)، لە ڕێبەرانی گیانبەختکردووی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی باشووری کوردستان وتراوە. لەڕاستیدا ئەم بەرهەمە، شیعرەکە و گۆرانییەکەشی بۆ شەهید ئارام نەوتراوە. ئەم شیعرە، حۆری غەمیان بۆ ئەسعەدی غەمیان (ئارام)ی برای نووسیویەتی. حۆری غەمیان سەبارەت بەم شیعرە دەڵێت: فەرەنجی پۆش بەرهەمی بارودۆخی سیاسی ئەو کاتەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو، باسی خوشکێک دەکات کە مەدالیای شەهیدبوونی برا پێشمەرگەکەی پێگەیشتووە، دەڵێت: دوای ماوەیەک لە بێ هەواڵی و نەبوونی دەنگ و باسی، ئەسعەدی برام پەیامێکی نارد بۆ ئەوەی بڕۆم بیبینم. دەمویست لایتێک، ئەو شیرینییانەی کە ئارام حەزی لێیبوو لەگەڵ فەرنجییەکی نوێ و کەوا و پانتۆڵێکی دووراوی تازە و ئەو پووزەوانانەش کە دایکم بۆی چنیبوو بۆی ببەم ، بەڵام کاتێک کە گەیشتم هەواڵی شەهیدبوونی (ئارام)م بیست. پاش گەڕانەوەم لە سەر گۆڕی بێ ناو نیشانی شەهید ئارام، (فەرنجی پۆش) لەدایکبوو. بە هۆی ئەوەی کوردییەکم باش نەبوو، هاوڕێیەکم پێداچوونەوەی پێدا کرد و بوو بەو شیعرەی کە ئێستا لە سەر زاری هەمووانە. حۆری غەمیان دەڵێت: ئەو کاتەش کە لە زیندان بووم و گوێم لە گۆرانییەکە بوو، پێێان دەوتم: ئەم گۆرانییە قاچاخە، ڕەنگە سزای زیاترت بدەن، منیش وتووم: گوێ بەو قسانە نادەم، من ئێستاش لە سەر ئەم شتانە بەند کراوم. دەبێ بڵێم ئەو شیعرە دەنگدانەوەی زۆری هەبوو. بە ڕای من هۆکارەکەی پەیوەندی بە ئەدەبیات و بەرهەمی زیندووە هەیە. ڕاستییەکەی ئەوەیە کە لە پشت هەر دەق، چیرۆک، شیعر و فەنتازیا و ئەدەبێکەوە، دەبێت واقعییەتێک هەبێت کە بتوانێت ئەفراندن بێنێتە ئاراوە. هەر بەم هۆیە ئەم شیعرە بووە بە ئەدەبیاتێکی گەورە و شیعرێکی ناسراو. خودی نەجمەدینی غوڵامیش هۆکارێکی گرنگە بۆ ناساندنی ئەم شیعرە کە بە قووڵی چووەتە ناو فیکر و مێشکی خەڵکەوە. لە ئەدەبیاتی جیهانیشدا بەم شێوەیەیە، بۆ نموونە بەشێکی زۆر لە شیعرەکانی نزار قەببانی کە کازم زاهیر کردوویەتی بە گۆرانی، دەنگدانەوەی زیاتری هەبووە. ئەمە بۆ کوردیش ڕاستە. بەڵام بە گشتی خاڵێکی گرنگ هەیە کە ڕەنگە زۆر باس نەکرابێت و پێویستی بە لێکۆڵینەوە بێت، ئەوەیە کە ئەسعەدی غەمیان (شەهید ئارام) لە ناو ڕیزەکانی کۆمەڵە کە حیزبێکی خاوەن جوڵانەوەیەکی ئینسانی، کرێکاری و زەحمەتکێش بووە و کاریگەرییەکی زۆری لە سەر کۆمەڵگا هەبوو. بەشداری ئەسعەدی غەمیان وەکو پێشمەرگەیەکی کۆمەڵە و شەهیدبوونیشی لەو ڕێگایە، کاریگەری کلتوور و ئەدەبیاتی کۆمەڵەی لەسەر بووە. پێش ساڵی (1985) کە ئەم شیعرە نووسراوە و کراوە بە گۆرانی، کۆمەڵە لە بواری شیعری نوێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خاوەنی ئەدەبیاتێکی تایبەت بووە. بۆ نموونە سوارە ئیلخانیزادە نزیکایەتی هەبووە لەگەڵ کۆمەڵە بەهۆی ئەوەی ئامۆزای عومەری ئیلخانیزادەیە، فاتیح شێخولئیسلامی (چاوە)، موسلیح شێخولئیسلامی (ڕێبوار)، ئەحمەد بازگر، حسێن شەبەق، حسێن میسری، وریا نازری و سەلاحەدین موهتەدی کە خاوەنی چیرۆکی (کێ ڕچەی شکاند؟)