سەرەکی » ئابووری » پلانی ستراتیژی بۆ بوژانەوەی ئابووریی هەرێم دادەڕێژرێت

«زیادكردنی داهاتی ناوخۆ و هەلی كار»

پلانی ستراتیژی بۆ بوژانەوەی ئابووریی هەرێم دادەڕێژرێت

ئامادەکردنی: فەتاح حسن قەڵاتی

وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان پڕۆژەی پلانی ستراتیژی و پڕۆژەی هاوبەشیكردنی كەرتی تایبەت و گشتی بۆ پەرەپێدان و بووژانەوەی ئابووریی هەرێمی كوردستان دادەڕێژێت، هەروەها بڕیاریش وایە لە بودجەی ساڵی (2020) حكومەتی هەرێمی كوردستان بودجەیەكی باش بۆ راهێنان و پەرەپێدانی توانا مرۆییەكان لە فەرمانگەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان تەرخان بكرێت.

بۆ ماوەی (10) ساڵی داهاتوو
د.دارا رەشید وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەدیدارێكی تایبەتدا لەگەڵ كوردستانی نوێ‌و سەبارەت بە پڕۆژەی پلانی ستراتیژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبواری ئابووری كە لە ماوەی رابردوودا راگەیەندرا، وتی: «پڕۆژەی پلانی ستراتیژی دیدگای حكومەتی هەرێمی كوردستانە بۆ ماوەی (10) ساڵی داهاتوو، ئەم پڕۆژە پلانە ستراتیژیەش هەموو سێكتەرە جیاوازەكانی بوارەكانی (پەروەردە، تەندروستی، كشتوكاڵ، پیشەسازی، گەشتوگوزار، بازرگانی رێگاوبان و گواستنەوە‌و ئاوەدانكردنەوە) دەگرێتەوە، بەمەش دەمانەوێت لە چوارچیوەی ئەم پلانە ستراتیژییەدا بەراوردكارییەك لەنێوان رەوشی ئێستای ئابووریی هەرێمی كوردستان و (10) ساڵی داهاتووی ناوچەكەمان بكەین».

تەنیا نەوت و سووتەمەنی نەبێت
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، ئەو وەزیرەی حكومەتی هەرێم ئاماژە بەوە دەكات، لە چوارچیوەی جێبەجێكردنی ئەم پلانە ستراتیژییەدا، ئێمە سوود لە ئەزموون و شارەزایی وڵاتە پێشكەوتووەكانی جیهان لە سێكتەرە جیاوازەكاندا وەردەگرێن، چونكە ئێمە دەمانەوێت داهاتی سەرەكی هەرێمی كوردستان تەنیا نەوت و سووتەمەنی نەبێت، بەڵكو دەمانەوێت سوود لە تەواوی دەرامەتە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان وەربگرین، بۆ ئەوەی هەموو ئەو دەرامەتە سروشتیانە ببن بە سەرچاوەیەك لە سەرچاوەكانی داهاتی ئابووریی ناوچەكەمان.
ئاشكراشیكرد، لەو چوارچێوەیەدا دەبێت زیاتر گرنگی بە كەرتی تایبەت بدرێت بۆ ئەوەی بەرهەمی خۆماڵی لە هەرێمی كوردستان زیاد بكرێت ‌و هەلی كاری زیاتریش بۆ هاووڵاتیانی هەرێم دەستەبەر بكرێت.

زیادكردنی بەرهەم
د.دارا رەشید وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان راشیگەیاند، ئێستا سەرقاڵی داڕشتنی پڕۆژەیەكین بۆ هاوبەشیكردنی كەرتی تایبەت و گشتی بە یەكەوە بەمەبەستی ئاوەدانكردنەوەو بووژانەوەی ئابووریی هەرێمی كوردستان، مەبەستیش لەو پڕۆژەیە ئەنجامدانی خزمەتگوزاری زیاترە بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان لەگشت سێكتەرە جیاوازەكاندا.
زانیاری زیاتری لەبارەی ئەو پڕۆژەیەوە ئاشكرا كردو وتی: «لە چوارچیوەی ئەو پڕۆژەیەدا هەموو وەزارەت و سێكتەرە جیاوازەكانی حكومەتی هەرێم دەتوانن گرێبەست لەگەڵ كەرتی تایبەت بكەن، بۆ ئەنجامدانی پلان و پڕۆژەكانیان و ئەمەش دەبێتە پاڵپشتییەك بۆ كەرتی تایبەت لەلایەك و زیادكردنی بەرهەم و داهاتی ناوخۆیی و رەخساندنی هەلی كار بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان لەلایەكی ترەوە».

لەسەر بودجەی خۆی پڕۆژەكان ئەنجام دەدات
باسی لەوەشكرد، لە چوارچیوەی ئەم پڕۆژە هاوبەشەی نێوان كەرتی گشتی و تایبەت، حكومەتی هەرێمی كوردستان هیچ بودجەیەك بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە ئابووری و خزمەتگوزارییەكان تەرخان ناكات، بەڵكو كەرتی تایبەت لەسەر بودجەی خۆی پڕۆژەكان ئەنجام دەدات، دواتر كەرتی تایبەت بەشێوەی مانگانە یاخود ساڵانە، باج و رسومات لە سێكتەرە جیاوازەكان جا ئەگەر سێكتەرە ئابوورییەكان بێت یاخود سێكتەرە خزمەتگوزارییەكان لە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان وەردەگرێتەوە، بەڵام ئەو بڕە پارەیە بە فیعلی لە پڕۆژە خزمەتگوزارییەكاندا خەرج دەكرێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*