ە، دەنگدانەوەیەکی گەورەی هەبووە، نموونەی شاعیرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن کە فۆرمی ئەدەبییەکەیان کاریگەری لەسەر کەسانێک وەکوو حۆری غەمیان داناوە و توانیویەتی ئەم شیعرە بڵێت، واتا یەکەم: جگە لەوەی کە ئەسعەد غەمیان وەکو پێشمەرگەیەک شەهید بووە، لە هەمانکاتدا وەکو کەسایەتییەکی زەحمەتکێش و کرێکار شەهید بووە. دووەم: ئەم شیعرە لەژێر کاریگەری کلتوور و ئەدەبیاتی بزووتنەوەیەکی کرێکاری، چەپ و کۆمۆنیستی وەکو کۆمەڵە لەو سەردەمەدا نووسراوە. سێیەم: خودی فەزای بنەماڵەکەی حۆری، بارگاوی بوون بە ئەدەبیاتی چەپ، کرێکاری و کۆمەڵە. ئەسعەد غەمیانیش لەم ڕێگایەدا شەهید بووە، ئەمەش کاریگەری بووە لەسەر ئەوەی وەها شیعرێک بخوڵقێت. لە بەشێکی شیعرەکەدا دەڵێت: (دەشتی ساڕاڵ و خورخۆڕە لەناوی پیرۆزت پڕە) (چەم شار سنە تا ژاوەرۆ گشت بەداخن بۆ کۆچی تۆ)، ئەم شوێن و فەزایە کە حۆری غەمیان باسی دەکات، لەناو ئەدەبیاتی کۆمەڵە ناسراون بە پێگە و شوێنی کۆمەڵە (باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان)، بە پێچەوانەی بەشی باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە زیاتر لەژێر کۆنتڕۆڵی حیزبی دیموکرات بووە، لەم شیعرەدا حۆری غەمیان لەڕووی فەزای جوگرافی باس لە شوێنگەلێک دەکات کە هەم کاریگەری کۆمەڵە تێیدا بەهێز بووە، هەم ئەسعەد غەمیان تێیدا ژیاوە. سەرەڕای زاڵبوونی فەزای چەپ بەسەر شیعرەکەدا، هەستی نەتەوایەتی و نیشتیمانی تێیدا ڕەنگی داوەتەوە. بۆ نموونە لە بەشێکی شیعرەکە دەڵێت: (کێوانی کوردستانەکەم جێگای تۆ کاکە جوانەکەم). حۆری غەمیان لە کۆتایی شیعرەکە باس لە ئامانج دەکات، ئامانجێک کە براکەی لەپێناویدا شەهید بووە و ئەم دەیەوێت درێژەی پێ بدا. حۆری دەڵێت: من هەرگیز پێشمەرگایەتیم نەکردووە بەڵام باوەڕم بەو ئارمان و ئامانجە هەیە. تایبەتمەندییەکی تری ئەم شیعرە ئەوەیە کە لە دێڕی یەکەم دەڵێت: (فەرنجی پۆش، کەڵپۆس لە کۆڵ بۆ تۆ گەڕاوم دۆڵ بە دۆڵ) لەم شیعرەدا زمان و وشە کاریگەرییەکی بەهێزی هەیە، فەزایەکی مەجازی گەورەی خوڵقاندووە، فەرنجی و کەڵپۆس دووجۆری فەرەنجین، بەڵام لە هەورامانی بەشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کەڵپۆس لە فەرەنجی جیاوازترە. پێویستە ئەم وشانە خوێندنەوەی بۆ بکرێت، ئەم دوو وشە زیاتر لە ئەدەبیاتی هەورامان بەکاردەهێنرێن، حۆری غەمیان لەڕووی زمانەوە توانیویەتی یاری بە وشەکان بکات. نووسینی ئەم شیعرە وەکو ژن تایبەتمەندی خۆی هەیە، ژن دەتوانێت شاعیر بێت، کاریگەری هەبێت و وەکو حۆری بەشێک بێت لە خەبات و تێکۆشانی براکەی. بە ڕای من لەو سەردەمە کە ئەم شیعرەی نووسیوە تووشی ئازار و ئەشکەنجەش بووە کە تا ئێستاش کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندرووستی داناوە.
حۆری غەمیان ئێستاش شیعر دەنووسێت، بەڵام ڕەنگە هیچ شیعرێکی نەگاتە ئاستی (فەرەنجی پۆش)، کە توانیویەتی بەم شیعرە وەکو ژن و ئەدەبیات داهێنان بکات و لاپەڕەیەکی پڕشنگداریش لە مێژوو تۆمار بکات. من پێموایە حۆری غەمیان دەکرا شاعیرێکی ناسراوتر و گەورەتر بێت، بەڵام هۆکاری تایبەت بە خۆی هەبووە. (فەرەنجی پۆش) بە تەنها بەسە بۆ ئەوەی حۆری غەمیان چ وەکو ژن، چ وەکو شاعیر و چ وەکو کوردی ڕۆژهەڵات بە هەمووان بناسێنێت.

print

 83 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*